پەرەگراف- دهۆک
تەنیا لە مانگێكدا شەش رۆژنامەنووس دەستگیركراون، بەهۆی روماڵی لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، كە چەند هەفتەیەكە بەردەوامە و ناوچە سنورییەكانی دهۆكی كردۆتە گۆڕەپانی شەڕ.
دوایین روداو، 13ـی تەمموزی ئەمساڵ بوو، كاتێك تیمی رۆژنامەوانی كەناڵی ئاسمانیی هەشت دەستەبەسەركران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دهۆكەوە لە قەزای ئامێدی و رێگەنەدرا روماڵ بكەن، بە سێ رۆژ پێشتریش، پەیامنێرێكی كەناڵی ئاسمانی زووم بەهەمانشێوە روبەڕوی هەمان بارودۆخ بووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی ئەو دوو كەناڵە، كە بارەگای سەرەكییان لە شاری سلێمانییە، دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسەكانیان لەسەر روماڵی لەشكركێشی توركیا بووە. بەڵام رۆژنامەنوسانی هەردوو كەناڵەكە ئامادەنەبون لێدوان لەسەر رێگریی و دەستبەسەركردنیان بۆ پەرەگراف بدەن.
توركیا لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بەرەو قوڵایی ناوچەكانی پارێزگای دهۆك هێزی زەمینی بە چەكی قورسەوە رەوانە دەكات، بە پاساوی شەڕی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و مانگێك زیاترە لە چەندین ناوچە بە تایبەت لە سنوری ئامێدی، شەڕ و پێكدادانی توند هەیە و خەڵك ئاوارەبون.
"نەك جارێك، بەڵكو چەندجارێك رێگرییان كردووە بچینە ناوچەكانی زیانلێكەوتوی شەڕ بۆ روماڵ، تەنانەت لە خودی خۆم رێگری كراوە" بەوتەی بڕیار نێروەیی، لێپرسراوی ئۆفیسی كەناڵی ئێن ئاڕتی لە دهۆک بۆ پەرەگراف، وتیشی "ئێمە مۆڵەتی فەرمی كاركردنمان هەیە و تەنیا مەبەستمان روماڵی پیشەییانەی شەڕ و ئاڵۆزییەكانە بۆ رایگشتی، ئیتر چۆن بۆ روداوێكی ئاوا گەورە دەبێت رێگری بكرێت".
بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، رۆژنامەنووس ئازادە بۆ كاركردن و مافی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەرچاوەی جیاوازەوە و بۆی هەیە لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا بۆ روماڵ ئامادەبێت. هەر ئەو یاسایە، قەدەغەی كردووە رۆژنامەنووس لەسەر پیشەكەی بەبێ بڕیاری دادوەر و ئاگاداری پێشوەختەی سەندیكای رۆژنامەنوسان، دەستبەسەربكرێت و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت.
كامەران عوسمان، لە تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی (CPT)ـی ئەمریكی کە ساڵانێكە چاودێری رەوشی رۆژنامەنوسان و لەشكركێشییەكانی توركیا دەكەن، بۆ پەرەگراف وتی "لە 15ـی حوزەیرانەوە تا 15ـی تەمموز، شەش رۆژنامەنووس لە سنوری بادینان دەستگیركراون بەهۆی روماڵی لەشكركێشی توركیاوە، بەڵام دەستگیركراوەكان دوای چەند كاتژمێرێك ئازادكراون".
ئەو بارودۆخە هەر لە دهۆك نییە كە چەقی ئاڵۆزییە چەكدارییەكانی توركیا و پەكەكەیە ئێستا، بەڵكو لە سلێمانی، چەند رۆژێك لەمەوبەر هێزە ئەمنییەكان دەستیانگرت بەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانی ئاژانسی رۆژنیوز، لەسەر روماڵی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەردەركی سەرا دژی لەشكركێشی توركیا، بەپێی راگەیەندراوێكی رۆژنیوز.
سەرباری ئەوەش هێشتا كامەران عوسمان پێیوایە بەراورد بە لەشكركێشییەكانی رابردووی توركیا، "ئەمجارە رۆژنامەنووس زیاتر دەستكراوەتر بون لە وەرگرتنی زانیاری و روماڵ".
توركیا ساڵانێكە بە پاساوی پەكەكەوە سنوری هەرێمی كوردستان دەبڕێت و ئەمجارە بەپێی ئامارەكانی (CPT)، دەیان كیلۆمەتر لە ناوچەكانی ئامێدی بە هێزی زەمینی و ئاسمانی شەڕ دەكەن، ئەوەش بۆتە هۆی چۆڵبونی ژمارەیەك گوند، ئاوارەبوونی هاوڵاتیان و تەنیا لەمساڵیشدا نۆ هاوڵاتی لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكاندا شەهیدبون.
فەرهاد مەحمود، قایمقامی قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ پەرەگراف رونیكردەوە "هیچ نوسراوێك لە حكومەتەوە نەهاتووە كە روماڵی شەڕ لە ناوچەكە قەدەغە بێت، هەرچەندە ئێستا شەڕ و ئاڵوزی لەسنوری قەزاكەماندا نەماوە، بەڵام پێش دوو ساڵ هەبوو".
هەروەها دەڵێت ئەوكاتەی شەڕ هەبووە، مۆڵەتیان بە رۆژنامەنووسان داوە روماڵ بكەن، لەگەڵ رێنمایی تایبەت تا گیانی خۆی بپارێزێت و هاوكات "زانیاری باش و راست لەسەر بارودۆخەكە وەربگرێت و بیگوازێتەوە".
بەڵام لە یاسای رۆژنامەگەری، هیچ ماددە و بڕگەیەك دانەنراوە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی روماڵ لەلایەن رۆژنامەنوسانەوە لە هیچ بارودۆخێكدا و جەخت لەوەشكراوە رۆژنامەنووس سەربەخۆیە لە بەجێهێنانی ئەركە پیشەییەكەی هیچ دەسەڵاتێكی بەسەرەوە نییە جگە لە دەسەڵاتی یاسا.
بڕیار نێروەیی لەگەڵ ئەوەدانییە رۆژنامەنووس مۆڵەت وەربگرێت بۆ رووماڵ، "روداوەكە زۆر گەرمە و لەوانەیە ئەگەر موڵەت وەربگری تا 24 كاتژمێر پێویستبكات چاوەڕێی وەڵام بكەیت یان زیاتر، بەوەش ناتوانی روداوەكە بە باشی و هەموو شتێك بگوازیتەوە"، لێپرسراوی ئۆفیسی دهۆكی ئێن ئاڕتی داواشیكرد لەبری رێگری، ئاسانكاری بۆ روماڵی میدیایی بكرێت تا قەبارەی زیانەكانی شەڕ بە رایگشتی بگەیەنن.
ئەوەش لەكاتێكدایە دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەت، نەك هەر زانیاری لەسەر شەڕ و ئاڵۆزییەكان بە میدیا نادەن، بەڵكو تائێستا تەنیا راگەیەندراوێكی رەسمی و تایبەت بە لەشكركێشی تورکیا بۆ رایگشتی بڵاونەكراوەتەوە.
ڤیان عەباس، لێپرسراوی لقی دهۆكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "بەهیچ شێوەیەك قەدەغە نییە و رۆژنامەنوس دەتوانێت روماڵ لەو ناوچانە بكات، بەڵام پێویستە موڵەتیش لە دەزگا ئەمنییەكان وەربگرێت ئینجا بڕوات، چونكە پاراستنی گیانی رۆژنامەنووسیش لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكاندایە".
لەمساڵدا بەپێی ئاماری سەندیكا تائێستا "تەنیا سێ پێشێلكاری تۆماركراوە لە دهۆك"، لە كاتێكدا ساڵی رابردوودا بەهەمان ماوە 30 حاڵەتی پێشێلكاری هەبووە.
بەوتەی ڤیان عەباس، زۆری حاڵەتەكانی ساڵی رابردوو بەهۆی لێكتێنەگەیشتنەوە بووە، بەڵام ئەمساڵ ئەو سێ حاڵەتەی پێشێلكاری دژی رۆژنامەنووسان یەكێكیان لە شیلادزێ و دوانیان لە ناوچەكانی شەڕ و ئاڵۆزی بون، "لە كەیسەكاندا لەگەڵیاندا بووین تا ئازادكران".
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 78 حاڵەتی پێشێلکاریی بەرامبەر 145 رۆژنامەنووس تۆمارکراوە و زۆرترینیان رێگری لە رووماڵ بووە، بەپێی ئامارێكی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان.
كامەران عوسمان پێیوایە جیاكاری هەیە لە رێگەپێدانی میدیا بۆ روماڵی ناوچەكانی شەڕ، "لە بەدواداچونەكانماندا دەركەوت هەندێك دەزگای ڕاگەیاندن بەبێ ئاگاداركردنەوەی ئیدارەی قەزا و دەزگا ئەمنییەكان دەیانویست روماڵی ئەو ناوچانەی شەڕ و ئاڵوزی بكەن بۆیە رێگرییان لێكراوە لەبەرامبەریشدا ئەوانەی پێشتر هەماهەنگییان كردووە لەگەڵ دەزگا ئەمنیی و ئیدارییەکان، هیچ رێگرییەكیان لێنەكراوە، بەڵام بەگشتی رێگا بەهیچ دەزگایەك نادەن بەشەو روماڵی ئەو ناوچانە بكات".
تیمی كوردستانی عیراقی رێكخراوی (CPT) گفتوگۆیان لەگەڵ ئیدارەی دهۆك كردووە و بەقسەی ئەوان؛ پێویستە دەزگای میدیایی پێش ناردنی تیم بۆ روماڵی ناوچەی شەڕ، بە نوسراوێكی رەسمی ئیدارەی شار و لایەنی ئەمنی ئاگاداربكەنەوە.
ڤیان عەباس دەڵێت، تا كۆتایی هەر پشتگیری رۆژنامەنووسان دەكات، ئەگەر تۆمەتباریش بێت، بەڵام رەخنەشی هەیە و بەپێویستی دەزانێت خولی گەشەپێدانی زیاتر ببینن، باكگراوندیان لەبارەی رێنمایی و رێكارەكانەوە هەبێت.