بیست و پێنج ملیۆن دۆلار بۆ بانگەشە دەڕوات؛ هیچ حزبێك شان لە شانی پارتی نادات لە خەرجیدا

پەرەگراف- فەرمان سادق
خەرجی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەوروبەری 25 ملیۆن دۆلارە، كە زۆرترین پارە لە پارتییەوە بووە و بەدوای ئەودا یەكێتیی دێت.
بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، هیچ حزبێكی دیكە ناتوانێت كێبڕكێی پارتی و یەكێتیی بكات لە خەرجی بانگەشەدا، كە ماوەی هەڵمەتەكە 21 رۆژە و نیوەشەوی 15ـی تشرینی یەكەمی 2024 كۆتاییدێت، ئەوەش بە چەند رۆژێك پێش دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان.
بەهۆی نەبوونی شەفافییەت و ناوەندێکی چاودێر بەسەر خەرجی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، هەروەها خەرجی جۆراوجۆری دیكەی دەرەوەی بودجەی دیاریكراوی حزب یاخود پارەی خودی بەربژێرەكان، گەیشتن بە ئامارێكی ورد و دروست ئاسان نییە و پەرەگراف هەوڵیداوە پاڵپشت بە لێدوان و سەرچاوەی باوەڕپێكراوی ژمارەیەك لە حزب و لیستەكان، زانیاری دەستبكەوێت.
ئەو 25 ملیۆن دۆلارەی بەدواداچونەكەی پەرەگراف پێیگەیشتووە؛ تەنیا حزب و لیستە سەرەكییەكانە، بەبێ هەژماركردنی خەرجی كاندیدی تاك و كاندیدی كورسی كۆتای پێكهاتەكانی كریستیان و توركمان.
پارتی دیموكراتی كوردستان 190 كاندیدی هەیە، ئامادەنین بەناوی خۆیانەوە هیچ لێدوانێك لەسەر خەرجی بدەن، بەڵام پەرەگراف زانیاری دەستكەوتووە هەر كاندیدێك بڕی 15 هەزار دۆلار (دەفتەر و نیوێك دۆلار)ـی پێدراوە بۆ بانگەشە، كە كۆی بودجەكە دەگاتە دوو ملیۆن و 850 هەزار دۆلار.
جگەلەوەش ژمارەیەكی زۆر لە كاندیدەكانی حزب، لە دەرەوەی بودجەی تەرخانكراو و لە گیرفانی خۆیان، پارەی دیكەیان بۆ لە هەڵمەتی بانگەشەدا خەرجكردووە، هەروەها بەدەر لە خەرجی بانگەشە كە حزب خۆی سەرپەرشتی دەكات.
هەر لەو زانیارییانەدا هاتووە؛ پارتی دیموكراتی كوردستان 26 لقی هەیە و "بۆ هەر یەكێكیان بڕی 800 ملیۆن دینار تەرخانكراوە"، تا بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن لە نێویاندا بەخشینەوەی كۆمەك، كۆی گشتی بودجەكەش بۆ هەموو لقەكان دەكاتە 20 ملیار و 800 ملیۆن دینار.
پەرەگراف پەیوەندیكرد بە مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر خەرجی و بودجەی هەڵبژاردنی حزبەکە قسە بکەن.
جیاواز لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پێشووتر، بەشێکی زۆری بانگەشەی بەربژێرەکان لەناو پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا بوو، بە تایبەت فەیسبووک، تیکتۆک، سناپ چات و ئینستاگرام، بەدەر لە تێچووی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی بانگەشە، پارەش دراوە بە دەیان پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەو سپۆنسەرکردن.
بەپێی ئاماری کۆمپانیای مێتا -کە خاوەنداریەتی فەیسبووک و ئینستاگرام دەکات- لە ماوەی 30 رۆژی رابردودا، واتە تاوەکو لە 10ـی ئەیلولەوە تا نۆی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 237 هەزار و 559 دۆلار بە سپۆنسەر دراوە. لەمەشدا سلێمانی لە پێشەوەی پارێزگاکانی عێراق بووە، پاشان هەولێر، ئینجا دهۆک، هەڵەبجەش لە ریزبەندی نۆیەمی عێراق بووە.
ئەگەر کەرکوک و نەینەواش لەسەر خەرجی بانگەشە هەژماربكرێت کە بەشێکی زۆری ناوچەکانیان کوردین و پەیجێکی زۆری کوردیش لەو ناوچانەدا هەن، ئەوا تێکڕای پارەی خەرجکراو بۆ سپۆنسەری تەنیا لە فەیسبووک دەگاتە 271 هەزار و 929 دۆلار.
بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری کە 47 بەربژێری بۆ هەڵبژاردن هەیە، هەر کاندیدێكی بڕی ملیۆنێک و 500 هەزار دیناری وەرگرتووە.
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری بۆ پەرەگراف وتی "جگە لەمەش کۆمەڵی دادگەری بڕی 70 ملیۆن دیناری بۆ بانگەشە خەرج کردووە"، کە کۆی گشتی دەکاتە 140 ملیۆن و 500 هەزار دینار.
هەرچی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە کە 63 بەربژێری هەیە، بۆ هەر یەکێکیان ملیۆنێک و250 هەزار دیناری خەرج کردووە کە دەکاتە 78 ملیۆن و 750 هەزار دینار.
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی بە پەرەگراف-ـی وت؛ وەک حزبیش بۆ هەر پارێزگایەک بایی پێنج ملیۆن دینارێک فلێکس چاپ کراوە، "ئەوەی لەم ماوەیە خەرجکراوە بە دروستی دیار نییە چەندە، زۆر پشت بە کۆمەکی خێرخوازان بەستراوە و نازانین چەند خەرجکراوە، لە کۆتایی بانگەشە ژمارەکە بەدیار دەکەوێت کە چەندمان بۆ بانگەشە خەرجکردووە".
بەپێی رێنمایی و رێكارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق و پاڵپشت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ڕێگەنادرێت لە سامانی گشتی یان بودجەی وەزارەتەكان یان لە ماڵ و موڵكی وەقفەكان یان لە كۆمەكی دەرەكی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەرجبكرێت.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان 172 بەربژێری هەیە، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن هەر بەربژێرێک بڕی 10 ملیۆن دیناری پێدراوە کە کۆی گشتی دەکاتە ملیارێک و 720 ملیۆن دینار.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت؛ تائێستا یەکێتیی سەرووی حەوت ملیۆن دۆلاری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەرجکردووە، بەوەی وەک هاوکاریش بەسەر ماڵە هەژار و شەهیدەکانی دابەشکردووە.
هەرچەندە پەرەگراف پەیوەندیكرد بە كاروان گەزنەیی، وتەبێژی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، بەڵام داوایكرد پرسیار لە ئیدارەی گشتی حزبەكەی بكەین، بە پاساوی ئەوەی خەرجی و بودجەی بانگەشەی هەڵبژاردن پەیوەندی بەوانەوە هەیە.
هەزار و 191 بەربژێر كێبڕكێی بەدەستهێنانی 100 كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، لە نێویاندا 84 كاندیدی تاك و 38 كاندیدی كورسی كۆتای پێكهاتەكان.
بزوتنەوەی گۆڕان کە 64 بەربژێری هەیە، هەر بەربژێرێکی سێ هەزار دۆلاری پێدراوە کە کۆی گشتی دەگاتە 192 هەزار دۆلار (19 دەفتەر دۆلار).
هێمن شێخانی، لێپرسراوی مەکۆی گۆڕان و سەرۆکی لیستەكە لە پارێزگای هەولێر دەڵێت؛ جگە لەم بڕە پارەیە، ئەوا هەر مەکۆیەک دوو هەزار دۆلاری پێدراوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، هەر کاندیدێکیش نزیکەی 40 پۆستەری بۆ چاپ کراوە، "وەک خۆم پێنج هێندەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ بانگەشە وەرمگرتووە، زیاترم خەرجکردووە".
گۆڕان 26 مەکۆی هەیەو ئەو پارەیەی پێیاندراوە 52 هەزار دۆلار دەکات.
بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، دیارنییە كام حزب كەمترین پارەی خەرجكردووە، بەوپێیەی بەشێكیان ئامادەنین زانیاری بدەن، لەوانە ژمارەیەك لێپرسراوی بەرەی گەل، ئامادەنەبوون وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە.
هەروەها ڕێبوار کەریم، لە ڕەوتی هەڵوێست بۆ پەرەگراف وتی "هیچ بودجەیەكی دیاریكراومان نییە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوەشی كراوە، زۆرینەی بە پاڵپشتی خێرخوازان بووە".
رەوتی هەڵوێست، بە سەرۆكایەتی عەلی حەمەساڵح و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاری پێشوو و سەركردەی حزبەكانی دیكە، بە تایبەت ئۆپۆزسیۆن، بەرەی گەل؛ بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی، دوو لیستی نوێن و یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكەن.
هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەهەر چوار بازنەوە 59 بەربژێری هەیە، ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە بۆ پەرەگراف وتی "بودجەیەکی دیاریکراومان نییە و توانای داراییشمان سنووردارە، ئەوەی هاتووەتە دەستمان خەرجمان کردووە، تائێستاش 120 هەزار دۆلارمان لە بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج کردووە".
هەرچی نەوەی نوێیە کە لەم هەڵبژاردنەدا 92 بەربژێری هەیە، هیچ ئەندامێکی باڵای جوڵانەوەکە ئامادەنین لەسەر بودجەی بانگەشەی هەڵبژاردن زانیاری بدەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەرەگراف کەوتوون، هیچ بڕەپارەیەک بە بەربژێرەکان نەدراوە، بەڵکو سەرجەم پۆستەر و فلێکس و برۆشەری بانگەشەی هەڵبژاردن، جوڵانەوەکە خۆی چاپی کردووە، هەروەها بۆ ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن و تاوەکو مانگی تشرینی دوەمی ئەمساڵ، هەر بەربژێرێک کە بەهۆی بوونی بە بەربژێر وازی لە کاری خۆی هێناوە، ئەوا بڕە پارەیەکی پێدراوە وەک قەرەبوو بۆ سەرچاوەی بژێویی ژیانی.
جیاواز لە حزبەکانی دیکە، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان کە لە حزبی شیوعی، زەحمەتکێشان و پارتی سۆسیالیست دیموکرات پێکهاتووە، ماڵ جیاییان کردووە لە خەرجی بانگەشەی هەڵبژاردن.
حزبی شیوعی کوردستان کە لەناو هاوپەیمانیەتییەکەدا پێنج بەربژێری هەیە، بۆ هەر بەربژێرێک سێ ملیۆن دینار خەرج کراوە کە دەکاتە 15 ملیۆن دینار.
هیوا عومەر، ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی لیستەکە لە هەولێر دەڵێت؛ وەک حزبی شیوعی بەو 15 ملیۆن دینارەی دراوە بە بەربژێرەکان، کۆی بودجەی بانگەشەی حزبی شیوعی دەگاتە 50 ملیۆن دینار.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە چوار بازنەیەو بڕیارە 20ـی تشرینی یەكەم بەڕێوەبچێت، كە نزیكەی دوو ملیۆن و 900 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە بە كارتی بایۆمەتری.