
پەرەگراف- جه‌بار ده‌ستباز
که‌شێکی خه‌مناک باڵی به‌سه‌ر گونده‌که‌دا کێشاوه، جه‌ماوه‌رێکی زۆر بۆ پرسەو سه‌ره‌خۆشی له مزگەوتی ناوه‌ڕاستی گوندن و بنه‌ماڵه‌ی قوربانییان له کاتێکدا که هیلاکی و ماندووییان پێوه دیاره له‌سه‌ر کورسییه‌کان دانیشتوون.
گوندی باوان لە ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پرسەدایە بۆ سێ کۆڵبەر کە تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە، دواینیان ئه‌سعه‌د سه‌یدانی فهرە کە پاش ١٦٠ ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی لە ٢٢-٦-٢٠٢٢ ته‌رمەکەی لە گوندی گەلێشم لەسەر سنوری تورکیا دۆزرایەوە.
ئەسعەدی تەمەن ٣٦ ساڵ، باوکی چوار منداڵ بوو و کاری کۆڵبەریی دەکرد، ڕۆژێک دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی، لەناو خه‌موپه‌ژاره‌ی کەسوکارو خەڵکی ناوچه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕی ورمێ، لە گوندی باوانی زێدی خۆی به خاک سپێردرا.
ئه‌سعه‌د هاوڕێ له‌گه‌ڵ دوو کۆڵبه‌ری دیکەی خەڵکی گوندەکەیان؛ بێهلول سه‌یدانی فه‌ر و بارزان میهه‌نی له رۆژی ١٣-١-٢٠٢٢ به‌هۆی به‌فرو کڕێوەوە له سنوری نێوان ئێران و تورکیا بێسه‌روشوێن بوون.
ته‌رمی بارزان میهه‌نی، تەمەن 18 ساڵ، پاش 114 ڕۆژ و ته‌رمی بێهلول سه‌یدانی فه‌ر، 46 ساڵ، پاش 135 ڕۆژ له گوندی گهلێشمی تورکیا دۆزرانه‌وه.
پاش به جێهێشتنی شاری جوانی ورمێ و باخه دڵڕفێن و رووباره پڕ ئاوه‌کانی که ناوه‌ندی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوایه، ده‌گه‌ینه گوندی باوان له 50 کیلۆمه‌تریی ڕۆژئاوی ورمێ.
ئه‌و ناوچه‌یه به باخه سێوه‌کانی ڕازاوەتەوەو له‌م هاوینه‌دا که‌شێکی فێنکی هه‌یه، ئێستا گوندی باوان له پرسه‌ی سێهه‌مین کۆڵبهردایه که 160 ڕۆژ بوو بێسەروشووێنبوونی ئارامیی لێ هەڵگرتبوون و گه‌ڕانه‌کانیان بەدوایدا بێ سوود بوو.
حه‌کیم سه‌یدانی فه‌ر لە پرسەی ئه‌سعه‌دی برایدایەو خەم دایگرتووە، ناتوانێت قسه بکات و ته‌نیا وتی "هه‌ژاری و نه‌بوونی وایکرد براکه‌م بڕوات و چوار منداڵی وردی له پاش خۆی لێ بەجێبمێنێت که هیچ داهاتێکیان نییه و داهاتوویان ناڕوونه".
شه‌وکه‌ت میهه‌نی باوکی بارزان، که کوڕه‌که‌ی تازه پێی نابووه ته‌مه‌نی 18 ساڵانه‌وه له کاتێکدا جگه‌ره له‌دوای جگه‌ره داده‌گیرسێنێت به پەرەگرافی وت "بارزان به‌هۆی ده‌ست نهڕۆیشتوییمان پاش ته‌واوکردنی دواناوه‌ندیی درێژه‌ی به خوێندن نه‌دا، له ته‌مه‌نی شازده ساڵانه‌وه ده‌ستی کرد به کۆڵبه‌ری، هه‌رچه‌ند من پێم خۆش نه‌بوو، به‌ڵام نه‌مده‌توانی کوڕه‌که‌یشم ڕازی بکه‌م که نه‌ڕوات، چونکه ئه‌و گه‌نج بوو و پاره‌ی پێویست بوو منیش نه‌مده‌توانی ئهوپاریهی بۆ دابین بکه‌م. کۆڵی جگه‌رەی ده‌برد و له‌وبه‌ری سنوور ده‌یفرۆشت".
ئه‌و بهیانییەی باوکی و بارزانی کۆتا دیداریان بوو، بارزانی کاتژمێر ٧ لە خەو هەستا تا لەگەڵ بێهلول سەیدانی فەری خاڵیدا بچن بۆ کاری کۆڵبەری.
"پێم وت مه‌ڕۆن که‌شناسیی ده‌ڵێت، شه‌پۆلێکی به‌فربارین ڕوو له ناوچه‌که دەکات. وتی نا باوکه، خه‌مت نه‌بێت تا ئێواره پێش داهاتنی شه‌و ده‌گه‌ڕێینه‌وه، خێرا ماڵئاوایی کرد و ڕۆیشت"
شه‌وکه‌ت میهه‌نی. وێنە؛ جەبار دەستباز/ ٢٢-٦-٢٠٢٢
"تا کات دره‌نگتر ده‌بوو دڵهخورپەم زۆرتر ده‌بوو، ته‌له‌فۆنم بۆ کرد، وه‌ڵامی نه‌بوو، شه‌وداهات و دڵه‌ڕاوکێی من زۆرتر، ئیتر ته‌له‌فۆنمان بۆ کۆڵبه‌ره‌کانی تر له‌ودیوی سنور کرد، وتیان وه‌ڵا هاتوونه‌ته گوندی گه‌لێشم کۆڵه‌کانیان فرۆشتووه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه، له‌وکاته‌بوو دڵم داخورپاو له‌گه‌ڵ داکردنی به‌فر و کڕێوه ئازاری من گه‌یشته لووتکه" شه‌وکه‌ت میهه‌نی وای وت.
چه‌ندین ڕۆژ خه‌ڵکی ناوچه‌کە و تیمه‌کانی فریاکه‌وتن گه‌ڕان، بەڵام ئەوان هیچ سۆراخێکیان نه‌بوو، "تا ئه‌وه‌ی که پاش ئه‌و هه‌موو چاوه‌ڕوانییه ته‌رمی بێ گیانیانمان دۆزییه‌وه، کوڕه‌که‌ی من و ده‌یان کۆڵبه‌ری تر تا ئێستا گیانیان له ده‌ست داوه، داواکارم له به‌رپرسان چاره‌یه‌کی ئه‌و خه‌ڵکه بکەن و ئیشێکیان بۆ بدۆزنه‌وه بۆئه‌وه‌ی ئیتر که‌س وه‌کو ئێمه داخدار نه‌بێت".
ته‌رمی سێ کۆڵبه‌ره‌که له گۆڕستانی گوندی باوان به خاک سپێردراون، بێهلول و ئه‌سعه‌د له تەنیشت یه‌ک و بارزانیش کەمێک له‌وان دوورتر.
گۆڕی بێهلول و ئەسعەد - گۆڕی بارزان. وێنە؛ جەبار دەستباز/ ٢٢-٦-٢٠٢٢
مێهران سه‌یدانی فەر، تەمەن 12 ساڵ، کوڕی بێهلول، لەسه‌ر گۆڕی باوکی دانیشتووه و بۆ چیا سه‌رکه‌شه‌کانی ئه‌وبه‌ری گوند ده‌ڕوانێت که هێشتا له‌م هاوینه گه‌رمه‌دا به‌فریان پێوه ماوه، ئەو حه‌زی نەکرد قسه بکات، تەنها وتی "حه‌ز ده‌که‌م له داهاتوودا ببمه پزیشک".
بایەزید سه‌یدانی فه‌ر برای بێهلول به پەرەگرافی وت "برای من له‌به‌ر هه‌ژاری بۆ دابینکردنی خه‌رجیی خۆی و چوار منداڵه‌که‌ی، 15 ساڵ بوو کۆڵبه‌ری ده‌کرد، من به‌رده‌وام پێم ده‌وت ئاگاداری خۆی بێت، چونکه ئه‌م ناوچەیە زستانی زۆر سه‌خته و پێشبینی ناکرێت، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا ده‌یگوت ده‌ی چارم نییه خۆت ده‌زانی هیچ ئیشێکی تر شک نابه‌م".
بایەزید سەیدانی فەر. وێنە؛ جەبار دەستباز/ ٢٢-٦-٢٠٢٢
"جگه له باوکم ئازیزترین هاوڕێیشم له‌ده‌ست دا"
نێچیر سه‌یدانی فه‌ر کوڕی گه‌وره‌ی بێهلول، که له‌م کارهساتەدا جگه له لەدهستدانی باوکی، هاوڕێ نزیکهکهیشی له ده‌ستدا، ده‌ڵێت "مردنی باوک گه‌لێک سه‌خته، به‌ڵام بۆ من که بارزان ئازیزترین هاوڕێم بوو ئه‌م خه‌مه‌ی مه‌زنتر کرد، تا ئێستاش نازانم که چۆن لەگه‌ڵی هه‌ڵبکه‌م، ئاخر چۆن ده‌بێت ئه‌و هه‌موو ئازاره ئاوا بەیەکەوە ڕووبدات".
نێچیر تەمەنی ١٨ ساڵەو ئێستا ئه‌رکی به خێوکردنی خێزانەکەی کەوتووەتە سەرشان پاش له ده‌ستدانی باوکی.
"وەڵڵا ئه‌گه‌ر ناوچه‌ی ئێمه کارێکی تری هه‌بوایه باوکی من و هه‌زارانی تریش ناچار نه‌ده‌بوون به‌ره‌و کۆڵبه‌ری بڕۆن، من خۆم و هاوڕێکانم له‌به‌ر هه‌ژاری پاش ته‌واوکردنی ناوه‌ندیی وازمان له خوێندن هێنا".
باخداری و ئاژەڵداری سەرچاوەیەکی دابینکردنی بژێوی ژیانی خەڵکی گوندی باوانن، بەڵام ئەو دوو پیشەیە ڕێژیەکی کەم هەلی دابینکردووەو زۆربەی خەڵک بەتایبەت گەنجان، جگە لە کۆڵبەری هیچ کارێکیان دەستناکەوێت.
"من له‌م ته‌مه‌نه‌دا که ئه‌رکی به‌خێوکردنی خێزانه پێنج که‌سییه‌که‌م که‌وتۆته سه‌رشان، ده‌ی ئه‌وه‌ی که ڕوونه منیش هه‌رده‌بێت کۆڵبه‌ری بکه‌م بۆ دابینکردنی خه‌رجیی بنه‌ماڵه‌که‌م، چونکه هیچ داهاتێکی ترمان نیه" نێچیر وای وت.
میهران و نێچیری برای، کوڕانی بێهلول سەیدانی فەر. وێنە؛ جەبار دەستباز/ ٢٢-٦-٢٠٢٢
پاش بەجێهێشتنی که‌شی خه‌مناکی گوندی باوان و ناوچه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕ، ده‌گه‌ینه ڕۆژئاوای شاری ورمی که به ته‌لار و هۆتێله ڕازاوه‌کانی خۆی ده‌نوێنێت، کچان و کوڕان بە ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزەکانیانەوە لە کافتریاو ڕێستۆرانتەکانی تەنیشت ڕووبارەکە بەدەم قاقای پێکەنینەوە کاتەکانیان بەسەر دەبەن.