30 هەزار کەس لە دهۆكەوە بۆ سەری ساڵ لە توركیا بون؛ لانیكەم 15 ملیۆن دۆلاریان خەرجكرد

15-01-2023 12:38

پەرەگراف

تەنیا لە هەفتەیەكدا، زیاتر لە 30 هەزار دهۆكی بۆ پشووەكانی سەری ساڵ چونەتە توركیا و لانیكەم 15 ملیۆن دۆلاریان لەو وڵاتەدا خەرجكردووە، لەكاتێكدا ئەو پارێزگایە لە ڕیزبەندی "هەژارترین"ی هەرێمی كوردستاندایە.

بەپێی بە دواداچون و ئەو ئامارانەی دەست پەرەگراف كەوتوون، لە پشوەكانی سەری ساڵی 2023 زیاتر لە 30 هەزار دهۆكیی سەردانی توركیایان كردووە، ئەوەش زیاترە لە كاتی پشوەكانی سەری ساڵی 2022، كە نزیكەی 20 هەزار بووە.

"هەر گەشتیارێك لانیكەم بڕی 500 دۆلاریان لە توركیا خەرجكردووە و ئەوەندەیان پێویست بووە، بەوەش ئەو 30 هەزار كەسەی دهۆك لانیكەم 15 ملیۆن دۆلاریان بردۆتە ئەو وڵاتە" بەوتەی بێوار مەروان، خاوەنی كۆمپانیای گەشتیاری لە دهۆك بۆ پەرەگراف.

بەپێی ڕاپۆرتەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، دهۆك هەژارترین پارێزگای هەرێمی كوردستانەو ڕێژەی هەژاری تیایدا سەدا 8.6ـە، بەدوای ئەودا ڕێژەی هەژاری لە هەولێر سەدا 6.7ـە و لە سلێمانی سەدا 4.46ـە.

مەتین خەلیل، خەڵكی دهۆكە و یەكێكە لەو گەشتیارانەی چۆتە توركیا، بۆ پەرەگراف وتی "من چوار رۆژ پێش سەری ساڵ رۆیشتم، بەهۆی زۆری ژمارەی گەشتیار و قەرەباڵغییەوە، ماوەی سێ رۆژ لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل مامەوە تا بتوانم بچمە توركیا".

دەروازەی ئیبراھیم خەلیل، دەكەوێتە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆك، سەرەكیترین دەروازەی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە لەگەڵ توركیا بۆ هاتوچۆی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

حەجی عەزیز، 65 ساڵ، زیاتر لە 30 ساڵە شۆفێری پاسە و کاری گواستنەوەی گەشتیاران دەکات لە دهۆکەوە بۆ تورکیا، بەوتەی ئەو بۆ پەرەگراف ئەو قەرەباڵغیی و گەشتەی ئەمساڵ لە چەندین ساڵی رابردودا وێنەی نەبووە، "لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا ڕێژەی گەشتکردن ئەوەندە زۆر بوو، کەوا شەو و رۆژمان خستبووە سەر یەک و بەردەوام کارمان دەکرد، لە 10 ساڵی رابردوو ئەو ڕێژە زۆرە گەشتیارەم نەبینیووە".

لە هەرێمی كوردستان بۆ سەری ساڵ هەفتەیەك پشوی رەسمی بوو.

بێوار مەروان دەڵێت، تەنیا لەڕێگەی كۆمپانیاكەی ئەوانەوە رۆژانە زیاتر لە 150 گەشتیار چونەتە توركیا، ئەو ژمارەیەش، بەراورد بە ساڵانی رابردوو نزیكەی سەدا 50 زیادیكردووە.

بەپێی راپۆرتەكانی پێشتری پەرەگراف خەڵكی دهۆك دادوبێدادیانە بەدەست گرانی بازاڕ و هەژارییەوە، كە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار كەسن، لەكاتێكدا سەدا 52 بۆ 54ی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، لە كێڵگەكانی دهۆكەوەیە.

کاوە عەبدولعەزیز، شارەزای ئابورییە و دەڵێت، ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار لە هەرێمەوە دەچیتە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەوەش رەخنە لە حکومەتی هەرێم و دەستەی گەشتوگوزار دەگرێت، چونكە "پلانیان نەبووە بۆ کەمکردنەوەی ئەو رێژە زۆرە پارەیەی کە دەبرێتە دەرەوەی وڵات و سودیان لە پێشخستنی کەرتی گەشتیاری وەرنەگرتووە".

"هەرێمی کوردستان لە هەموو روویەکەوە لەبارە بۆ ئەوەی نەک تەنها هاوڵاتیانی هەرێم بەڵکو هی وڵاتانی دیکەش لە بری ئەوەی بچنە تورکیا یان وڵاتێکی تر سود لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم وەربگرن" كاوە بۆ پەرەگراف وای وت.

لە پشوەكانی سەری ساڵدا، 180 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەو ژمارەیە 55 هەزار كەس كە زۆرینە عەرەب بون رویانكردۆتە پارێزگای دهۆك، بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لە تەواوی ساڵی 2022ـیشدا زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و زیاتر لە دوو ملیۆنیان لە دهۆك بون.