مردنی پەپولەکان؛ چۆن گۆڕانی کەشوهەوا کۆتایی بە باڵدارە ناوازەکانمان دەهێنێت

12-01-2023 06:17
پەپولەیەکی دەگمەن (Papilio Demoleus) لە عەنکاوە دەبینرێت ١٢-١٠-٢٠٢٢ وێنە: هانا لینچ

ڕاپۆرتی: هانا لینچ لە نسارڕیکۆرد

وەرگێڕانی: پەرەگراف

سلێمانی، کوردستان - پەپوولەیەکی درەوشاوە و شین لە گەرووەکانی چیای زاگرۆس دەژی. ڕەنگەکەی وەک ئاسمان وایە دوای ئەوەی، باران تۆز لە هەوا لادەبات و دەیشواتەوە. باڵەکانی سێ سانتیمەتر و نیو لە نووکێکەوە بۆ نووکێکی تر درێژ دەبنەوە و هیچ نیشانەیەکیان لەسەر نییە، جگە لە چەند هێڵکارییەکی خۆڵەمێشی لە هەر لێوارەکانیدا. بوونەوەرێکی دەگمەنە، تەنیا لەو شاخانەدا دەبینرێت کە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەبڕێت، بەڵام ئەم بوونەوەرە دەگمەنە قوربانییەکی دیکەی گۆڕانی کەشوهەوایە و خەریکە لەناودەچێت.

فەرهاد خدر زانایەکی مێرووناسە و شارەزایە لە ژیانی مێرووەکانی هەرێمی کوردستان؛ دوایین جار کە polyommatus karindus بینیبێت دوو ساڵ پێش ئێستا بووە. polyommatus karindus ناوە زانستییەکەی ئەو پەپولە ناوازەیە.

پەپوولە وەک هەموو مێرووەکانی دیکە خوێنی ساردی هەیە. زۆر هەستیارن بە هەڵاوسانی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی ژمارەی مێرووەکان نیشاندەرێکی سەرەکییە بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. لە هەرێمی کوردستان پەپوولە و مێرووەکان و کەمبوونەوەی ژمارەیان پێمان دەڵێن لە مەترسییەکی چەند گەورەداین.

زۆر شت هەیە لەبارەی مێرووەکانی عێراقەوە کە نایزانین.  خدر وتی: بە خراپی لێکۆڵینەوە لە ناوچەکە کراوە. بە پێکەنینێکەوە وتیشی: "ئەمە چانسێکی زۆر باشە بۆ من – خۆم بە بەختەوەر دەزانم بۆ ئەم دەرفەتە کە لێکۆڵینەوەی نوێ لەسەر مێرووەکان بکەم".

لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا و لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی بەریتانیادا زانایانی بیانی توێژینەوەی سەرەتایی مەیدانییان لەسەر مێرووەکانی عێراق ئەنجامدا. لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٥٠ تا ٢٠٠٠ەکان، زانایانی عێراقی لێکۆڵینەوەیان تەنها لەسەر ئەو مێرووانە ئەنجامدەدا کە لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگ بوون – بە تایبەتی ئەو مێرووانەی کە سەرکەوتن یان شکستی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دیاری دەکەن.

گرنگییەکی یەکجار کەم بە بەڵگەنامەکردن و تۆمارکردنی تەواوی هەمەجۆریی مێروولەزانیی دەدرا. زانایانی ئەمڕۆ بە گرنگییەکی زۆرەوە و بە خێراییەکی یەکجار زۆر هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی ژیانی مێرووەکانی وڵاتەکە تۆمار بکەن و بە بەڵگەنامەیان بکەن پێش ئەوەی بە شێوەیەکی یەکجاریی بوونی هەندێک لەو مێرووانە نەمێنێت یاخود بگۆڕێت.

خدر هەر لە منداڵییەوە سەرسام بووە بە سروشت و بوونەوەرەکانی لە کاتی گەشتەکانی بە نێو شاخ و دۆڵ و دارستانەکانی هەرێمی کوردستان.

نزیکەی ٢٠ ساڵە لێکۆڵینەوە لە مێرووەکان دەکات، لە ساڵی ٢٠١٦ دەستیکردووە بە گرنگیدان بە پەپوولە و تۆمارکردنی ژمارەیان و کۆکردنەوەی نمونە لە سەرانسەری ناوچەکە. زیاتر لە 100 جۆری پەپولەی تۆمار کردووە کە هەشت جۆریان بۆ یەکەمجار لە عێراق بینراون. لەم ماوە کورتەی لێکۆڵینەوەکانی ئەنجام داوە، گۆڕانکاری گەورەی بە جیهانی مێرووەکانەوە بینیوە.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا، خدر مەزەندە دەکات کە ژمارەی پەپوولە باوەکان بە ڕێژەی نزیکەی لەسەدا٧٠  کەمیکردبێت، لەکاتێکدا پەپوولە دەگمەنەکانی وەک p.kurundis و p.peilei "دیارنەماون".

پێدەچەت ئەو وێنانەی پەپولە شینە دەگمەنەکە کە لە ساڵی 2020 لەلایەن خدر گیراوە دوایین تۆمار و دەرکەوتنی ئەو بوونەوەرە بێت لە ناوچەکە.

عێراق تا دێت گەرمتر و وشکتر دەبێت. پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەردەوام بەرز دەبنەوە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠، ٢ پلەی سەدی بەرزببێتەوە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت باران بارین بە رێژەی لە سەدا ١٧ کەم ببێتەوە. یەدەگی ئاوی وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بۆ نیوە دابەزیوە. دوو ساڵ لەسەریەک وشکەساڵی و زریانی تۆز و خۆڵ کەرتی کشتوکاڵی وڵاتەکەی وێران کردووە. لە توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجدا، چارەکێک لەو جووتیارانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، نزیکەی تەواوی بەرهەمی گەنمەکەیان شکستی هێناوە.

پلەی گەرمی مامناوەندی ساڵانەی بەدی کراو لە عێراقدا 1901-2021. سەرچاوە: بانکی جیهانی

هەمەجۆری بایۆلۆجی هەرێمی کوردستان لەڕادەبەدەر بەرەو ڕووی قەیرانی کەشوهەوا بۆتەوە، چەندین چالاکی مرۆیی دیکەش بەرەو ڕووی ئەم قەیرانە دەبنەوە.

دروستکردنی ڕێگاوبان و کێڵگە و گۆڕانکاری لە ناوچە ئاوییەکان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا هەمووی بەشێکن لە دروستبوونی قەیرانەکە و گۆڕانی کەشوهەوا.

بۆردوومان و هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و ئێران کە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان دەکەنە ئامانج دەبنەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە شاخاوییەکان، گژوگیا ئاست بەرزەکان لەناو دەبات کە یارمەتیدەرە بۆ ڕاگرتنی ئاو و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی بەنرخ و کۆمەڵێک ئاژەڵی کێوی دیکە.

خدر دەڵێت کاریگەری سەر مێرووەکان "ڕاستەوخۆ و ترسناکە".

ئەو پەپوولانەی کە بۆ نانخواردن پشت بە گەردەی گوڵەکان دەبەستن، سەرچاوەی خۆراکیان لەدەست دەدەن کاتێک ڕووەکە تینووەکان وشک دەبنەوە. هەنگەکانیش بە هەمان شێوە کێشەی دۆزینەوەی خۆراکیان هەیە لە ناوچەی وشکدا. لە دوای زریانە خۆڵبارینە بەردەوامەکانی ساڵی 2022، بەرهەمی هەنگوینی لە شانەکۆکراوە لە ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر بۆ نیوە دابەزیوە.

کۆرش ئارارات، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت: "ئاستی دەوڵەمەندی و بڕی مێرووەکان کەمبووەتەوە". پێشتر لە بەهار و هاویندا چەندین جۆری جیاوازی مێروو دەبینران، بەڵام لە ئێستادا رێژەیان ئێجگار کەم بووەتەوە. "بۆ نموونە - لەم سەردەمەدا ناتوانیت Dragon Fly ببینیت، کە جۆرێکە لە مێشوولە".

جۆرەکانی وەکو ,p.karindus پەپولەی شین کە لە شوێنە جوگرافییە بچووکەکاندا دەژین بە تایبەتی بەرەو ڕووی گۆڕانکاری لە ژینگەکەیان دەبنەوە چونکە هیچ شوێنێکی تریان نییە بۆی بچن.

تانیا ستیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لقی بەریتانیای سندوقی جیهانی گیانلەبەرە کێوییەکان (WWF) لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی هەسارەی زیندوو ساڵی ٢٠٢٢ وتی: "لە سەرانسەری جیهاندا... سروشت لەسەر ئەژنۆیە".

ڕاپۆرتەکە مەزەندەی کردووە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ٢٠١٨ ژمارەی گیانلەبەرە کێوییەکانی جیهان بە ڕێژەی لەسەدا ٦٩ دابەزیوە، ئەمەش "دووپاتی دەکاتەوە کە هەسارەکە لە ناوەڕاستی قەیرانی جۆراوجۆری کەشوهەوادایە و ئەمە دوا دەرفەتمانە بۆ هەنگاونان و دۆزینەوەی رێگەچارە". هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە زەوی لە ناوەڕاستی شەشەمین لەناوچوونی بەکۆمەڵدایە. دواهەمین لەناوچوونی بەکۆمەڵ دایناسۆرەکانی سڕییەوە.

بەشێکی زۆری هەمەجۆری بایۆلۆجی عێراق لە چوارچێوەی ژینگە بەرفراوانەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێن، لە دەشتە نیمچە وشکەکانەوە تا شاخەکانی ئەلپ. چیای پیرەمەگرون لوتکەکەی کەمێک زیاتر لە 2600 مەترە و زاڵە بەسەر دیمەنەکانی نێوان شاری سلێمانی و دەریاچەی دوکان. لە ڕووی مێژووییەوە شاخەکە دەوڵەمەند بووە بە ئاو، هەمیشە لە وەرزی پایز و بەهاردا بارانێکی زۆر و لە زستاندا بەفرێکی قووڵی تێدابووە.

خدر، ساڵانە چەندین جار سەردانی ئەو شاخە دەکات و بە "شوێنی نیشتەجێبوونی ناوازە" ناوی دەبات. پیرەمەگرون ماڵی دارستانەکانی داربەڕووە، سەدان جۆری ڕووەکی کێوی تێدایە کە هەندێک لەو گیا خۆڕسکانە لە دەرمانی نەریتیدا بەکاردەهێنرێن، بزنی کێوی، باڵندەی وەکو ڤەلچەری میسری کە لە مەترسی لەناوچووندایە و چەندین جۆری پەپوولە. بەڵام وشکەساڵی تادێت ژیانی ژینگە خۆرسک و سروشتییەکان تێکدەدات.

پیرەمەگرون یەکێکە لەو شوێنانەی کە خدر پەپوولە دەگمەنەکانی p.kurundis و p.peilei ی تێدا بینیوە. خدر بە هۆشدارییەوە دەڵێت، ئەگەر سەرچاوەی ئاو بەردەوام بێت لە وشکبوونەوە و پلەکانی گەرما بەردەوام بەرز بێتەوە، ئەوا شاخەکە چیتر "بارودۆخێکی گونجاوی ژیانی بۆ زیندەوەران نابێت".

 

مێرووناس فارهاد خدر لە زانکۆی سلێمانی ١٤-٩-٢٠٢٢، لێکۆڵینەوە لەسەر پەپولە و مێرووەکانی کوردستان دەکات. وێنە: هانا لینچ

پاراستنی هەمەچەشنی زیندەوەران بەشێکە لە پلانەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. بە گوتەی عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی وەزارەتەکەیان سەرقاڵی "لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردنی ناوچە سروشتییەکانن کە لە داهاتوودا پێویستە بکرێنە ناوچەی پارێزراوی سروشتی" لە هەرێمی کوردستان.

پیرەمەگرون و قەرەداغ یەکێکن لەو شوێنانەی کە لەبەرچاو دەگیرێن بۆ پلانی تۆکمەی پاراستن، هەروەها هەڵگورد-سەکران لە پارێزگای هەولێر،  وە بارزان لە پارێزگای دهۆک. ژینگەپارێزان ساڵانێکە کەمپەینیان کردووە بۆ ئەوەی ئەم شوێنانە ببنە پارکێکی نیشتمانی، بەڵام لە چەندین بەرەدا کۆسپیان بۆ دروست بووە.

لیژنەکە بەپێی ڕێسایەکی حکومی کاردەکات کە لە ساڵی ٢٠١١ پەسەندکراوە و هەوڵی دامەزراندنی یەدەگی سروشتی دەدات، وەک لە یاسای پاراستنی ژینگەی ٢٠٠٨دا هاتووە، بەڵام دوای زیاتر لە دە ساڵ هێشتا جێبەجێنەکراوە. جێبەجێنەکردنی یاساکان کێشەیەکی درێژخایەنی حکومەتی هەرێمە، لە سیاسەتی هەرێمدا پڕۆژەکانی وەک پارکێکی نیشتمانی زۆرجار پێویستیان بە پاڵەوانێکی بەهێز هەیە- بەڵام کاتێک ئەو کەسە دەمرێت، وەک ئەوەی لە هەڵگورد-سەکران ڕوویدا، خەونی دروستبوونی پارکەکە کاڵ دەبێتەوەو دەستپێشخەرییە سەوزەکان ڕێگرییان لێدەکرێت.

لە کاتێکدا هەندێک لە مێرووەکان لە خەباتدان بۆ مانەوە، هەندێکی دیکە سوود لە گۆڕانی ژینگە و کەشوهەوا وەردەگرن بۆ دۆزینەوەی شوێنی نوێ بۆ ژیان.

لەوکاتەی خدر لە گۆڕەپانی زانکۆی سلێمانی قسەی دەکرد، پەپوولەیەکی پرتەقاڵی کاڵ بەلایدا دەسوڕایەوە. عەرەبێکی سەلەمون بوو (جۆرێک لە پەپولە) ناوی لێنراوە بەهۆی ڕەنگەکەی و شوێنی وشکی نیمچە دوورگەی عەرەبی کە لە بەرژەوەندیدایە. خدر کاتێک شەش ساڵ لەمەوبەر دەستی بە لێکۆڵینەوەی پەپوولە کرد، ناوبەناو لە گەشتەکانیدا بۆ ناوچە نزمەکان ئەو جۆرەی دەبینی، بەڵام لە شاخەکاندا نەبوو.

ڕوونیکردەوەو وتی "لە ناوچە بەرزەکان و لە دارستانە چڕەکانی داربەڕوودا، ئەم پەپوولەم نەبینی". وتیشی: ئێستا دەتوانم بیبینم، ئەمەش بەرزبوونەوەی پلەی گەرما نیشان دەدات.

پەپولەیەکی دەگمەن بە ناوی سالمۆنی عەرەبی (colotis fausta) لە هەڵەبجە ٢٠١٩. وێنە: A pine line

مێرووەکانی دیکەش لەگەڵ ئەو ئاژەڵانەدا کە دەزێن بەهۆی وشکەساڵییەوە لە جوڵەدان. شوانەکان مەڕ و بزنەکانیان زیاتر دەبەن بۆ دۆزینەوەی لەوەڕگەیەکی باش، لە ناوچە وشکبووەکانەوە دەچنە سەرەوەی شاخەکان کە ئاوی تاڕادەیەک زۆرە. ئێستا ئەگەری ئەوە هەیە کە مێشوولە ڕەشەکان لە چیای هەڵگورد قەپت لێبگرن، کە تەنها یەک دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو مێشوولانە لەو ناوچەیە دەگمەن بوون.

هەندێک جۆری نوێی مێروو دەکرێ مەترسی نوێ بهێنن. (مێشوولەی خۆڵ) مێشوولەیەکی خوێنمژە و ئەو مشەخۆرە دەگوازێتەوە کە دەبێتە هۆی نەخۆشی leishmaniasis، برینی پێست دەشێوێنێت کە لە ناوخۆدا بە برینەکەی بەغدا ناسراوە. ئەم جۆرە سەر بە بیابانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقە، بەڵام ئێستا زیاتر لە ناوچەی گەرمیان دەبینرێت لە هەرێمی کوردستان.

گەرمیان لە ئێستادا بەهۆی کەمبوونەوەی باران و دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووباری سیروان تووشی بە بیابانبوون دەبێت. خدر ڕوونیکردەوە کە لە ئەنجامدا ژینگەی ناوچەکە، خەریکە دەبێتە هاوشێوەی ناوەڕاستی عێراق. "هەربۆیە شوێنێکی باشە بۆ sandflies پێشبینی ئەوە دەکەم لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەم جۆرە مێشوولە و مشەخۆرەکەی لێرە لە سلێمانی بدۆزینەوە".

گۆڕانکاری لە رێژە و ژمارەی مێرووەکاندا کاریگەری لەسەر تەواوی سیستمی هاوڕێی ژینگە-ئیکۆسیستەم- هەیە. کاتێک ڕیتمی جۆرێک دەگۆڕێت، ئەو گۆڕانکارییە دەگوازێتەوە بۆ سەرجەم گیانلەبەران و چۆنێتی ژیانی دەوروبەریان. بە کەمتربوونی گەردەنکەرەکان، ژمارەی ڕووەکەکان لاوازتر دەبن، ئەمەش بە واتای لەدەستدانی سەرچاوەی خۆراک بۆ کۆمەڵێک لەوەڕێنەر و ڕووەکخۆرەکان دێت. ژمارەی پەپولە نێچیرەکان -وەکو dragonflies، مێشوولەی نوکتیژ و قالۆنچە- لەگەڵ ژمارەی نێچیرەکانیان کەم دەبنەوە. گۆڕانکارییەکان بەردەوامە لە کاریگەری لەسەر مرۆڤەکانیش، کە بەقەد هەر جۆرێک پشت بە تەندروستیی ئیکۆسیستەمەکان دەبەستن.

خدر وتی: "ئەمە خولێکی دووبارەبووەوەیە"، ئاماژەی بەوەشکرد، کەمبوونەوەی ژمارەی مێرووەکانی وەکو p.karindus (پەپولەی شین) هۆشدارییەکە بۆ ئێمە کە بەپەلە مامەڵە بکەین، "پێویستە هەمەجۆریی شوێنی نیشتەجێبوونیان بپارێزین".