لە دهۆك باوی ئاژەڵی ماڵییە؛ پشیلەیەك بە 42 وەرەقەیە

05-11-2022 02:29
بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵ و باڵندە لە دهۆک. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

ڕاگرتنی ئاژەڵ ماڵیی، تا دێت لە دهۆك زیاتر پەرەدەسەنێت و كچان هەندێكجار نرخێکی زۆری پێدەدەن، وەك كڕینی پشیلە بە 42 وەرەقە و هاوردەكردنی سەگ لەوپەڕی دنیاوە.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، زۆریی خواستی خەڵك لەسەر ئاژەڵی ماڵی، بازاڕی هێنانی سەگ و پشیلەی گەرم كردووە و نرخەكانیشی بەرزکردوونەتەوە.

"ساڵی رابردوو سەگێكم بە 180 هەزار دینار كڕی، چونكە زۆر حەزم لە بەخێوكردنی سەگی بیانییە، رۆژانە خزمەتم دەكرد، بەڵام زۆرجار دراوسێ و خەڵكی دەوروبەرمان دەیانوت سوودی بەخێوكردنی ئەو سەگە لەچییدایە و كۆمەڵێك قسەی تر، لەگەڵئەوەشدا ئەو قسانە گرنگییان نەبوو، چونكە ئەوە حەزی من بوو" گوڵستان عیزەت (29 ساڵ) وای وت.

ئەو مانگێك دەبێت سەگەكەی بە ناچاری فرۆشتۆتەوە، چونكە كارێكی نوێی دۆزیوەتەوە و لە بەیانی تا ئێوارە لە ماڵەوە نییە تا ئاگاداری بێت، ئەگەرنا "راگرتنی سەگ هیچ عەیب و شەرمی تیادا نییە، ئەویش گیانەوەرێكی خودایە و هیچ زیانی بۆ مرۆڤ نییە".

هەندێك لەوانەی دژی راگرتنی سەگ دەوەستنەوە، پەیوەستی دەكەن بە ئاینەوە كە بەهۆیەوە "مەلائیكە روو لەو ماڵە ناکات" و بە "گڵاو" وەسفی دەكەن، بەڵام بۆ پشیلە، هیچ رێگرییەك نابینن.

زیاد رەمەزان، زیاتر لە 10 ساڵە دوكانی فرۆشتنی ئاژەڵی هەیە لە بازاڕی دهۆك، ئەو بۆ پەرەگراف وتی "مانگانە بەلایەنی كەم 30 تا 40 پشیلە دەفرۆشم، کڕیارەكانیشم زۆرینەیان ژن و كچن، پێش چەند مانگێك پشیلەیەكەم هێنابوو لە دەرەوە كە تەنها یەك دانەی هەبوو لەهەموو عێراق، فرۆشتم بە خێزانێكی دەوروبەری دهۆك بە 4 هەزار و 200 دۆلار (42 وەرەقە)، ئەوە گرانترین پشیلەبوو بەو نرخەی بفرۆشم".

هەر لای زیاد، پشیلەی هەرزانتریش هەن؛ لە 100 هەزار دینار تا هەزار و 500 دۆلار نرخەكان دەڕوات، نیشتمانی پشیلەكانیش یۆنان، توركیا، چین و چەند وڵاتێكی دیكەن.

"ئەوەی سەیرە كچان پشیلە یان سەگ دەكڕن و دوای چەند مانگێك دەیفرۆشنەوە، چونكە ئەو ئاژەڵە هاوردەكراوانە پێویستیان بە چاودێری و خزمەتی باشە، كە تاڕادەیەك قورسە" زیاد وادەڵێت.

پێدانی پارەی زۆر بە ئاژەڵی ماڵی لە دهۆك، لەكاتێكدایە ئەو پارێزگایە كە ژمارەی دانیشتوانیی زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار كەسن، بەپێی ڕاپۆرتەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، هەژارترین پارێزگای هەرێمی كوردستانە.

سەجا شێرزاد، ژنە چالاكوان لە دهۆك دەڵێت، بەخێوكردنی ئاژەڵ بەوشێوەیە، دیاردەیەكی نوێیە لەناو كۆمەڵگای كوردی و لەچەند ساڵی ڕابردوو زۆر زیاد بووە، كە بەشێكی چاولێكەری ئەوروپایە، بەڵام لەوێ بەهۆی لاوازیی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوەیە و بۆ قەرەبوی بۆشایی پەیوەندی ئەندامانی خێزان ئاژەڵ بەخێودەكەن، "لای ئێمە تائێستا پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان تا ڕادەیەكی باش ماون و پێویستیمان بە پێكهێنانی دۆستایەتی لەگەڵ ئاژەڵ نییە".

باڵندەش چەندین جۆری جیاوازی لە بازاڕەكاندا خواستی زۆریان لەسەرە، جگە لە سمۆرە، مەیمون و لە هەندێك شوێنیش هاوشێوەی وڵاتانی كەنداو، خەریكە پەروەردەكردنی ئاژەڵی دڕەندەی وەك شێر، لە هەرێمی كوردستانیش دەردەكەوێت.

سلێمان تەمەر سەعید، سەرۆكی رێكخراوی كوردستان بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان لە شاری دهۆك بە پەرەگرافی وت، بیرۆكەی بەخێوكردنی سەگ و پشیلە لەوڵاتانی كەنداوی عەرەبی وەرگیراوە، جگە لەوەش، ژنان و كچان كاتی زۆریان هەیە لەماڵدا، بۆیە دەیانەوێت بەشێك لەكاتەكەی خۆیان بۆ سەگ و پشیلە تەرخان بكەن.

"داواكاری زۆر لەسەر سەگ و پشیلەی بیانی هەیە، نرخی سەگ لە 80 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا سەرووی 400 دۆلار، خێزانێك سەگێکیان كڕی بە چوار هەزار و 800 دۆلار (48 وەرەقە)، نرخی پشیلەش لە 200 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 600 دۆلار" سلێمان وای وت، ئەو دەڵێت، سەدا 80ـی ئاژەڵەكان لە بولغاریا، یۆنان، توركیا و زۆر وڵاتی ترەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن "بەشێك لە خەڵكی دهۆك ئێستا تیمساح، گورگ و شێریش بەخێودەكەن".

سلێمان عیادەی ڤێرتەرنەری هەیە لە دهۆك، تا ساڵانێك لەمەوبەر تەنیا ئەو لە بازاڕەكەدا بونی هەبوو، ئێستا گەیشتۆتە 15 عیادەی پزیشكی ئاژەڵان، چونكە ڕاگرتنی ئاژەڵ زیادیكردووە و ئەوەش واتای پێویستی زیاتر بە چارەسەر و دەرمان و چاودێری.

ژنە چالاكوانەكەی دهۆك، كە دژی ئەو گرنگیدانە زۆرەیە بە ڕاگرتنی ئاژەڵی ماڵی، دەڵێت ئەوانەی خواستیان لەسەر ئاژەڵ بەرزكردۆتەوە، هەرزەكارن و تەمەنیان كەمە، زیانەكانی بڕیاری خۆیان نازانن و "بەخێوكردنی ئاژەڵ لە كۆمەڵگەی ئێمە دیاردەیەكی نەرێنییە، چونكە دەبێتە هۆی لاوازكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كاریگەری خراپ لەسەر منداڵ دادەنێت".

سەجا شێرزاد هەروەها وتی "لەبیرمان نەچێت كە ئایینی ئیسلام  رێگە بە بەخێوكردنی سەگ نادات و ئەمەش بۆ هۆكاری ئاینی و تەندروستی دەگەڕێتەوە"، ئەو پێشنیازی كرد ئەگەر خەڵك ئاژەڵ دۆستن، ئەوا دەتوانن لە دەرەوەی ماڵ ئاژەڵانیان خۆشبوێت و بەخێوبكەن.