چوار ساڵی کابینەکەی مەسرور بارزانی لە نێوان پڕوپاگەندەو ڕەخنەکاندا

11-07-2023 07:38
مەسرور بارزانی لە كاتی سوێندخواردنی لە پەرلەمان، ١٠-٧-٢٠١٩

پەرەگراف

میدیاو سۆشیال میدیای پارتی و مەسرور بارزانی بەردەوامن لە ھەڵمەتی چڕی پڕوپاگەندە بۆ کابینەی نۆیەم و پێیانوایە پڕدەسکەوت وسەرکەوتوو بووە، یەکێتی کە بەشێکی سەرەکییە لە حکومەت بێدەنگەو خەڵک و ئۆپۆزسیۆنیش ڕەخنەو ناڕەزایی تووندیان ھەیەو کابینەکە بەشکستخواردوو لەقەڵەم دەدەن.

حکومەتی ھەرێم ئامارو داتای کارو چالاکی و پڕۆژەکانی چوار ساڵی کابینەکەی مەسرور بارزانی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان "زیاتر لە١٠٠ هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و دەیان هەزار هەلی کاری ناڕاستەوخۆ ڕەخسێنراون و بە بەھای زیاتر لە ١٠ ترلیۆن دینار پڕۆژەجێبەجێ کراون کە زۆرینەیان لە ھەولێر بووە".

ئاماری پڕۆژەکان بە جۆرێکن؛ لە پارێزگای ھەولێر ھەزارو ١٠٤ پڕۆژە جێبەجێ کراون و لە پلەی دووەمدا سلێمانی دێت بە ٦٤٤ پڕۆژەپاشان دھۆک بە ٦١٧ پڕۆژەو ھەڵەبجە بە ١١٣ پڕۆژە لە پلەی سێیەم و چوارەمدان.

ژمارەی پڕۆژە جێبەجێکراوەکانی کابینەکەی مەسرور بارزانی لە سلێمانی و هەڵەبجە ناگەنە نیوەی ئەو پڕۆژانەی لە هەولێرو دهۆک جێبەجێکراون، حکومەتی هەرێم لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئاماری پڕۆژەکاندا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە لەبارەی هۆکاری ئەو جیاوازییەی لەجێبەجێکردنی پڕۆژە لە نێوان پارێزگاکان دروست بووە.

ئەوە لەکاتێکدایە یەکێتی کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی حکومەتەو جێگری سەرۆکوەزیرانی هەیە بەردەوام مەسرور بارزانی بەوە تۆمەتبار کردووەکە "بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکات"، پارتی و تیمەکەی لە حکومەت بەردەوام ئەوتۆمەتانەی یەکێتی ڕەتدەکەنەوەو ئەو حیزبە تۆمەتبار دەکەن بە "بردنی داهاتی سلێمانی و دەستکاریکردنی پارەی گشتی بۆ بەرژەوەندییکەسیی و حیزبی". 

یەکێتی بێدەنگیی هەڵبژاردووە لە یادی چوار ساڵەی کابینەی نۆیەمداو نە بە باش و نە بە خراپ باسی کارەکانی ناکات، لە کاتێکدا چەندمانگی ڕابردوو کاتێک ئەو حیزبە گرژییەکانی لەگەڵ پارتی هەڵکشان هێرشی تووندی دەکردەسەر کابینەی حکومەت و بە شکستخواردووی لەقەڵەم دەدا.

ھەر لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکەدا، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە نووسینێکدا بۆ یادی چوار ساڵەی کابینەی نۆیەم دەڵێت "ئەو ڕاستییە دەبێت بوترێت کە ڕێزدار مەسروور بارزانی توانیی سەرەڕای ئاڵنگارییە سەختەکان، پارێزگاری لە كیانی سەربەخۆیھەرێم بكات و نەیهشت قەوارەی هەرێم وەكوو زۆرێك خەونیان پێوە دەبینی، لەناو بچێت".

ڕێباز حەملان دەشڵێت "چەندین وەزیری ئەم کابینەیە بە ناوی زویری و دڵگرانییەوە، چەند جار بە مانگ دەوامیان نەدەکرد، سەرەڕای بەردەوامیی تەواوی ئیمتیازاتەکانیان".

لەگەڵ هەڵمەتی پڕوپاگەندەو بەشان و باڵ هەڵدانی کابینەکەی مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر هاوڵاتییان بەهۆینەبوونی ئاوی خواردنەوەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامداو ڕژانەسەر شەقامەکان. 

خەڵکی گەڕەکەکانی پایتەخت بۆ ماوەیەک شەقامە سەرەکییەکانیان داخست و ڕەخنەی تووندیان لە حکومەتی هەرێم گرت، کە دوای ٣٢ ساڵحوکمڕانیی نەیتوانیوە کێشەی ئاوی خواردنەوە چارەسەر بکات، ساڵانە لە وەرزی هاویندا قەیرانی ئاو و لە زستاندا لافاو ڕوویان تێدەکات.

هاوکات لەگەڵ نیگەرانییەکانی خەڵک بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ڕەخنەی تووندیان هەیەوکابینەکەی مەسرور بارزانی بە هۆکاری قەیرانەکان دەزانن و پێیانوایە کوردستانی لاواز کردووە نەک بەهێزو بەرەوپێشەوەی بردبێت.

هیمداد شاهین وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دەڵێت "لەهەرشوێنێکی تری دونیا ئەگەر حکومەت هاوشێوەی ئەم حکومەتە شکستخواردووەبێت دەست لەکاردەکێشێتەوە کەچی ئەم حکومەتەی ئێرە هاتوون یادی چوارساڵەیان دەکەنەوە".

وتەبێژەکەی نەوەی نوێ، ئاماژە بە گرانکردنی نرخی کارەباو زیادکردنی باج و ڕسومات و نەبوونی هەلی کار بۆ سەدان هەزار لە گەنجان ودەرچووانی زانکۆو پەیمانگاکان دەکات و پێشیوایە هیچ کات هێندەی ئێستا کوردستان "لاوازو پەرتەوازە" نەبووەو دەڵێت، نەوتەکەیان نەماوپەرلەمان و حکومەت بەبڕیاری دادگا هەڵوەشانەوەو کورد و ماڵەکەیشی پەرتەوازەن، "مرۆڤ نازانێت بە چ زمانێک گوزارشت لەم کارەساتەبکات کە ئەم دەسەڵاتە بەسەر خەڵکیدا هێناوەو بەدەستکەوت بەخەڵکی دەفرۆشنەوە".

هەروەها ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری پێشووی یەکگرتوو، کابینەی نۆیەم بە کابینەی "شکستی بەردەوام و میراتگرو درێژەپێدەری هەڵەیکابینەکانی پێشوو" ناودەبات و دەڵێت، لەکارنامەکەیدا زیاتر لە حەفتا بەڵێنی داوەو زۆربەیانی جێبەجێ نەکردووە.

هەڵەدنی لە وتارێکدا ٢٦ خاڵی نووسیوە کە کابینەکەی مەسرور بارزانی "جیبەجێی نەکردوون و سەرکەوتوو نەبووە تێیاندا"، دەشڵێت "ئەوەمشتێکە لە خەرواری شکستەکانی ئەم کابینەیە کە عیبرەتی لە شکستی کابینەکانی پێشوو وەرنەگرت".