پەرەگراف- عەممار عەزیز
دەیان ئوتێل لە سنوری پارێزگای دهۆک بەهۆی بێبازاڕی و نەبوونی گەشتیارەوە داخراون و بێکاربوونی سەدان کەسی لێکەوتووەتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێم بەردەوام جەخت لە بایەخدان بە کەرتی گەشتیاری دەکاتەوەو دەڵێت، پلانی تایبەتی بۆ داناوە.
خاوەن ئوتێلەکانی دهۆک نیگەرانن لەو دۆخەی بەسەر بازاڕی کەرتی گەشتیاریدا هاتووە لە پارێزگاکەو داوای چارەسەر لە حکومەت دەکەن.
"ئوتێلێکم هەیە لە ئامێدی، نزیکەی 15 دەفتەر دۆلارم تێدا خەرج کردووە تا تەواوم کرد، نزیکەی چوار بۆ پێنج مانگە تەنها یەک گەشتیاریش پەیوەندیی پێوە نەکردووین تا ژورێکی بە کرێ پێبدەین، هۆکارەکەش دیارە لە لایەک بۆردومانی تورکیا هەیە لەلایەکی تر حکومەت بەگشتی بەرنامەیەکی باشی نییە بۆ ڕاکێشانی گەشتیار" سدقی محەمەد بۆ پەرەگراف وای وت.
سدقی، خاوەنی ئوتێل بەنسان، دەشڵێت، زەرەرمەندی سەرەکی لە نەبوونی گەشتیار هەر خاوەن ئوتێلەکانن، "لەکاتێکدا حکومەت لە باج و کرێی ئاو و کارەباش هیچ هاوکاریمان ناکات و حسابی ئەوە ناکات کە ئیشمان نییەو داشکاندنمان بۆ ناکات".
شارەکەی سدقی بووەتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان تورکیاو پەکەکە کە چەند ناوچەیەکی پارێزگای دهۆکی بە چڕی گرتووەتەوە، لە تەمموزی 2022 تورکیا بە چەند موشەكێك سەیرانگای گوندی پەرەخێی کردە ئامانج کە دەکەوێتە ناحیەی دەركار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆك، بەوهۆیەوە 9 هاوڵاتی شەهید و 22 هاوڵاتی تر برینداربون.
قوربانییانی ئەو ڕوداوە هەمویان گەشتیاری عەرەب بون و لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە رویان لەو سەیرانگایە كردبوو.
"تەنها دوو-سێ مانگی هاوین ئیش دەکەین، ئەمە لە هیچ شوێنێکی دونیا نیە، نەک هوتێلەکەی من، دەیان هوتێلی تر بەهەمان شێوە بێ ئیش بوون و سەدان کرێکار بێکار ماونەتەوە، دەیانجار داوامانکردوە ئەم بابەتەمان بۆ چارەسەر بکەن، بەڵام بێ سوود بووە" خاوەنی ئوتێل بەسنان وای وت.
بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی ئوتێل و مۆتێلەکانی دهۆک کە بە پەرەگراف دراوە، لە سەنتەری شاری دهۆک 68 ئوتێل و مۆتێل داخراون، هەروەها لە ئامێدی 13 و لە زاخۆش لەسەدا50یان داخراون.
ئیحسان عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەى ئوتێل و مۆتێلەکان لە پارێزگای دهۆک دەڵێت "هاتنی گەشتیار بۆ سنوری پارێزگاکە بەڕادەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، ئەوەش کاریگەری زۆر خراپی کردوەتەسەر ئوتێل و مۆتێلەکان".
"زیانەکان زیاتر بۆ خاوەنەکانیانە، هەر ئوتێل یان مۆتێلێک دەیان دەفتەر دۆلاری تێدا خەرجکراوە جگە لە پارەی دەرهێنانی مۆڵەت و باجی ساڵانە، لە لایەکی تر بەپێی بەدواداچوونەکانمان 750 کەس کە لەو ئوتێل و مۆتێلانە ئیشیان دەکرد ئێستا بێکاربوون، ئەمەش زیانی گەیاندووە بە خێزانەکانیان".
هەرێمی کوردستان خاوەنی دەیان ناوچەی گەشتیاریی سەرنج ڕاکێشە کە بەشێکیان دەکەونە پارێزگای دهۆک، گەشتیاران بەتایبەت لە ناوەڕاست و خواروی عێراق و پاشان لە وڵاتانی دیکەشەوە ڕوو لە کوردستان دەکەن.
بەپێی ئامارێکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٧ ملیۆن و ٢٧٩ هەزارو ٩١٣ گەشتیار هاتوونەتە کوردستان و ڕێژەکە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ لەسەدا ٢٠ زیادی کردووە.
بەڵام سەرۆکی کۆمەڵەى ئوتێل و مۆتێلەکانی دهۆک دەڵێت، لە پارێزگاکەی ئەوان بە پێچەوانەوە گەشتیار کەم بووەتەوە، "بە نموونە پشووى پێش سەرى ساڵ لە ٢٥-١٢-٢٠٢٣ تا تا شەوى ٣١-١٢-٢٠٢٣ نزیکەى هەزار گەشتیار لەناو ئوتێل و مۆتێلەکانى پارێزگاى دهۆک ماونەتەوە، هەروەها لە بۆنەکانی تریش بەهەمانشێوە رێژەی گەشتیار کەم بووەتەوە".
"چارەسەر لای حکومەتە دەبێت بەرنامەیەکی باش دابنێت بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران، هاوکات لە باجی ساڵانەو دەرهێنانی مۆڵەتدا هاوکاریی خاوەن ئوتێل و مۆتێلەکان بکات، هەروەها هەموو ئاسانکارییەک لە بازگەکان بۆ گەشتیاران بکەن" ئیسحان عیسا وادەڵێت.
گەشتوگوزاری دهۆک پێیوایە لە هەموو شوێنێک هاتنی گەشتیاران بەشێوەی وەرزییەو لە دهۆکیش زستانان ڕێژەکە کەمدەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پلانی هەیە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر.
شەماڵ هروری، بەرپرسی ڕاگەیاندنی گەشتوگوزاری دهۆک بە پەرەگرافی وت "بۆڕاکێشانی گەشتیاران کۆمەڵێک بەرنامەمان داناوە، مانگی رەمەزان بازاڕێکی تایبەتمان دەبێت، هەروەها بۆ بۆنەکانی تر بەرنامەمان داناوە، جگە لەوەش چەندین چالاکی جۆراوجۆری دیکەمان دەبێت".
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەردەوام دروشمی بایەخدان بە کەرتی گەشتیاریی بەرزکردووەتەوە لە پاڵ کشتوکاڵدا، بۆ ئەوەش چەمکی گەشتوکاڵ-ی داناوەو بڕیارە ببێتە بەشێک لە خوێندنی زانکۆکانی هەرێمیش.
پەیوەست بە وەبەرهێنان لە سێکتەری گەشتیاری، بەپێی ئامارێک کە سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە ١٥-١-٢٠٢٤ ئاشکرایکرد، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا قهبارهی وهبهرهێنان له بواری گهشتیاری، ٧ ملیارو ٤٠٩ ملیۆن و ٤ هەزارو ٧٦٤ دۆلار بووە.
ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار وتیشی "سهرمایهی وهبهرهێنان له بواری گهشتیاری له پێش ههموو سێكتهرهكانی دیکەوەیەو له پلهی یهكهمدا دێت به ڕێژهی ٤٢.٨٨%".
"تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە گوژمەی یەک ملیارو ٢٧٨ ملیۆن و ٤٨١ هەزارو ٤١٥ دۆلار پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ کراون" ئەمەل جەلال وای وت.