پسپۆڕێکی ناوداری یاسای نێودەوڵەتی بۆ پەرەگراف باس لە پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەکات

13-09-2024 03:04
درۆنی تورکیا لە ٤-٩-٢٠٢٤ لە نزیک خەلەکان ئەم ئۆتۆمبێلەی بۆردومان کردو باوکێک و دووکوڕی کوژران کە خەڵکی ئیدارەی ڕاپەڕین بوون

پەرەگراف – ڕێنوار نەجم

لە ڕێی بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و ئەندامانی شەڕنەکەری پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، تورکیا پێشێلی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی دەکات و دەکرێت ڕێکاری یاسایی لە دژی ئەو کارانە لە دادگا و ناوەندە جیهانییەکان بگیرێنەبەر، ئەوەش بە وتەی پسپۆڕێکی ناوداری یاسای جیهانیی بۆ پەرەگراف.

فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی، بەتایبەتی لەڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکییەوە کە تەنیا لە ماوەی ٢٣ی ئاب تا ٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ ٨ کەس بەو هۆیەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی کوژراون.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەو ململانێیەی لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیادا هەیە، دەچێتە خانەی ململانێی چەکداریی ناوخۆیی (NIAC) و بەپێی ماددەی ٣ لە پەیماننامەی جنێڤ و یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی (IHL) یان یاسای ململانێ چەکدارییەکان (LOAC) ڕێکخراوە. 

هەرچەندە ململانێکانی پەکەکە و تورکیا لە سنووری دەوڵەتی تورکیا تێپەڕیوە و هاتووەتە سنووری دەوڵەتێکی دیکەوە، بەڵام ئەمە نایکات بە ململانێیەکی نێودەوڵەتی، چونکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەوەی بڕیار لەسەر ململانێیەک دەدات لایەنە بەشداربووەکانن، نەک شوێنی پێکدادانەکان، ئەوەش بە وتەی پڕۆفیسیۆر گابۆر ڕۆنا لە کۆلێژی یاسایی کاردۆزۆ لە نیویۆرک.

پڕۆفیسۆر گابۆر دەڵێت "بەئامانجگرتنی کەسانی مەدەنی و ژێرخانە مەدەنییەکان پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییە، زیانگەیاندنی نامەبەستیش بە کەسانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی تەنانەت لە دەرەنجامی هێرشکردنە سەر ئامانجی ڕێگەپێدراوی سەربازییش بێت هەر پێشێلکارییە، ئەگەر ئامانجی بەدەستهاتوو لە ئەنجامی ئەو هێرشە بە بەراورد بە زیانە مرۆییەکان ناهاوتا بێت".

بەو پێیەی تورکیا ئەندامە لە پەیماننامەی نێودەوڵەتیی بۆ مافە سیاسیی و مەدەنییەكان (ICCPR) و پەیماننامەی ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ (ECHR)، دەشێت پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی پێشێلکاریی ئەو پەیماننامانەش بن. پسپۆڕە یاساییەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دەکرێت سکاڵاکان لەبارەی پەیماننامەی نێودەوڵەتییەوە ئاڕاستەی لیژنەی مافی مرۆڤ و سکاڵاکان لەبارەی پەیماننامەی ئەوروپا ئاڕاستەی دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ بکرێت.

هەروەها پارتی کرێکارانی کوردستانیش پابەندبوونی بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ڕاگەیاندووە. پەکەکە لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٥ لە شاری جنێڤ ڕاگەیەندراوێکی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکردەوە و بەڵێنی دا ڕێز لە پەیماننامەکانی جنێڤ بگرێت. پەکەکە لە ساڵی ٢٠١١دا ئەو بەڵێنانەی زیاتر بەهێزتر کرد بە دەرکردنی پەیڕەوی خۆی بۆ ئەنجامدانی شەڕ و پێکدادانەکان کە بریتی بوو لە بنەماکانی وەک جیاکردنەوەی مەدەنی و کەسانی شەڕکەر، دوورکەوتنەوە لە ئامانجە مەدەنییەکان، هەروەها دەستەبەرکردنی مامەڵەی مرۆیی بۆ کەسانی شەڕنەکەر. جگە لەوەش، پەکەکە جەختی لە پاراستنی منداڵان و مامەڵەی مرۆڤانە لەگەڵ بریندارەکاندا کردەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی بریندارەکان سەر بە چ لایەنێکن. بەڵام هەندێک جار ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەیان ئاڕاستەی پەکەکە کردووە کە بە تەواوی پابەندی ئەو پەیماننامانە نەبووە کە واژۆی کردووە.

لەپاڵ بە ئامانجگرتنی کەسانی مەدەنی کە هەندێک جار قوربانییەکان منداڵن، تورکیا ساڵانێکە بە شێوازی جیاواز ئەندامانی پێشوو یان کادرە مەدەنییەکانی پەکەکە لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرێت، کە بۆ بەشێکیان بەرپرسیارێتیی هەڵدەگرێت و هەندێکی دیکەشیان سەرەڕای ڕاکێشانی پەنجەی تۆمەت بۆیان، بەڵام بێدەنگیی لێ دەکەن.

پڕۆفیسۆر گابۆر جەخت لەوە دەکاتەوە بەئامانجگرتنی کەسانی شەڕنەکەر "هەمیشە پێشێلکارییە دژ بە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی لە هەرشێوێنێک ڕوو بدات".

هەروەها ڕوونی دەکاتەوە، سنووربەزاندنی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەبێ ڕەزامەندیی دەسەڵاتدارانی هەولێر و بەغدا، ناچێتە چوارچێوەی پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، چونکە لە یاساکەدا باس لەو پرسە نەکراوە. بەڵام دەشێت ئەوە پێشێلکاریی سەروەریی خاکی عێراق و بەو پێیەش پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی بێت، "دەڵێم ‘دەشێت’ چونکە لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر و هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەندێک دەوڵەت (وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان)، بە ڕەوا و ڕێگەپێدراوی دەزانن لە دەوڵەتانی تردا چالاکیی سەربازیی ئەنجام بدەن بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتەکە ئەگەر ئەو دەوڵەتە ‘نەیەوێت یان نەتوانێت’ جڵەوی هێزە نادەوڵەتییەکان لەسەر خاکەکەی بکات کە هێرشی کردوەتە سەر دەوڵەتی یەکەم". 

پڕۆفایل

پرۆفیسۆر گابۆر ڕۆنا (Gabor Rona) پرۆفیسۆری پراکتیکە لە کۆلێژی یاسایی کاردۆزۆ، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و یاسای ململانێی چەکدارییە. وەک ڕاوێژکاری باڵای یاسایی لە لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و وەک بەڕێوەبەری یاسایی نێودەوڵەتی لە ڕێکخراوی ‘سەرەتا مافی مرۆڤ’ کاری کردووە. کارەکانی لەسەر یەکتربڕینی مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە، زۆرجاریش بەشداری لە مشتومڕە یاساییەکان و داکۆکیکردن لە پرسەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا دەکات. لە کاردۆزۆ کۆرسەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای ئاسایشی نیشتمانی دەڵێتەوە.