دۆسیەی سیستەمی غاز لە دهۆک؛ كەمتەرخەم هەڵهات و حكومەتیش هیچی ئاشکرا نەكرد

04-02-2023 04:48
وێنەی باڵەخانەکەی دھۆک دوای تەقینەوەکە. وێنە؛ ئێن ئاڕتی

پەرەگراف- دهۆك

هیچ گۆڕانكارییەك روینەداوە؛ ئەوەی غازی شل بەكاردەهێنێت، بەردەوامە و كەس نە یەخەی گرتووە نە چاودێریی چڕو بەدواداچونیان بۆ مەترسییەكانیش كردووە، هەرچەندە دوو مانگ لەمەوبەر دەیان كەس بەوهۆیەوە لە دهۆك و سلێمانی بوون بە قوربانی.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، لە روداوەكەی دهۆك، كە 21ـی تشرینی دوەمی 2021 لە ئەنجامی تەقینەوەی سیستەمی غازی باڵەخانەیەكدا حەوت كەس گیانیانلەدەستدا و نزیكەی 37 كەسیش برینداربون، تائێستا هیچ لێكۆڵینەوەیەك ئاشكرانەكراوە.

تەقینەوەی لەدهۆك لە باڵەخانەیەكی بەشە ناوخۆیی خوێندكاراندا رویدا، جگە لە زیانی گیانی، زیانە داراییەكانیش بە 395 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێن.

"لێکۆڵینەوەکان سودیان نابێت، با هیچ کەسێک چاوەڕوانی ئەنجامەکەی نەکات"، بەوتەی كەسوكاری یەكێك لە قوربانیانی روداوەكەی دهۆك بۆ پەرەگراف، كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە.

وتیشی "راستە خاوەن ئەو کۆمپانیایەی سیستەمەکەی داناوە تورک بووە، بەڵام بەرپرسی باڵای ئەم هەرێمە شەریکی بووە، بۆیە نەك خاوەنی كۆمپانیاكە و نە هیچ كەسێكی تر دەستگیرناكرێن".

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، سیستەمی ئەو غازەی لە دهۆك تەقییەوە، كۆمپانیایەكی توركی دیناوە و لە دوای روداوەكەوە و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە، خاوەنی ئەو كۆمپانیایە بەرەو توركیا هەڵاتووە و نەگەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

بریندارێكی تەقینەوەكەی دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "حکومەتی هەرێم هەر کاتێک ویستی کێشەیەک چارەسەر نەکات، باسی لیژنەو پێکهێنانی لیژنە دەکات، واتە با هیچ کەسێک چاوەڕوانی ئەوە نەکات حکومەت کارێک بکات کە لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیان بێت، چونکە حکومەت لەلایەن بارزگانە سیاسییەکانەوە بەڕێوە دەبردرێت و هەر خۆشیان  لەو بارزگانییە سودمەندن".

حكومەتی هەرێم لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ روداوەكانی تەقینەوەی غاز پێكهێناوە بەڵام تائێستا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ رایگشتی بڵاونەكراونەتەوە.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، لێکۆڵینەوە هێشتا بەردەوامە و کەیسەکە لە دادگا یەکلایی دەکرێتەوە.

پێش روداوەكەی دهۆك، لە شەوی 17ـی تشرینی دوەمی 2022، لە گەڕەكی كازیوەی باكوری خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی، خانویەكی سێ نهۆمی بەهۆی گڕگرتن و تەقینەوەی غازی پەنگخواردووەوە لەگەڵ زەویدا تەخت بوو، لە ئەنجامدا 15 هاوڵاتی لەژێر داروپەردوی ئەو ماڵەدا گیانیان لەدەستدا و 12ـی دیكە برینداربون.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە 22ـی تشرینی دوەم سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی بە پەلەی کردو تەنیا بڕیاری نوێ بۆ سیستەمی غاز ئەوەبوو، بەكارهێنانی ئەو سیستەمە رابگیرێت، تا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان دەردەكەوێت لەسەر جۆری غازەکە و لایەنە جێبەجیکارەکان و هۆکارەکانی ڕووداوەکانی سلێمانی و دهۆک، لەگەڵ پێداچوونەوە بە هەموو ئەو شوێنە گشتی و تایبەتانەی ئەو جۆرە سیستەمە بەکاردەهێنن.

خاوەن سەمونخانەیەک لە دهۆک، کە چەندین ساڵە بەو سیستەمی غازە کاردەکات بۆ پەرەگراف وتی "هیچ گۆڕانكارییەک لەو سیستەمەدا نەکراوە،بە هەمان سیستەمی پێشوو کار دەکەین و مەترسی دووبارەبونەوەی ڕوداوی هاوشێوهش لە هەر چرکەیەکدا لەئارادایە".

هەروەها ئاماژەی بەوەدا دوای روداوەكان "تەنیا دوو رۆژ ڕێگایان نەدا کار بکەین، لیژنەی قایمقامیەتیش یەکجار سەردانیان کردین، بەبێ ئەوەی هیچ شتێک روبدات؛ یاخود گۆڕانکاری لە بۆری یان تانکییەکانی غازەكەدا بکرێت".

ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك، لیژنەیەكی پێكهێنا تا بەدواداچون بۆ دانانی سیستەمەكانی غاز بكات و پێشتریش لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتیكردن و دانانی سیستەمی غازی (LPG) كۆبونەوە بۆ دەركردنی رێكار و رێنمایی نوێ.

تەنیا لە ساڵی 2022ـدا 680 روداوی گەورە و بچوكی ئاگركەوتنەوەی جۆراجۆر لە دهۆك رویانداوە، بەهۆیەوە 31 بە سوتان مردون و 17 كەسیش لەو روداوانەدا خنكاون، بەپێی ئامارێك كە بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک بە (پەرەگراف)ی داوە.

هەر لەو روداوانەی ساڵی رابردودا 75 كەس برینداربون و زیانی دارایی بە چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.

لە چەند ساڵی رابردودا بەكارهێنانی سیستەمی غازی شل بۆ گەرمكردنەوە لەناو ماڵان و شوێنە گشتییەكان و بەكارهێنانی بۆ فڕن زیاتر پەرەی سەندووە، بە تایبەت كە نرخی نەوتی سپی بەرزە و نەوتی حكومەتیش چەندین ساڵە نەگەیشتووە بە هاوڵاتیانی نیشتەجێی ناوشار.