پەرەگراف- عەممار عەزیز
ئازاد سەعدوڵا هەر كاتێك بە رێگای بەردەڕەشدا دەڕوات، لە بیری ئەو رۆژەدایە هەواڵی مەرگی دوو خێزانی پێگەیشت، بەهۆی روداوی هاتوچۆوە، لە نێویاندا براكەی.
ئەو رێگایەی بۆتە مایەی ترس و یادگاریی ناخۆش بۆ ئازاد، قەزای بەردەڕەش بە ناحیەی كەڵەك و شاری هەولێرەوە دەبەستێت، هێندە روداوی سەختی هاتوچۆی تێدا تۆماركراوە، خەڵكی ناوچەكە نازناوی رێگای مەرگ-ـیان لێناوە.
"لەو روداوەدا، كە براكەم و خێزانەكەی و چوار كەسی خێزانێكی دراوسێیان تیایدا گیانیان لەدەستدا، بەهۆی تەسكیی ئەو رێگایەوە بوو، راستە هەموو شتێك قەزاو قەدەرە، بەڵام روداوی هاتوچۆش هۆكاری هەیە" ئازاد سەعدوڵا، بۆ پەرەگراف وای وت. كاتێك باسی روداوەكەی كرد، كە ئەیلولی 2021 رویداوە.
"براكەم و هاوسەری منداڵیان نەبوو، ئەو خێزانەی دیكەش لە یەك ئۆتۆمبێل لەگەڵ ئەواندا بون و دەچون بۆ سەردانی نەخۆش، لە گەڕانەوەدا لەگەڵ بارهەڵگرێكدا توشی رووداوەكە بون، بە یەكجار دەرگای دوو ماڵ داخرا و ژیانی تێدا نەما".
ئازاد زیاتر لە بارەی رێگا نێودەوڵەتییەكەی بەردەڕەش باسدەكات، چۆن سەرباری ئەوەی یەك سایدە، بارهەڵگری زۆری پێدا تێدەپەڕێت و بەردەوام ئۆتۆمبێلی بچوك كاتێك هاتوچۆ دەكەن، لە بەردەم مەترسی روداوی سەخت و مەترسیداردان، "بەردەوام بارهەڵگری توركی و عێراقی و كوردستان بەگشتی لەو رێگایەوە هاتوچۆ دەكەن، دڵنیام بارهەڵگرەكان نەبن ئەوا روداو كەمتر رودەدەن"، داواشیكرد رێگاكە بكرێتە دووساید تا چیتر خەڵك نەبنە قوربانی.
كۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٤ ڕووداوێکی دیکەی کارەساتبار لەو ڕێگایە ڕوویدا لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت و بارهەڵگرێكدا، كە بەهۆیەوە پێنج كەس لە یەك خێزان گیانیان لەدەستدا.
یوسف ئەحمەد، دانیشتووی گوندی دووسەرەیە لە نزیكی ئەو رێگایە و دراوسێی ئەو خێزانەیە كە بەهۆی دوایین روداوەوە گیانیان لەدەستدا، ئەو بۆ پەرەگراف وتی "ئەو خێزانە دایك و سێ كچ و كوڕێكیان پێكەوە بون بە قوربانی لەو رێگایەدا، بەوەش لە كۆی 170 خێزانی گوندەكەمان، تائێستا 13 كەسمان بە روداوی هاتوچۆ لە هەمان رێگادا گیانیان لەدەستداوە، هەموشی خەتای بارهەڵگرەكانە".
رێگای بەردەڕەش ساڵی 2007 دروستكراوە، یەك سایدە و هەموو بارهەڵگرێك کە لە توركیاوە دێتە هەرێمی كوردستانەوە بە وێدا تێدەپەڕێت تا دەگات بە هەولێر، سەرباری ئەو فشارە زۆرەی سەر رێگاكە، نە نۆژەن دەكرێتەوە نە كاتێكی دیاریكراو هەیە تا بكرێت بە دوو ساید، هەرچەندە زیاتر لە 15 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی چاككردن و فراوانكردنی رێگاكە دەدات.
تەحسین عسمەت، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو كە سود لە هەمان رێگای هاتوچۆ وەردەگرن بە پەرەگراف-ـی وت "هاتۆچووی زۆر لەسەر رێگاكە هەیە، بە تایبەت دانیشتوانی قەزای بەردەڕەش و ناحیەكانی كەڵەك و دارەتوو، بۆیە روداوی زۆری هاتوچۆ روودەدەن بەهۆی تەسكیی رێگاكە و بونی بارهەڵگرەكانەوە".
بەوتەی ناوبراو رێگاكە بڕیارە بكرێت بە دووساید، دوای ئەوەی حكومەت بڕی 80 ملیار دیناری بۆ تەرخانكرد، بەڵام هیچ كاتێك دیارنییە بۆ ئەو پرۆژەیە و نەدراوە بە كۆمپانیا.
بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، زیاتر لە 150 هەزار كەس لە 107 ناوچە و گوندی ناوچەكەوە پشت بەو رێگایە دەبەستن بۆ هاتوچۆ.
یوسف ئەحمەد لە گوندی دووسەرە، رۆژانە دەچێتە بەردەڕەش، چونكە پێداویستی بۆ ماركێتەكەی دەهێنێت، "بەدوعای دایكم نەبێت لە رێگای بەردەڕەش ناگەمەوە ماڵ"، ئەو دەڵێت لەو رێگایەدا دەبێت فریا بكەوێت و خۆی لە بارهەڵگر لابدات، تا نەبێتە قوربانیی.
"لەوەتەی بیرم دێت هەر دەڵێن رێگاكە چاك دەكەن و هیچ دیارنییە" یوسف وای وت، نمونەی سێ گوندی دیكەی ناوچەكەی هێناوە هەر لەو رێگایە کە لە هەر گوندێک 10 تا 15 كەسیان گیانیان لەدەستداوە بەهۆی روداوی هاتوچۆوە.
بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان؛ لەكاتی نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلدا، بۆ جۆری بارهەڵگر بڕی 70 هەزار دینار، بۆ ئۆتۆمبێلی كرێ بڕی 30 هەزار دینار و بۆ ئۆتۆمبێلی بچوكی تایبەت بڕی 20 هەزار دینار وەردەگیرێت. بەناوی ژینگە و رێگەوبان، كە پێویستە بكرێتە سندوقی خزمەتكردنەوە، بەڵام نە ژینگە و نە ڕێگەوبانەكانیش خزمەت ناكرێن، بەڵكو ساڵ بەساڵ خراپتر دەبن.
ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی قەزای بەردەڕەش بۆ پەرەگراف وتی "بەفەرمی داوامانكردووە شەقامی بەردەڕەش- كەڵەك بكرێتە جووتساید، ئەوانیش دیزاینیان بۆ پرۆژەكە كردوە و ناردوویانە بۆ وەزارەت، دواتر وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن پرۆژەكەی ڕاگەیاند و تەنیا ئەوە ماوە بكرێتە تەندەر و بە كۆمپانیایەك بدرێت".
ئەو نازانێت پرۆژەكەی كەی دەستپێدەكات، وادەكە لای وەزارەت و كۆمپانیای جێبەجێكارە، "بەڵام حكومەت زۆر جددییە لە دروستكردنی رێگاكە كە بەردەوام داواكاریی خەڵكی قەزاكەیە"، مستەفا وتیشی بە هیوان پرۆژەكە زوو دەستپێبكات و تەواو بكرێت.
لە هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلی جیاواز هەن، جگە لەوەی مانگانە 10 هەزار ئۆتۆمبێلی نوێ تۆماردەكرێن، واتە بۆ ههر سێ كهسێك ئۆتۆمبێلێك هەیە و ساڵانەش هەزاران رووداوی هاتوچۆ تۆماردەكرێن، كە بەهۆیانەوە سەدان كەس گیان لەدەستدەدەن و هەزارانی تر بریندار دەبن، بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم.