'مەترسی شەڕ و نائارامی' چالاكیی رێكخراوەكان لە ئیدارەی راپەڕین سنوردار دەكات

06-10-2022 02:23
سلێمانی/ دەروازەی شاری رانیە-ـی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین فۆتۆ: راگەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان

پەرەگراف- کەرکوک ناو

كەمترین ڕێكخراوى نێودەوڵەتی و ناحكومی، لە ناوچە جیاوازەكانی ئیدارەی ڕاپەڕین چالاكی و پرۆژەیان هەیە، بەهۆی ململانێی چەكداریی، بارگرژی سەرسنور و مەترسی ئەمنی.

لە ئیدارەی ڕاپەڕین (باكورى پارێزگای سلێمانی)، نزیكەی ٦٠ ڕێكخراوی حزبی و سەربەخۆ هەن، بەڵام ئەوانەی چالاكیی بەردەوامیان لەو سنورەدا هەیە ناگاتە ١٥ ڕێكخراو، ئەوەش بەپێی بەدواداچونی مەیدانی (كەركوك ناو).

یوسف عومەر، چالاکوانی بواری ڕێکخراوەکان بە (کەرکوک ناو)ـی وت "زۆر لەو پرۆژانەی پاڵپشتی دارایی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیان هەیە، تەنیا بە ژمارەیەكی كەم رێكخراو دەدرێن و لە چەند ڕێكخراوێك تێپەڕناكات".

لە كاتێكدا ئیدارەی ڕاپەڕین سنورێكی بەرفراوانی هەیە و لە سێ قەزا (ڕانیە، ناوەندی ئیدارەكەیە) پێكهاتووە، كە ژمارەی دانیشتوانی نزیكدەبێتەوە لە ٣٧٠ هەزار كەس، بەپێی ئامارەكانی ساڵی ٢٠١٨ـی دەستەی ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

"زیاتر ئەو ڕێكخراوانە لە هاوكاری نێودەوڵەتی سودمەندن، كە لە ناوەندی شارەكاندا كاردەكەن، كەمتر چالاكی و پرۆژەكانیان بۆ قەزا و ناحییەکان دەگوازنەوە" بەوتەی یوسف عومەر.

ئیدارەی راپەڕین/ ئایاری 2022/ خولێكی رۆژنامەوانی رێكخراوی رێباز فاوەندەیشن فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، بەوپێیەی ئیدارەی ڕاپەڕین هاوسنوری ئێرانە، بەهۆی بۆردومانی جاربەجار ئەو وڵاتە بۆ ناوچە سنورییەكان و هەروەها نزیكی لە گۆڕەپانی شەڕ و بارگرژی نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، لای هەندێك ڕێكخراو، بە تایبەتی نێودەوڵەتییەكان، وەك ناوچەیەكی نائارام و هەندێكجاریش مەترسیدار بۆ كاری ڕێكخراوەیی لێكدەدرێتەوە.

"ئەم سنورەی ئێمە بەهۆی هاوسنوری لەگەڵ ئێران و بونی مەترسی فڕۆکەی جەنگی و تۆپباران و شەڕی پەکەکە و تورکیا لە بناری قەندیل، وەک ناوچەیەکی نائارام ناسراوە لای ئەو ڕێکخراوانەی لەدەرەوەی کوردستانەوە دێن بۆ کار و چالاکی" ئارام قادر، سەرۆکی ڕێکخراوی هاوشارییانی ڕانیە، -رێكخراوێكی ناوخۆییە- وای وت.

قادر دەڵێت ئەو بارودۆخە وایكردووە، "ڕێكخراوەكان كاركردن لە ناوچەكەدا وەك مەترسییەکی جددیی ببینن بۆ سەر ژیانی تیمەکانیان و بەوهۆیەوە ڕوو لە سنورەکە ناکەن، جۆرێک لە ترسیان لێنیشتووە".

(كەركوك ناو) نەیتوانی زانیاری لەبارەی هیچ ڕوداوێكەوە دەستبكەوێت بەهۆی مەترسی ئەمنییەوە ڕوبەڕوی ڕێكخراوەكان بوبێتەوە.

عەبدوڵا ئیبراهیم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی ڕاپەڕین –سەر بە حكومەتی هەرێم- بە (كەركوك ناو)ـی وت "ناوە ناوە بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکیی ڕێکخراوەیی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دێنە سنورەکە، بەڵام ئەو ناوچانەی نزیکبون لە هێڵی ڕوبەڕوبونەوە جێگای هەڵوەستەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بون، چونکە هەر ڕێکخراوێک بەپێی ئەجێندای خۆی، وڵاتەکانیان ئاگاداریان دەکردنەوە ڕونەکەنە ئەو ناوچانەی ناوچەی گەرمی ململانێ و سنوریین".

ئەو نمونەی ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی هێنایەوە، كە كاتێك ڕویانكردووەتە ئیدارەی ڕاپەڕین، ڕاسپێردراون نەچنە ئەودیوی (دەربەند) بەلای قەزای پشدەر_ـدا (قەزایەكی ئیدارەكەیە)، بەهۆی هەبونی مەترسی ڕوبەڕوبونەوەی توركیا و پەكەكە.

عەبدوڵا ئیبراهیم دەڵێت: هەرچەندە ئەوان هەوڵدەدەن ئەو مەترسییانە بڕەوێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا "بەگشتی كاری ڕێكخراوەیی لەدوای شەڕی داعشەوە (٢٠١٤-٢٠١٧) لە هەرێمی كوردستان و عیراقیش كەمبووەتەوە".

بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو)، لە ناوچەكانی دیكەش، بە تایبەت لەناو كەمپەكانی ئاوارەیی لە دهۆك، ژمارەیەك ڕێكخراوی نێودەوڵەتی لە نێویاندا نەتەوە یەكگرتووەكان، هاوكاریی و پرۆژەكانیان ڕاگرتووە یان كەمكردووەتەوە.

"بەشێك لەو كەسانەی كاری ڕێكخراویی دەكەن لە ناوچەكەدا، سەرقاڵی ژیانی تایبەتییانن و كەمتر لە خەمی كاری ڕۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریین" ڕوخۆش ئەحمەد، هاوڵاتی نیشتەجێی ئیدارەی ڕاپەڕین وای وت.

لە ناوچەكەدا هاوڵاتیان داوای چالاكی و پڕۆژە لە بوارەكانی هۆشیاری كۆمەڵایەتی، بە تایبەت پەیوەست بە ژنان و تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیان دەكەن.

ڕوخۆش بۆ (كەركوك ناو) ڕونیكردەوە "ناوچەكە پێویستی بە چالاکیی ڕێکخراوەکان هەیە، بە تایبەت لە بواری هۆشیاری ئافرەتان و هۆشیاریی لەبارەی مادەی هۆشبەرەوە، چونکە باری کۆمەڵایەتیی و عەشایەری سنورەکە بۆ ئافرەتان لەبار نییە، هەروەها بەهۆی ئەوەی ناوچەیەکی سنورییە و ناوچە سنورییەکانیش لەزۆربەی وڵاتان شوێنی بڵاوبونەوە و بازرگانی مادەی هۆشبەرن".

جگە لە دۆسیەی ئەمنیی؛ دەستتێوەردان و قۆرغكاریی حزبی و پەرتەوازەیی ڕێكخراوەكان، بەهۆكارێكی دیكەی كەمی چالاكی دادەنرێن.

یوسف عومەر وتی "ئەو ڕێكخراوانەی لەژێر هەژمونی حزبیدان، ناوەند و مەکتەبی تایبەت بە خۆیان هەیە و لە ژێر فەرمان و چاودێری ئەواندا کار و چالاکی دەكەن، نەسریە و بوجەی خۆیان هەیە، بەڵام ئەو ڕێکخراوانەی سەربەخۆن بەهۆی نەبونی هاوکاری داراییەوە هیچ کار و چالاکییەکیان نییە... بەشێکی زۆری رێکخراوەکان تەنیا بە ناو ماون و چالاکییان نییە".

لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٣ـی هەرێمی كوردستان، پارە بۆ ڕێكخراوە ناحكومییەكان تەرخانكرا و لە ساڵی ٢٠١٤ـیشدا بەردەوام بوو، تا لە ٢٠١٥ و بەهۆی قەیرانیی داراییەوە حكومەت تەرخانكردنی بودجەی بۆ ڕێكخراوەكان بڕی و لەوكاتەوە دەستیپێنەكردووەتەوە.

ئیدارەی راپەڕین/ ئاداری 2017/ بەشداری فەرمانبەرانی حكومی لە چالاكی رێكخراوێكی ژینگەپارێز بۆ پاكڕاگرتنی ژینگە لە دەربەندی رانیە فۆتۆ: ئەمیر حەسەن

فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان –سەر بە حكومەتی هەرێم-، سەرپەرشتی كاری ڕێكخراوەكان دەكات، بەپێی یاسای ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠١١ـی ڕێكخراوە ناحكومییەكان لە هەرێمی كوردستان، كە تیایدا مافی بە هەر ڕێكخراوێك داوە ئازادانە لە هەر ناوچەیەكدا لق و نوێنەرایەتیی خۆی هەبێت.

سامان محەمەد، هاوڵاتی نیشتەجێی ئیداری راپەڕین بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەندێ ڕێکخراو کاردەکەن لە سنورەکەدا، کە ڕێکخراوی حزبیین، سەر بە دەسەڵاتن و ئامانج و پاڵنەری حزبیی خۆیان جێبەجێدەکەن لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییەکاندا، بەمەش ئەرکی خۆیان لە دەستداوە".

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لەو ٥٠ بۆ ٦٠ ڕێكخراوە تۆماركراوەی، کە ئیدارەی ڕاپەڕین هەن بە حزبی و سەربەخۆوە؛ هەمویان لە چوارچێوەی تۆڕێكدا ڕێكنەخراون، هەرچەندە بەپێی یاسای ڕێكخراوە ناحكومییەكان، دوو ڕێكخراو یان زیاتر مافی دامەزراندنی تۆڕێکیان هەیە.

شەماڵ ئەحمەد، سەرۆکی بۆردی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەموو ڕێكخراوەكانی بواری ژینگە، کە ١٦ ڕێکخراون لە چوارچێوەی تۆڕێکدا کۆكراونەتەوە، بەڵام نەتوانراوە ڕێکخراوەکانی دیكە پێكەوە تۆڕی ڕێکخراوەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین پێكبهێنن، ئەمەش هۆکاری پەرش و بڵاوی ڕێکخراوەکانی سنورەکەیە".

لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، نزیكەی شەش هەزار ڕێكخراوی ناحكومی هەن و لە  بوارە جیاوازەكاندا كاردەكەن، لە نێویاندا سەدان ڕێكخراوی داكۆكیكار لە مافەكانی ژنان هەن، بەپێی ئەو ئامارانەی دەست (كەركوك ناو) كەوتون.