دابەشکاریی ٥٠ بە ٥٠ لە وەزارەتی پێشمەرگە ناکۆکییەکی نوێ دەخاتە نێوان پارتی و یەکێتی
پەرەگراف
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە پشکی پارتی فەرمانێک لەبارەی هەڵوەشانەوەی دابەشکاریی ٥٠ بە ٥٠ دەردەکات، ئەمینداری وەزارەت کە لە پشکی یەکێتییە دەڵێت، دەبێت هەڵبوەشێتەوەو پابەندی فەرمانەکە نابن.
بەپێی نووسراوێک کە دەست پەرەگراف کەوتووە، عەبدولخالق باپیری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی 11ــی ئەم مانگە فەرمانێکی وەزاریی دەرکردووە و تێیدا ئاماژە بە کۆبوونەوەیەک دەکات لە سەرۆکایەتی هەرێم و دەڵێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریاندا، "لە ئێستا و بۆ داهاتوو، دیاردەی دابەشکاری 50 بە 50 لە رووی کەسی، لۆجستی، کارگێڕی و دارایی کاری پێناکرێت، لەبەر ئەوەی هیچ بنەمایەکی لەیاسا کارپێکراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە".
لە فەرمانەکەی بریکاری وەزیری پێشمەرگەدا ئەوەش هاتووە کە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت، دەشڵێت "کاروبارەکانی کارگێڕی و ژمێریاری و لۆجستی بەپێی پێداویستی و واقیعی حاڵی هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت و دەبێت لەگەڵ جوگرافیای سەربازی و دۆخی ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە بگونجێت".
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە پشکی پارتی واژۆی لەسەر فەرمانەکە کردووە، لەبری شۆڕش ئیسماعیل کە ماوەی نۆ مانگ زیاترە بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی یەکێتییەوە لە وەزارەتەکەی دەوام ناکات.
دوای یەک رۆژ لەو فەرمانە، بەپێی نووسراوێکی دیکە کە دەست پەرەگراف کەوتووە، لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە پشکی یەکێتی، بە 10 خاڵ وەڵامی بریکاری وەزارەتەکەی داوەتەوە و دەڵێت "جەنابتان دەسەڵاتتان نییە فەرمانی وەزاری لەو شێوەیە بەمجۆرە دەربکەن، ئەو کۆبوونەوەیەی ئاماژەتان بۆ کردووە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تەنیا لەسەر پلانی بودجەی سێ ساڵەی وەزارەتی پێشمەرگە بووە".
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بە بریکاری وەزیر دەڵێت "ئێوە ناتوانن بڕیار لەسەر ئێستا و داهاتووی وەزارەتی پێشمەرگە بدەن.. بڕیاری لەو جۆرە پێویستە لەلایەن سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی هەردوو حیزب روونبکرێتەوە و رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت".
لیوا بەختیار دەشڵێت، "ئەو فەرمانە دەبێتە لێکترازانی هێزی پێشمەرگە و شوێنەواری نەرێنیی زۆر خراپی دەبێت"، داواش دەکات بریکاری وەزیر فەرمانەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەوان "هیچ ئیلتیزامێکی پێوەناکەن".
پشکپشکێنەی حیزبی لە وەزارەتی پێشمەرگەو بەردەوامیی دابەشکاریی ٥٠ بە ٥٠ لەکاتێکدایە، ئەمەریکاو هاوپەیمانان بەردەوام فشار دەخەنەسەر پارتی و یەکێتی تا دەستبەرداری هێزەکانی پێشمەرگە ببن و بکرێنە هێزێکی نیشتمانی، بۆئەوەش هاوکاریی پێشکەش دەکەن و چاودێریی پڕۆسەیەکی یەکخستنەوەو چاکسازیی دەکەن لە وەزارەتی پێشمەرگە.
پڕۆسەی ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە چەند ساڵێكە بەردەوامە، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی یەكێتی و پارتییەوە بەردەوام لەمپەری بۆ دروست بووە، چەند جارێكیش هاوپەیمانان لەوبارەیەوە هۆشدارییان داوەتە بەرپرسانی هەرێم.