پەرەگراف- غەمگین محەمەد
یاسین كەریم كاتێك بەهۆی كرێكارییەوە توانای كاركردنی نامێنێت، بە سوڵح قایل نابێت و هانا بۆ دادگا دەبات، تا خاوەنكارەكەی بڕە پارەی مانگانەی بۆ ببڕێتەوە.
"لە كۆتاییدا كەیسەكەم لە دادگا بردەوە، خاوەنكارەكە ناچاركرا مانگانە بڕێك پارەم پێبدات، هەرچەندە كەمە و بەوهۆیەوە مەمرە و مەژی خێزانەكەمی پێ بەڕێوەدەبەم" بەوتەی یاسین بۆ پەرەگراف، كە سێ ساڵ لەمەوبەر لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوندا كەوتۆتەوە خوارەوە و حەوزی شكاوە.
كرێكارانی هەرێمی كوردستان، لە هەمان بارودۆخی یاسین و هەندێكجار خراپتردا دەژین، كەم مانگ هەیە چەند كرێكارێك بەهۆی كارەكەیانەوە نەبنە قوربانی، دوایینجار لە ئاداری ئەمساڵدا بوو، چوار كرێكار لە باڵەخانەی پڕۆژەیەكی ناوشاری سلێمانی كەوتنە خوارەوە و دوانیان گیانیان لەدەستدا.
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیكای کرێکارانی بیناسازی لە سلێمانی بە پەرەگراف-ــی وت "لە هەرێمی کوردستان دۆخی کرێکاران جێی نیگەرانییە، شوێنی کار بووەتە ژینگەیەک کە مەترسی لەسەر ژیانی کرێکاران هەیە، بەتایبەتی کارکردن لە پڕۆژەکانی بیناسازی کە کەمترین مەرجەکانی سەلامەتییان تێدایە بۆ کرێکاران".
سەرباری زۆروبۆریی بەیاننامە و راگەیەندراوەكانی پیرۆزبایی لە رۆژی جیهانی كرێكاران، كە 1ـی ئایارە، بەڵام لەو رۆژەدا كرێكاران لە كاردان و هیچ لە ژیانیان ناگۆڕێت، تا دێت ژمارەی قوربانییەكانیشیان زیاتر دەبێت، بەوپێیەی تەنیا لە چوار مانگی ئەمساڵدا 19 كرێكار لە هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەستداوە، كە نۆ كرێكار لە هەولێر، هەشت لە سلێمانی و دووانیان لە دهۆك بون، بەپێی ئامارێكی کۆمیتەی یەکی ئایار تایبەت بە کرێکاران.
یاسین كەریم تەمەنی 50 ساڵە، یەكێكە لە قوربانیانی كرێكاری و سەرباری زیانەكانی، خاوەنكارەكەی هەوڵیداوە بە بڕە پارەیەك و بۆ یەكجار، هاوشێوەی سوڵحی عەشایەری قایلی بكات، تا هانا بۆ دادگا نەبات.
"هەر لە گەنجییەوە کرێکاریم کردووە، سەدان رۆژم بە کاری قورس بەڕێکردووە، لەماوەی ساڵانی کرێکاریکردنم تەنیا یەک پڕۆژە هەبوو کە کەلوپەلەکانی سەلامەتییان بۆ دابین کردین، لەو شوێنانەشی کە نەبوو قسەمان نەدەکرد، خواخوامان بوو کارەکە بکەین و پارەی ماندوبوونەکەمان وەربگرین" یاسین وای وت.
بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ـی ساڵی 1971و یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987، كە بەپێی رێكارە یاساییە بەركارەكانیش خاوەنكار بۆی نییە کار بە هیچ کرێکارێک بکات، تا ئەوکاتەی راهێنانی پێدەکات بە شوێنی کارەکەی و جۆری ئیشەکەی ئاشنا دەکات، رێنمایی دەکات چۆن خۆی بپارێزێت و سەرجەم پێداویستییەکانی سەلامەتی کاری بۆ دابیندەکات.
هەنگاو عەبدوڵا، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "لە هەرێمی کوردستان یاسا وەک خۆی جێبەجێناکرێت و خاوەنکار پابەند نییە، ئەگەرنا کرێکار حەز دەکات بەبێ مەترسی کاربکات، بەڵام چونكە خوازیاری دەستکەوتنی کار و دابینکردنی بژێوی خێزانەکەیەتی، كاتێك کاری دەستدەکەوێت ئەگەر مەرجەکانی سەلامەتیشی تێدا نەبێت مەجبورە بیکات و گیانی بخاتە مەترسییەوە".
هەر خاوەنکارێک مەرجەکانی سەلامەتی و تەندورستی بۆ کرێکار دابیننەکات، یان مافەکانی پێشێل بکات، ئەوا بەیاسا سزادەدرێت بە ئاگادارکردنەوە، غەرامەکردن، خستنەلیستی رەش و لێسەندنەوەی مۆڵەتی کارکردن.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوەدا بەردەوام لیژنەکانیان بەدواداچوون دەکەن بۆ پابەندبوونی خاوەنکار بە دابینکردنی کەلوپەلەکانی سەلامەتی بۆ کرێکاران، "بەڵام هەندێک حاڵەتیشمان هەیە کە خاوەنکار کەلوپەکانی دابینکردووە و کرێکارەکە پێوەی پابەند نابێت".
ئاماری ژمارەی قوربانیانی كرێكار وەک بارودۆخی ژیانیان شێواوە، هەر لقەی سەندیكا و لایەنێك ئامارێكی جیاوازی لایە؛ پەرەگراف لەم بەدواداچونەدا پشت بە ئامارێكی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان دەبەستێت، كە تیایدا هاتووە لە ساڵی رابردوودا 52 كرێكار گیانیان لەدەستداوە و 25 كرێكاریش برینداربون. ئەوەش زیاترە لە ساڵی 2022 كە 41 كرێكار گیانیان لەدەستدابوو.
سانیە عەبدوڵا، دایکی سێ منداڵە و هاوسەرەکەی لەکاتی کارکردن لە کارگەیەک گیانی لەدەستداوە، ئەو دوای روداوەكە هانای بۆ دادگا بردووە، بەڵام نەیتوانیوە بەردەوامبێت، "لە دادگا سکاڵام لە دژی خاوەنکاری هاوسەرەکەم تۆمارکرد، بەڵام چەند جارێک خەڵکی ناردە ماڵمان بۆ کشاندنەوەی داواکەم لە بەرامبەر بڕێک پارەدا، لەبەرئەوەی کرێچی بووم، قایل بوم و بە کڕینی خانوویەک لێی خۆشبووم".
بەپێی بەدواداچوونێكی کۆمیتەی یەکی ئایار تایبەت بە کرێکاران؛ دیارترین هۆکارەکانی گیان لەدەستدانی کرێکاران لە ساڵی رابردوودا لە هەرێم بریتی بوون لە کارەبا گرتن، داڕمان، کەوتنەخوارەوە، بوون بەژێر ئامێرەکانی کارکردنەوە لە شوێنی کار و خوێنبەربوون.
"ئەگەر لەبەر دابینکردنی خانوویەک نەبوایە بۆ منداڵەکانم، هەرگیز لە خاوەن کارگەکە خۆش نەدەبووم لەبەرئەوەی لەکاتی کارکردن زۆر خراپ بووە لەگەڵ هاوسەرەکەم"، سانیە وادەڵێت، "خۆم بە تاوانبار دەزانم بەرامبەر رۆحی هاوسەرەکەم، بەڵام دواجار ئەو رۆیشت و وتم با شوێنێک هەبێت منداڵەکانمی تێدا بەخێو بکەم بۆیە داواکەم کشاندەوە".
ئەو کرێکارانەی زیانیان بەردەکەوێت لەکاتی کارکردن یان مافیان دەخورێت، خۆیان و کەسوکاریشیان دەتوانن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و سەندیکاش پارێزەریان بۆ دابیندەکات.
لەیلا کەریم، لێپرسراوی بەشی ئامار لە سەندیکای کرێکاران رونیكردەوە، كە دەیان کەیس و سکاڵای کرێکار یان کەسوکاری کرێکاران هەیە لە دادگاکان لە قازانجی کرێکار کۆتاییهاتووە و خاوەنکاری لەسەر سزا دراوە، "بەڵام سوڵحی عەشایەری گەورەترین گرفتە لەبەردەم چارەسەرنەبوونی کێشەو گرفتەکانی کرێکاران، بەشی زۆری خێزانەکان سوڵحی عەشایەری دەکەن و بە بڕە پارەیەک لە خاوەنکارەکە خۆش دەبن".
سوڵحی عەشایەری وادەكات خاوەنكار کەمتەرخەم بێت بەرامبەر گیان و سەلامەتی کرێکاران، بەوتەی لەیلا، كە بۆ پەرەگراف وتیشی "لەکاتی برینداربوونی کرێکاراندا، خاوەنکار و کرێکار بە پارە رێکدەکەون و تەنانەت لە راپۆرتی پزیشکیشدا لە نەخۆشخانە باس لە برینداربوون لەسەرکار ناکرێت".
رێكارێكی توند و چاودێری بەردەوام نییە، تا خاوەنكار لەلایەن حكومەتەوە پابەند بكرێت بە جێبەجێكردنی رێكار و رێنماییەكانی سەلامەتی كرێكار، ئەوەش یەكێكە لەو رەخنانەی بەردەوام روبەڕوی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێتەوە.
عوسمان زیندانی نمونەی ئەوەدەهێنێتەوە، پڕۆژە هەیە دووجار گیان لەدەستدانی کرێکار تیایدا دووبارە بۆتەوە و داوایانکردووە کارکردن تیایدا رابگیرێت، تا بە تەواوەتی مەرجەکانی سەلامەتی بۆ کرێکاران دابیندەکەن، بەڵام "ئەوە نەکراوە و حکومەت کەمتەرخەمە لە لێپرسینەوە لە خاوەن پڕۆژەکان".
سەرۆکی سەندیكای کرێکارانی بیناسازی بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان، رێژەی سەدا 1 بۆ سەدا 2ـی پڕۆژەکان لیژنەی سەلامەتییان هەیە و خەتەرناکی دۆخی کرێکاران لە نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کار، نەبوونی پێداویستییەکانی خۆپارێزی، پێنەدانی هۆشیاری سەلامەتی لەلایەن کۆمپانیا و خاوەنکارەوە بە کرێکاران و چەندین هۆکاری تر وایکردووە، ڕێژەی گیان لەدەستدانی کرێکار لە شوێنی کار زیاتربێت.
بەپێی یاسای کار؛ ئەگەر کارگەیەک یان هەر شوێنێکی کار لە 50 بۆ 100 کرێکار کاری تێدا کرد، ئەوا پێویستە لیژنەی سەلامەتی تیدابێت کە بریتین لە؛ پزیشک، ئەندازیاری سەلامەتی، نوێنەری کرێکارانی شوێنەکە لەگەڵ نوێنەری سەندیکای کرێکاران و خاوەنکار، کە پێویستە مانگانە کۆببنەوە و پشکنین بۆ سەلامەتیی شوێنەکە بكەن.
سەردار رەشید، سەرۆکی مەکتەبی جێبەجێكردن لە یەکێتی سەندیکاکانی کوردستان پێیوایە بەردەوامیی هۆکارەکانی گیانلەدەستدان دوولایەنەیە، لایەنی بەرپرس لە حکومەت وەک پێویست یاساکان جێبەجێناکەن و سزای سەرپێچیکاران نادەن، خاوەن کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانیش هەر لە هەوڵی پارە پەیداکردندان و مەرجەکانی سەلامەتی بۆ کرێکار جێبەجێ ناکەن.
"پێویستە سزاکان لەسەر ئەو خاوەنکارانە قورس بکرێن کە سەرپێچی دەکەن و مەجبور بکرێن بە جێبەجێکردنی یاساکانی تایبەت بە کرێکاران وەک خۆی" بەوتەی سەردار بۆ پەرەگراف.
گرفتی كرێكار هەر نەبونی کەلوپەل و پێداویستیەکانی تەندروستی و سەلامەتی نییە، بەڵكو دابیننەكردنی دەستەبەری كۆمەڵایەتییە، كە وایكردووە نەتوانن داهاتوویەكیان هەبێت، جگە لە كێشەكانی دیكەی وەكو پێدانی كاری زۆر قورس، زیادكردنی كاتی كاركردن، دەركردن و پێنەدانی كرێی كاركردن لە وادەی خۆیدا.
وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، وتی "لە کاتی هەر پێشێلکارییەکدا، وەزارەت دەتوانێت تەنیا بەرگری لەو کرێکارانە بکات کە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە"، بەپێی ئاماری سەندیكای كرێكاران كە پشت بە كرێكارانی دەستبەركراو دەبەستێت، نزیكەی 165 هەزار كرێكار هەن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەتای ئەمساڵ لە ئامارێكی رەسمیدا بڵاویكردەوە تائێستا نزیكەی 145 هەزار كرێكار دەستەبەر کراون، كە هەر كرێكارێكی دەستەبەر كراو بۆ پیاو بە خزمەتی 20 ساڵ و لە تەمەنی 60 ساڵی، بۆ ئافرەت بە 20 ساڵ خزمەت و لە تەمەنی 55 ساڵی خانەنشین دەكرێن، ئەو خانەنیشینییەش كە 880 كەس تائێستا بۆی كراوە، نابێت بڕی مووچەی مانگانەیان لە 350 هەزار دینار كەمتر بێت.
بەوتەی سەرۆکی سەندیکای کرێکاران، کێشەی گەورەی کرێکاران ئەوەیە، لە هەرێم لیژنەی تایبەتمەندی پشکنینی تەندروستی و سەلامەتی کار نییە بەدواداچوون بکات، كە پێویستە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دابینی بکات، چونكە ئەو کەسانەی ئێستا راسپێردراون بۆ ئەوکارە کەسانی پسپۆڕ و تایبەتمەند نین لە بوارەکە و ژمارەشیان زۆر کەمە و ناتوانن وەک پێویست لێپرسینەوە بکەن.
لە هەرێمی کوردستان هێڵی گەرمی کرێکاران بە ژمارە 5500 لە هەموو شارەکان 24 کاتژمێر کراوەیە، هەر کرێکارێك پەیوەندییان پێوەبکات کێشەکەی تۆمار دەکرێت و لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە بە دواداچوونی بۆ دەکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حەوت لیژنەی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان هەیە، كە بەپێی ئامارێكی وەزارەت لە ساڵی رابردوودا، زیاتر لە دوو هەزار سەردانیان بۆ پڕۆژەكان هەبووە و زیاتر لە هەزار و 600 راسپاردەیان پێشكەش كردووە.