لە یەكەم دەنگدانیاندا؛ گەنجان چاویان لە دەرفەت و سزادانیشە

14-10-2024 02:00

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

گەنجان بە گڕوتینەوە چاوەڕێی ئەزمونی یەكەم دەنگدانیان دەكەن؛ هەندێكیان ئەو مافە وەكو دەرفەتێك بەكاردەهێنێت، لە نێویاندا هەیە هەر دوای قەرەباڵغیی دەكەوێت و بەشێكیشیان بەنیازن بیكەین بە چەك و هۆكارێك بۆ سزادان.

بەپێی بەدواداچونێكی پەرەگراف لە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، زۆرێك لە گەنجان، بە تایبەت تازە پێگەیشتوو و سەروو 18 ساڵ، كە یەكەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئامادەن بەشداری پڕۆسەكە بكەن و لە ئێستاشەوە بژاردەی خۆیان یەكلاكردۆتەوە.

"دەنگدان مافە، بە وەرگرتنەوەی کارتەکەم و چوونم بۆ دەنگدان ڕۆژی هەڵبژاردن پیادەی مافی خۆم دەکەم و دەنگ دەدەم بەو لیست و کاندیدەی دەتوانێت شەڕی مافەکانم بکات"، سایە دانا وای وت.

ئەو كچە تەمەنی 18 ساڵەو یەكێكە لەو گەنجانەی بە تامەزرۆییەوە هەرزوو كارتی دەنگدانەكەی وەرگرتووەتەوە، كە بەپێی یاسای هەڵبژاردن و دەستور، دەنگدان مافێكی جێگیرە و كەس ناتوانێت لێی زەوت بكات.

لە هەموو هەرێمی كوردستان؛ دوو ملیۆن و زیاتر لە 899 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، واتە كارتی بایۆمەترییان دەركردووە كە مەرجی سەرەكی بەشداریكردنە بەپێی رێكار و رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق.

نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پەرەگراف وتی "لەو ژمارەیەی دەنگدەران هەندێک لە هاوڵاتیان بۆ یەکەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە و بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام بە دروستی نازانین ژمارەیان چەندە".

بەپێی بەراوردكاری لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2018ـدا، ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی تەمەنی دەنگدانیان هەیە، لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 700 هەزار كەس زیادیكردووە، واتە ئەو كەسانەن بۆ یەكەمجارە دەنگ بە پەرلەمانی كوردستان دەدەن. بەڵام هەموویان بایۆمەترییان نییە و بەشێكیان ناتوانن بەشداربن.

ماردین عومەر، گەنجێكی هەڵەبجەییە، دەنگەكەی خۆی وەكو چەكێك دەبینێت، "دەنگەكەم بەکاردەهێنم دژی ئەو دەسەڵاتدارانەی چەندین ساڵە بەڵێنی ناڕاستمان پێ دەدەن و سزایان دەدەم" ئەو بۆ پەرەگراف وتی، پێویستە خەڵک هۆشیاربن و دەرفەت بە هێزی نوێ بدەن نەك ئەوانەی چەندین ساڵە لە دەسەڵاتدان.

هەزار و 191 كاندید هەن، لە چوارچێوەی 136 حزب و هاوپەیمانی یان بە شێوەی تاك، كێبڕكێی بەدەستهێنانی 100 كورسییەكەی خولی شەشەمی پەرلەمان دەكەن.

بەرنامە و كاری هیچ كاندید و لیستێك بۆ دالیا سەردار روون نییە، نازانێت كامیان دەتوانن ئاواتەکەی وەكو گەنجێكی 19 ساڵ بەدیدەهێنن، دالیا بە پەرەگراف-ـی وت "چەندین ساڵە ئەم حزبانە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن تائێستا فێرنەبوون بەرنامەیەکی روونیان هەبێت و بیانەوێت کاری لەسەر بکەن، ئەوەی هەیە هات و هاوار و راکێشانی سۆزی خەڵکە بۆئەوەی دەنگیان پێبدەن".

ئەو دڵخوازی خۆی لە نێو لیست و كاندیدەكاندا نەدۆزیوەتەوە، بەڵام دەنگدەدات، وتی "دوای قەرەباڵغی دەكەوم".

کەمی هەلی کار، دانەمەزراندنی زانکۆ و پەیمانگەکان گرفتە سەرەکییەکانی گەنجانن، بەڵێنی چەندین ساڵەی بەرپرسان و جێبەجێ نەکردنیان وایکردووە بەشێک لە گەنجان نائومێدبن.

زانا و کارزان، یەکەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان دەرنەهێناوە، "ئەو حزبانەی وڵات بەڕێوە دەبەن چەندین ساڵە هەڵبژاردن دەکەن و دایک و باوک و کەسوکارمان دەنگیان پێ دەدەن، بەڵام هیچیان نەکردووە و هەموومان دۆخی هاووڵاتیان بەڕوونی دەبینین"، كارزان وتیشی "هەرچی هەڵبژاردنە بە قوربانی ڤیزای وڵاتێکی ئەوروپی بێت".

لە كاتێكدا دەنگی گەنجان هۆكارێكە بۆ گۆڕانكاری، بەوپێیەی رۆڵ و بەشدارییان لە هەڵبژاردندا زۆر گرنگە و هەموو لایەنەکانیش هەوڵی ئەوە دەدەن کە دەنگی گەنجەکان بەدەستبهێنن.

کاژین کەریم، گەنجێکی دهۆکییە و دەڵێت "هەڵبژارتن چارەنڤیسێ مللەتان دیار دكەت و پشكداریكرن ئەركەكێ نەتەوەییە و بتایبەتی ژی تەخا گەنجان. جوانێن مە چاوان و ب چ رەنگی بەشداریێ دڤێ پرۆسەیێدا بكەن، ئەو یا گرنگە، بەرپرسایەتی بەرامبەری پرسێن ناڤخویی و یێن نەتەوەیی و دڤێت گەنج ب زانین قەستا سەر سندوقێن دەنگدانێ بكەت و بەهایێ دەنگێ خوە بزانیت".

بەشێك لە كاندیدەكانیش هەر گەنجن، بەپێی یاسا، هەر كەسێك تەمەنی 25 ساڵی تەواو كردبێت، بە چەند مەرجێكی ئاسان دەتوانێت ببێتە بە كاندیدی پەرلەمان.

ئارۆ کەریم، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵە لە هەورامان، دەنگی خۆی لە ئێستاوە دیاریكردووە بە كێی دەدات، "سەرو ئا بنەمایە کاندیدەکەم هوروچنان، کە ماوەی وەڵینەنێ دلی خەڵکی و گەنجانە بیەن و هۆڵیشمدان بشناسوش بە رەفیقەکام، پاسێشەکەرونە کە ئاڵیشی دەنگش دا پنە".

هەرێمی كوردستان دەبوو لە 2022ـدا هەڵبژاردنی پەرلەمان بكات، بەڵام ناكۆكی و رێكنەكەوتنی حزبەكان، دوایخست بۆ ئەمساڵ و بڕیارە لە 20ـی تشرینی یەكەم، بەڕێوەبچێت.

لاوی دارا، گەنجێکە لە بەهاری تەمەنیدایە و بۆ یەکەمجارە دەنگدەدات، "کوڕی شەهیدێکی شەڕی دژی داعشم، دەنگم بەکاردەهێنم بۆ ئاسوودەبوونی رۆحی باوکم و ئەو حزب و خاکەی باوکم لە پێناویدا شەهید بوو".

ئیلیانە جەبار، کچێکی گەنجە لە تەوێڵە و دەڵێت، "ئینە ئەوڵجارە بەشداری هوروچنای کەرونە، من گەرەکما بە دەنگەکێم پشتیوانی کاندیدیوە ژەنی  کەرونە، ئاڵیش پێ ئانەیە سەرکۆتی بوونە، پەی من ئانە ڤرە گرنگا کە گرد کناچەکا دەنگ بە کاندیدە ژەنەکا دانە، پەی ئانەیە ژمارەشا دلی پەرلەمانیەنە ڤرەتەر بوونە".

كوردستان بۆ یەكەمجارە لەم هەڵبژاردنەدا كراوە بە چوار بازنە؛ هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە.

"بە دەنگم سزای ئەو بەرپرسانە دەدەم کە بوونە هۆی کۆچکردنی براکەم بۆ دەرەوەی وڵات و خنکانی لە دەریای ئیجە و تەرمەکەشیمان بۆ نەهاتەوە، بە دەنگم تۆڵەی فرمێسکەکانی دایکم دەکەمەوە لەو دەسەڵاتدارانەی گەنجانیان نائومێد کردووە" لۆنا رزگار، كچە گەنجێكی دەنگدەر لە رانیە، بۆ پەرەگراف وای وت.

لە تەواوی هەرێمی کوردستان، هەزار و 266 بنکە بۆ رۆژی دەنگدان ئامادەیە، زۆرترینیان لە هەولێرە كە 498 بنکەیە، لە سلێمانی 477 بنکە، لە دهۆک 264 و لە هەڵەبجە 27 بنکەی هەڵبژاردن هەیە.

"دەنگدان دەرفەتەکا زێرینە، کو هاووەلاتی بشێت نوێنەرێن خو یێن راست و درست هەلبژێریت و یا گرنگە ژی، هاوەلاتی بزانیت بوچی دێ دەنگێ خو دەت و دێ دەتە کێ" هەکار زاخۆیی وادەڵێت، "گرنگە بەشداربوونا مە یا کارا بیت و دئاستێ هیڤیێن مە و پاشەرۆژا دا بیت. دڤێ پروسا دیموکراسی و چارەنڤێسازدا، گرنگیا هەلبژارتنا یا گرێدایی هشیاری و باوەرییا دەنگدەرییە".