پێكهاتەكان لە پەرلەمان چییان كرد؟

خولی پێنجەمیان بەبێ هیچ پێشنیاز و پڕۆژە یاسایەك تێپەڕاند
05-02-2024 12:54

پەرەگراف- فەرمان سادق

پەرلەمانتار و لیستی پێكهاتەكان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، هیچ پڕۆژە و پێشنیازە یاسایەكان نەبووە، تەنانەت لەبارەی چارەسەری ئەو كێشە و گرفتانەی خۆشیان بەدەستیەوە دەناڵێنن.

لە کۆتا خولی پەرلەمانی كوردستان، 74 پێشنیازە یاسا، پڕۆژە یاسا و پێشنیازە بڕیار خراونەتە كارنامەی دانیشتنەكانەوە و 46 یاسا دەركراون، بەپێی ئامارەكانی سایتی پەرلەمان.

ئەو پێشنیاز و پرۆژانە لە نێوان ساڵانی 2019 – 2022 بووە، زیاتر لە نیوەی لەلایەن پەرلەمانتاران، فراكسیۆن و لیژنەكانەوە بووە و ئەوانیتر لە حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كراون، بەڵام بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، هیچ یەكێكیان بە سەرپەرشتی و خاوەندارێتی پەرلەمانتاری كۆتای پێكهاتەكان نەبووە.

"ململانێیەکانی ناو پەرلەمان کاریگەری هەبوو لەسەر فراکسیۆنەکانی پێکهاتەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمان رێگر نەبووە لەوەی پێشنیاز پێشکەش بکەین" بەوتەی ئازاد کورەچی، پەرلەمانتاری كۆتای توركمان لە خولی پێنجەم، كە دەڵێت، پێشنیازە ياسايان هەبووە، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان نەیخستۆتە بەرنامەی كارەوە.

لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا هاتووە، كە دانان و رێکخستنی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان لە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندایە.

رێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ پەرەگراف ئەوەی رەتکردەوە کە جیاکاری کرابێت لە خستنە بەرنامەی کاری پێشنیازی یاساکان، وەك هەندێك لە نوێنەرانی پێكهاتەكان باسیدەكەن، وتی "پێکهاتەکان هیچ پێشنیازە یاسایەکیان نەبووە تا نەخرێتە بەرنامەی کار".

بەپێی راپۆرتەكانی ئینستتیوتی پەی–رێكخراوێكی مەدەنییە و چاودێری كارەكانی پەرلەمان دەكات-، لە دانیشتنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمان كە ساڵی 2018 دەستیپێكرد تا كۆتایی ئایاری 2023، لەو ماوەیەدا تەنیا 46 یاسای دەرکردووەو 7یاسایان لە ماوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بووە کە بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بە هەڵوەشاوە دادەنرێن.

سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی ئینستتیوتی پەی بۆ پەرەگراف جەختیكردەوە نوێنەرانی پێكهاتەكان هیچ پێشنیازە یاسایەكیان نەبووە و لە بارەی هۆكاری جیاوازیی ئامارەكانی ئەوان و سایتی پەرلەمان، وتی "ئێمە خۆمان داتاكانمان لەسەر دانیشتنەكان كۆكردۆتەوە و لەوەدەچێت ئاماری سایتی پەرلەمان کەموکوڕی تێدا بێت".

لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆی 111 پەرلەمانتار، 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخانكراوە بە كۆتا، پێنج بۆ توركمان، پێنج بۆ مەسیحی و یەك كورسیش بۆ ئەرمەن.

كورەچی پێیوایە "هێندە گرنگی بە پێکهاتەکان نادرێت لەناو پەرلەمان".

تەنیا ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێكهاتەكان بەشداربون لە واژۆی ئەو پێشنیازانەی فراكسیۆنەكانی دیكە پێشكەشیان كردووە لە كاتێكدا خۆیان چەندین داواكارییان هەیە پێویستی بە رێكار و رێكخستنی یاسایی هەیە، بە تایبەت ئەو كێشانەی پەیوەندیدارن بە خاوەندارێتی زەوی توركمان و كریستیانەكان لە هەولێر و دهۆك، كە پێیانوایە "داگیركراون".

پێنج كورسییەكەی توركمان دوانیان لای فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمان بوو، هەریەك لە بەرەی تورکمانی و پارتی چاکسازی تورکمان و لیستی میللەت يەكی كورسییەكیان هەبوو.

عیماد رەفعەت، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە پێكهاتەی توركمان بۆ پەرەگراف وتی "ئەوە کارەساتە لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، پەرلەمانتارە تورکمانەکان هیچ پێشنیازە یاسایەکیان نەداوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان، مێژوو رەحمیان پێ ناکات".

ئەو نمونەی چەندین دۆسیەی پەیوەست بە توركمانی باسكرد، كە پێیوایە پێویستی بە بەدواداچون و كاری پەرلەمانیی هەیە، لەوانە گۆڕستانەکانی تورکمانەکان کە کەوتوونەتە چەقی شاری هەولێر و "دەستدرێژییان کراوەتەسەر و بوونەتە زبڵخانە و پشتگوێخراون".

لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان؛ مەسیحی، توركمان، ئێزیدی، شەبەك، كاكەیی، مەندائی و چەندین پێكهاتەی ئایینی دەژین، كە بەپێی یاسا مافەكانیان دانی پێدانراوە، لە نێویاندا زیاتر لە 220 هەزار مەسیحی هەن.

پێنج كورسییەكەی كۆتای مەسیحی لە پەرلەمان سێ كورسی لە هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، یەكێكیان لە ئەنجومەنی کلدانی سریانی ئاشووری و ئەویتر لای لیستی رافیدەین بوو. ئەوانیش بێ پرۆژە و بێ پێشنیاز تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانیان بەڕێكرد.

فەرید یەعقوب، سەرۆکی لیستی رافیدەین لە خولی پێنجەمی پەرلەمان هاوشێوەی پەرلەمانتارەكەی توركمان دەڵێت، پێشنیازە یاسایان هەبووە و نەخراوەتە بەرنامەی كارەوە، بۆ پەرەگراف باسی لەوەكرد پێشنیازە یاسای دانپێدانان بە کۆمەڵکوژی سێمێل-ـی بە واژۆی 26 پەرلەمانتار بەرزكردۆتەوە و كاری لەسەر نەكراوە.

پێشتر یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان هەبووە و پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو لەلایەن پارتییەوە لە ململانێ‌ سیاسییەكاندا بەكار هێنراون. بۆ ئەو مەبەستەش یەکێتی سكاڵایەكی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە لە دادگای فیدراڵی و هێشتا یەكلانەبۆتەوە.

هەر دۆسیەی کورسیی پێکهاتەکان یەكێكە لە بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، كە دەبوو لە مانگی 10ـی 2022ـەوە ئەنجامبدرێت و هێشتا نەكراوە.

سەرۆکی ئینستیوتی پەی دەڵێت، نوێنەرانی پێكهاتەكان کە دەستنیشانکراون بکرێن بە ئەندامی پەرلەمان، بە تایبەت لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، "بۆ ئەوە نەبووە پێشنیازە یاسا بنووسن بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڵکو بۆ مەبەستی تر بووە، لەوانە دەنگدان لە کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکان و شەرعیەتدان بەناوی پێکهاتەکان بۆ هەندێک پرس و بابەت".

سەروەر عەبدولڕەحمان وتیشی "ئەگەر راستدەکەن و پێشنیازە یاسایان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان و نەخراوەتە کارنامەی دانیشتنەکانیان، خۆ دەیانتوانی بۆ ئاگادارکردنی رایگشتی و پێکهاتەکانی خۆیان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەناو پەرلەماندا باسیان لە پێشنیازە یاساکەی خۆیان بکردایەو خەڵکیان ئاگادار بکردایەوە کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رێگرییان لێدەکات".

هەرێمی كوردستان چەندین مانگە لە بۆشایی دەسەڵاتی یاساداناندایە، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی، لە ساڵی رابردودا درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بە نایاسایی ناساند و كۆتایی بە تەمەنی پەرلەمان هێنا.

هۆگر چەتۆ، شارەزای یاسایی و هەڵبژاردن بۆ پەرەگراف رونیكردەوە كە پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان بەشدارییان هەبووە و واژۆیان لەسەر بەشێک لە پێشنیازە یاساکان هەبووە، بۆیە رۆڵیان بەشێوەی ڕێژەیی هەبووە، ئەو دۆسیەیانەی هەن وەكو کێشەی زەویوزاری پێكهاتەكان پەیوەندی بە دەرکردنی یاساوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە جێبەجێنەکردنی هەندێک یاسا و گرتنەبەری ئیجرائاتەوە هەیە.

ئەو دەڵێت، پەرلەمانتارانی پێكهاتەكان "نەیانتوانیوە چاودێری حکومەت بکەن" کە بەشێکە لە کاری پەرلەمانتاری، پێیوایە کۆتاکان لە کوردستان و عێراقیش، لەلایەن حزب و کوتلە گەورەکان "کورسییەکانیان بەکاردەهێندرێت".

"حاشا هەڵنەگرە کە ئەوان لایەنگرییان کردووە، خۆیان پێیدەڵێن هاوپەیمانیی سیاسی، ئەمەش دەبەستنەوە بەوەی ئاساییە حزب هاوپەیمانی سیاسی هەبێت، هەندێکیشیان بە جورئەتترەوە دەڵێن ئاساییە پشتگیری لە فڵان حزب بکەین، چونکە ئەوانیش پشتگیری لە دۆزی ئێمە دەکەن" هۆگر چەتۆ وای وت، زیاتر رونیكردەوە كە لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش، "پێکهاتەکان زیاتر ملکەچی زۆرینەن".