کارگەکانی ڕیسایکلین لە دهۆک دەرەقەتی زبڵ و خاشاکی پارێزگاکە نایەن

14-06-2023 05:23
خۆڵ و خاشاک لە ناوچەی کواشێ لە دهۆک. وێنە؛ عەممار عەزیز- پەرەگراف

پەرەگراف- عەممار عەزیز لە دهۆک

کارگەکانی ریسایکلین لە دهۆک دەرەقەتی زبڵ و خاشاکی پارێزگاکە نایەن، بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان بە سستی کار دەکەن و زۆرینەی زبڵ و خاشاکی پارێزگاکە ڕیسایکل ناکرێت و دەکرێن بەژێر خۆڵەوەو ئەوەش کاریگەریی خراپی بۆسەر ژینگەو تەندروستیی خەڵک هەیە.

حازم عەبدی، بەڕێوەبەری کارگەی کواشێ بۆ ریساکلینی زبڵ و خاشاک بە پەرەگرافی وت، ڕۆژانە زبڵ و خاشاکی سەنتەری دهۆک و سێمێل و کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران دەگوازرێنەوە بۆ کواشێ کە نزیکەی 600 تۆنە، "لەو ڕێژەیە بەشێکی زۆر کەمی ریساکلین دەکرێت و ئەوەی دیکەی دەکرێتە ژێر خۆڵەوە".

لە پارێزگای دهۆک چوار کارگەی ریساکلینی زبڵ و خاشاک هەن کە دوانیان دەکەونە ناوچەی کواشێ، حازم عەبدی وتیشی، نزیکەی دوو مانگ بوو هەردوو کارگەکە بەتەواوی لەکارکەوتبوون وهیچ زبڵ و خاشاکیان وەرنەدەگرت، ئەوەش بەهۆی پێنەدانی پارە بەو بەڵێندەرەی کە رۆژانە کرێکاری دەبرد بۆ هەردوو کارگەکە، لە ئێستادا بەڵێندەرەکە دەستی بە کار کردووەتەوە، بەڵام کرێکاری کەمتر دەباتەسەرکار ئەوەش وادەکات کەمتر لەجاران زبڵ و خاشاک ریسایکل بکرێت.

"هێشتا ئەو بەڵێندەرە پارەی وەرنەگرتووە، دەچێتە بانک پارەی پێنادرێت، چاوەڕێی ئەوە دەکەین کێشەکانمان بۆ چارەسەربکرێن تا زۆرترین زبڵ و خاشک ریساکلین بکرێن" حازم عەبدی وای وت.

بەدەر لەو دوو کارگەیەی ناوچەی کواشێی قەزای سێمێل، کارگەی سێیەم لەسنوری ناحیەی گردەسێن سەر بە قەزای ئاکرێ رۆژانه 200تۆن زبڵی ئاکرێ و بەردەڕەش و شێخان ریساکل دەکات، کارگەی چوارەمیش دەکەوێتە قەدش سەر بە قەزای ئامێدی کە رۆژانە 150 بۆ 175 تۆن زبڵی ئەو سنورە ریسایکل دەکات.

دیار سادق، بەرپرسی ژینگە و خزمەتگۆزاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی پارێزگای دهۆک بە پەرەگرافی وت "ئەو چوار کارگەیەی کە ئێمە هەمانە ئیشدەکەن، بەڵام توانای ریساکلینی هەموو ئەو زبڵ وخاشاکەی پارێزگای دهۆکیان نییە، بەشێکی ریساکل دەکرێت بەشەکەی تر ژێر خۆڵ دەکرێت، کێشەی سەرەکی ئەو کارگانە کەمیی سیولەی پارەیە بۆ کریێ کرێکاران و پێداویستی کارگەکان".

بەرپرسی ژینگە لە شارەوانییەکانی دهۆک وتیشی "ئێمە ئێستا ئیش لەسەرئەوە دەکەین بۆ هەر خێزانێک دوو حاویەی زبڵ و خاشاک دابین بکەین، یەکێکیان بۆ زبڵی وشک و ئەوەیتر بۆ زبڵی تەڕ، ئەمەش وەک کارئاسانییەک بۆ کارگەکانی ریساکلین و کەمکردنەوەی فشار لەسەریان".

پرۆسەی كۆكردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاك دراوە بە كەرتی تایبەت و حكومەت تێچووەكەی دەدات، زۆر جار بەهۆی دواكەوتنی پارەی كۆمپانیاكان و مانگرتنی ژینگەپارێزانەوە گرفتی بۆ دروست دەبێت، جگە لەوە تا ئێستا حكومەت نەیتوانیوە پڕۆژەی ڕیسایكلینی خۆڵ و خاشاك بە باشی سەرپێ‌ بخات، كە هەڵڕشتن و سووتاندنی هەڕەمەكیی خۆڵ و خاشاك لە زۆر شوێن كێشەی ژینگەیی و تەندروستیی دروست كردووە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پرۆسەی كۆكردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاك لە هەرێمی كوردستان، مانگانە نزیكەی 10 ملیار دینار لەسەر حكوومەت دەكەوێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پێشتر ڕاگەیاندنی وەزارەتەكە بڵاویكردەوە، لە هەرێمی كوردستان "32 گرێبەستی خاوێنكردنەوە بۆ كۆكردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاك هەن."

وەزارەتەكە دەشڵێت "قەبارەی خاشاك بەپێی وەرزەكان دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی قەبارەكەی لە نێوان (6000 بۆ 6500) تۆن دەبێت لە ڕۆژێكدا".

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پرۆسەی كۆكردنەوە و گواستنەوە و چارەسەركردنی خاشاك بە "پرۆسەیەكی ڕۆژانە و قورس" ناو دەبات كە "دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە بەردەوامی چاودێری و سەرپەرشتیی دەكەن".