پەرەگراف
ئەحمەد بەدەم قسەکردنی بۆ پەرەگراف لە وێنەی ئەو خێزانەی دراوسێیان ڕادەما کە لە ڕێی گەیشتن بە ئەوروپا لە ئاوەکانی ئیتاڵیادا خنکان و سەرەتای ئەم مانگە تەرمەکانیان گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو ڕووداوە جەرگبڕەو چەندین مەرگەساتی دیکەی لەو جۆرە، ئەحمەدو هاوڕێکانی سارد ناکاتەوە لە گرتنەبەری ڕێی پڕمەترسیی قاچاخ بۆ گەیشتن بە بەریتانیا.
"لە پێناوی گۆڕینی ژیانی خۆمدا دەڕۆم، پێموایە لە ڕووی ماددی و مەعنەوی ژیانم دەگۆڕێت بەتایبەت ماددی. گەنجی ئێستا کە بیرۆکەی ڕۆیشتنی هەیە هەمووی بۆ ماددییە، ئەوەی لێرە دەیکەم لەوێ بیکەم چوار ئەوەندە پارەم دەست دەکەوێت" ئەحمەد لە گفتوگۆیەکی ڕوبەڕودا بۆ پەرەگراف وای وت –ئەحمەد ناوی خوازراوەو پەرەگراف بۆ سەلامەتیی ئەو پێی باش نەبوو ناوی ڕاستەقینەی بنوسێت-.
لە مۆبایلەکەیدا وێنەی ئارام و هاوژینەکەی و دوو منداڵە کچەکەیانی پیشاندام، ئەوان مانگی ڕابردوو یەختەکەیان لە ئاوەکانی ئیتاڵیادا نقوم بوو و خنکان، شەوی ٢-٨-٢٠٢٤ تەرمەکانیان لەگەڵ تەرمی ٩ کۆچبەری دیکە گەیشتنەوە هەولێرو ڕۆژی دواتر لە قەڵادزێ بەخاک سپێردران.
ئەحمەد وتی "کە ئەم ڕوداوانە دەبینم ترسێک لەلام دروست دەبێت بەڵام حەز زاڵە بەسەرمدا، جار هەبووە هاتوەتە مێشکمەوە وتومە ئەی ئەگەر خنکام یان بێسەرو شوێن بووم، بەڵام هەمان کات وتومە ئەی ئەگەر دەرچووم؟ کەبیر لەوە دەکەمەوە ترسەکەم نامێنێت".
لە وەڵامی ئەوەی ئێستا کە دەیەوێت بڕوات زیاتر لە چی دەترسێت؟ ئەحمەد وتی "مردن نا بەس لە گەڕانەوە، دەترسم بگەڕێمەوەو نەگەم، چونکە ئاواتمە".
ئەوکەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپاو پاشان بەریتانیا، سەرەتا بە ڤیزە دەچنە تورکیا، پاش چەند شەوێک مانەوە، قاچاخچییەکان دەیانخەنە یەختەوەو بە ئاوی پڕمەترسیی دەریای ئیجەو دەریای ناوەڕاستدا بەرەو ئیتاڵیا ڕەوانەیان دەکەن، زۆرترین قوربانییەکان لەو ئاوەدایە کە هەزاران کۆچبەری تێدا خنکاون و زۆرێکیش تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.
بەپێی پڕۆژەی کۆچبەرانی ونبووی ڕێکخراوی نێودەوڵەت کۆچ، ژمارەی ساڵانەی مردن و بێسەروشوێن بوونی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست لە ٢٠٤٨ کەس لە ساڵی ٢٠٢١ بەزربووەتەوە بۆ ٢٤١١ کەس لە ساڵی ٢٠٢٢دا، لە ساڵی ٢٠٢٣شدا زیاتر بەرزبووەتەوەو تەنها ئەو ساڵە ئامارەکە بووە بە ٣٠٤١ کەس.
ئەحمەد قسەی لەگەڵ قاچاخچی کردووەو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی کوردستان بەرەو تورکیا جێدەهێڵن و پاشان ڕێی ئەوروپا بە یەختی قاچاخ دەگرنەبەر بە ئامانجی گەیشتن بە بەریتانیا.
"لەگەڵ قاچاخچی بە تەلەفۆن قسەم کردووەو یەکلاییم کردووەتەوە، ڕەنگە لەگەڵ ئەو وەجبەیە بڕۆم کە پارەکەی زیاترە، بەڵام کۆچبەری کەمتر سوار دەکات لە یەختەکە لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ کەس، ئەمە پێی دەڵێن ڤی ئای پی و بە ١٢٥ وەرەقەیە(١٢٥٠٠ دۆلار)، جۆرەکەی دیکەش یەختی ئاساییە کە لە نێوان ٥٥ بۆ ٧٠ کەس سوار دەکات بە ١١٠ وەرەقە(١١٠٠٠ دۆلار)" ئەحمەد وای وت.
قاچاخچییە کوردەکان زۆربەیان خەڵکی قەڵادزێ و ڕانیەن و لە تورکیا دەژین، ئەوان خۆیان پیشانی کۆچبەران نادەن و کاتێک کۆچبەرەکان دەگەنە تورکیا لەڕێی خەڵکی خۆیانەوە یان دەیانبەنە ئوتێل یاخود شوقە، کۆچبەران چەند شەو لە تورکیا بمێننەوە شوێنی مانەوەیان لەسەر قاچاخچییەکانە تا ئەو کاتەی دەیانخەنە یەختەوەو بەڕێیان دەکەن.
قاچاخچییەکی کورد کە بە مەرجی ناونەهێنان و ئاشکرانەکردنی ناسنامەکەی لە ئەستبوڵەوە بە تەلەفۆن بۆ پەرەگراف قسەیکرد، وتی "خەڵک خۆیان دێن، گەنج و خێزان بە ماڵ و منداڵەوە، ڕۆژانە دەیان پەیوەندیمان پێوە دەکرێت لە کوردستانەوە داوا دەکەن کەی وەجبەمان ئامادە دەبێت ئەوانیش بێن و بیان نێرین".
ئەو قاچاخچییە وتیشی "ڕێگاکە مەترسیدارە، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین سەلامەت بن قەزاو قەدەریش بەدەست خوایە کەس حەز ناکات کارەسات ڕووبدات، ئێمەش ئەم کارە نەکەین خەڵکی دیکە هەر دەیکەن بەتایبەت قاچاخچیی عەرەب، لەبەرئەوە کێشەکە ئێمە نین، خەڵکەکە خۆی بێزارەو بەهەر ڕێگایەک بێت دەیەوێت کوردستان جێبهێڵێت".
ڕۆژی ٧-٨-٢٠٢٤ 70 کۆچبەری کورد بەهۆی کونبوونی بەلەمەکەیان لە نزیک دوورگەیەکی یۆنان مەترسیی خنکانیان لەسەر بوو، بەڵام دواتر لە رێگەی نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکانەوە هێزی دەریاوانیی ئەو وڵاتە ئاگادارکرایەوە و رزگارکران.
بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، ڕۆژی ٨-٨-٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ''زیاتر لە 40 کەس لە سەرنشینانی ئەو بەلەمە، خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون کە بەخۆشحاڵییەوە سەرجەمیان رزگارکران".
بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە 7 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپاو بەتایبەت بەریتانیا کردووە کە 43یان لەو ڕێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
بەکر عەلی دەڵێت، دەڤەری راپەڕین پشکی شێری لە کۆچ کردن و قوربانییان بەرکەوتووە، وتی ''لەو پێنج هەزار کۆچبەرە، لانیکەم هەزار و 200 کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن".
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، هۆکاری زۆریی کۆچکردنی گەنجانی دانیشتووی دەڤەری راپەڕین بۆ نەبوونی دەرفەتی کار گەڕاندەوە، وتیشی ''بەشێکیش بووەتە دیاردە و چاولێکەری، ئەگەرنا هەموویان باش دەزانن وڵاتانی ئەورووپا ئەو بەهەشتە نییە کە بیری لێ دەکەنەوە".
ئەحمەد دوو ساڵە لە سلێمانییەو لە کۆمپانیایەکی دانانی سیستمی شۆڤاژ کرێکاری دەکات، چەند هاوڕێیەکی لە بەریتانیان و وەک خۆی دەڵێت، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی گەیشتنی دەکەن.
"دەچم بۆ بەریتانیا، چونکە هاوڕێکانم لەوێن و ئیش و پارەکەشی لە وڵاتانی دیکە باشترە، ئەو کارەی لێرە دەیکەم لەوێ بیکەم چوار ئەوەندەی ئێرەم دەست دەکەوێت".
بەریتانیا کە خواستێکی زۆری لەسەر بۆ کۆچبەران، ئێستا بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و شەپۆلێکی خۆپیشاندانی فراوان دژی کۆچبەران لە 30ی تەمموزی ئەمساڵەوە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
خۆپیشاندانەکان دوای ڕووداوێک سەریانهەڵدا کە تێیدا هاوڵاتییەکەی بەریتانی کە دایک و باوکی خەڵکی ڕواندان بە چەقۆ سێ کچی گەنجی کوشت و ژمارەیەکی دیکەشی بریندار کرد، ئەوەش وایکرد خۆپیشاندانی فراوان سەرهەڵبدات و چەندەها توندوتیژی دژی پەنابەران و ماڵ و شوێنی کارکردنیان ئەنجامدران و زیانێکی زۆری لێکەوتەوەو تائێستاش بەردەوامە.
ئەحمەد مانگانە ٩٠٠ هەزار دینار لە کارەکەی وەردەگرێت، بەڵام پێش ئەوەی بێتە سلێمانی لە قەڵادزێ ڕۆژانە ١٣ کاتژمێر کاری کردووە مانگی بە ١٧٥ هەزار دینار، ئێستا هاوڕێی هەیە لە قەڵادزێ ڕۆژی بە ٤ هەزار دینار کاردەکات.
"پێشتر ٣ شەفت کارم کردووە لە قەڵادزێ بە ١٧٥ هەزار دینار، هەشتی بەیانی دەچووم بۆ دوکانی ئێکسسواراتی ژنان ١٢ دەهاتمەوە، یەک دەچومەوەو پێنج دەهاتمەوە، حەوت دەچوومەوە تا ١١ی شەو".
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف و قسەکردن لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی هەرێمی کوردستان، زۆرینەی ئەوانەی دەیانەوێت کۆچ بکەن دوو پاڵنەری سەرەکییان هەیە؛ یەکەم دۆخی ئابوری و پارە پەیداکردن، دووەم هاوڕێیان لە وڵاتانی ئەوروپاو بەریتانیا هەیەو ئەوە وایکردووە حەزێکی زۆریان لادروست ببێت بۆ کۆچکردن.
بەپێی ئاماری ڕێكخراوێكی دیاری پەنابەران، لە ماوەی شەش ساڵدا زیاتر لە نیوملیۆن هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی جیهان داوای مافی پەنابەرێتییان كردووە، هەرلەو ماوەیەدا زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە یاخود بێسەروشوێن بوون.
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران كە ڕێكخراوێكی دیاری پەیوەست بە كاری پەنابەرانە لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت "649 هەزار و 273 هاووڵاتیی عێراقی لە ماوەی ساڵانی 2015 تا 2021، داوای مافی پەنابەرێتییان پێشكەشی وڵاتانی جیهان كردووە. لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا 296 كۆچبەری عێراقی گیانیان لەدەست داوە و 216ی دیكە بێسەروشوێن بوون".