گەڕان بۆ زێڕ لە خۆڵەمێشدا؛ چیرۆكێكی دیكە لە ئاگرەكەی قەیسەریی هەولێر

10-05-2024 08:34
دوکانی زەڕەنگەرییەکەی زانا تەیب کە لە ئاگرەکەی قەیسەریی هەولێر سووتا. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف- هەولێر

زانا لە نزیكی دوكانەكەی راوەستاوە، چاوەڕێیە بڵێسەی بەتینی ئاگرەكە خامۆش بێت و خۆڵەمێشی ناو دوكانەكەی بباتەوە بۆ ماڵەوە.

ئاگر لە هەموو لایەكی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بەرز بۆتەوە، لەوكاتەدا دوكاندارانی تر، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەكەی زانا، پەیتا پەیتا شمەكی ناو دوكانەكانیان بەرەو دەرەوە رادەكێشن.

ئەو شڵەژان و قەرەباڵەغییە هیچ لە ئارامگرتنەكەی زانای نەگۆڕی، ئەو هێشتا چاوەڕێیە و 10 كەسی تر لە خانەوادەكەیشی هێناوە، تا لە كۆكردنەوەی خۆڵەمێشی دوكانەكەیدا یارمەتی بدەن.

هەر كە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكرا، جموجۆڵی زانا و كەسوكاری دەستیپێكرد، دەستبەجێ دەڕابەی دوكانەكەیان شكاند و پێكەوە هەرچی خۆڵەمێشی ناو دوكانەكە هەیە، كردیانە گونیەوە و بردیانەوە.

"ئێستا گونیەی پڕ لە خۆڵەمێش-ـمان لە جێگایەك داناوە، تا بتوانین زێڕە تواوەكەی لێ جیابكەینەوە" زانا تەیب، بۆ پەرەگراف وای وت. ئەو خاوەنی یەكێكە لەو زەڕەنگەرانەی لە بازاڕی قەیسەریی دوكانەكەی بەڕێژەی لە سەدا سەد سوتا.

ئاگرەكەی بازاڕی قەیسەری، شەوی 5ـی ئایار رویدا، بەهۆیەوە 227 دوکان و حەوت کۆگا سوتان، تەنیا چوار دوكانیان زەڕەنگەر بون و ئەوانیتر زۆرینە كوتاڵفرۆش بوون.

لە شەوی روداوەكەدا، بەپێچەوانەی دوكاندارانی ترەوە، كە دەیانویست كوتاڵ و شمەكەكانیان رزگار بكەن، زەڕەنگەرەكان دەبوو چاوەڕێی خۆڵەمێشی دوكانەكەیان بكەن و دواتر بەشێنەیی لەناو خۆڵەمێشدا، بە دوای زێڕی تواوەی ناو دوكانەكانیاندا بگەڕێن.

كاتژمێر 9:30 خولەكی ئەو شەوە، زانا ئاگاداركراوەتەوە لە ئاگرەكەی بازاڕی قەیسەری، یەكسەر تەلەفۆنی بۆ بەڕێوەبەری پاسەوانی بازاڕەكە كردووە، ئەویش بێخەمی كردووە كە پێویست ناكات بگاتە بازاڕ، بە پاساوی ئەوەی ئاگرەكە لە دوكانی ئەوەوە دوورە و لای بازاڕی مەحمود سێبیرانییە، كە بەشێكە لە قەیسەری هەولێر.

"دوای تەلەفۆنەکە، ویستم لە رێگەی تەلەفۆنەکەمەوە تەماشای ناو دوکانەکەم بکەم، چونکە کامێرا و ئینتەرنێتم لەناو دوکان هەیە، بەڵام كامێراكە نەکرایەوە، تێگەیشتم کە ئاگر گەیشتووەتە دوکانەکەی منیش" زانا دەڵێت تا گەیشتە بازاڕ لە هەر چوار لای دوكانەكەیەوە ئاگر بوو، بۆیە نەیتوانی بگاتە ناو دوكانەكەی تا سوتا.

تەنیا لەناو بازاڕی قەیسەری هەولێر، كە چوار هەزار دوكانی تێدایە، زیاتر لە 300 دوکانی زەڕەنگەر هەن و دەکەونە ئەو بەشەی قەیسەری لای شەقامی باتا و شەقامی سیروان.

ئەو چوار دوکانە زەڕەنگەی سوتاون، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، جگە لە زانا، دوكانی هێمن مرواری بە تەواوەتی سووتاوە، دوکانی بەختیار زیانی زۆری بەرکەوتووە، هەرچی دوکانەکەی هێمن حاجی رەئوفی زەڕەنگەرە، زیانەكانی هی سوتان نەبووە بەڵكو وەك خۆی دەڵێت؛ لەكاتی هەوڵی رزگاركردنی زێڕەكانیدا سەرووی کیلۆیەک زێڕی لێ کەوتووە.

ئەو زەڕەنگەرانەی سوتاون دراوسێی کوتاڵفرۆشەکانن کە دەکەونە پشت بازاڕی مەحمود سێبیرانی بەلای شەقامی سیروان-ـدا.

بەختیار نورەدین، لەبەردەم دوكانەكەیدا قسە بۆ پەرەگراف دەكات و هێشتا نازانێت زیانەكانی چەندن، بەڵام زیانی لە زەڕەنگەرانی تر كەمترە، ئەو و سێ كەسی تر، لەكاتی ئاگرەكەدا کونێکیان لە دەڕابەی دوکانەکە کردووە، دوو کەس چونەتە دوكانەكەوە و لەبەر رۆشنایی لایت، بەدوای زێڕدا گەڕاون.

دوکانەکەی بەختیار لە قەیسەریی هەولێر. وێنە پەرەگراف

ئاگرەکە لای دوکانەکەی بەختیار کۆتایی هاتبوو، ئەو زیانەی بەر دوکانەکەی ئەو کەوتبوو، بەهۆی دوكانی دراوسێكەیەوە بوو كە سەدا 100 سوتا بوو، ئاگر لە دوکانی تەنیشتییەوە چووەتە ناو دوکانەکەی، بەڵام هەر زوو دەڕابەی دوکانەکەیان کون کردووە و سۆندەی ئاوی ئاگرکوژێنەوەیان بردۆتە ناو دوکانەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەكە.

"کاتێک چوومە ناو دوکانەکەم، هەموو زێڕەکە لەگەڵ خۆڵ و دار و بەرد تێکەڵ ببوو، مەگەر چەند پارچەیەکی بە ساغی لێ دەرچوو بێت، ئەوەی تر هەمووی زیانی پێگەیشتووە"، بەختیار وای وت، كە 15 كیلۆ زێڕ لە دوكانەكەیدا بووە و دەڵێت؛ زێڕە تواوەکە نیوەی دەبێتە خەسارە.

هەر کیلۆ زێڕێک لە بازاڕەکانی جیهان نرخەکەی 74 هەزار دۆلارە (بەزمانی بازاڕ حەوت دەفتەر و 40 وەرەقە)، بەوپێیە بێت تەنیا لە دوکانەکەی زانا تەیب، كە 20 كیلۆ زێڕی تێدا بووە نزیکەی بایی ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلار بووە، لەكاتێكدا مەزەندە دەكات تەنیا سەدا 20ـی زێڕە سوتاوەكەی لە خۆڵەمێشی دوكانەكەیدا دەستبكەوێتەوە.

"دوکانەکەم کەوتووەتە ناو بازاڕی کوتاڵفرۆشان، دراوسێکانم هەموو کوتاڵفرۆشن، دوکانەکەم بە ئاگری دوکانەکانی ئەوان سووتا" بەوتەی زانا، كە لە باسی تۆكمەیی دوكانەكەیدا وتی، تەواوی ناو دوکانەکەی بە زەوی، دیوار و بنمیچەکەیەوە بە پلێتی ئەستوور داپۆشراوەو درع کراوە، بۆیە ئەگەر لەبەردەم دوکانەکەشیدا ئاگر بکرێتەوە، ناو دوکانەکەی ناسوتێت، بەڵام بەتینیی و گەورەیی ئاگرەکە، پلێتەکەشی تواندۆتەوە.

رۆژێک دوای سوتانی بازاڕەکە، کۆمپانیای کینگ دۆم، کە کۆمپانیایەکی زێڕە لە هەولێر، بانگەوازێکی لە گروپی زەڕەنگەران بڵاوکردۆتەوە و رایگەیاندووە، ئامادەیە هاوکاری زەڕەنگەران بکات و دەتوانن سەردانیان بکەن و زێڕە سووتاوەکەیان بۆ دەگۆڕێت بە هەمان بڕی زێڕی ئامادەکراو.

هێمن حاجی رەئوف، خاوەنی دوكانی زەڕەنگەرە لە بازاڕی قەیسەری، ئەو زوو فریای زێڕی ناو دوكانەكەی كەوتووە، بەڵام هەر بێ زیان نەبووە، پەشیمانە لەوەی دوکانەکەی شکاندووە بۆ رزگارکردنی 30 کیلۆ زێڕی ناو دوکانەکەی و دەڵێت؛ لەکاتی دەرهێنانی زێڕەکە، یەک کیلۆ و نیو زێڕی وردەواڵەی وەک ئەڵقە و گوستیلە لێ کەوتووە و لێی وون بووە.

"خۆزگە دوکانەکەم نەشکاندایە، زێڕەکە وەک ئەوەی دوکانەکەی کاک زانا بسووتایە زیانم کەمتر دەکرد لەوەی ئێستا لێم وون بووە و بۆم نادۆزرێتەوە" هێمن، بۆ پەرەگراف وادەڵێت.

قەیسەریی هەولێر لە دوای سووتانی. وێنە؛ پەرەگراف

لە 300 زەڕەنگەرەكەی بازاڕی قەیسەری، جگە لە سوتانی چوار دوكان، 12 زەڕەنگەری دیكە زیان بە دەڕابە و جامخانەكانیان كەوتووە، بەڵام هیچ زەڕەنگەرێك دزیی لێنەكراوە لەكاتی روداوەكەدا، بەپێی ئامار و بەدواداچونی سەندیکای زەڕەنگەران.

بەوتەی عەبدوڵا ئەکرەم مستەفا، جێگری لقی هەولێری سەندیکای زەڕەنگەران، ئەو زەڕەنگەرانەی دوكانەكانیان سوتاووە "زیانیان نەكردووە"، چونكە زێڕ بە سووتان و کوتانیش هیچی لێ نایەت، نمونەی ئەوەشی بۆ پەرەگراف هێنایەوە "لە هەر کیلۆیەک زێڕ دوو بۆ چوار هەزار دۆلار زیان دەکەن، کە ئەوەش زێڕەکە نییە بەڵکو حەقدەستی دروستکردنی زێڕەکەیە، بەڵام دوکانی کوتاڵفرۆشەکان هیچیان بۆ نەمایەوە".

عەبدوڵا جەختیكردەوە، کوتاڵفرۆشەکان زەرەرمەندی یەکەم بوون نەک زەڕەنگەران، "بۆ هەر کیلۆیەک زێڕ زیانی دوو بۆ چوار هەزار دۆلارە بەراورد بە نرخی کیلۆ زێڕەکە کە 74 هەزار دۆلارە، ئەوەش ناکاتە زەرەر".

بازاڕی قەیسەری وا لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە بە تەواوی پاكدەكرێتەوە، بەبێ ئەوەی تائێستا لیژنەی لێکۆڵینەوە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی ئاشكرا بكات، كە بەهۆیەوە 132 كەسیش لە بەرگری شارستانی، هێزە ئەمنییەكان و كاسبكار بە سوكی برینداربوون.

لای دوکاندارەکان قسەی جیاواز لە دەستپێكی ئاگرەكە هەیە؛ گومانێكیان ئەوەیە لە پشت بازاڕی مەحمود سێبیرانی بووبێت و ئەوەیتر سەرەتا ئاگرەكە دەباتە لای باتە، گومانێكی دیكەش ئەوەیە لای چایخانەی مام خەلیلەوە ئاگرەكە بڵێسەی سەندبێت.

گومانەكان هەرچییەك بن، ئەوەی بۆ بەختیار نورەدین گرنگە كە دوكانەکەی سوتاوە، ئەوەیە هەر چۆنێک بێت كەمتەرخەمی هەبووە، "کێ بەرپرسیاریەتی ئەو بازاڕەی لە ئەستۆدایە، ئەو کەمتەرخەم بووە".