لە سێ هەفتەدا ٢٠ بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی دەستگیر دەکرێن

22-08-2023 04:17

پەرەگراف

بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی ٢٠ تۆمەتباری بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەری لەناو شاری سلێمانی ڕاگەیاند.

دەزگای ئاسایش ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتبارانە لە هەڵمەتی جیادا لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستگیر کراون، دەستیش بەسەر ئەو ماددە هۆشبەرانەدا گیراوە کە مامەڵەیان پێوە کردووە و بەکاریان هێناوە کە پێکهاتوون لە؛ تلیاک، حەشیش، ئەفیون، کریستاڵ و مەریوانە.

"نۆمەتباران خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمن، تەمەنیان لە نێوان ٢٣-٥٠ ساڵدایە و (سێ) لە تۆمەتباران لە ڕەگەزی (مێ)ن، لەکاتی دەستگیرکردنیان دەستگیرا بەسەر ٣ دەمانچە و بڕی ٧٠ ملیۆن دیناری عێراقیدا" ئاسایش وادەڵێت.

لەماوەی ٨ ساڵدا بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٤ هێندە زیادی کردووەو بەڕێژەی سەدیی لەسەدا هەزارو ٤٢٠ بەرزبووەتەوە، ئەوەش بە مەترسیی بۆسەر کۆمەڵگە لەقەڵەم دەدرێت و داوای گرتنەبەر ڕێکاری بەپەلە دەکرێت.

بەپێی ئامارەکانی تۆڕی هەماهەنگیی ڕێکخراوەکان کە بەشێک لە چالاکییەکانیان کارکردنە لەسەر ماددەی هۆشبەر، لە ساڵی ٢٠١٤دا تەنها ١٤٢ کەس لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا ٢٠١٧ کەس دەستگیر کراون، بەوپێیەش لەماوەی ٨ ساڵدا ڕێژەی دەستگیر کراوان بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر لەسەدا هەزارو ٤٢٠ بەرزبووەتەوە.

سیروان گەردی سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگیی ڕێکخراوەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 503 كەس لە هەولێر و دهۆك لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون.

هاوکات بەپێی ئامارەکانی ئاسایشی سلێمانی، هەرلە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە ٤٧٨ کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون، کە ٩٣ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی و ٣٨٥ کەسەکەی دیکەیان بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووە.

بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر کە ساڵی ٢٠٢٠ لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، هەر کەسێک لە شوێنی خۆی ڕێگە بە کەسێکی دیکە بدات بۆ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر یان هەرکەسێک لە شوێنێک بگیرێت کە ماددەی هۆشبەری لێ بەکاربهێنرێت و ئاگاداری ئەوکارە بێت، سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە شەش مانگ کەمتر و لە ٢ ساڵ زیاتر نەبێت و پێبژاردن لە ٣ ملیۆن کەمترو لە ٥ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

تۆڕی هەماهەنگیی ڕێکخراوەکان ڕەخنەی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر هەیە، لەبەرئەوەی بەپێی یاساکە سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر وەزیری تەندروستییە، لەکاتێکدا ئەوان داوایان کردووە سەرۆکوەزیران یاخود ئەنجومەنی ئاسایش سەرۆکی لیژنەکە بێت و کەسێکی بەهێز بێت لەبەرئەوەی مافیاهەن کاری ماددەی هۆشبەر دەکەن.

کۆکاین، شیشە، تلیاک، حەشیش، کریستاڵ و ماریوانا و چەندین حەبی جۆراوجۆر، ئەو ماددە هۆشبەران کە دێنە هەرێمی کوردستان و لایەنە ئەمنییەکان بە بڕی جیاواز دەستیان بەسەر بەشێکیدا گرتووە.

سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگیی ڕێکخراوەکان ڕووەو بەرپرسان دەڵێت "تکایە فریاکەون، ئاوابڕوات تا ساڵی ٢٠٢٥ لە سێ ماڵی هەرێم ماڵێک بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەری تێدا دەبێت".

بە وتەی سیروان گەردی، دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر و سلێمانی "هاوكاری یەكتر نین" لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، وتی "لە شەش مانگدا نزیکەی ٨٠٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەر هاتووەتە هەرێمی کوردستان، لە کوێوەو بە ئۆتۆمبێلی کێ دێت؟ کەسی ئاسایی دەتوانێت ئەوە بکات؟".

سیروان گەردی وتیشی، "لایەنی سیاسی هەیە كە بەشدارە لە ترانزێتی ماددەی هۆشبەر لە نێوان ئێران-هەرێمی كوردستان- توركیا". بەڵام ناوی لایەنەکەی نەهێنا. 

کۆتایی شوباتی ئەمساڵیش حکومەتی هەرێم تۆمەتی "چاندنی ماددەی هۆشبەرو بازرگانیی پێوەکردنی" ئاڕاستەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پەکەکە کرد لە قەندیل و ناوچە سنورییەکان.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم ئەوکات ڕایگەیاند "هەرێم پێشتر ڕێگایەک بووە بۆ گەیاندنی ماددەی هۆشبەر بە ناوچەکانی دیکە، بەڵام ئێستا گەیاندن و ئامادەکردن و چاندن و دابەشکردنیشە، بەداخەوە لە قەندیل و ناوچە سنورییەکان هێزی پەکەکە ڕێگرن لە کۆنتڕۆڵکردنی و بەپێی بەدواداچوونەکان ئەو ناوچانە چاندن و دابەشکردن و گواستنەوەی تێدایە، ناوچەیەکی وڵات کە هێزی فەرمیی تێدا نەبێت ئەو بۆشاییە دروست دەکات".

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی مەترسیداردایەو لە ٢٠١٨ بەدواوە ئامارەکانی ماددەی هۆشبەر مەترسیدارن و ڕێژەیەکی زۆری ئەوانەی بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون گەنجن و کچ و کوڕی ئالوودەبووی مادەی هۆشبەرن.