حیزبەکانی ڕۆژهەڵات داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن 'هێڵی سوور' بۆ گوشارەکانی ئێران دابنێت
پەرەگراف
حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیگەرانن لە گواستنەوەی ناچارییان لە زڕگوێزەوە بۆ کەمپی سوورداش و بە "شکاندنی شکۆی حکومەتی هەرێم" لە قەڵەمی دەدەن، داواش لە حکومەتی هەرێم دەکەن "هەندێک هێڵی سوور بۆ داواکاری و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرەکەی، واتە دەوڵەتی عێراق دابنێت".
لە چوارچێوەی تووندکردنەوەی گوشارەکانی ئێران بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی دوو ساڵ لەمەوبەری ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق، ڕۆژی ٦-٩-٢٠٢٤ یەکەم ژمارەیەک کەس و خێزانی حیزبی کۆمەڵە گواسترانەوە بۆ کەمپی سوورداش وەک یەکەم قۆناغی گواستنەوەو پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
هەریەکە لە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران(کۆمەڵە)، حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کە ئۆپۆزسیۆنی چەکداری ئێرانن ماوەی ٣٠ ساڵە لە سێ گوندی ناوچەی زڕگوێز نیشتەجێن و بارەگایان هەیە.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دوای ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و عێراق ئەنجامداوە و هەوڵیاندا ڕازییان بکەن کە شوێنەکانیان نەگوازنەوە، بەڵام هەوڵەکان بێسوود بوون.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوە دەخاتەڕوو، لە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ شاندێکی حکومەتی عێراق لە سلێمانی، "تەنیا نەرمییەکی بەرچاو کە لەخۆیان نیشانیان دا ئەوە بوو کە هاوڕێیانی ئێمە دەتوانن وەک هاوڵاتی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بن، بەم شێوەیە گفتوگۆکان بە بنبەست گەیشتن".
پاشان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کە حیزبی باڵادەستە لە سلێمانی گفتوگۆکان درێژەی هەبووە، "جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم ڕادەیە لە پێداگریی کۆماری ئیسلامی لەسەر گواستنەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، هیچ پەیوەندییەکی بەو مەترسییە ئەمنییەوە نییە کە گوایا لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی ئێمەوە بەرەو ڕووی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە، بەڵکوو بەشێکە لە شەڕێکی دەروونی کە لە دژی خەڵکی کوردستانی ئێران و بۆ شکاندنی شکۆی هەرچی زیاتری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە" ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵە وادەڵێت.
کۆمەڵە ڕەخنەی تووندیش لە یەکێتی دەگرێت و دەڵێت "بێ گومان دوکەڵی ئەم سیاسەتە دەچێتە چاوی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشەوە. ئێمە جەختمان لەوە کردەوە کە لەبەر بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی خۆشتان بووبێت، نابێ ببنە ئامرازی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە".
ڕێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کە مانگی سێی ٢٠٢٣ لە نێوان هەردوو وڵات و بە ئامادەیی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، سەرەکیترین خاڵی چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێم و نیشتەجێکردنیانە لە کەمپدا و دوای زیاتر لە ساڵێک واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، ئەو خاڵە کە بەلای ئێرانییەکانەوە گرنگترین بەشی ڕێککەوتنەکەیەو چووەبواری جێبەجێ کردنەوە.
بەرپرسێکی باڵای یەکێتی جەختی لە هاوسۆزیی حیزبەکەی دەکاتەوە بۆ خەبات و قوربانیدانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام نایشارێتەوە کە حیزبەکەی دەسەڵاتی نییە لەم دۆسیەیەداو فشارەکانی ئێران "تووند و هەڕەشە ئامێزن".
ئەو بەرپرسە کە داوایکرد ناوی نەهێنرێت بەهۆی هەستیاریی دۆسیەکەوە، بۆ پەرەگراف وتی "گواستنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ سوورداش پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان دوو دەوڵەتە کە عێراق و ئێرانن، عێراق واژۆی لەسەر کردووەو بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی و ئێرانییەکانیش بەدەوام فشار دەکەن و هەڕەشەی مووشەکبارانی بارەگای ئەو حیزبانە دەکەن ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت".
پێشتر ئێران بە پاساوی بوونی هەڕەشەی "گرووپە چەكدارییە جوداخوازەكان" لە سنوورەکانەوە بۆ سەر وڵاتەكەی، بە بەردەوامی مووشەکبارانی هەرێمی کوردستانی کردووە. لە مانگەكانی كۆتایی 2022ـدا هێرشەكانی چڕ كردەوە و چەند جارێك بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی لە قووڵایی خاكی هەرێمدا بە مووشەكی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژكراو كردە ئامانج و بەهۆیەوە نزیکەی ٢٠ ئەندامی ئەو حیزبانە کوژران و زیاتر لە ٥٠ی دیکە برینداربوون.
بریندارێکی کۆمەڵە بەهۆی بۆردومانی ئێران بۆسەر زڕگوێز، ٢٨-٩-٢٠٢٢. وێنە؛ هەردی عوسمان- پەرەگراف
حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەستیاریی دۆخەکەو فشارەکانی ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان تێدەگەن، ساڵی ڕابردوو بنکەو بارەگا سەربازییەکانیان لە ناوچە سنورییەکانی چۆمان و چیای هەڵگورد چۆڵ کرد لە پێناو ڕاگرتنی فشارەکانی ئێران، بەڵام پێیانوایە عێراق و هەرێمی کوردستان نابێت بە تەواوەتی بکەونەژێرباری فشارەکانەوە.
کۆمەڵە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "ئێمە پێمانوایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت، لەمەودواش، هەندێک هێڵی سوور بۆ داواکاری و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرەکەی، واتە دەوڵەتی عێراق دابنێت".
دەشڵێت "دەتوانن بەبێ ئەوەی هیچ پێویستی بە دنەدان و دوژمنایەتییەکی پێشوەختە بێت، لە هەمانکاتدا کە پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەپارێزن، سنوورێکیش بۆ دەستێوەردانی ئەم ڕژیمە لە کاروباری ناوخۆیاندا دابنێن، کە بێ گومان ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی لەو شێوەیە بەهێزتریان دەکات".
دەستپێکردنی قۆناغی گواستنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ کەمپ، هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی دووەم ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینیی کە ١٦ی ئەم مانگەیەو لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتانی دەرەوەش ئامادەکاریی بۆ چالاکیی و یادکردنەوەی دەکرێت و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چاویان لەوەیە خەڵک هەڵوێستی جەماوەریی پیشان بدەنەوە.
ژینا ئەمینی، كچێكی كوردی تەمەن 22 ساڵی شاری سەقز بوو، ڕۆژی 13-9-2022 لە كاتێكدا لەگەڵ براكەی چووبوونە شاری تاران، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە بیانووی ڕەچاونەكردنی باڵاپۆشی دەستگیر كرا، دواتر بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستیی ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا و لە ١٦ی هەمان مانگدا گیانی لە دەست دا.
مردنی گوماناویی ژینا بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی فراوان لە سەرتاسەری ئێران، كەسوكار و بەشێك لە چالاكان و كەسایەتیی دیكەش، دەڵێن مردنی ئەو كچە لە ئەنجامی لێدان لە سەری بووە، لەو كاتەی كە بۆ بنكەی پۆلیس گوازراوەتەوە، هەرچەندە حكومەتی ئێران ئەوەی ڕەتکردەوە.
بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەی كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دەیان شار و شارۆچكەی دیكەی ئێران لە ئەنجامی مردنی ژینا سەری هەڵداوە، بەپێی ئاماری ڕێكخراوەكان سەدان کەس کوژران و زیاتر لەوەش برینداربوون و دەستگیرکران.، زۆرکەس ئەو قۆناغە بە "شۆڕشی ژینا" ناودەبەن.
ئێران بەردەوام پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکرد کە دەستیان هەیە لە خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە، هەربۆیە فشارەکانی تەواو تووندکردووەتەوەو دەیەوێت لاوازیان بکات و دووریان بخاتەوە لە سەر سنوورەکانی وڵاتەکەی.
گواستنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە زڕگوێزەوە بۆ سووداش، دوای ئەوە دێت لە ١٩-٨-٢٠٢٤ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق داوای لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد کەمپی سوورداش تەرخانبکرێت بۆ نیشتەجێ کردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران.
هەرهەمان ڕۆژ، ئیڤان فائیق وەزیری کۆچ، وەڵامی نووسراوەکەی قاسم ئەعرەجی دایەوەو لاری نەبوونی پیشاندا لەو داوایەو تەرخانکردنی کەمپەکە بۆ ئەو مەبەستە.
نووسراوەکەی قاسم ئەعرەجی
وەڵامەکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران