نێچیرڤان بارزانی 'پارتیی خستە گێژاوەوە'؛ ئایا هەر خۆیشی ڕزگاری دەکات؟

21-04-2024 11:58
دەنگدانی نێچیرڤان بارزانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ٩-١٠-٢٠٢١

پەرەگراف

پارتی دیموکراتی کوردستان کە حیزبی باڵادەست و حکومڕانی سەرەکیی هەرێمە هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە فشارەکانی ئەو حیزبە لەسەر نێچیرڤان بارزانییە کە چۆن ڕۆژی هەڵبژاردنی دیاری کردووە ئاواش دوای بخات.

ئەو گێژاوەی پارتی تێی کەوتووە بەهۆی بڕیاردانیەتی لە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی ئەو حیزبە ڕۆژی ئەنجامدانی دیاریکردووە، هەڵوێستەکەی پارتی لە دژی ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراقە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە بەرژەوەندیی ئەو حیزبە نییەو بە دڵی یەکێتی نیشتیمانیی ڕکابەریەتی.

دادگای فیدراڵی لە ٢١-٢-٢٠٢٤ دوای ١٢ دانیشتن بڕیاری کۆتایی لە سکاڵایەکی یەکێتی دا کە لەسەر یاسای هەڵبژاردن تۆماریکردبوو، یەک ڕۆژ دواتر مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی کۆبووەوەو ڕایگەیاند بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی "پێچەوانەی ڕۆحی دەستوور و مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدراڵی و پڕەنسیپی لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانن كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراون"، پارتی ئەو کات هیچ ئاماژەیەکی بە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن نەکرد لە ژێرسایەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی.

پاش بڕیارەکەی دادگا، نێچیرڤان بارزانی لە ٣-٣-٢٠٢٤ ڕۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردو بڕیاریدا لە ١٠-٦-٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، بەڵام پارتی لە ١٨-٣-٢٠٢٤ بە فەرمیی ڕایگەیاند کە بەشداریی هەڵبژاردنەکە ناکات بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە.

دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن و بڕیاری بەشدارینەکردنەکەی پارتی، تەنیا دوو هەفتە نێوانیانە، ئایا نێچیرڤان بارزانی بەبێ ئاگاداریی پارتی ڕۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە؟.

پەرەگراف ئەو پرسیارەی لە سەرچاوەیەکی باڵاو ئاگادار کرد، لە وەڵامدا وتی "بەڵێ، هیچ هەماهەنگییەک لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و بارەگای سەرۆکی پارتی یاخود مەکتەبی سیاسی نەبووە بۆ دیاریکردنی ئەو ڕۆژە".

بە وتەی سەرچاوەکە، "مەسعود بارزانی نیگەران و توڕەیەو بە نێچیرڤان بارزانی وتووە چۆن ڕۆژی هەڵبژاردنت دیاریکرد ئاواش دوای بخە، هەرچۆن دەیکەیت بیکە".

نێچیرڤان بارزانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، پێویستە یەکێتی ڕازی بکات، پاشان لایەنە شیعەکانی عێراق کە حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریی و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەژێر هەژموونی ئەواندایە، ئەوانیش بە نزیک یاخود بە "بەرەی ئێران" ناو دەبرێن.

"نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێرانییەکان و یەکێتیش هەیە، ئەگەر ئەو لایەنانە ڕازیی نەکات ئەوکات داواش لە کۆمسیۆن بکات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن کۆمسیۆن دەتوانێت داواکەی ڕەت بکاتەوە بە گەڕانەوەی بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و زۆربەی ڕێکارەکانی تەواو بوون" سەرچاوەکەی پەرەگراف وای وت.

یەکێتی و زۆربەی حیزبەکانی کوردستان و بەشێک لایەنە شیعەکانی عێراق تەئکید لە هەڵبژاردنەکە دەکەن لە وادەی خۆیدا، سەرچاوەکەی پەرەگراف دەڵێت "تەنانەت هەندێک لە لایەنە شیعەکان زۆر تووندن بەرامبەر پارتی و جەخت دەکەنەوە کە هەڵبژاردن لە ڕۆژی خۆیدا بکرێت و ئەگەر پارتی ڕێگەی نەدا لە زۆنی حوکڕانی خۆی(هەولێر و دهۆک) سندوقی دەنگدان دابنرێت، ئەوا دەستی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری عێراق واڵادەبێت هەنگاوی تووند لەدژی بنێن و لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش زۆر لەسەر پارتی دەکەوێت، بەڵام بەشێکی دیکە لە شیعەکان لەگەڵ ئەوەدانین و نایانەوێت لەوەزیاتر فشار بخرێتەسەر پارتی".

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەتایبەت ئەمەریکا، نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا بە بایەخەوە جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دەکەنەوەو دەڵێن "هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف بە بەشداریی هەمووان"، پارتی بە حوکمی پێگەکەی لە ڕیزی پێشەوە ئەو هەمووانەیە کە باسی دەکەن.

ئەو دۆخەی هەڵبژاردنی هەرێمی تێدایەو فشارەکانی سەر پارتی دیموکرات، بەدەر نییە لە ڕەنگدانەوەی کێشەو ململانێکانی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کە پێشتریش لە چەندین ئاستدا بە ڕوونی دەرکەوتوون.

کێشەو ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو ئامۆزایە کە لوتکەی دەسەڵاتی هەرێمیان بەدەستەوەیە، لەو کاتەوە بە تەواوەتیی دەرکەوت کە کابینەی حکومەت گۆڕدراو مەسرور بارزانی لەبری نێچیرڤان بارزانی حکومەتی پێکهێنا لە ساڵی ٢٠١٩دا، ئەوەش نێچیرڤان بارزانی و کەسە نزیکەکانی لەناو پارتی نیگەران کرد.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بۆیەکەمجار یەکێتی زیاتر لە ٦ مانگ بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، بەڵام ئەو حیزبە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەیە، "ئێران و لایەنە عێراقییەکانیش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی نێوانیان خۆشەو پەیوەندییەکان بایی ئەوە دەبن هەڵبژاردنەکە دوابخرێت"، ئەگەر ئەوەش ڕووبدات پێدەچێت لەناوخۆی پارتی وەک دەسکەوت بۆ نێچیرڤان بارزانی هەژمار بکرێت، بەوتەی سەرچاوەکەی پەرەگراف "ئەگەر دۆخەکە بە زیانی پارتی بشکێتەوە، ئەوکات نێچیرڤان بارزانی دەڵێت پارتییەکی بەهێزم تەسلیم کردن کە نیوە+١ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی هەبوو، بەڵام لەسەر دەستی مەسرور بارزانی لاواز بوو".

ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی نێچرڤان بارزانییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنێک کە دەبوو دوو ساڵ لەمەوبەر ئەنجام بدرایەو لە دوو ساڵی ڕابردوودا سێ جار وادەی ئەنجامدانی دیاریکراوەو بەهۆی ئامادەنەبوونی یەکێتی و سکاڵاکەی لە دادگای فیدراڵی ئەنجام نەدراوە، ئەگەر ئەمجارەش دوابخرێت دەبێتە چوارەم دواخستن.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، ڕۆژی ١٧-٤-٢٠٢٤ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق، داوای کرد هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ چەند مانگێک دوابخرێت و وتی "ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت".

" پارتی داوا دەكات بە زووترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەر بكرێن و هەروەها سیغەیەكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەبوونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە" مەسعود بارزانی وای وت.

بارزانی سوپاسی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد، وتی "بە پەرۆشیەوە هاتوونەتە سەر  هێڵ و بە بایەخەوە ڕا و تێبینیەكانی پارتییان وەرگرتووە.. هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن، بە دڵنیایشەوە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت".

بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا ئەوە خستووەتە ڕوو کە تێبینی و سەرنجەكانی پارتی لەسەر لایەنە تەكنیكییەكانی هەڵبژاردن و بێبەشبوونی پێكهاتەكانیان بە جددی وەرگرتووە و لە نزیكەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەکەن، "ڕاشیگەیاند كە هەم یەكێتیی ئەورووپا و هەمیش نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەوە هاوڕان كە هەڵبژاردن بە بێ بەشداریی حزبێكی گەورەی وەك پارتی، دیموكراتیانە و سەركەوتوو نابێت".

هەر هەمان ڕۆژ نێچیرڤان بارزانی ناڕاستەوخۆ زەنگی دواخستنی هەڵبژاردنەکەی لێداو لە وتارێکدا لە دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمەریکی، هەڵبژاردنەکەی بەستەوە بە ڕێککەوتنی لایەنەکان و بەشداریی هەمووان، وتی "گەلی کوردستان یەکگرتوەو پێویستە لایەنەکانیش وەک گەلەکەیان بۆ بەرژەوەندیی نیشتیمان ڕێککەون، بەوشێوەیە دەتوانین هەڵبژاردنێکی ڕوون و دادپەروەرانە بکەین بە ڕەزامەندی و بەشداریی هەمووان".

پارتی پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەکانی ‏پێشكەش بكات، ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بکرێت دەبێت کۆمسیۆن سەرلەنوێ ڕێکارەکانی دەستپێبکاتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی باڵای پارتی بۆ پەرەگراف "دۆخەکە بەرەو ئەوە دەڕوات هەڵبژاردنەکە بۆ ماوەیەکی کورت دوابخرێت، هەندێک لە داواکارییەکانی پارتی جێبەجێ بکرێن و ڕەنگە ٥ کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەی ئاینیی کریستیان بگەڕێتەوە چونکە لە عێراقیش کۆتایان هەیە، پاشان گرفتە تەکنیکییەکان چارەسەر بکرێن و سەرلەنوێ دەرگای پێشکەشکردنی ناوی لیست و کاندیدەکان بکرێتەوە".

پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشدارینەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان کە دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە لەگەڵ ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق  ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە پەرلەمان هەبوو، پێیان وابوو نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن پارتییەوە لە ململانێ‌ سیاسییەكاندا بەكارهێنراون"و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێک بوو هەر ١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی یەکلا دەبوونەوە.

هەربۆیە داوای گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی کاندیدەکانی پێکهاتەکان و دابەشکردنیان کرد بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردندا، بەڵام لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە ڕێککەوتن و یەکێتی لەڕێی دادگای فیدراڵییەوە پرسەکەی یەکلا کردەوە، دادگاکە زیاتر لەوەی یەکێتی داوای دەکرد بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی هەر ١١ کورسییە کۆتاکەی پێکهاتەکان.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.

ئەو دۆخەی ئێستا هەڵبژاردنی هەرێم تێی كەوتووە، یاساناسێک بە "دیاردەیەكی سەیر" ناوی دەبات کە هیچ ‏دەقێكی یاسایی ڕوون نییە باس لە چارەسەری ‏دۆخێكی لەو شێوەیە بكات و دەسەڵاتی بە سەرۆکی هەرێم یان هیچ لایەنێک دابێت هەڵبژاردنەکە دوابخات.

دانا دارا، یاساناس و ڕاوێژكاری یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ‏پەرەگراف دەڵێت "دەسەڵاتی ‏سەرۆكی هەرێمە ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بكات، لەم ‏دۆخەدا هەر ئەویش دەتوانێت بە هەماهەنگی لەگەڵ ‏كۆمیسیۆن دوای بخات و ‏وادەیەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردن دیاری بكەن".‏

دانا دارا، بەشدارینەكردنی پارتی لە هەڵبژاردن بە "بایكۆتی پەكخەر نەك ‏‏بایكۆتی هەڵوێستوەرگرتن" ناو ‏دەبات و دەڵێت "لە شوێنێكی وەكوو كوردستان ‏كە نە وڵاتە و نە دەستووری هەیە، كاتێك ئەو حیزبانەی ‏نفوزیان هەیە بەشداریی ‏هەڵبژاردن ناكەن، بەو هۆیەوە پەككەوتنی پڕۆسەكە دەبێتە ئەمری واقیع".‏

دانا دارا پێی وایە "سەرۆكایەتیی هەرێم بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەڵبژاردن ‏دواناخات" و ‏ناچێتە ژێر باری ئەو بڕیارە، بەڵكوو "لە ڕێگەی داواكاریی چەند حیزب و قەوارەیەكەوە ژینگەیەك ‏دروست ‏دەكەن كە دواتر سەرۆكایەتیی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆن، ‏هەڵبژاردن دوادەخات و وادەیەكی نوێ‌ ‏دیاری دەكات".‏

‏"لە ڕێگەی قەوارەیەك یان چەند ‏قەوارەیەكەوە داوایەك بۆ كۆمیسیۆن بەرز دەكەنەوە و داوا دەكەن هەڵبژاردن ‏‏دوابخات و خشتەی بەڕێوەچوونی دەستكاری بكات"، ئەو یاساناسە دەڵێت "ئەمە بەهێزترین سیناریۆی ‏دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە" كە چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا ڕوو بدات.‏

ئەگەر هەڵبژاردنەکە دوابخرێت گرفتێکی دیکەش دێتەپێشەوە کە پەیوەندیی بە تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە هەیەو لە سەرتای مانگی ٧ تەمەنی کۆتایی دێت، پێویستە لە پەرلەمانی عێراقەوە تەمەنی درێژبکرێتەوە تا بتوانێت کارەکانی تەواوبکات و هەڵبژاردنەکە لە وادەیەکی نوێدا بەڕێوەببات.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوە، دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.‏