پەرەگراف- عەممار عەزیز
بانگەشەی هەڵبژاردن و شەڕی بەدەستهێنانی كورسی، ئەگەر جارێك بۆ كاندیدی حزبەكان دژوار بێت، بۆ كاندیدی تاك دووجار، چونكە بەبێ پشتگیری رێكخستن و پارەی زۆر كێبڕكێ دەكەن.
84 كاندیدی تاك، یان وەكو لەناو خەڵكدا بە "كاندیدی سەربەخۆ" ناودەبرێن چاویان لە كورسی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە، لە نێو هەزار و 191 كاندیددا.
"بانگەشە بۆ ئێمە دووجار سەختە، چونکە هەموو شتێک لەسەر حسابی خۆمان دەکەین، لەچاپکردنی پۆستەر و هاتوچۆی ناو خەڵک و کۆمەڵێک شتی تر، سەرەڕای ئەمە هەموو هەوڵێک دەدەین متمانەی خەڵک بەدەستبهێنین" سەفیرا سەدیق، کاندیدی تاك لە بازنەی دهۆک بۆ پەرەگراف وای وت.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان كراوە بە چوار بازنە و تەنیا لە هەولێر، 29 كاندیدی تاك هەن و لە بازنەی سلێمانی، 32 كاندید و لە دهۆك، 22 كاندید و لە بازنەی هەڵەبجە یەك كاندیدی تاك هەیە.
ئیسرا عەبدولستار، کاندیدی تاك لە بازنەی هەولێر بۆ پەرەگراف وتی "ئێمە نزیکین لەخەڵک، ئەوەی لەتواناماندا بێت بەکردەیی بۆیان دەکەین، نەک تەنیا بە قسە و بەس، زۆر گرنگە کاندیدی سەربەخۆ بچێتە پەرلەمان، چونکە خەڵک هەموویان تاقیکردەوە و وەکو پێویست خزمەتیان نەکرا".
لە نێو كاندیدانی تاك، كەسانی رابردوو جیاواز و پیشەی جۆراجۆر هەن؛ لە كەسایەتی سۆشیال میدیا، كاسب، چالاكوانەوە تیایدایە تا دەگات بەو كەسانەی پێشتر لە ریزەكانی حزبە دیارەكاندا كادیر بوون، تەنانەت هەندێكیشیان هێشتا پشتگیری لایەنێكی دیاریكراو دەكەن.
دڵگەش سادق، جێگری سەرۆکی رێکخراوی ستێپ بۆ دیموکراسی و هەڵبژاردنەکان بە پەرەگراف-ـی وت "گرنگە کاندیدانی سەربەخۆ بچنە پەرلەمان، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک؛ یەکەم ئەمە تەجروبەی یەکەمە کە ئەندامانی تاکەکەسی سەربەخۆ خۆیان کاندید بکەن، چونکە پێشتر بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێگەیان پێنەدراوە.. بۆیە جارێ نازانین روڵ و قورساییان چی دەبێت".
ئەزمونی كاندیدی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق هەبوو و چەندین كاندید توانییان كورسی مسۆگەر بكەن.
"ئەو تەجروبەیە لە عێراق تا ڕادەیەك توانییان ببنە دەنگێكی جیاواز، پێموایە ئەوانەی کوردستانیش شتێکی زۆرباش دەبێت و بوونی ئەوان لەناو پەرلەماندا کاریگەری دەبێت، دەتوانن نوێنەرایەتی هەموو ئەو خەڵكە بكەن كە ئەندام یاخود لایەنگری هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نین" بەوتەی دڵگەش.
خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە 100 كورسی پێكدێت؛ لەو ژمارەیە 38 كورسی بۆ سلێمانی، 34 بۆ هەولێر، 25 بۆ دهۆك و تەنیا سێ كورسی بۆ بازنەی هەڵەبجە تەرخانكراوە.
"30 ساڵ چالاکوان و رۆژنامەنوسێکی نزیکبووم له ئێش و ئازارەکانی خەڵک، بۆیە بڕیارمدا ئەو ئێش و ئازارانە ببەمە پەرلەمان و لەوێ بیکەینە کردار"، سەباح ئەتروشی، کاندیدی تاك لە بازنەی دهۆک وای وت.
ئەو بۆ پەرەگراف جەختیكردەوە "ئێمە لە خەڵکەوە نزیکین و لەهیچ لایەنێکی سیاسی نزیک نین، ئەوكاتە لە لایەنە سیاسییەکانەوە نزیک دەبین كە دەزانین ئەوان لە بەرژەوەندی خەڵکدان" ئەتروشی دەڵێت، تەنیا گرنگی بە بەرژەوەندی و دەنگیی خەڵك دەدەن.
هەروەها وتی "ئۆپۆزسیۆن بە دەسەڵات دەڵێت دز و درۆزن، لە بەرانبەردا دەسەڵات تۆمەتباریان دەكات بەوەی دەستیان لە پشتە، بەڵام كاتێک ئێمە دەچینە پەرلەمان دەزانین کێ دەستی لەپشتە کێ دزە و گەندەڵە، ڕاستییەکان بەخەڵک دەڵێین و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین".
زیاتر لە دوو ملیۆن و 899 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، بەپێی كارتی بایۆمەتری و بڕیارە لە 20ـی تشرینی یەكەمی 2024 دەنگبدەن.
"کۆمەڵێک بەرنامە و پرۆژەی باشم هەر لە ئێستاوە ئامادەکردوە، لەوانە پرۆژەیەکم داناوە بۆ چۆنیەتی کەمکردنەوەی رێژەی جیابوونەوە، پرۆژەم هەیە لەبواری باشترکردنی دۆخی کارەبا و بەکارهێنانی پەروانە لەسەر چیاکان و سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر" ئیسرا عەبدولستار وادەڵێت، ئەو نیگەرانە لە كێشەكانی هەولێر و دەیەوێت رۆڵێكی جیاواز لە پەرلەمانتارانی پێشوو نیشانبدات.
جگە لە 84 كاندیدی تاك بۆ كورسی گشتی، لە پێكهاتەكانی كریستیان و توركمانیش، 38 كاندیدی تاك كێبڕكێی بەدەستهێنانی 5 كورسی كۆتا دەكەن لە بازنەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك.
بەبڕوای جێگری سەرۆکی رێکخراوی ستێپ، هەبوونی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان گرنگییەکی تری هەیە، ئەویش وەكو دڵگەش سادق دەڵێت "ئەوان دەبنە نوێنەری ئەو کەسانەی بێلایەنن، ئەجێندا و کاری ئەوان جیاواز دەبێت لەگەڵ پەرلەمانتارانی تر، چونكە ئەوانیتر هەموویان خاوەن ئایدۆلۆژیای تایبەت بە حزب و لایەنی خۆیانن".
لە مێژووی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا، بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت پارتی و یەكێتی بوون و كەمترین دەرفەت بۆ دەركەوتنی کەسانی سەربەخۆ لە دەسەڵاتەكانی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێكردندا رەخساوە.
سەفیرا سەدیق باسی بەرنامەكانی كرد كە لە بەدواداچون بۆ زیانی خەڵك و بۆردومانەكانی توركیاوە بۆ هەرێم دەگرێتەوە تا رەخساندنی هەلیكار و كردنەوەی كارگە و شتی تر، شانازی بەوەشەوە دەكات ئەوان ئازادن بەراورد بە كاندیدانی تر و لە ئەگەری سەركەوتنیدا، "لەژێر فەرمانی هیچ کەس و لایەنێكدا نابین، بۆیە گرنگە كاندیدی سەربەخۆ بگاتە پەرلەمانی كوردستان".