میدیای حزبی؛ باڵادەستی میدیای پشتبەستوو بە حزب لە هەرێمی کوردستانی عیراق

09-02-2024 05:47
كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی، وێنەكە لەلایەن وینسرۆپ ڕۆجه‌ر-ەوە گیراوە

نووسینی؛ وینسرۆپ ڕۆجەر

وەرگێڕانی؛ کەرکوک ناو

ئه‌گه‌ر بچیته‌ هه‌ر كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانییه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانى عیراق و سه‌یرێكى ئه‌و مێزه‌ بكه‌یت كه‌ مایكه‌كانى له‌سه‌ر دانراوه‌، تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ ره‌نگى سور، شین، زه‌رد، ره‌ش، پرته‌قاڵى ده‌بینیت كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ر به‌ میدیایه‌كى جیاوازه‌. له‌ یه‌كه‌مین نیگادا، ژینگه‌یه‌كى ته‌ندروستى میدیایی پڕ له‌ دەرفەت و ركابه‌رییه‌كى ته‌ندروستت دێته‌ بەرچاو، به‌ڵام له‌ واقیعدا ژینگه‌ی میدیایی له‌ هه‌رێمى كوردستاندا له‌لایه‌ن ئه‌و میدیایانه‌وه‌ كۆنترۆڵكراوه‌ كه‌ سه‌ربه‌ پارته‌ سیاسییه‌كانن.

كاتێك كه‌ باسه‌كه‌ دێته‌سه‌ر په‌یوه‌ندى میدیا و حزبه‌كان، پێویسته‌ پۆلێنكارییه‌كمان هه‌بێت. دوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدارى هه‌رێمى كوردستان پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان هه‌ریه‌كه‌یان دنیایه‌ك ده‌زگاى میدیایی دڵسۆزى خۆیان هه‌یه‌. حزبه‌ ئیسلامییه‌كان و ئۆپۆزسیۆنیش به‌هه‌مانشێوه‌ له‌م ژینگه‌یه‌دا هه‌ن و میدیاى خۆیان هه‌یه‌. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى، به‌شێكى تایبه‌ت له‌نێو حزبه‌كان یانیش كه‌سایه‌تیه‌كانى نێو حزبه‌كان پاڵپشتى داریی پێشكه‌شى دامه‌زراوه‌ى میدیایی ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستى پاڵپشتیكردنى پێگه‌ى سیاسییان. ئه‌مه‌ش، ئاڵۆزى دۆخه‌كه‌ى بردووه‌ته‌ ئاستێكى تره‌وه‌.

له‌ ئه‌نجامدا، روماڵى میدیایی له‌ هه‌رێمى كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو ده‌چێته‌ قازانجى ئه‌وانه‌ى كه‌ پاڵنه‌رى سیاسییان هه‌یه‌ له‌ كاره‌كه‌یاندا، وه‌ك له‌وه‌ى كه‌ هه‌ستێت به‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌ركى خۆی  كه‌ خزمه‌تكردنه‌ به‌ چاكه‌ى گشتى و گه‌یاندنى زانیارى گرنگ به‌ هه‌موو وه‌رگره‌كانی.

چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كى میدیایی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى سه‌رچاوه‌ى دارایی و هه‌راسانكردنیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌  ئاستى گه‌یشتنیان به‌ وه‌رگره‌كانیان سنورداره‌. له‌ كۆتایدا كاره‌كانیشیان له‌نێو ژینگه‌ى ئه‌و میدیایانه‌ى كه‌ حزب پاڵپشتى دارییان ده‌كات ونده‌بن.

ئه‌م دۆخه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان و چاودێرانى بیانیش وێنه‌یه‌كى چه‌واشه‌كار و تێڕوانینێكى لایه‌نگرانه‌ بۆ رووداوه‌كان دروستده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ جیاكردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى، چى گرنگه‌؟ ئاسان نابێت.

زیاتر له‌مه‌ش، ئه‌م دۆخه‌ سیستمێك به‌رهه‌مده‌هێنێت كه‌ چالاكییه‌كانى چینى سیاسى باڵا تێیدا ده‌بنه‌هه‌واڵ و كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت نه‌وه‌ك ئه‌و چیرۆكانه‌ى كه‌ باس له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى وه‌ك گه‌نده‌ڵى،  ئابورى، پیسبونى ژینگه‌ و پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ ده‌كه‌ن. كاتێكیش كه‌ میدیاى حزبى ئه‌م كێشانه‌ روماڵ ده‌كات هه‌وڵده‌دات له‌ گۆشه‌یه‌كى ئه‌رێنیه‌وه‌ نیشانیان بدات یانیش له‌دژى حزبه‌ سیاسییه‌ ركابه‌ره‌كه‌ى به‌كاریانبهێنێت.

ئه‌م شیكارییه‌، هه‌وڵێكه‌ بۆ رونكردنه‌وه‌ى ئه‌و پرسیاره‌ى، چۆن میدیا حزبییه‌كان گۆڕه‌پانى میدیایان له‌ هه‌رێمى كوردستان داگیركردووه‌؟ كاریگه‌رییه‌كه‌ى چییه‌ له‌سه‌ر دانیشتوانى هه‌رێمى كوردستان و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بیانییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان. رێبه‌رییه‌كى رون نییه‌ بۆ میدیاى كوردى، به‌ڵام ده‌توانێت زانیارى ببه‌خشێت له‌سه‌ر پێگه‌ى به‌شێك له‌ دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

گه‌شه‌سه‌ندنى میدیاى حزبی

ئه‌و داگیركارییه‌ى كه‌ میدیایی سه‌ر به‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌یكات به‌شێكه‌ له‌ سه‌روه‌ریی گه‌شه‌سه‌ندنى سیاسیى له‌و هه‌رێمە. تاوه‌كو ساڵى 1991 ناوچه‌ كوردییه‌كانى عێراق له‌لایهەن حكومه‌تى ناوه‌ندیی به‌غداوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بران به‌ سه‌رده‌مى رژێمى دیكتاتۆری سه‌دام حسێن-یشه‌وه‌. له‌م سه‌رده‌مه‌دا میدیا زۆر سنووردار كرابوو و گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ى میدیا سه‌ر به‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌ حكومییه‌كان بوو.

میدیاى ناحكومیش له‌ شێوه‌ى رۆژنامه‌ و رادیۆدا هه‌بوو كه‌ له‌لایه‌ن پارتى و یه‌كێتی-ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا، به‌شێكیش بوو له‌ وه‌ستانه‌وه‌یان له‌دژى حكومه‌تى ئه‌وكاتى عیراق. له‌به‌ر ئه‌وه‌، په‌یوه‌ندى نێوان میدیا، حكومه‌ت و حزبه‌ سیاسییه‌كان زۆر نائاساییه‌. له‌ڕاستیدا، ریشه‌یه‌كى مێژوویى هه‌یه‌ و بووه‌ به‌ عاده‌تێك كه‌ له‌ مێژووه‌وه‌ وه‌رگیراوە.

له‌ ساڵانى 2000كاندا میدیاى سه‌ربه‌خۆ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌وپێشچوونى گه‌وره‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى و گه‌شایه‌وه‌. رۆژنامه‌كانى وه‌ك هاووڵاتى و ئاوێنه‌ و گۆڤارى لڤین كۆمه‌ڵێك هه‌واڵ و بابه‌تیان بڵاوده‌كرده‌وه‌ كه‌ ته‌حه‌دا (ئاڵنگارى)ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیان ده‌كرد. په‌یامنێر و هه‌واڵسازه‌كانیان چه‌ندین چیرۆكى گرنگ و بنكۆڵكاریان له‌سه‌ر بابه‌تى گه‌نده‌ڵى بڵاوده‌كرده‌وه‌.

"خه‌ڵكى تامه‌زرۆ بون بۆ خوێندنه‌وه‌ى بابه‌ته‌كان و چاوه‌ڕێى ده‌رچونى ژمارەی نوێى رۆژنامه‌كانیان ده‌كرد. ئه‌م ئیشانه‌ كاریگه‌ریی گه‌وره‌یان هه‌بوو"، سوركێو محه‌مه‌د، سه‌رنوسه‌رى وێبسایتى په‌ره‌گراف كه‌ ده‌زگایه‌كى میدیایی سه‌ربه‌خۆیه‌ واى وت.

میدیاى سه‌ربه‌خۆ جیاوازه‌ له‌ میدیاى سه‌ر به‌ حزب له‌ڕوى ئه‌وه‌ى چۆن پاره‌دار ده‌كرێن و چۆن روماڵى هه‌واڵ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ى كه‌ چۆن میدیاى حزبى پاره‌دار ده‌كرێت؟ پرۆسه‌یه‌كى ناڕونه‌، به‌هۆى ناڕونى (نه‌بونى شه‌فافیه‌ت) له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، ئه‌مه‌ش به‌ واتاى ئه‌وه‌ دێت كه‌ چه‌ند هێڵێكى كه‌م هه‌ن كه‌ رون بن له ‌نێوان ئه‌م میدیا حزبیانه‌ و ئه‌و حزبانه‌ى كه‌ پاڵپشتى داراییان ده‌كه‌ن.

به‌شێوه‌یه‌كى گشتى په‌یوه‌ندییه‌كه‌ ناڕونه‌. شێوازێكى ترى تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌و میدیایانه‌ى كه‌ سه‌ربه‌ حزبه‌كانن بریتیه‌ له‌ تێڕوانین له‌وه‌ى كه‌ ئایا ئه‌م میدیاییه‌ ده‌توانێت راپۆرت و هه‌واڵ یان وتارێكى ره‌خنه‌یی بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ى ئه‌و كه‌سه‌ یان ئه‌و حزبه‌ كرابێت كه‌ پاڵپشتى دارایی ده‌كات؟! بۆ میدیایه‌كى راسته‌قینه‌ى سه‌ربه‌خۆ، هه‌موو كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان و ئه‌و روداوانه‌ى كه‌ شایه‌نى ئه‌وه‌ن بكرێنه‌ هه‌واڵ ده‌كرێت به‌شێوه‌ى ئه‌رێنى یان نه‌رێنى به‌پێى سروشتى بابه‌ته‌كه‌ له‌ڕوى میدیاییه‌وه‌ كاریان له‌سه‌ر بكرێت. ئه‌م شێوازه‌ رۆژنامه‌وانییه‌ زۆر به‌ ده‌گمه‌ن له‌ هه‌رێمى كوردستانى عیراقدا ده‌بینرێت. له‌برى ئه‌وه‌، میدیاى حزبى بڕیار ده‌دات چى روماڵ بكرێت و چۆن روماڵى گه‌شه‌ سه‌ندنه‌كان بكرێت، له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیی و حساباتى سیاسى ئه‌وانه‌ى كه‌ پاڵپشتیان ده‌كه‌ن.

هه‌موو ئه‌و میدیایانه‌ى كه‌ له‌م بابه‌ته‌دا ناویان ده‌هێنرێت، به‌شێوه‌یه‌كى زاره‌كى بانگه‌شه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ده‌كه‌ن و به‌شێكیشیان زۆر به‌ زه‌قى له‌ كاتى بانگه‌شه‌كردن بۆ خۆیان ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ به‌كارده‌هێنن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ سوركێو محه‌مه‌د ده‌ڵێت: "ته‌نیا به‌كارهێنانى وشه‌كه‌یه‌، وه‌ك چۆن وشه‌ى دیموكراسى به‌كارده‌هێنرێت. واهه‌ستده‌كه‌ن شتێكى باش ده‌كه‌ن.  ده‌سته‌واژه‌كه‌ وه‌ك پاساوێك بۆ بونى خۆیان و كاره‌كانیان به‌كارده‌هێنن".

زۆربه‌ى كات، ئه‌م فێڵه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ چاوبه‌ستكردن له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ شاره‌زای دۆخه‌كه‌ نین. له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا ئه‌م كه‌سه‌ بیانیانه‌ شاره‌زای دۆخه‌كه‌ن و ده‌زانن كه‌ ئه‌و میدیایانه‌ سه‌ر به‌ حزبه‌كانن، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ كاره‌كته‌ره‌ حزبییه‌كه‌یان فه‌رامۆش ده‌كه‌ن له‌كاتى كاركردن له‌گه‌ڵیاندا.

ئه‌و گه‌شانه‌وه‌یه‌ى كه‌ میدیاى سه‌ربه‌خۆ به‌خۆیه‌وه‌ بینى له‌ ساڵانى ناوه‌ڕاستى 2000ه‌كاندا، له‌ كۆتایی ده‌یه‌كه‌دا به‌هۆى گۆڕانكارییه‌ ته‌كنه‌لۆجیه‌كان و هاتنه‌كایه‌ى ته‌له‌فزیۆنه‌ سه‌ته‌لایته‌كانه‌وه‌ كه‌ به‌ گه‌یه‌نه‌رێكى سه‌ره‌كى هه‌واڵ داده‌نران كۆتایی هات. هه‌رچه‌نده‌ به‌رهه‌مهێنان له‌ ته‌له‌فزیۆندا تێچووه‌كه‌ى زۆر زیاتربوو له‌ رۆژنامه‌، به‌ڵام ته‌له‌فزیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌لایه‌ن حزبه‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵكانى سه‌رمایه‌داره‌وه‌ ده‌ستیانبه‌سه‌ردا گیرا. له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م قۆناغه‌دا كوردستان تى ڤى، زاگرۆس تى ڤى، كوردسات هه‌بون، به‌ڵام ئێستا كه‌ناڵه‌كانى وه‌ك رووداو، دامه‌زراوه‌ى میدیایی نالیا (NRT) و كوردستان24 له‌نێو ئۆفیس و دوكانه‌كان، له‌كاتى نانخواردن، له‌ ئێواراندا به‌رچاو ده‌كه‌ون و كۆكراوه‌ى ژیانى رۆژانه‌ى هه‌رێمى كوردستان نیشانده‌ده‌ن.

ته‌له‌فزیۆن رێگایه‌كى یه‌كسه‌ر (یه‌كلایه‌نه‌)ى په‌یوه‌ندى كردنه‌. ئه‌م راستییه‌ خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندى حزبه‌كان ده‌كات و واده‌كات به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت نه‌خشه‌ى هه‌واڵه‌كان دابڕێژن. زۆرینه‌ى كات، ئه‌و شته‌ هه‌ڵده‌بژێرن كه‌ خزمه‌تیانده‌كات. په‌یوه‌ستى سیاسى و هێڵى حزمه‌تى ئه‌م كه‌ناڵانه‌ زۆر ئاشكرایه‌. زۆرێك له‌ وه‌رگره‌كانیان رۆژانه‌ ئه‌م كه‌ناڵانه‌ ده‌گۆڕن بۆ ئه‌وه‌ى بزانن هه‌ریه‌كه‌یان چى ده‌ڵێن له‌باره‌ى هه‌واڵێكى دیاریكراو و به‌راوردى ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ هه‌ڵوێست و بۆچونى لایه‌نێكى دیاریكراو له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌.

ئه‌م بارگۆڕانه‌ له‌ رۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆكانه‌وه‌ بۆ میدیاى حزبى به‌ته‌واوه‌تى له‌دواى سه‌رده‌مى گه‌شه‌سه‌ندنى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دروستبوو، به‌ دیاریكراویش فه‌یسبووك. هاوكات، گه‌شه‌سه‌ندنى به‌كارهێنانى مۆبایل بووه‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ ئینته‌رنێت ئاسانتربێت، حزبه‌ سیاسییه‌كانیش ئه‌م هه‌له‌یان قۆسته‌وه‌. ئه‌وانه‌ى پێشتر رۆژنامه‌یان ده‌رده‌كرد نه‌ تاقه‌تى ئه‌وه‌یان هه‌بوو و نه‌ ئه‌وه‌نده‌ش سه‌رچاوه‌ى داراییان هه‌بوو كه‌ خۆیان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ بگونجێنن. له‌ به‌رامبه‌ریشدا كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كان تۆڕى هه‌واڵى فراوانیان له‌نێو ئینته‌رنێت له‌ڕێگه‌ى وێبسایته‌كانیانه‌وه‌ دروستكرد. له‌ ئه‌نجامدا له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵانى 2010دا، بوونه‌ جێگره‌وه‌ى زۆرینه‌ى میدیا سه‌ربه‌خۆكان كه‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى هه‌واڵبون له‌ هه‌رێمى كوردستان و زۆرینه‌ى ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌یان به‌لاى خۆیاندا راكێشا كه‌ له‌ رۆژنامه‌واندا كاریان ده‌كرد.

هه‌موو ئه‌مه‌ هاوشانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كلتوره‌ سیاسیه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌، كه‌ كلتورێكه‌ تێیدا كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایی لاوازتره‌ له‌ حزبه‌ سیاسیه‌كان. له‌ ئێستادا یه‌كێتیى نیشتمانیی كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان كاریگه‌رییه‌كى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوانه‌ى كه‌ نه‌خشه‌ى ژیانى مه‌ده‌نى ده‌كێشن له‌وانه‌ش، سه‌ندیكاى كرێكاران، زانكۆكان، دادگاكان و پرۆژه‌ بازرگانییه‌كان. میدیاش جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆى  نییه‌ له‌م بابه‌ته‌دا، به‌ڵام جیاوازیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆڵێكى ناوازه‌ ده‌گێڕێت له‌ داڕشتن و دابینكردنى زانیارییه‌كاندا.

پێش ئه‌وه‌ى قوڵتر بینه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت كه‌ كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ریی حزبێكى سیاسى له‌لایه‌ن میدیایه‌كه‌وه‌ به‌ واتاى ئه‌وه‌ نایه‌ت، ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ى كه‌ كارى تێدا ده‌كه‌ن كه‌سانى حزبین. به‌شێكیان راسته‌ كه‌سانى حزبین، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ى تریان هاوشێوه‌ى وه‌رگره‌كانیان قوربانى سیستمێكن كه‌ له‌سه‌روو ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وانه‌وه‌یه‌.

كاركردن له‌نێو میدیاى كوردى له‌ڕوى سیاسییه‌وه‌ سه‌ركه‌شییه‌كى پڕ له‌ ئه‌زموونه‌. په‌یامنێره‌كان به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایی له‌كاتى كاركردندا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌ ئامانج ده‌گیرێن و هێرشیان ده‌كرێته‌سه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسیه‌ى كه‌ دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كه‌یان هه‌یه‌تى. پیشه‌كه‌ خۆى له‌ بنه‌ڕه‌تدا سه‌لامه‌تى لاوازه‌، موچه‌كه‌شى كه‌مه‌ و بۆ كه‌سانى نا دڵسۆزیش سزاى داناوه‌. به‌شێك له‌ رۆژنامه‌نوسه‌كان كاردانه‌وه‌یان هه‌یه‌ بۆ ئه‌م پێوه‌رانه‌، به‌ڵام خاڵى تیشكخستنه‌سه‌رى ئه‌م شیكارییه‌ سیستمه‌كه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ى تاكه‌كانى ناو سیستمه‌كه‌ ئه‌نجامیده‌ده‌ن.

شیكردنه‌وه‌ى گۆڕه‌پانى میدیایی

بۆئه‌وه‌ى بتوانیت مێزى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى بخوێنیته‌وه‌ و تێبگه‌یت كه‌ چ میدیایه‌ك له‌گه‌ڵ چ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى سیاسى پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌ له‌كاتى روماڵى هه‌واڵێكدا پێویستت به‌ كه‌مێك كات و ئه‌زمون هه‌یه‌.هه‌ندێك شیكه‌ره‌وه‌ى وه‌ك حه‌كیم داود قه‌ره‌داغى، رێبه‌ری سودبه‌خشیان نووسیوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌م وێبسایتانه‌ زوو به‌سه‌ر ده‌چن و به‌ خێرایی نوێیه‌كان دێنه‌پێشه‌وه‌ و كۆنه‌كان ون ده‌بن. له‌ناوچون و سڕینه‌وه‌ى چیرۆكه‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌كانیش كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ن بۆ میدیاى كوردى، پوختەی به‌شێك له‌ میدیا كوردییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌وانه‌یه‌ ئه‌م نمونه‌یه‌ به‌ باشى روونبكاته‌وه‌.

له‌نێوان دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌دا، میدیاى پارتى دیموكراتى كوردستان زۆر ئاڵۆزتره‌. حزبه‌كه‌ و سه‌ركرده‌كانى تۆڕێكى فراوانترى دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. دیارترینى ئه‌م دامه‌زراوه‌ میدیاییانه‌ كه‌ناڵى رووداو-ه‌، كه‌ له‌ ساڵى 2013 دامه‌زرا و له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت. هه‌رچه‌نده‌ ئامارى دروست له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت پڕبینه‌رترین كه‌ناڵى ته‌له‌فزیۆنى هه‌رێمى كوردستانه‌.

وه‌ك زۆرێك له‌ دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كانى تریش، رووداو به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى به‌رنامه‌كانى به‌ دایه‌لێكتى كوردى - سۆرانى په‌خشده‌كرێن. به‌ دایه‌لێكته‌كانى ترى كوردى و زمانه‌كانى عه‌ره‌بى و توركى و ئینگلیزى له‌ وێبسایته‌كه‌ و پلاتفۆڕمه‌كانى له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌واڵ بڵاوده‌كاته‌وه‌. ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ بتوانێت بگات به‌ وه‌رگره‌ جیاوازه‌كانی و به‌پێى وه‌رگره‌كانى رووماڵى هه‌واڵ بكات. تۆنى رووماڵكردنى رووداو به‌شێوه‌ى ئینگلیزى جیاوازتره‌ له‌و تۆنه‌ى كه‌ به‌ زمانى كوردى په‌خشى پێده‌كات.  بۆ نمونه‌، كێشه‌كانى مافى مرۆڤ و ئازادى رۆژنامه‌وانى هاوسۆزییه‌كى ته‌واویان هه‌یه‌ له‌ به‌شى ئینگلیزییه‌كه‌دا له‌كاتێكدا هه‌مان ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌ به‌شه‌ كوردییه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌ك روماڵ ده‌كرێن كه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تى حزبه‌كه‌دا بگونجێن. ئه‌و روماڵه‌ى كه‌ رووداو ده‌یكات رون و ئاسانه‌ بۆ تێگه‌یشتن و واشده‌كات جیاواز بێت له‌ میدیا حزبیه‌كانى تر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا خۆڕاگریی به‌رامبه‌ر ئه‌و پاڵپشتیه‌ داراییه‌ حزبیه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى و خۆڕاگریى به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌گرتن له‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى واده‌كات ئه‌جێندا و كه‌سایه‌تیه‌كه‌ى زیاتر دیار بێت.

له‌م ساڵانه‌ى دوایدا، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گه‌شه‌ى به‌ ده‌سه‌ڵاتى خۆیداوه‌ له‌نێو پارتى دیموكراتى كوردستان و ته‌حه‌داى نێچیرڤان بارزانى ئامۆزى ده‌كات. له‌م دواییانه‌شدا، ده‌ستیكردووه‌ به‌ هه‌وڵدان بۆ جێگه‌ لێژكردن به‌ رووداو وه‌ك میدیاییه‌كى ژماره‌ یه‌كى كوردیی بۆ ئه‌وه‌ى به‌و میدیایانه‌ جێگه‌ى بگرێته‌وه‌ كه‌ خۆى كۆنترۆڵیان ده‌كات، هه‌وڵه‌كه‌ش به‌ دیاریكراوى بۆ ئه‌وه‌یه‌ كوردستان24 جێگه‌ى بگرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2015 دامه‌زراوه‌.  هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووى پاڵپشتى داراییه‌وه‌ ئه‌م دوو كه‌ناڵه‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام كوردستان24 هێشتا له‌دواى ركابه‌ره‌كه‌یه‌وه‌یه‌ و روماڵه‌كانى به‌ كوردى، ئینگلیزى و زمانه‌كانى تر تۆزێك جیاوازتره‌ له‌و به‌یاننامانه‌ى كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ریانده‌كات. مه‌سرور بارزانى چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كى ترى میدیایی هه‌یه‌، له‌وانه‌ش، باس نیوز كه‌ په‌یامه‌كانى ده‌گه‌یه‌نن.

سیستمى میدیایی یه‌كێتى كه‌متر ئاڵۆزه‌ و ره‌نگده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌ ئاڵۆزه‌كانى نێو حزبه‌یه‌كه‌. كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كانى وه‌ك كوردسات و گه‌لى كوردستان گوزارشت له‌ سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ ده‌كه‌ن و كاریگه‌ریی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، خانمى یه‌كه‌مى عێراق-یان له‌سه‌ره‌. بافڵ تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى یه‌كێتى دامه‌زراوه‌یی میدیایی (ئێستا نیوز)ى كرده‌وه‌ له‌ ساڵى 2019 له‌ كاتێكدا كه‌ خۆى ئاماده‌ ده‌كرد بۆ وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات.

سه‌ركرده‌كانى ترى حزبه‌كه‌ وه‌ك قوباد تاڵه‌بانى و به‌رهه‌م ساڵح و مه‌لا به‌ختیار به‌وه‌ ناسراون كه‌ پاڵپشتى له‌ ده‌زگاى میدیایی بچوك و جۆراوجۆر ده‌كه‌ن. پێش ئه‌وه‌ى له‌ یه‌كێتى ده‌ربچێت و دواى ئه‌وه‌ش، لاهور شێخ جه‌نگى هه‌ژموونى خۆى له‌سه‌ر میدیا داناوه‌. دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كه‌ى كه‌ به‌ (ئاى پڵه‌س) ناسرابوو له‌لایه‌ن تاڵه‌بانییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیبه‌سه‌رداگیرا، وه‌ك هه‌نگاوێكى سه‌ره‌تایی لابردنى لاهور شێخ جه‌نگى له‌ پۆستى هاوسه‌رۆكایه‌تى یه‌كێتى.

"هه‌ردوو پارتى ده‌سه‌ڵاتدار دامه‌زراوه‌ى میدیایی تایبه‌ت به‌خۆیانیان دامه‌زراندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌واڵ بگه‌یه‌ننه‌ وه‌رگر، نه‌وه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌ هه‌واڵه‌كه‌ خۆى هه‌یه‌. پارتى سه‌ركه‌وتووتره‌، له‌م بابه‌ته‌دا چونكه‌ حزبێكى ناوه‌ندیی و بنه‌ماڵه‌ییه‌ و ته‌نیا بارزانییه‌كان بڕیاربه‌ده‌ستن تێیدا. ئه‌مه‌ واده‌كات ئیشى میدیا زۆر رون بێت و دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كانیان له‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌وه‌ ئاراسته‌ بكرێن. ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ یه‌كێتیه‌وه‌ هه‌یه‌، جیاوازه‌...حزبێكى به‌هێز و مەركەزی نییه‌".

سه‌ره‌كیترین میدیای ئۆپۆزسیۆن ئێن ئاڕ تی-یه‌، كه‌ چه‌ند رۆژێك پێش خۆپیشاندانه‌كانى شوباتى 2011 له‌ سلێمانى كرایه‌وه‌. له‌ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا، هێزى سه‌ربازى هه‌ڵیانكوتایه‌سه‌ر ئۆفیسى كه‌ناڵه‌كه‌ و ئاگریان تێبه‌ردا. ئه‌مه‌ وایكرد ئێن ئاڕ تى ده‌ست له‌ روماڵى خۆپیشاندانه‌كان هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام ئه‌م رووداوه‌ كردیه‌ خاوه‌نى چیرۆكێكى سه‌رنجڕاكێش. بۆماوه‌ى چه‌ندین ساڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامن له‌ به‌ ئامانج گرتنى په‌یامنێره‌كانى و داخستنى ئۆفیسه‌كانى بۆ ئه‌وه‌ى روماڵى ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى سنوردار بكات.

دواى ئه‌وه‌ى خاوه‌نه‌كه‌ى كه‌ شاسوار عه‌بدولواحید-ه‌ هه‌نگاوینا به‌ره‌و دنیاى سیاسه‌ت و جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێى دروست كرد له‌ ساڵى 2018، وه‌رگره‌كانى وه‌ك كه‌ناڵێكى حزبى كه‌ وابه‌سته‌یه‌ به‌ حزبێكى سیاسى سه‌یرى ده‌كه‌ن. هه‌رچه‌نده‌ تاوه‌كو ئێستاش ئه‌م كه‌ناڵه‌ له‌كاتى روماڵه‌كانیدا زۆر ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى و پارتى ده‌گرێت و ئه‌و شتانه‌ ده‌ڵێت كه‌ میدیاى یه‌كێتى و پارتى نایڵێن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ وه‌رگره‌كانى وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ میدیاى ئه‌و حزبانه‌ سه‌یرى ده‌كه‌ن.

حزبه‌كانى تریش میدیاى خۆیان هه‌یه‌. بزوتنه‌وه‌ى گۆران  KNNى هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م كه‌ناڵه‌ نه‌ هێنده‌ى ئێن ئاڕ تى و نه‌ هێنده‌ى ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتى و پارتیه‌وه‌ پاڵپشتى ده‌كرێن ناوى ده‌ركردووه‌. حزبه‌ ئیسلامییه‌كانیش میدیایی خۆیانیان هه‌یه‌ كه‌ هه‌واڵ و به‌رنامه‌ى ئاینیش پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. یه‌كگرتوى ئیسلامى كوردستان كه‌ناڵى سپێده‌-ى هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵى دادگه‌رى كوردستان-یش كه‌ناڵى ته‌له‌فزیۆنى په‌یامى هه‌یه‌.

له‌كاتێكدا كه‌ رۆژنامه‌كانى ئاوێنه‌ و هاووڵاتى كاریگه‌ریی خۆیان له‌ده‌ستدا، چه‌ندین وێبسایت ده‌ستیانكرد به‌ كاركردن وه‌ك میدیایی سه‌ربه‌خۆ له‌وانه‌ش، په‌ره‌گراف، كه‌ركوك ناو، دره‌و میدیا. به‌شێك له‌ میدیا سه‌ربه‌خۆكان به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌راسان ده‌كرێن، به‌ڵام زۆرینه‌ى كات ئاڵنگارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یان بریتیه‌ له‌ په‌یداكردنى پاڵپشتى دارایی. به‌ پێچه‌وانه‌ى هاوتا حزبییه‌كانیانه‌وه‌، په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسى باڵاى پاره‌داره‌وه‌ نییه‌.

"له‌ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى په‌ره‌گراف-دا، ئۆتۆمبێله‌ تایبه‌تییه‌كه‌ى خۆمم فرۆشت. دواى ئه‌وه‌ش پاڵپشتى داراییم له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ به‌ده‌ستهێنا"، سوركێو محه‌مه‌د واده‌ڵێت.

په‌ره‌گراف و دره‌و له‌لایه‌ن رێكخراوى (NED)ه‌وه‌ پاڵپشتى دارایی ده‌كرێن و كه‌ركوك ناویش له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانى (EED و FPU)  و پاڵپشتى ده‌كرێت.

بۆ به‌شێك له‌ چاودێران، ئه‌م پاڵپشتییه‌ داراییانه‌ جێگه‌ى مشتومڕن، چونكه‌ سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپان، به‌ڵام بۆ وه‌رگره‌كانیان ئه‌م پاڵپشتیانه‌ به‌ واتاى سه‌ربه‌خۆیی دێت.  هه‌ندێك داهات هه‌یه‌ كه‌ له‌ ریكلامى بازرگانییه‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام بازرگانییه‌كانیش كاریگه‌ریی هه‌ژمونى سیاسیان له‌سه‌ره‌. "ئێمه‌ یه‌ك رێگه‌مان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین كاربكه‌ین، ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ پاڵپشتى دارایی نێوده‌وڵه‌تى و پاره‌داركردنى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ناتوانین كاربكه‌ین و به‌رگه‌بگرین"، سوركێو محه‌مه‌د واى وت.

دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌ نوێیه‌كان

پارتى و یه‌كێتى ستراتیجى خۆیان دوو به‌رامبه‌ر ده‌كه‌ن و له‌ چه‌ند مانگى رابردوودا چه‌ندین دامه‌زراوه‌ى میدیایی نوێ دامه‌زراون. قه‌باره‌ى زۆرى ئه‌م دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌ نوێیانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ مه‌سرور بارزانى و راوێژكاره‌كانیه‌وه‌ هه‌یه‌ و ره‌نگده‌ره‌وه‌ى گه‌شه‌سه‌ندنى ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆك وه‌زیرانن له‌ناو پارتى دیموكراتى كوردستان.

له‌ مانگى شوباتى 2023دا (Kurdistan Chronicle)  دامه‌زرا كه‌ گۆڤارێكه‌ به‌ زمانى ئینگلیزى په‌خشى خۆى ده‌كات و ئامانجى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كى جوانى ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تى مه‌سرور بارزانى نیشانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بدات. هاوشێوه‌ى كوردستان كرۆنیكڵ، (The New Region) بۆ ئه‌وه‌ دانراوه‌ كه‌ ئاراسته‌ى وه‌رگرى بیانى بكات، به‌ڵام هه‌واڵیى تره‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و مه‌به‌سته‌ى كه‌ له‌ ناوه‌كه‌یدا به‌رجه‌سته‌كراوه‌ هه‌ڵه‌ هه‌ڵناگرێت. له‌ كۆتاییدا، بارزانى كه‌ناڵى ئاڤا-ى له‌ كه‌ناڵێكى كاتبه‌سه‌ربردنه‌وه‌ گۆڕى بۆ كه‌ناڵێكى هه‌واڵى كه‌ بۆ وه‌رگرى كورد دروستكراوه‌. ئارین بارزانى كه‌ كوڕى مه‌سرور بارزانى و میراتگریه‌تى زۆر به‌ روونى له‌ روماڵه‌كانى ئه‌م كه‌ناڵه‌دا گرنگى پێده‌درێت و نیشانده‌درێت.

به‌ وته‌ى حه‌كیم قه‌ره‌داغى، "ئامانجه‌كه‌ بۆ ركابه‌ریكردنى كەناڵی رووداو و به‌ ئامانجگرتنى وه‌رگره‌ له‌ هه‌رێمى  كوردستان و ناوچه‌ كوردییه‌كان. ئاڤا میدیا بە موچەیەكی زۆر كارمه‌نده‌كانى رووداو وه‌رده‌گرێت".

ئه‌م میدیایانه‌ هه‌وڵێكیشن بۆ بێده‌نگكردنى ئه‌و ره‌خنانه‌ى كه‌ له‌ كابینه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى ده‌گیرێن كه‌ ناجێگرییه‌كى زۆرى ئابوورى و سیاسى به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌، مه‌به‌ستیانه‌ كه‌ پێگه‌ى كابینه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى له‌ پایته‌خته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا باشتر بكه‌ن. هه‌رچه‌نده‌ حه‌كیم قه‌ره‌داغى ئه‌م بابه‌ته‌ به‌، "تێكه‌ڵكردنى رۆڵى حكومه‌ت و كه‌سى و حزبى ده‌بینێت".

نابێت له‌بیریشمان بچێت، بافڵ تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى یه‌كێتى كه‌ له‌ ساڵى 2019ه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى پێگه‌ى خۆى له‌نێو یه‌كێتى گرتووه‌، ده‌یه‌وێت پێگه‌ و كه‌سایه‌تى خۆیى گه‌شه‌پێبدات. تاڵه‌بانى، خاوه‌نى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نییه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ كوردییه‌كانى تر له‌نێویشیاندا باوكى (جه‌لال تاڵه‌بانى) هه‌یبوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى، ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ى لایه‌نگره‌ حزبیه‌كانیشان. بۆیه‌، ده‌بێت ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌ رووكه‌شیه‌ له‌ڕێگه‌ى میدیاییه‌كى نه‌رمه‌وه‌ دروستبكرێت و گه‌شه‌ى پێبدرێت.

له‌ مانگى كانونى یه‌كه‌مى 2024، كه‌ناڵ8 له‌دواى ماوه‌یه‌كى دورودرێژ له‌ گه‌شه‌پێدانى ده‌ستى به‌ په‌خشكرد. كه‌ناڵه‌ نوێیه‌كه‌ سه‌ربارى ئه‌و سامانه‌ سیاسییه‌ى كه‌ تاڵه‌بانیه‌كان بۆیان به‌جێماوه‌، ده‌یه‌وێت پاڵپشتى ستراتیژ و سیاسه‌تى یه‌كێتى بكات پێش هه‌ڵبژاردنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى ئه‌مساڵ.

كێ زیانى پێده‌گات؟

سیستمى میدیای حزبى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كى چه‌واشه‌كارانه‌ روماڵى رووداو و كێشه‌كان ده‌كات. ئه‌مه‌ دوو گروپى جیاواز ده‌كاتە قوربانى كه‌ بریتین له‌، دانیشتوانى كوردستان، كه‌ ناتوانن ده‌ستیان به‌ زانیارى هه‌ستیار بگات به‌ زمانى خۆیان ده‌رباره‌ى حكومه‌ته‌كه‌یان و سیاسیه‌كانیان. گروپى دووه‌م بریتین له‌، چاودێرانى بیانى كه‌ زانیارییه‌كانیان ده‌رباره‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى له‌ڕێگه‌ى میدیایی حزبیه‌وه‌ پێده‌گات، ئه‌م زانیارییانه‌‌ش زانیارى گه‌لێكن كه‌ له‌ میدیایی حزبیه‌وه‌ پاڵێوراون.

هه‌رچه‌نده‌ هاوڵاتییان هه‌ڵبژارده‌ى ئه‌وه‌یان له‌به‌رده‌ستدایه‌ كه‌ له‌نێوان میدیا حزبیه‌ جۆراوجۆره‌كاندا هه‌ڵبژاردن بكه‌ن كه‌ هه‌ریه‌كه‌ و بیروبۆچوونى جیاوازى هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ندێك بابه‌تیش هه‌ن كه‌ حزبه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ دور له‌چاوى هه‌مووان و خه‌ڵكى بهێڵرێنه‌وه‌، باشترین نمونه‌ش بۆ ئه‌مه‌ بابه‌تى گه‌نده‌ڵییه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌ك بابه‌تێكى گشتگیره‌. ئه‌نجامدانى بابه‌تى بنكۆڵكارى له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى ده‌گمه‌نه‌، هه‌ركاتێكش به‌دواداچوون بۆ بابه‌تێكى په‌یوه‌ست به‌ گه‌نده‌ڵى بكرێت ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ى سه‌ره‌داو و تۆمه‌تباركردن و بانگه‌شه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ نه‌وه‌ك هه‌ڵدانه‌وه‌ى په‌رده‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ و ئه‌نجامدانى بنكۆڵكارى له‌سه‌رى وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ر شوێنێكى تر ده‌كرێت.

هه‌ربۆیه‌شه‌ به‌شێك له‌ بابه‌ته‌ رۆژنامه‌وانییه‌ ورده‌كانى تایبه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵى له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نوسانى بیانییه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن. هۆكارى ئه‌م بابه‌ته‌ش بریتى نییه‌ له‌ نه‌بوونى ئازایه‌تى، تواناى رۆژنامه‌وانى و خواست له‌نێو رۆژنامه‌نووسانى هه‌رێمى كوردستاندا، به‌ڵكو بابه‌ته‌كه‌ زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ سیستمه‌كه‌وه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبیه‌كان ده‌پارێزێت و سزاى هه‌ر كه‌سێك ده‌دات كه‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ ده‌خاتە ‌مه‌ترسییه‌وه‌ چ به‌ نانبڕین بێت یانیش به‌ خراپتر. له‌م نێوه‌نده‌دا هاوڵاتیان دۆڕاوى یه‌كه‌من، به‌و پێیه‌ى كه‌ ناتوانن ده‌ستیان به‌ زانیارى گرنگ بگات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پایه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى بونیادنانى دیموكراسییه‌كى به‌هێز.

چاودێرانى بیانیش به‌هه‌مانشێوه‌ وێنه‌یه‌كى شێواوى دۆخى ئابورى و سیاسى هه‌رێمى كوردستانیان نیشاندراوە كه‌ كێشه‌ و چالاكییه‌كانى چینى ده‌ستڕۆیشتوو چه‌قه‌كه‌یه‌تى نه‌وه‌ك ژیانى رۆژانه‌ى خه‌ڵكى ئاسایی. دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كانى وه‌ك رووداو، كوردستان24 و كوردستان كرۆنیكڵ  به‌ زمانى ئینگلیزى په‌خشده‌كه‌ن. ئه‌م میدیایانه‌ زۆر به‌ ئاسانى له‌كاتى گه‌ڕاندا به‌رده‌ستن. ئه‌م به‌رده‌ستبوونه‌یان فێڵ نییه‌، به‌ڵكو بازرگانییه‌كى زیره‌كانه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌روى هه‌موو شتێكییه‌وه‌ پاره‌یه‌كى باشى پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ به‌ باشى و به‌رده‌وامى كاربكات.

كاریگه‌ریی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ كاتێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چاودێرانى بیانى له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ركه‌وتنیان ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ ئه‌م میدیا حزبیانه‌ بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ستكه‌وتنى راسته‌قینه‌ى ئه‌و زانیارییه‌ى كه‌ میدیا حزبییه‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ئاسان نابێت و پێویستى به‌ كات، ئه‌زمون، شاره‌زایی زمانه‌وانى و به‌دواداچونى قوڵ هه‌یه‌. ئه‌م بابه‌ته‌ش قورسه‌ له‌پشتى مێزێكه‌وه‌ له‌ واشنتۆن، دوبه‌ى یان به‌رلینه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت.

هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت زۆر باشتر خزمه‌تبكرێت له‌لایه‌ن میدیاى سه‌ربه‌خۆ و ناحزبیه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بارگۆڕانه‌ پێویستى به‌ گۆڕانكاریی ریشه‌یی له‌و سیستمه‌دا هه‌یه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ى گه‌شه‌سه‌ندنى سیاسى هه‌رێمه‌كه‌یه‌. هاوكات، سیستمێكى ته‌واو جیاوازى پاره‌داركردنى پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ى پاڵپشتى رۆژنامه‌وانى راسته‌قینه‌ى سه‌ربه‌خۆ بكات. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ داهاتویه‌كى نزیكدا روناده‌ن، به‌ڵام هه‌ستكردن پێیان و ده‌ستنیشانكردنى ئه‌م ئاڵنگارییه‌ دوو سه‌ره‌یه‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مه‌ بۆ دڵنیابونه‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ رۆژێك هاوڵاتییانى ئه‌م هه‌رێمه‌ و چاودێرانى بیانى ئه‌و زانیارییه‌یان ده‌ستده‌كه‌وێت كه‌ شایه‌نیانە.

 

وینسرۆپ ڕۆجه‌ر، رۆژنامه‌نووس و توێژه‌ره‌، كارده‌كات له‌سه‌ر بابه‌ته‌ سیاسییه‌كان، مافى مرۆڤ، ئابووریى سیاسى. به‌رهه‌مه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانى له‌لایه‌ن فۆرن پۆڵه‌سى، ئیندێكس ئۆن سێنسۆرشیپ، مۆنیته‌ر و رێست ئۆف زه‌ وۆرڵد بڵاوبوونه‌ته‌وه‌. رۆجه‌ر، له‌ ساڵى 2018 بۆ 2021 هه‌واڵسازى به‌شى ئینگلیزى بووه‌ له‌ كه‌ناڵى  NRT و ئێستا له‌ به‌شى ئینگلیزى ده‌زگاى میدیایی په‌ره‌گراف كارده‌كات.

ئەم بابەتە لە پەیمانگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستبڵاوكراوەتەوە