لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان چی ڕووی دا؟

06-08-2022 11:54

پەرەگراف

خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەكەی ئەمڕۆی نەوەی نوێ‌ لە هەرێمی كوردستان، بە دەستگیركردنی سەدان كەس و زیاتر لە 70 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان كۆتایی هات كە لەناویاندا پێشێلكاری بەرانبەر دوو پەیامنێری پەرەگراف هەبوو. بڵاوەپێكردنی هێزێكی ئێجگار زۆرلە سەرجەم ئەو ناوچانەی كە بۆ خۆپیشاندان دیاری كرابوون، لە هەندێكیان بووە هۆی لەمپەر و لە هەندێك شوێنیش خۆپیشاندان بەڕێوە چووو توندووتیژیی لێ‌ كەوتەوە. ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتار و بەرپرس و چالاكی نەوەی نوێ‌ و خۆپیشاندەران دەستگیر كران كە زۆرینەیان هێشتا ئازاد نەكراون.

هەردی عوسمان، پەیامنێری پەرەگراف لە سلێمانی، لە كاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانەكاندا لە لایەن ھێزێكی ئەمنییەوە دەستگیر كرا. پاشچەند كاتژمێرێك مانەوە لە زیندان، كاتژمێر 10:30 خولەكی ئەمشەو ئازاد كرا. هاوكات لە هەولێر ڕێگری لە فەرمان سادق، پەیامنێری پەرەگراف كرا كە ڕووماڵی ڕووداوەكان بكات.

هەردی دەڵێت "کاتژمێر 6ی ئێوارە دوو کەس بە جلی مەدەنییەوە لە شەقامی ئۆرزدی لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردم و دەستگیریان کردم، ماوەینیو کاتژمێر لە ئۆتۆمبێلی ئاسایشدا دایاننام و دواتر بردمیان بۆ بینای ئاسایش".

"لە ئاسایش دەوری 200 دەستگیرکراوی لێ بوو، فۆرمی زانیارییان پێ پڕکردینەوەو ڕەوانەی زیندانی کانی گۆمە کراین و لەوێ ماینەوە تاساتی ئازاد کردنمان، ئازاری جەستەیی دەستگیرکراوان نەدر" پەیامنێری پەرەگراف وای وت.

بەپێی بەیاننامەیەكی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە كاتی ڕووماڵی خۆپشاندانەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان، ٧٠ حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر ٥٢ ڕۆژنامەنووس و میدیا تۆمار كراون، كە پێكهاتووە لە ٢١ حاڵەتی دەستگیركردن، چوار حاڵەتی هەڵكوتانە سەر ماڵ، ١٦ حاڵەتی ڕێگری، پێنج حاڵەتی برینداربوون بە گازی فرمێسكڕێژ، ٢٣ حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و یەك حاڵەتی داخستن.

سەرەڕای كەشێكی ئەمنیی توند و دەستكردن بە دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان و كەسانی دیكە بەر لە خۆپیشاندانەكان، بەڵام لە زۆربەیشار و شارۆچكەكان خۆپیشاندان بەڕێوە چوو، هێزە ئەمنییەكان بە توندی ڕووبەڕووی خەڵك بوونەوە و گازی فرمێسكڕێژ و تەنانەت فیشەكیشیان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەكار هێنا.

لە زۆربەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، بڵاوەپێكردنی هێزی ئەمنیی زۆر و ترساندن، نەیتوانی ڕێگر بێت لە خۆپیشاندان و جووڵەی ناڕەزایەتی هەبوو، بەڵام لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی هەموو شوێنێك پڕ كرابوو لە هێزی ئەمنی بە جلوبەرگی سەربازی و مەدەنییەوە، تەنانەت ڕێگە بە گەیشتنی خەڵكانێك بۆ شوێنی دیاریكراوی خۆپیشاندانەكان نەدەدرا كە گومانی خۆپیشاندەری لێ‌ بكەن.

ڕووماڵی خۆپیشاندانەكان لەلایەن میدیاوە، بە تەواوی قەدەغە كرابوو، نەوەك كامێرا و مایك، تەنانەت دەرهێنانی مۆبایلیش لە گیرفان لەژێرچاودێریی هێزە ئەمنییەكاندا بوو، بۆ ئەوەی ڕێگری لە گواستنەوەی وێنەی خۆپیشاندانەكان بكرێت. ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی گەیشتوونەتە دەستی میدیاكان، یان بە نهێنی تۆمار كراون، یان لە دەرفەتێكدا كە هێزی ئەمنی غافڵ بووە.

هەولێر، تەنانەت باسكردنی خۆپیشاندان قەدەغە بوو

لە هەولێر بەر لە وادەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان، ژمارەیەكی زۆر هێزی ئەمنی لە دەوروبەری قەڵای هەولێر كە شوێنی دیاركراوی خۆپیشاندان بوو، بڵاوەی پێ‌ كرابوو. بچووكترین جووڵەی خەڵك خرابووە ژێر چاودێرییەوە.

بە جۆرێك ڕێكار بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندان لە هەولێر گیرابووە بەر، بە هیچ جۆرێك ڕێگە بە ڕووماڵی بارودۆخی شوێنی خۆپیشاندانەكە نەدەدرا، پەیامنێری پەرەگراف دەڵێت "تەنانەت هاووڵاتییەكی ئاسایی نەیدەوێرا مۆبایلەكەی لە گیرفانی دەربهێنێت. هێندە هێزی ئەمنی بە جلوبەرگری مەدەنییەوە بڵاوەی پێ‌ كرابوو، لەناو چایخانەشدا باسكردن لە خۆپیشاندان قەدەغە بوو".

"لە دەروازەی داخڵ بوون بۆ ناوبازاڕ تا بەردەم بینای پارێزگا بە درێژایی دوو کیلۆمەتر زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان وەستابوون بە جلی فەرمی و مەدەنییەوە" فەرمان سادق پەیامنێری پەرەگراف لە هەولێر وادەڵێت.

فەرمان وتیشی "لە ناوبازاڕ بە چاوی خۆم زیاتر شەش کەسم بینی دەستگیرکران، یەکێکیان گەنجێک بوو گوێم لێ بوو وتی هیچم نەکردوەهەر ویستم ڤیدیۆیەک بگرم، ئیتر فڕێندایە ناو پاسێکی تایبەت و پاسەکە ڕۆیشت دیاربوو پڕبوبو لە دەستگیرکراوان".

سەرەڕای ڕێگری لە ڕووماڵی میدیایی لە دەوروبەری قەڵای هەولێر، پەیامنێری پەرەگراف لەسەر شەقامی شەستمەتری كە نزیكەی دووكیلۆمەتر لە قەڵای هەولێرەوە دوورە، هەوڵی دا لە ڕاستەوخۆیەكدا باس لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەولێر بكات، بەڵام هەر زوو هێزێكی ئەمنی بەجلوبەرگی مەدەنییەوە گەیشتنە سەری و ڕێگرییان لێ‌ كرد.

سلێمانی، بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بە گازی فرمێسكڕێژ

لە سلێمانی هەر لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەست بە بڵاوەپێكردنی هێزی ئەمنی كرا، دەیان ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەكدار لە هێزە جیاوازەكانی ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی چالاكییە مەددەنییەكان ڕەوانەی بەردەركی سەرای شوێنی خۆپیشاندانەكان و دەروبەری كران.

بەشێك لەو هێزانە لەناو ئۆتۆمبێلەكانیاندا لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بوون، ئۆتۆمبێلی مینی پاس بۆ ئەو كەسانەی كە دەستگیر دەكرێن، ئامادەكرابوو، ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە و گازی فرمێسكڕێژ بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە ئامادەباشیدا بوون.

هێزە ئەمنییەكان بە وردی چاودێریی جووڵەی خەڵك و بە تایبەت ڕۆژنامەنووسانیان دەكرد، ڕێگەیان بە هیچ جووڵەیەك بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیو هیچ ڕووماڵێكی ڕووداوەكان لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە نەدەدا.

لەگەڵ كاتژمێر بوو بە پێنجی ئێوارە كە وادەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان بوو، هێزە ئەمنییەكان بە گازێكی فرمێسكڕێژ دەستیان بەبڵاوەپێكردنی ئەو كەسانە كرد لە بەردەركی سەرای سلێمانی بوون. ئەم حاڵەتە تا دەمەو مەغریب بەردەوام بوو و تێیدا چەندین كەس دەستگیركران لەناویاندا پەیامنێری پەرەگراف.

دهۆك، شارەكە بە هێلیكۆپتەر لەژێر چاودێریدا بوو

لە شاری دهۆكیش كە شوێنی خۆپیشاندانەكان پاركی نەورۆز بوو، هەر زوو لە ڕێگەی بڵاوەپێكردنی هێزی ئەمنییەوە دەروازەكانی چوون بۆ پاركەكە كۆنترۆڵ كران، تەنیا خێزانەكان نەبێت، ڕێگە بە كەسی دیكە نەدەدرا بچێتە نێو پاركەكەوە.

هاوكات ناوبازاڕی دهۆك بڕ كرابوو لە هێزی ئەمنی بە جلی سەربازی و مەدەنییەوە، هیچ جووڵەیەك بۆ خۆپیشاندان و ڕووماڵی میدیایی ڕێگەی پێ نەدەدرا. لەگەڵ ئەوەشدا هێلیكۆپتەر بە ئاسمانی شارەكەدا دەسووڕایەوە بۆ چاودێرێكردنی دۆخی شارەكە.

هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا

لە شاری هەڵەبجە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان لە ناوبازاڕی شارەكە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، داوای مووچە، خزمەتگوزاری و ئازادییان كرد.

لە شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، خۆپیشاندانی فراوانی هاووڵاتیان بەڕێوە چوو. لە شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانیش هاووڵاتیان هاتنە سەر شەقام و هێزە ئەمنییەكان بڵاوەیان پێ‌ كردن. بە هەمان شێوە لە قەزای چەمچەماڵ هێزە ئەمنییەكان بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران كرد، لە قەزای سەیدسادقیش خۆپیشاندان توندووتیژیی تێكەوت و تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا كرا.

لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆدا دەیان خۆپیشاندەر دەستگیر كراون. جوڵانەوەی نەوەی نوێیش دەستگیركردنی حەوت پەرلەمانتار و 35 چالاكوانی جوڵانەوەكەی ڕاگەیاند، كە دواتر بەشێكیان ئازاد كران.