دهۆك خواردنی پرسە قەدەغە دەكات

26-09-2023 03:52

پەرەگراف- عەمار عەزیز

خەرجیی بەڕێوەبردنی پرسە لە دهۆك، چوار تا پێنج ملیۆن دینار و هەندێكجار دەفتەرە دۆلار تێدەپەڕێنێت، ئەوەش هێندەی دیكە خەم و بارگرانی بۆ كەسوكاری كۆچكردوو دەهێنێت.

لە هەندێك ناوچەی پارێزگاكە ماوەیەکە ئامادەكردنی خواردن و خەرجیی پرسە قەدەغە كراوە و دوێنێش لقی دهۆکی یەکێتی زانایان دوای ڕاوێژ بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاری قەدەغەکردنی ئامادەکردنی خواردنی لە پرسەدا ڕاگەیاند.

"لە ناو بنەماڵەكەماندا زیاتر لە 15 ساڵە سندوقێك دانراوە مانگانە هەر سەرۆك خێزانێك بڕە پارەیەك دەدات، بڕی پارەكەش لەنێوان 5 بۆ 10 هەزار دیناردایە، تا پارەكە لەڕێی لیژنەیەكی سێ‌ كەسییەوە بۆ تێچووی پرسەكانی بنەماڵە خەرجبدەكرێت" نژیار نێروەیی، رۆژنامەنوس لە دهۆك بۆ پەرەگراف وای وت.

هەر پرسەیەك لەناو بنەماڵەی نێروەیی، چوار بۆ پێنج ملیۆن دینار خەرجییەتی، چونكە نزیكەی سێ ژەم خواردن بۆ خەڵك دروستدەكەن.

نژیار نێروەیی وتی "رەنگە بۆ بنەماڵەیەكی تر یان ناوچەیەكی تر بارگرانی بێت سندوق دابنێن، بۆیە خەرجییەكە دەبێتە بارگرانی بۆ ماڵی مردوو، واباشترە ئەگەر خواردنیش دروست بكرێت بەڵام رەچاوی ئەوە بكرێت كە تێچووەكەی زۆر نەبێت".

پرسە بۆتە نەریتێكی ئایینی و كۆمەڵایەتی، ماوەكەشی لە نێوان دوو بۆ سێ‌ رۆژدایە، لە هەندێك شوێن و ناوچە زیاتریشە، واباوە نیوەڕوان و ئێواران خاوەنی پرسە بۆ بەشداربوانی ماتەمەكە خواردنی باش دروستدەكەن، كە زیاتر شلە و برنجە بە گۆشت و مریشكەوە.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، هەندێك بنەماڵە لە قەزاكانی بەردەڕەش و شێخان و سێمێل دروستكردنی خواردنیان لە پرسەدا قەدەغە كردووە، لەو چوارچێوەیەشدا یەكێتی زانایانی ئایینی لە پارێزگای دهۆك، لە رێگای مینبەر و دانیشتنەكانیانەوە هەوڵدەدەن لە سەرانسەری پارێزگاكەدا دروستكردنی خواردنی پرسە نەهێڵن.

د. جیهاد دۆسكی، سەرۆكی لقی دهۆكی یەكێتی زانایان بۆ پەرەگراف وتی "بەهاوبەشی لەگەڵ وتاربێژەكانمان و سوشیاڵ میدیا و ڕاگەیاندن هەوڵدەدەین دروستكردنی خواردن بۆ پرسە لەسەرانسەری پارێزگای دهۆك قەدەغە بكرێت".

ئەو نیگەرانە لە بارودۆخی پرسەی ئێستا و هەندێكیان بە پێچەوانەوەی دەقەكانی ئایینی ئیسلام ناودەبات، "بەشێك لە پرسەكان بوونەتە شوێنی نمایشكردنی جل و بەرگی گرانبەها، شوێنی ڤی ئای پی و نان خواردن لە چێشتخانە بەناوبانگەكاندا، زۆر جار بەلای چێشتخانەیەك دەچین سەرووی 100 ئۆتومبێل وەستاون وادەزانی ئەمە پرۆسەی هاوسەرگیرییە نەك داوەتی خاوەن پرسە".

بەوتەی دۆسكی "پرسە هەبووە دوو دەفتەر دۆلار (20 هەزار دۆلار)ـی تێدا خەرجكراوە، رەنگە هەبووە زیاتریش، چونكە خۆم بیستوومە خاوەن پرسەكە دوای نانخواردنی نێوەرۆ ووتوویەتی میوانی منن بۆ خواردنی ئێوارەش، كە ئەمانە هەمووی پارەی زۆری تێدەچێت".

ئەوەش لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان بە بارودۆخی خراپی داراییدا تێدەپەڕێت، فەرمانبەران دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە، بازاڕ سستە و زۆربەی پرۆژەكان راگیراون، بەپێی بەدواداچونی پێشتری پەرەگراف، لە 16 ساڵی رابردوودا دهۆك لەسەر ئاستی هەرێم لە ریزبەندی هەژارترین پارێزگادا بووە.

رەشاد زێباری، كەسایەتی كۆمەڵایەتی لە ئاكرێ‌ بۆ پەرەگراف وتی "پرسە سروشتەكەی خۆی لەدەستداوە، پێشینان كەسوكاری كۆچكردو هیچ مەسرەفێكی نەدەكرد، دراوسێ و كەسە نزیكەكانی لەماڵی خۆیان خواردنیان دروستدەكرد بۆ میوانەكان،.. بەڵام ئێستا پرسە بووەتە كێبڕكێ لەسەر ئەوەی كێ‌ ئاژەڵی زۆرتر سەردەبڕێت یان كێ‌ زیاتر پارە خەرجدەكات".

هەروەها دەڵێت ئەوەی ئێستا هەیە؛ خەمی كەسوكار و خێزانی مردوو دەكاتە دوو هێندە، بەهۆی خەرجیی زۆری پرسەوە، پێشنیازی كرد پرسە بكرێت بە كاتژمێر و نیوێك، ئەویش دوای نیوەڕۆوان تا بەر لە خوانی ئێوارە، تا پێویست بە دروستكردنی خواردن نەكات و تەنیا ئەو كەسانە نەبێت، لە رێگەی دوورەوە دەڕۆن و ناتوانن بگەڕێنەوە.

بەپێی ئایینی ئیسلام، خەرجیی زۆر و زیادە رێگەپێدراو نییە، لە هیچ دەقێكی ئایینییشدا باس لە خەرجی زۆر بۆ پرسە نەكراوە، تەنیا هانی خەڵك دراوە لە نوێژی مردوان و مەراسیمی بەخاكسپاردنی مردواندا بەشداربن.

سەرۆكی لقی دهۆكی یەكێتی زانایانی ئایینیی نمونەیەك دەهێنێتەوە و دەڵێت "كاتێك جەعفەری كوری ئەبو تاڵیب لە شەڕێكدا شەهید بوو، پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد سڵاوی خوای لەسەر بێت بە موسڵمانانی ووت؛ بڕۆن خواردنێك بۆ كەسوكاری مردووەكە دروستبكەن. ئێستا پێچەوانەیە و كەسوكاری مردوو خواردن ئامادە دەكەن یان پارە دەدەن".