بۆ خستنی ئەردۆگان ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە دوای 'پاڵەوانێکدا' دەگەڕێت

21-05-2022 08:06

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ٢٠ ساڵەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا سەرقاڵی بژارکردنی کاندیدەکان و دیاریکردنی کەسێکە کە هێندە جەماوەریی بێت بتوانێت دەنگی هەموو دژە-ئۆردۆگانییەکان لەخۆی کۆبکاتەوە، بەڵام هێند بەهێز و تەماحکار نەبێت کە ببێتە ئەردۆگانێکی دیکە و هەر هێندەی چووە کۆشکە هەزار ژوورییەکەوە ئیتر هاتنە دەرەوەی ئاسان نەبێت. 

١٣ مانگی دیکە هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسساز لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنێک بڕیار دەدات ئایا سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی لە سەردەمی دەسەڵاتداریی پارتی داد و گەشەپێداندا ڕووبەڕووی تورکیا بوونەتەوە، ئەردۆگان دەتوانێت دیسان هەڵبژاردن بەرێتەوە و وەک حاکمی ڕەهای وڵات بۆ چەند ساڵێکی دیکە بمێنێتەوە، یان ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، کە هیچ کات وەک ئێستا یەکگرتوو نەبوون، دەتوانن دواجار کۆتایی بە دەسەڵاتداریی دوو دەیەی سوڵتانەکەی گوێ بسفۆڕ بهێنن.

هەڵبژاردنی گشتیی تورکیا لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بەڕێوەدەچێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی ئەو وڵاتە، هەروەها هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆکی تورکیا بەشێوەی دوو-خولی. واتە گەر هیچ کام لە کاندیدەکان زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانی بەدەست نەهێنا لە خولی یەکەمدا، هەڵبژاردنەکە دەچێتە خولی دووەم و تەنها ئەو دوو کاندیدە دەمێننەوە کە زۆرترین ڕێژەی دەنگیان لە خولی یەکەمدا بەدەست هێناوە.

بڕیاری کارکردنی پێکەوەیی سەرەکیترین هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا -جگە لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)- بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، لەگەڵ داڕمانی ئابووریی تورکیا و قەیرانی بەردەوامی کۆچبەران، باشترین هەلی هێناوەتە پێش بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەردۆگان لەو وڵاتە. بەڵام ئۆپۆزسیۆنیش بێ کێشە نییە، سەرەکیترینیان پرسی کاندیدکردنی کەسێکە کە بتوانێت نمایندەی هەموو هێزە دژبەرەکانی ئەردۆگان بکات و شان بداتەبەر ئەو ململانێ زەحمەت و تاقەتپڕوکێنە و بەسەرکەوتوویی لێی بێتە دەرەوە.  

لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، سەرۆکانی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لەدەوری مێزێکی بازنەیی کۆبوونەوە و پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکیان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ڕاگەیاند کە ئامانجی سەرەکییان بەهێزکردنی سیستمی پەرلەمانی و کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی ٢٠ ساڵەی ئاکەپە و ئەردۆگان. شەش پارتەکە و سەرۆکەکانیان بریتی بوون لە؛ کەمال کلیچدارئۆغڵۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، مێرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی، تەمەل کارامۆڵائۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت، گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی پارتی دیموکرات، ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە، عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن. ئەوەی مایەی سەرنج بوو بانگهێشتنەکردنی هەدەپە و پارتە چەپەکانی تورکیا بوو بۆ ناو هاوپەیمانێتییەکە بەوپێیەی شەش حیزبەکە پتر باکگراوندێکی ئایینی و نەتەوەییان هەیە.

لە ئێستادا سێ ناو لەسەر مێزی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانە بۆ دیاریکردنی کەسێک وەک سەرەڕمی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەردۆگان، ئەوانیش بریتین لە؛ کەمال کلیچدارئۆغڵۆ، مەنسوڕ یاڤاش، هەروەها ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ. هەریەک لەم کەسایەتییانە لایەنی ئەرێنی و نەرێنییان هەیە و دیارییکردنی یەکێکیان و وەلاخستنی دوانەکەی تریان کارێکی ئاسان نییە.

کەمال کلیچدارئۆغڵۆ، سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن، کۆکەرەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و میراتگری مستەفا کەمال ئەتاتورک، چاوی لەوەیە خۆی ببێتە ئەو بەربژێرەی کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆگان دەهێنێت. لایەنگرانی دەڵێن کە شەڕی ئەردۆگان هەر بە سیاسییەکی بە ئەزموونی وەک کلیچدارئۆغڵۆ دەکرێت و لەدوای سەرکەوتنیشی چاوی لە دەستگرتن بە کورسییەکەیەوە نییە و دڵنیایی دەدات لە گێڕانەوەی سیستمی سیاسیی تورکیا بۆ پەرلەمانی. لەبەرامبەردا ترسی بەشێک لەدەنگەکانی ناو ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە کە سەرەڕای هەمووی نیگەرانییەکان کلیچدارئۆغڵۆ سوور بێت لەسەر کاندیدکردنی خۆی، چونکە ئەوان پێیان وایە لەحاڵەتێکی وادا ئەردۆگان “هەر بە زیندویی کلیچدارئۆغڵۆ دەخوات”. لەباشترین حاڵەتدا سەرۆکی جەهەپە “درووستکەری پادشایە” نەک خۆی بتوانێت ببێت بە پادشا.

بەپێی زۆرینەی ڕاپرسییەکان، تاکە کاندیدێک بتوانێت بە مسۆگەری ڕکابەرییەکە لە ئەردۆگان بباتەوە، مەسنور یاڤاش-ی شارەداری ئێستا ئەنقەرەی پایتەختە. لەدوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکەی ئەنقەرە و دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی، ئاستی جەماوەریی یاڤاشی تەمەن ٦٦ ساڵ بەردەوام لە هەڵکشاندایە، بەو پێیەی بێ ماندووبوون کاردەکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی خزمەتگوزاریی شارەکە و نموونەیەکی ناوازەی دەسەڵاتداری بەخزمەتە. یەکێکی دیکە لە خاڵە ئەرێنییەکانی شارەدارەکەی ئەنقەرە ئەوەیە لێی چاوەڕوان دەکرێت لەئەگەری سەرکەوتنیدا بەباشی پلانەکەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی سەرۆکایەتی و گەڕانەوە بۆ سیستمی پارلەمانی جێبەجێ بکات. بەڵام خاڵی لاوازی مەنسور یاڤاش بریتییە لە پاشخانە ناسیۆنالیستەکەی، بەو پێیەی بەر لە پەیوەندیکردن بە جەهەپەوە، سەرکردەیەکی پارتی مەهەپەی نەژادپەرستبووە، ئەمەش ئەگەری بەدەستهێنانی دەنگی کورد ئێجگار لاواز دەکات، وەک سیاسەتمەداری بە ئەزموونی کورد ئەحمەد تورک لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەیدا ئاشکرای کرد.

بەڵام زۆرینەی ڕاڤەکارانی سیاسەتی تورکیا پێیان وایە شیاوترین کەس کە ببێتە کاندیدی هاوبەشی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بریتییە لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆی شارەداری ئێستای ئیستەنبوڵ. سیاسییەکی گەنج و پڕ وزە، دەتوانێت لە یەک کاتدا دەنگی تورکە ناسیۆنالیست و کوردەکانیش لەخۆی کۆ بکاتەوە، ئەزموونی پێشتری هەیە لە شکستهێنان بە کاندیدی ئاکاپە لە هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکەی ئیستەنبوڵدا. بەتایبەتی کە ئیمامئۆغڵۆ پاڵپشتیی مەراڵ ئاکشانار دووەم بەهێزترین سەرکردەی ناو هاوپەیمانێتیی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەیە و ساڵی ڕابردوو بەراوردی کرد بە سوڵتان محەمەدی دووەم، کە لە ساڵی ١٤٥٣دا شاری کۆستەنتیۆپۆڵ-ئیستنەبوڵی ئێستا-ی خستە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکانەوە. بەڵام ڕەخنەگرانی ئیمامئۆغڵۆ دەڵێن کە ئەو سیاسییەکی زۆر “بەرزخواز” و “بەتەماحە” و مەترسییەکی گەورەیە پۆستێکی وەک سەرۆک کۆماری تورکیای بەو هەموو دەسەڵاتەوە بکەوێتە دەست، دوور نییە ئەردۆگانێکی دیکەی لێ دەرنەچێت. بە پێچەوانەی مەنسور یاڤاشەوە، لەحاڵەتی بردنەوەی کێبەرکێکە لە ئەردۆگان، ئیمامئۆغڵۆ ئەو کەسە نییە کە لێی چاوەڕێ بکرێت بەشێوەیەکی هێمنانە سیستمی سیاسیی وڵات لە سەرۆکایەتییەوە بکاتەوە بە پەرلەمانی. کاتێکیش لە سەرەتای ئەم مانگەدا، وەک هەڵمەتێکی بانگەشەی پێشوەختە ئیمامئۆغڵۆ گەشتێکی بۆ شارەکانی سەر دەریای ڕەش ئەنجام دا و لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس کۆبووەوە، لەنێویاندا دوو ڕۆژنامەنووسی نزیک لە ئاکەپە، هێندەی دیکە گومانەکان لە “پۆپۆلیزم”ی کاندیدە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆپۆزسیۆن تۆختربوونەوە، بەتایبەت کە لە وەڵامی ڕەخنەکانیشدا ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک گوێ بۆ ئەو ڕەخنانە ناگرێت.

ئۆپۆزسیۆن کاتی زۆری لەبەردەستدا نەماوە بۆ بڕیاردان لەسەر ناوی کاندیدەکەیان، بەتایبەتی کە ئەردۆگان پیاوی هەنگاوە چاوەڕواننەکراوەکانە و هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە دەشێت ئەردۆگان بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات بۆ پاییزی داهاتوو و بەهەندێک جووڵەی تەکتیکی، وەک زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و چەند نمایشێکی سیاسی، سۆزی جەماوەر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ئۆپۆزسیۆن هێند ەکاتیان لەبەردەستدا نەبێت بۆ دیارییکردنی کاندیدەکەیان و بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی ڕێکخراو و سەرکەوتوو.

دواجار ئۆپۆزسیۆن هەر کاندیدێک دیاریی بکات، دەبێت ئەو کاندیدە بزانێت کە ئەو ڕووبەڕووی سیاسییەکی بە ئەزموون دەبێتەوە، کە سەرەڕای هەموو قەیرانەکانی تورکیا، هێشتا یەکێکە لە دڵخوازترین کەسایەتییەکانی ئەو وڵاتە و دەسەڵاتێکی بێشوماری هەیە بەسەر دامەزراوە حکومییەکاندا، هەر لە دادگاکانەوە تا دەگاتە بانکی ناوەندی و دوودڵیش نییە لەبەکارهێنانی هەر کام لەو دامەزراوانە بۆ بەرژەوەندیی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا.