پەرەگراف- عەممار عەزیز
لە سوتانی چەند بازاڕێكی گەورەی هەولێر و دهۆك، بە ئاشكرا گومانی جیاواز هەبوون، لە كەمتەرخەمییەوە تا رادەی "دەستی بە ئەنقەست و خراپەكار"، بەبێ ئەوەی ببنە بەشێك لە دەرەنجامی لێكۆڵینەوە.
تەنیا لە چوار مانگی ئەمساڵدا، شەش روداوی گەورەی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕە میللیی و قەرەباڵغەکانی ناوجەرگەی شار رویانداوە، پێنجیان لە هەولێر و یەكێكیان لە دهۆك، لە هەموشیاندا، بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، دەستبەجێ بەڵێنی لێكۆڵینەوە و هەندێكجاریش قەرەبووكردنەوە دراوە، بەڵام ئەنجامەكانیان بە كرداری هێشتا ونن.
دوایین روداوەی ئاگركەوتنەوە، 5ـی ئایار بوو لە بازاڕی كۆن و مێژویی شاری هەولێر، بازاڕی قەیسەری، كە نزیكەی چوار هەزار دوكانی تێدایە و بەوهۆیەوە، 227 دوكان و حەوت كۆگا سوتان، زۆرینە كوتاڵفرۆش بون و یەكسەر شمەكەكانیان بوو بە خۆڵەمێش، 132 كەسیش لە بەرگری شارستانی، هێزە ئەمنییەكان و كاسبكار برینداربون.
ئیدارەی پارێزگای هەولێر، وەك روداوەكانی دیكە لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگار بە ئاشكرا لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، دەیانەوێت هۆكارەكان دیاریبكەن؛ ئایا بەهۆی کەمتەرخەمی و پابەند نەبوون بووە بە ڕێنماییەکان، یان "دەستێکی خراپکاری لە پشت بووە".
پارێزگار پێشتریش، لە مانگی نیسان و دوای سوتانی بازاڕی لەنگە، گومانی خستە سەر هۆكاری ئاگرەكە و باسی تۆماری كامێراكانی چاودێری كرد، بەڵام وردەكارییەكانی هێشتەوە بۆ لیژنەی لێكۆڵینەوە، كە دوای زیاتر لە مانگێک هێشتا كەس ئەنجامەكەی نەبینیوە، تەنیا باسی دەستگیركردنی دوو كەس نەبێت وەكو تۆمەتبار ئەویش لە میدیایەكی سەر بە پارتییەوە.
دلێر سوارە، یەكێكە لە زیانلێكەوتوانی بازاڕی لەنگە، لەگەڵ شەش برای دیكەیدا خاوەنی 13 دوكان بون، كە هەموویان سوتا و تەنیا كەلوپەلی ناو دوكانەكەی ئەو، بایی 30 ملیۆن دینار بووە و هیچی بۆ دەرنەچووە، "هەر ئەمساڵ دووجار دوكانەكەم سوتا، .. من ناڵێم بە ئەنقەست بووە یان دەستێكی لە پشتە، بەڵام جێی پرسیار و لێكۆڵینەوەی وردە" دلێر بۆ پەرەگراف وای وت.
دلێر لەكاتی ئاگرەكەدا لە بازاڕ نەبووە، روداوی دوەم باسدەكات لە 8ـی نیسان، كە نزیكەی 73 دوكان سوتان و زیانی زۆری دارایی لێكەوتەوە، "چونكە لەوێ نەبوم نازانم هۆكاری ئاگرەكە چی بوو، بەڵام ئەو هەموو روداوی ئاگركەوتنەوەیە لە هەولێر هیچ رەوا نییە".
لەمساڵدا پێنج روداوی گەورەی ئاگركەوتنەوە لە هەولێر تۆماركراون؛ دووجار سوتانی بازاڕی لەنگە لە 27ـی شوبات و 8ـی نیسان، سوتانی كۆگایەك لە ناوچەی پیشەسازی باكور لە 9ـی ئادار، سوتانی دوكانەكانی حەوشەی بازاڕی نیشتمان لە 27ـی نیسان و ئاگرەكەی بازاڕی قەیسەری لە 5ـی ئایار.
روداوێكی گەورەش ئەمساڵ لە دهۆك هەبوو، گڕگرتنی بازاڕی چەلێی شارەكە لە 1ـی نیسان، كە بەهۆیەوە نزیكەی 160 دووكان و 20 كۆگا بەتەواوی سووتان.
"ژیان و داهاتی من لەسەر ئەو دوكانە بوو، ئەویش هەمووی سووتا و بوو بە رەژوو (خەڵوز)، كەلوپەلی ناو دوكانەكەم بایی زیاتر لە دوو دەفتەر دۆلار بوو، هیچم بۆ دەرنەچوو" بەوتەی عەبدوڵا رەزیكی بۆ پەرەگراف، كە 19 ساڵە سەرقاڵی فرۆشتنی بەتانییە لە دوكانێكی بازاڕی چەلێی دهۆك.
كاتی بانگی بەیانی، تەلەفۆن بۆ عەبدوڵا كراوە فریای دوكانەكەی بكەوێت، چونكە ئاگری گرتووە، هەرزوو گەیشتۆتە بازاڕ و سەرەتا ئاگرەكە كەمبووە، بەڵام دواتر تەشەنەی سەندووە و هەموو بازاڕەكەی گرتۆتەوە.
ئەو وتیشی، نازانن هۆكاری روداوەكە چی بووە، تائێستاش بەرگری شارستانی و لایەنی پەیوەندیدار هیچ قسەیەكی فەرمییان نەكردوە و چاوەڕێین.
لە هەولێر، دهۆك و سلێمانیش كە سلێمانی ئەمساڵ هیچ روداوێكی گەورەی ئاگركەوتنەوەی تێدا نەبووە، بەڵام حكومەتی خۆجێیی پێكەوە هەڵمەتێكیان لە ناوبازاڕ و شوێنە گشتییەكانی هەرسێ پارێزگاكەدا بە چڕی دەستپێكردووە، بە ئامانجی رێگریی لە روداوی ئاگركەوتنەوە یان لانیكەم كەمكردنەوەی زیانی ئاگر لە حاڵەتی رودانیدا، ئەوەش لەڕێی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری، رێنمایی، رێكخستنەوەی ناوبازاڕ بە تایبەت لابردنی پەردە و شمەكی بەردەم دوكانەكان، كە بە هۆكارێك بۆ تەشەنەسەندنی خێرای ئاگر دادەنرێت.
كافی عەبدولقادر، ئەفسەری ژووری عەمەلیات لە بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ پەرەگراف وتی "زۆرینەی روداوەكان شۆرتی كارەبا و پەیوەندی بە كارەباوە هەبووە یان هەندێك سەرپێچی لە بازاڕەكە كراوە، ئینجا هەر جۆرە سەرپێچییەك بێت دواتر بووەتە هۆكاری ئاگركەوتنەوە".
هەروەها وتی، هێشتا لێكۆڵینەوەیان بەردەوامە لەسەر هۆكاری سوتانی بازاڕی قەیسەری هەولێر.
بەپێی ئامارێك كە پێشتر پەرەگراف بڵاویكردەوە، زیاتر لە 600 دووکان تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەولێرو دهۆک سووتاون و ملیۆنان دۆلار زیان بە کاسبکاران گەیشتووە، لەكاتێكدا هۆكاری زۆرینەی روداوەكانیش بۆ هۆكاری كارەبا دەگەڕێنرێتەوە، بەڵام وەزارەتی كارەبا لە ئاگرکەوتنەوەکەی قەیسەریی هەولێردا رەتیكردەوە بەڵگەو ئاماژەی وا لەبەر دەستدابن هۆکاری ئاگرەکە پەیوەندیی بە كارەباوە هەبێت.
"تووشی زیانێكی هێجگار گەورە بوین، داوای قەرەبوو دەكەین، سەرباری نزیكەی 30 ملیۆن زیانی سوتانی شمەكی ناو دوكانەكە، لەسەر خەرجی خۆمان سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەین، بەڵێنی قەرەبومان پێدراوە بەڵام هیچمان بۆ نەكراوە" دلێر سوارە، زیانلێكەوتوی ئاگرەكەی بازاڕی لەنگە وای وت.
حكومەت تائێستا هیچ بڕیارێكی بۆ قەرەبووكردنەوەی دوكانداران بە پارە دەرنەكردووە، تەنیا بۆ دوکانەکانی بازاڕی لەنگەو قەیسەری لێخۆشبوونى ساڵێك لە کرێى ساڵانە و شەش مانگ لە ڕسوماتى خۆڵ و خاشاکى ئەو دوکانانەى دەركرد كە گرێبەستیان لەگەڵ شارەوانيی هەولێر هەبوو.
لە دهۆكیش مانگێك تێپەڕبووە و هیچ دەرەنجامێكی بەڵێنەكان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی بازاڕی چەلێ دیارنییە.
ئیسماعیل مستەفا، قائیمقامی قەزای ناوەندی دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "هێشتا بڕیاری قەربووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی ئەو بازاڕە دەرنەچووە، لەگەڵ پارێزگار و بەرگری شارستانی گفتوگۆمان كردووە و سەرپەرشتیاری لیژنەكان پێكەوە بڕیاردەدەن"، بەبێ ئاماژەدان بە هیچ وادەیەك بۆ بڕیاردان.
هەر قەرەبوو نییە، زۆرینەی لێكۆڵینەوەكانیش بە هەمانشێوە چارەنوسیان نادیارە.
بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆك بە پەرەگراف-ـی وت "لە رۆژی ئاگركەوتنەوەكەوە تیمەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە تا هۆكارەكەی بزانن.. هیچ بەڵگەیەكی پشتڕاستكراوە نییە بازاڕی چەلێ بە ئەنقەست سوتێنرابێت"، تەنیا ئەوەندەشی باسكرد كە "پێدەچێت" بەمنزیكانە چەند بڕیارێكی تایبەت بە بازاڕی چەلێ دەربكرێت.
دوكاندارانی بازاڕە سوتاوەكەی دهۆك دوو داواكارییان هەیە؛ یەكێكیان قەرەبووكردنەوەیە، وەك عەبدوڵا رەزیكی دەڵێت، قەرەبووكردنەوە لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكەدا گرنگە و دەیانەوێت ئەوەش بزانن، لێكۆڵینەوەكان بە كوێ دەگات، "با هۆكاری سوتانی بازاڕەكە ئاشكرا بكەن بۆ ئەوەی گومان بۆ هیچ كەس یان شتێكی تر نەچێت" بەوتەی دوكاندارە زیانلێكەوتووەكەی بازاڕی چەلێ.
لە ساڵی 2013ـەوە، چوار ئاگری زۆر گەورە لە بازاڕی دهۆك كەوتۆتەوە و بەهۆیەوە سەدان دوكان و كۆگا سوتاون، كە زۆرینە بە بڕوای بەرگری شارستانی پارێزگاكە هۆكارەكەی شۆرتی كارەبا بووە، بێوار وتی "بەشی زۆری روداوەكانی ناوبازاڕ هۆكارەكەی شۆرتی كارەبا بووە، چونكە وایەرەكانی كارەبا زۆر نزیكی یەكترن، هەموو دوكانەكانیش قوماش و نایلۆنن كە زوو ئاگر دەگرن و تەشەنە دەكات".
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، كە لە هەرێمی كوردستانیش بەركارە، هەر كەسێك بسەلمێنرێت بە ئەنقەست یان بە هەڵە دەبێتە هۆی كەوتنەوەی ئاگر و زیان بە موڵك و ماڵی خەڵك یان دەوڵەت دەگەیەنێت، ئەوا سزاكەی بە چەند ماددەیەك دیاریكراوە؛ بە بڕی جیاوازی غەرامە و زیندانی تا هەتاهەتایی تێدایە.
ڤیدیۆی ئاگرەکەی لەنگەی هەولێر
ڤیدیۆی ئاگرەکەی بازاڕی چەلێ لە دهۆک
ڤیدیۆی ئاگرەکەی قەیسەریی هەولێر