
پەرەگراف- عەممار عەزیز
زۆر رۆژ حەمید هەر بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، تەنانەت كرێكاریشی دەستناكەوێت بەهۆی ئاوارە و پەنابەرانەوە، سەرباری بێ موچەیی و خراپی بارودۆخی دارایی.
حەمید زێباری (45 ساڵ)، خەڵكی شاری دهۆك-ـە و رۆژانە دەچێتە مەیدانی كرێكاران، بەڵام دەستكەوتنی كار و كاسبی لە شارەكەی ئەودا، هێندە ئاسان نییە.
"دەست بدەینە هەر كارێك ئاوارە یان پەنابەرێك لەو شوێنە ئیش دەكات، هەر لە بۆیاخچی پێڵاوەوە تا شۆفێری تاكسی" حەمید بە نیگەرانییەوە بۆ پەرەگراف باسی لەوەكرد، لەكاتێكدا پەنابەر و ئاوارە بە كرێی كەمتر قایل دەبن و بەوهۆیەوە كەس كار بە خەڵكی رەسەنی دهۆك نادات، "ئاوارەكان پارەی ئاو و كارەبا نادەن و هێندەی ئێمە فشار و خەرجییان لەسەر نییە".
نزیكەی 343 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە شارو شارۆچكە و كەمپەكانی دهۆك دەمێننەوە، هەندێك لە پەنابەران نزیكەی 13 ساڵە و ئاوارەكانیش زۆرینەیان 10 ساڵە لە پارێزگاكەدا نیشتەجێن.
حەمید زێباری دەڵێت، دەستكەوتنی كار بە گشتی كەمبۆتەوە، لەژێر كاریگەری دواكەوتنی موچە و هەندێك كێشەی تر، بەڵام لە دهۆك بارودۆخەكە جیاوازترە بەراورد بە هەموو ناوچەكان، چونكە ئاوارە و پەنابەری زۆری تێدایە، "وایلێهاتووە زۆرجار لەماڵ دەردەچین بەنیەتی ئیشكردن، بەڵام بە دەست بەتاڵیی دەگەڕێینەوە ماڵەوە".
دهۆك لە بێكاریدا یەكەمە لە هەرێمی كوردستان، ئینجا هەولێر و پاشان سلێمانی دێت، بەپێی ئامارەكانی دەزگای ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵانی 2014 – 2016. هەروەك چۆن بەپێی ئاماری هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانیش، دهۆك بە هەژارترین پارێزگای هەرێم دادەنرێت.
"بە دڵنیاییەوە مانەوەی ئاوارە و پەنابەران كاریگەریی زۆریان لەسەر ژیانی خەڵك داناوە، بە تایبەت لە دەستكەوتنی كار، چونكە زۆرینەیان كرێكاری دەكەن و بەوهۆیەوە بە زەحمەت ئێمە كرێكاریشیمان دەستدەكەوێت" سابر موسا، هاوڵاتپی خەڵكی دهۆك بۆ پەرەگراف وای وت. ئەو پێشمەرگەیە و لەكاتی پشووەكانیدا كرێكاری دەكات، چونكە وەك خۆی دەڵێت، موچەكەی بەشی خەرجیی و پێداویستییەكانی ناكات.
موسا گومانی نییە لە هەموو كوردستان بێكاری هەیە، بەڵام پێیوایە بە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران، هەلیكار بۆ ئەوان دەڕەخسێت، "لە مەیدانی كرێكاران كە ئێمە بۆ دەستكەوتنی كار دەوەستین، زۆرینە لەوێ ئاوارە و پەنابەرن كە كرێكارییان بەردەكەوێت".
حكومەتی فیدراڵی عێراق، بڕیاریداوە لە كۆتایی تەمموزی ئەمساڵ كۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەیی بهێنێت و داوادەكات هەموو ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بگەڕێنەوە تا كەمپەكان بە یەكجاری دابخات، ئەوەش لە بەرانبەر پێدانی چوار ملیۆن دینار و چەندین هاوكاری دیكە بە هەر خێزانێك.
شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری ئیداری بۆ پەرەگراف وتی "بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە شنگال و سوریا جێگیر نییە، تا ئاوارە و پەنابەران بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، ڕاستە حكومەتی عێراق بریاریداوە بەگەڕانەوەی ئاوارەكان بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی كردەییمان نەبینیوە".
هەروەها جەختیكردەوە، هیچ ئاوارە یاخود پەنابەرێك بە زۆر ناگەڕێننەوە بۆ شوێنی خۆی، تا لە پارێزگای دهۆكیش بن، حكومەتی هەرێم و ئیدارەی پارێزگا خزمەتیان دەكات.
ژمارەی ئاوارەكانی دهۆك زیاتر لە 258 هەزار كەسە، كە نزیك بە نیوەیان لە 15 كەمپدا دەمێننەوە و زۆرینەش ئێزیدین، بەڵام پەنابەران ژمارەیان دەگاتە 84 هەزار كەس و زۆرینە لە پێنج كەمپدا دەژین، بەپێی ئامارە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
شێرزاد عیدۆ، خەڵكی شنگالە و نزیكەی 10 ساڵە ئاوارەیە، ئەویش وەك خەڵكی دهۆك ناڕازییە و دەڵێت بێكارییە، "رۆژانە بە 10 تا 20 هەزار دینار كرێكاری دەكەم، بەڵام زۆر رۆژ كارم دەستناكەوێت، ئەمە حاڵی رۆژانەی منە"، عیدۆ بە پەرەگراف-ـی وت، لە هۆتێل دەمێنێتەوە، چونكە خێزانەكەی لە كەمپێكی شێخان نیشتەجێن و ناتوانێت رۆژانە هاتوچۆ بەو رێگایەدا بكات.
"ئێمە حەز دەكەین بگەڕێینەوە، بەڵام بە مەرج"، ئەو مەرجانەی شێرزاد عیدۆ لە بارەی گەڕانەوەی ئاوارەكانەوە باسیكرد، سەقامگیری ئەمنیی لە پێشەنگیدایە، بەدوای ئەودا خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاو و كارەبا و رێگەوبان دێت لە زێدی خۆیاندا، كە شەڕی چەند ساڵە داعش وێرانی كردووە.
گەڕانەوەی پەنابەران، بە تایبەت پەنابەری خۆرئاوای كوردستان نادیارە بەهۆی ناسەقامگیری ئەو وڵاتە كە لە 2011ـەوە بەردەوامە، بەڵام زۆرێك لە ئاوارەكانی ناوخۆ بە پاساوی وێرانەیی ناوچەكانیان ئامادەی گەڕانەوە نین، حكومەتی هەرێمیش بە بڕیارەكەی بەغدا بۆ داخستنی یەكجارەكی مەلەفی ئاوارەیی قایل نییە.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم 6ـی حوزەیرانی 2024 لە مەراسیمێكدا لەشاری هەولێر، وتی نیگەرانن لە بڕیارەكەی حكومەت بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەیی، چونكە لە كاتێكدا هیچ زەمینەسازییەك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان نەكراوە و نەك خزمەت بە گەڕانەوەیان ناكات، بەڵكو بێ هیوایان دەكات و وادەكات كۆچ بكەن، بەپێی وێبسایتی رەسمی حكومەت.
"هەرێمی كوردستان نابێتە بەشێك لە گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەكان"، ئەحمەد دەڵێت لەگەڵ گەڕانەوەی "ئارەزومەندانە و سەربەرزانە"ـی ئاوارەكانن.
بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم، خەرجیی ڕۆژانەی ئاوارەی ناوخۆیی و پەنابەرانی سوریی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە و ساڵانە پێویستیان بە دەوروبەری 800 ملیۆن دۆلار هەیە تا پێداویستی و خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین بكەن، لە كاتێكدا زۆربەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش پاڵپشت بە داواكاری و فشاری حكومەتی عێراق خەریكە بە یەكجاری هاوكارییەكانیان بۆ ئاوارەی كەمپ رادەگرن.
پیردیان جەعفەر، بەرێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێم بۆ پەرەگراف وتی "تائێستا هیچ كەسێك بەپێی ئەو بڕیارەی حكومەتی عێراق ناوی خۆی تۆمارنەكردوە تا بگەرێتەوە كە بریتییە لە پێدانی چوار ملیۆن دینار و هاوكاری تر بەوپێیەی دەیەوێت تا كۆتایی تەمموز كەمپەكان دابخات".
خەرجیی زۆری ئاوارەكان كەوتۆتە سەر ئەستۆی حكومەتی هەرێم، بەوتەی پیردیان جەعفەر، هەرچەندە هەرێم خۆی بەدەست قەیرانی دارایی و دابیننەكردنی موچەی فەرمانبەرانەوە چەندین ساڵە دەناڵێنێت، "رێكخراوەكان هاوكارییەكانی خۆیان بۆ ئاوارەكان زۆر كەمكردۆتەوە، بۆیە هەندێك مەلەف بەتەواوی حكومەتی هەرێم دەیكات وەكو خاوێنكردنەوە و فرێدانی زبڵ و خاشاكی كەمپەكان، تەندروستی ، كارەبا و زۆر بابەتی تر" بەوتەی لێپرسراوەكەی كۆچ، كە جەختیكردەوە "بەزۆر كەس ناگەڕێنینەوە و تا لێرەبن خزمەتیان دەكەین".
پارێزگای دهۆك، كە هاوسنورە لەگەڵ وڵاتانی توركیا و سوریا، دوو دەروازەی سنوری فەرمیی تیادایە و ناوەندێكی بازرگانی گرنگە بۆ نەینەوا و شارەكانی تری عێراق، لە حەوت قەزا و 31 ناحیە پێكهاتووە و ژمارەی دانیشتوانی بەپێی دەستەی ئامار، زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار كەسن.