کۆشکێکی 3500 ساڵە لە سلێمانی دۆزرایەوەو شوێنەوارناسان دەڵێن: مێژووی ناوچەکە دەگۆڕێت

28-05-2024 10:06

 پەرەگراف

کۆشکێکی پاشایەتی لە ناو شاری سلێمانی دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ ٣٥٠٠ ساڵ بەرلە ئێستاو سەردەمی لۆلۆییەکان دەگەڕێتەوەو چەندین پارچە شوێنەواری گرنگی تێدایە، شوێنەوارناسان دەڵێن "مێژووی ناوچەکە دەگۆڕێت".

کۆشکە شوێنەوارییەکە دەکەوێتە ناوچەی سەرچنار لە نزیک قولەرەیسی، لەو کەلوپەلە گرنگانەی تێیدا دۆزراونەتەوە؛ تابلۆیەکە کە بە خەتی مێخیی لەسەری نووسراوە لەگەڵ بەکارهێنانی ئاسن لەو سەردەمەدا کە یەکەمجارە بسەلمێنرێت لەو سەردەمەی مرۆڤایەتی ئاسن بەکارهاتووە، هەروەها دوو ناوی کوردیی کە ناوی پاشا و خواوەندێکە.

شوێنەواری دێکۆن، ٨ ساڵە لەلایەن بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی کاری کنەو پشکنینی تێدا دەکرێت، ئەوەی بۆ تیمەکەو بەشی شوێنەواری زانکۆکە گرنگە، دۆزینەوەی ئەو شوێنەوارەو کنەو پشکنینەکان لەلایەن تیمی ناوخۆیی و مامۆستاو خوێندکارانی بەشی شوێنەوار بووەو هیچ تیمێکی بیانییان لەگەڵدا نەبووە.

د. زریان حاجی، سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی پێیوایە، شوێنەوارەکە گۆڕانکاریی لە مێژووی سلێمانی دروست دەکات و گومان دەخاتەسەر ئەو ڕۆژەی وەک دروستبوونی شاری سلێمانی دیاریکراوە کە ساڵی 1784ی زاینییە.

سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "بەپێی دۆزینەوەکە، لۆلۆییەکان لە ٣٥٠٠ بۆ ٣٦٠٠ ساڵە بەرلەئێستا حوکمڕان بوون لەم ناوچەیەدا، لەناو کۆشکەکەدا ژمارەیەک زۆر ژوور و ڕاڕەوی ڕۆیشتنی پاشاو مەراسیممان دۆزیوەتەوە، تابلۆیەکمان دۆزیوەتەوە کە نووسراوی مێخیی لەسەرەو دووعای بەرکەتە بۆ کۆشکەکە".

"ئاسنمان دۆزیوەتەوە کە بەکارهاتووە لەکاتێکدا ئەو زەمانە سەردەمێک بووە ئاسن تێیدا بەکارنەهاتووەو ئەوە بۆ یەکەمجاربووە کە ئاسن بەکاربێت و مێژووی ئەم ناوچەیە بۆ جیهان دەگۆڕێت و دەسەلمێت شارستانیەت و شارنشینی هەبووە لە سلێمانی بەرلە ٣٥٠٠ ساڵ" د. زریان حاجی وای وت.

شوێنەوارناسان شوێنەوارەکە بە زۆر گرنگ لە قەڵەم دەدەن و پێیانوایە جارێکی دیکە مێژووی سلێمانی دەنووسێتەوەو ئەوە دەردەخات کە ئەو شارە پایتەختی کۆنترین گەلی ئەم ناوچەیەیە کە گەلی لۆلۆییەکانن.

سەرۆکی بەشی شوێنەوار وتیشی "بۆ یەکەمجار دووناوی کوردیی زۆر کۆنمان دۆزیوەتەوە، کە ناوی پاشاکەیە بەناوی پاشا داسی و خواوەندێک لەسەر چاپی مۆرەکەیە بەناوی بانوو".

ئەو گردەی شوێنەوارەکەی تێدا دۆزراوەتەوە لە ساڵی 2013دا بەهۆی پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانەوە بەشێکی زیانی بەرکەوتووە، پاشان لە هەمان ساڵدا کە دەرکەوتووە ناوچەیەکی شوێنەوارییە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار کراوە.

کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، دۆزینەوەی شوێنەوارەکە بە گرنگ لەقەڵەم دەدات بۆ مێژووی ناوچەکەو ئەوە دەخاتەڕوو، شوێنەکە دەپارێزن و کار بۆ ئەوە دەکەن بیکەن بە مۆزەخانەیەکی هاوچەرخ و پێداویستییەکانی بۆ دابین بکەن. 

"لە 14 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 100 تیمی شوێنەواریی کاری کنەو پشکنینیان لە ناوچە شوێنەوارییەکانی هەرێم ئەنجامداوەو زیاتر لە 25 زانکۆو پەیمانگا بەناوبانگەکانی جیهان کار لە ناوچە شوێنەوارییەکانی هەرێم دەکەن" بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری هەرێم وای وت.

شوێنەوارناسان داوایان لە پارێزگاری سلێمانی و ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان کردووە شوێنەوارە نوێیەکە بیپارێزن.

د.دڵشاد عەزیز سەرۆکی ئەو تیمەی کنەو پشکنینیان لە شوێنەوارەکەدا کردووە دەڵێت "دیوارەکانی کۆشکەکە زیاتر لە مەترێک ئەستوورەو کۆشکەکە ماوەی ٣٠٠ ساڵێک بەردەوام بووە".

لەبارەی ئەو دەقە نووسراوەی دۆزراوەتەوە، سەرۆکی تیمەکە وتی "دەقێکی نووسینی مێخییە کە کونێکی تێدایە بۆ هەڵواسین بە دیواری کۆشکەکەوەو لەسەری نووسراوە (ئەم تەلارە ڕووناک ببێتەوە.. ڕووناک ببێتەوە) ئاماژەش بۆ بەشە خۆراک دەکات بۆ ژمارەیەک خواوەند کە یەکەمیان ناوی بانووەو ئەمە زۆر زۆر گرنگەو دۆزینەوەیەکی زۆر تایبەتە، پێدەچێت خواوەندی سەرەکی لۆلۆییەکان بووبێت".

پێشتریش کۆمەڵێک شوێنەواری دیکەی لۆلۆییەکان بە دووری چەند کیلۆمەترێک لەو کۆشکە دۆزراونەتەوەو سەرۆکی تیمەکە دەڵێت، سەرجەم ئەو شوێنانە سەر بەم کۆشکە بوون.

زانکۆی سلێمانی کار بۆ ئەوە دەکات دۆزینەوەکەی بە جیهانیی بکات، د. زریان حاجی دەڵێت، دەیکەن بە توێژینەوەیەکی زانستیی نێودەوڵەتی و لە گۆڤارێکی ئاستبەرز بڵاوی دەکەنەوە.

"بابەتێکی گرنگەو توانیومانە بیسەلمێنین لەم ناوچەیە ژیان هەبووەو شارستانییەت هەبووە، هاوشێوەی شانەدەر زێد گرنگە" سەرۆکی بەشی شوێنەوار وای وت.