پەرەگراف
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ناکۆکییەکانی نێوان کوڕانی نەوشیروان مستەفا و بەرەی عومەری سەید عەلی کەسی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕان تووندتر دەبنەوە، ئەوەش دەرگا بەڕووی دووبەرەکیی تا ڕادەی لەتبوونێکی نوێ بە ڕووی بزووتنەوەکەدا دەکاتەوە، کەسێکی نزیک لە چیای نەوشیروان مستەفا هێرشی تووند دەکاتەسەر عومەری سەید عەلی و بەرەی بەرامبەریش دەڵێن، بەرەی کوڕەکان لە دواین کۆنفرانسی گۆڕان "شکستیان هێناو وردوخاش بوون و ئەوە دواین پەلەقاژەیانە".
هاوکاتی بەردەوامیی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی گۆڕان لەبارەی شێوازی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکەو پۆست و دەسەڵاتەکان، هۆشیار عومەر ڕێکخەری ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی گۆڕان کە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و کەسی نزیک لە چیا نەوشیروان مستەفایە، نووسینێکی ١٥١ لاپەڕەیی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی (عومەری سەید عەلی، ئەندازیاری داڕوخاندنی بزوتنەوەی گۆڕان).
ئەو کەسە نزیکەی چیا نەوشیروان مستەفا لە نووسراوەکەیدا یاداشتی ڕۆژانەو لێدوان و گفتوگۆ ناوخۆییەکانی گۆڕان دەگێڕێتەوە لە ٢٥-٧-٢٠١٧ تا ٣-٥-٢٠٢٤، لە نووسینەکەدا عومەر سەید عەلی بە ئامانج گیراوە کە لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە کەسی یەکەمی بزووتنەوەکەیەو ئۆباڵی سەرجەم شکست و خراپەکارییەکانی گۆڕانی خراوەتەسەر شان.
هۆشیار عومەر لە نووسراوەکەیدا تۆمەتی پیلانگێڕان لە دژی بزووتنەوەی گۆڕان ئاڕاستەی عومەر سەید عەلی دەکات و دەڵێت "بەرنامەی ئەوەیە ڕێگری بکات لە هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتی، بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان بکات بە هاوپەیمانیی لەگەڵ حیزبێکی دیکەو بۆی گرنگ نییە گۆڕان کورسیی دەهێنێت یاخود نا، لە ئەنجامدا ئاشبەتاڵ بە بزووتنەوەی گۆڕان بکات و لەناوی ببات و بەهیچ شێوەیەک ئامادەنییە وازبهێنێت".
هۆشیار عومەر کە خۆی بە گۆڕانی ڕەسەن ناودەبات دەشڵێت، ئەوان نابن "بە بەشێک لەو پیلانە"و ئەوەی پێویست بێت دەیکەن تاوەکو گۆڕان بگەڕێتەوە بۆ خاوەنی راستەقینەی کە خەڵکی کوردستانە.
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف و ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی ناو بزووتنەوەکە کردوویەتی، نووسراوەکەی هۆشیار عومەر ڕەنگدانەوەی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان بەرەی کوڕانی نەوشیروان مستەفاو بەرەی بەرامبەریانە کە عومەر سەید عەلی سەرپەرشتییان دەکات.
کەسانی نزیک لە عومەر سەید عەلی نووسینەکەی هۆشیار عومەرو بڵاوکردنەوەی لەم کاتەدا وەک "هەڵوێست و وتەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا" لە قەڵەم دەدەن، کەسێکی نزیک لە عومەر سەید عەلی بە پەرەگرافی وت "لە دواین کۆنفرانسی گۆڕاندا ئەوان وردوخاش بوون و ئەو قسەو قسەڵۆکانەی هۆشیار عومەر دواین پەلەقاژەیانەو تەوریسی سیاسی و گواستنەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ لەناو گۆڕان ڕێگەپێنەدراوەو شینی ئەوە دەکەن".
پەرەگراف زانیویەتی ماوەیەکی زۆرە کوڕانی نەوشیروان مستەفاو عومەر سەید عەلی بە تەواوەتی دابڕاون لە یەکتری و پەیوەندیی لە نێوانیان نەماوە، سەرچاوەیەکی باڵا کە پەیوەندیی لەگەڵ هەردوو بەرە جیاوازەکەی ناو گۆڕان هەیە بە پەرەگرافی وت "جەوهەری ناکۆکییەکانی ئێستا لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی گۆڕان و دەسەڵاتە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە پارەو ئابورییەوە هەیە".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، کوڕانی نەوشیروان مستەفا ڕۆڵیان "تەواو لاوازبووە" لە ناو گۆڕان، بۆ هەستانەوەی خۆیان داوادەکەن دەستەیەک بزووتنەوەکە بەڕێوەببات و تەواوی دەسەڵاتەکانی لەلابێت کە ئەندامەکانی بە ڕێککەوتن دیاری بکرێن و ئەوان پشکی خۆیان هەبێت، بەڵام بەرەی بەرامبەر کە زۆرینەن ئەوە ڕەت دەکەنەوەو داوا دەکەن ئەگەر کوڕانی نەوشیروان مستەفا دەیانەوێت ڕۆڵیان هەبێت با خۆیان بچنەپێشەوەو بە ڕێکاری ئاسایی و یاسایی پۆست و بەرپرسیارێتی وەربگرن نەک داردەست دابنێن و لە پشتی پەردەوە دەسەڵاتداربن.
سەرچاوەکە دەشڵێت "ئەو پێشنیارەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا بۆ دروستکردنی دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان سەرەکیترین خاڵی ناکۆکی دواین کۆنفرانسی گۆڕان بوو کە مانگی یەکی ئەمساڵ بەسترا، پێشنیارەکە لە کۆنفرانس خرایە دەنگدانەوەو دەنگی پێویستی نەهێناو زۆرینە دەنگیاندا بە مانەوەی خانەی ڕاپەڕاندنی پێشوو، ئەوەش بە تەواوەتی بەرەی کوڕانی نەوشیروان مستەفای نیگەران کردو لە چەند کۆبوونەوەیەکی ناوخۆیی بەرەکەیاندا ئاماژەیان بە ئەگەری لەتبوونێکی دیکە لەناو بزووتنەوەکە کردووە کە ئەگەر ڕووبدات ئەمجارە ئەوان ماڵی خۆیان لە گۆڕان جیادەکەنەوە، ئێستا ئەو دوو بەرەییە جەستەی تەواوی بزووتنەوەکەو تیمی گۆڕانی لە حکومەتیش گرتووەتەوەو لە هەموو ئاستەکاندا دابەشبوون هەیە".
ئەو دۆخە ناوخۆییەی گۆڕان لەکاتێکدایە بزووتنەوەکە حیزبی دەنگدەرەو لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە کە بڕیارە ٦-١٠ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و، لە دواین هەڵبژاردنیش کە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ ئەنجامدرا گۆڕان بە شکستێکی گەورە لێی هاتەدەرەوەو لە سەدا سەدی هەر 5 كورسییەكەی پەرلەمانی عێراقی لە دەستداو بە هەر حەوت كاندیدەكەی كە لە هەولێرو سلێمانیو كەركوك هەیبوو، تەنها 18 هەزارو 358 دەنگیان بەدەست هێناو هیچیان دەرنەچوون.
سەرهەڵدانی ناکۆکیی نوێ لەناو گۆڕان دوای ئەوەدێت سەرجەم هەوڵەکانی بزووتنەوەکە بۆ گەڕاندنەوەی ناڕازییەکان شکستیان هێناو نەیتوانی ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە بەرۆکی گۆڕانیان گرتووەو لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە بوون بەهۆی جیابوونەوەی چەندین کەسایەتی و گروپ.
سەرچاوە ئاگادارەکان شکستی سەرجەم هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ناڕازییەکان و بەرپرسانی پێشووی گۆڕان بۆ دوو پرسی سەرەکی دەگەڕێننەوە؛ یەکەمیان پەیوەندیی بە کوڕانی نەوشیروان مستەفاوە هەیە هەر لە ڕۆڵ و پێگەی سیاسی و خاوەن بڕیارییان و پەیوەندی ماڵیی و داراییان لەگەڵ بزووتنەوەکە بەتایبەت خاوەنداریی گردی زەرگەتەو کۆمپانیای وشە، دووەمیان پەیوەندیی بە هەڵوێستی سیاسی گۆڕانەوە هەیە بە کشانەوەی لە حکومەت و بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆنێکی جددی و کاریگەر، بۆ هیچ کام لەم دوو پرسە هەنگاو نەنراوە تا ناڕازییەکان ڕازی بکات بۆ گەڕانەوەیان.
لەبارەی خاوەندارێتی گردی زەرگەتە کە بە ناوی کوڕانی نەوشیروان مستەفاوەیەو زیاتر لە ١٢٢ دۆنمە، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف کوڕانی نەوشیروان مستەفا پێیانوانییە پرسی خاوەندارێتی گردەکە بەشێک بێت لە کێشەکانی گۆڕان و هۆکاری شکستی لە هەڵبژاردن، بۆیە ئەوان ئامادەنین وەک پرسێکی جددی گفتوگۆی یەکلاکەرەوەی لەسەر بکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە بەڵام لای ناڕازییەکان و ئەوانەی لە گۆڕان دوورکەوتوونەتەوە، ئەو پرسە بە ڕادەیەک بە هۆکاری کێشەکان و شکستی گۆڕان دەزانن کە لە ڕابردوودا بەشێکیان پێشنیاری ئەوەیان کردووە ئەگەر خاوەندارێتی گردەکە بە قازانجی گۆڕان و بەرژەوەندیی گشتی یەکلانەبێتەوە، با گۆڕان لە گردەکە بچێتەدەرەوەو بارەگاکانی بگوازێتەوە بۆ شوێنی دیکە.
لەسەر پرسی کشانەوەش لە حکومەت و بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆن، گۆڕان کە لەسەرەتاوە بە مەرجی چاکسازیی بەشداریی لە کابینەکەی مەسرور بارزانی کردو وتی ئەگەر پڕۆژەو بەرنامەکانی لە حکومەتدا جێبەجێ نەبن دەکشێتەوەو بۆ ئەوەش ماوەیەکی دیاریکراوی دانا، بەڵام نەیتوانی ئەو بەڵێنەی بباتەسەر و لەگەڵئەوەی بەرپرسانی بزووتنەوەکە دان بەوەدا دەنێن مەرج و پڕۆژەکانیان بۆ چاکسازیی جێبەجێ نەکراوە، بەڵام نەیانتوانی هەڵوێست وەربگرن و لە حکومەت بکشێنەوە، ئەوەش متمانەی بزووتنەوەکەی بەتەواوەتی لای جەماوەر لاواز کرد.
گۆڕان حیزبی دەنگدەرەو هەڵبژاردنی ناوەڕاستی ئەمساڵ سەنگی مەحەکە بۆی، بە هەستانەوە، یاخود لاوازبوونی تەواوەتی تا ڕادەی نەمان، ئەوە لەکاتێکدا دێت تا نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بوو، دەنگدەران لە هەڵبژادنەكانی عێراقو كوردستاندا(لە 2009 بۆ 2013) هەموو جارێك نزیكەی نیو ملیۆن كارتی دەنگدانیان بە دڵی ئەو دەخستە سندوقی دەنگدانەوە، بە ئومێدی گۆڕانكاری ڕیشەیی لەو حوكمڕانییەی پارتیو یەكێتی دەیانكرد، ئەوەش بزووتنەوەکەی کرد بە بەهێزترین هێزی ئۆپۆزسیۆن و لە یەکەم هەڵبژاردن لە ٢٠٠٩ پارتی و یەکێتی تووشی شۆک کردو ٢٥ کورسی لە پەرلەمان بە دەست هێنا.
بەڵام تەنها چوار ساڵ وەک ئۆپۆزسیۆن بڕی کرد و دوای هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان كە 24 كورسی بەدەستهێنا بەشداریی لە حكومەتدا كرد.
لەوکاتەوە سەرەتای لاوازبوونی گۆڕان دەستی پێکرد و لە یەكەم هەڵبژاردنی دوای نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2018 نیوەی دەنگەكانی لەدەستداو تا ئەمڕۆ بەرەو لێژیی دەڕوات و زۆرینەی ئەوانەی دەنگدەری گۆڕان بوون ئێستا لەبەرەی بایکۆتی هەڵبژاردنن کە بە هێزترین بەرەیە لە کوردستان.
جیاواز لە حیزبەكانی دیكە، جەماوەری گۆڕان بۆ پلەو پۆستو پارە، یاخود بە هۆی دینو ئایدۆلۆجیاوە وابەستەی ئەو بزووتنەوەیە نەبوون، بەپێچەوانەوە زۆریان تەنانەت بە پارەو پۆستیش ئامادەنەبوون جێی بهێڵن، ئەوان بە ئومێدی جیاوازبوون لە پارتیو یەكێتیو بۆ گۆڕانكارییو باشتركردنی ژیانو بەڕێوەبردن لە كوردستان دوای ئەو بزووتنەوەیە كەوتن، بەڵام ئێستا ئەو ئومێدەیان نەماوە.