پەرەگراف
زۆرێك لە كریستیان و توركمانەكان نیگەران و بگرە توڕەن، ئەوەش بە رونی بە بانگەشەكانیانەوە دەردەكەوت و لە قسەكانیشیاندا ترسی ئەوەیە هەیە؛ بایكۆتی دەنگدەرانیان بە رێژەیەكی زۆر پێش ژمارەی ئەو كەسانە بكەوێت كە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.
ئەو ساردوسڕییەی پێكهاتەكان دوای ئەوەهات؛ تا ماوەیەك لەمەوبەر زیاتر هەنگاوەكانیان بەرەو بایكۆت بوو نەك بەشداری، بەهۆی كەمكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانیان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ نیوە، ئەوەش بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق.
تا خولی رابردووی پەرلەمان، 11 كورسی بە سیستەمی كۆتا بۆ پێكهاتەكان دەڕۆیشت، لە كۆی 111 كورسی، كە پێنجیان بۆ كریستیان و پێنجیان بۆ توركمان و یەكێكیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام 111 كورسییەكە كەمبۆتەوە بۆ 100 كورسی و بەشی كریستیان بە ئەرمەنەوە تەنیا سێ كورسی و توركمانیش لەمەودوا دوو كورسییە.
"کەمکردنەوەی کورسی کۆتا بۆ هەموو کریستیانەکان باش نەبوو، چونکە چەند نوێنەرمان هەبێت بەدڵنیایی باشترە، بایکۆتی چەند حزبێکی ئاشوری، کلدانی و سریانی لە دهۆک، زۆر خراپە و کاریگەری لەسەر دەنگەکانمان دەکات" مەریەم پوڵس مەتی، کاندیدی لیستی هاوپەیمانی نیشتیمانی (كۆتای كریستیان) لە دهۆک وای وت.
ئەو لەڕێی پەرەگراف-ـەوە داواكارە دەنگدەرانی پێكهاتەكەی بەشداری هەڵبژاردن بكەن نەك بایكۆت.
لە پارێزگای دهۆك نزیكەی 60 هەزار كریستیان هەن، بەپێی ئاماری نافەرمی، بەڵام دیارنییە چەندێكیان مافی دەنگدانیان هەیە. بەپێی دابەشكاری كورسییەكانی خولی شەشەمی پەرلەمان، تەنیا یەك كورسی بۆ كریستیان لە دهۆك دانراوە، كە هەشت كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.
مەتی دەڵێت، سەرەڕای گلەیی و ناڕەزایی کریستیانەکان و کێشەکانیان، بەڵام هەر هانیان دەدەن بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردندا بکەن، "داواكارین سارد نەبنەوە لە هەڵبژاردن و ئەو کەس و لایەنانە هەڵبژێرن کە دەتوانن خزمەتیان بکەن".
کورسیی پێکهاتەکان یەكێك بوو لە ناكۆكی و بەربەستە سەرەكییەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، كە دەبوو لە مانگی 10ـی 2022ـدا ئەنجامبدرێت، بەڵام حزبەكان بە تایبەت یەكێتیی و پارتی رێكنەكەوتن، تا كێشەكە چووە دادگای فیدراڵی و بەهۆیەوە چەندین مانگە هەرێم لە بۆشایی دەسەڵاتی یاساداناندایە و بڕیارە لە 20ـی ئەم مانگەدا، هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
ئازاد ئەحمەد کورەچی، کاندیدی "سەربەخۆی" تورکمان لە هەولێر بۆ پەرەگراف وتی "بۆ ئەم هەڵبژاردنە تورکمانەکان بەگشتی ئامادەکاری باشیان نەکردوە، پاڵپشتی دارایی و هاوکاری نییە، لەهەمووشی خراپتر ئەوەیە نیوەیان بایۆمەترییان نەکردووە، ئەو نیوەیەی تر كە ماونەتەوە تەنیا سەدا 10ـیان دەنگ بە كاندیدی توركمان دەدەن، ئەوانیتر دەنگەكانیان پەرت و بڵاو دەبێت بەسەر حزبەكانی تردا".
توركمان لە خولی داهاتووی پەرلەمان تەنیا دوو كورسی بۆ دانراوە، یەكێكیان لە هەولێرە و 14 كاندید كێبڕكێی بۆ دەكەن، كورسییەكەی تر لە سلێمانییە و شەش كاندید چاویان لەسەریەتی، لە كاتێكدا پێشتر هەموو هەرێم بۆ توركمان بە یەك بازنە بوو لەگەڵ پێنج كورسی كۆتا.
ژمارەی دەنگدەرانی توركمان لە هەولێر سەروو شەش هەزار كەس و لە سلێمانی، دەكەونە ناوچەی كفری و زیاتر لە هەزار كەس دەبن، بەپێی ئاماری نافەرمی.
"هاوڵاتی دەبێت دەنگی خۆی بدات و نابێت بایکۆت بکات، تا لانیکەم ڕای خۆی هەبێت.. ئەگەر گلەییشی هەیە ئەوا دەرفەتی هەیە كەسانی دیكە هەڵبژێرێت" كورەچی پێیوایە دەنگدەرانی پێكهاتەكان، پێویستە زیاتر هاندەربن و بەشداربن لە دەنگداندا بەراورد بە دەنگدەرانی گشتی، چونكە لە بنەڕەتدا ژمارەیان زۆر نییە و دەبێت دەنگیان ببیسترێت.
لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستان، پێنج كورسییەكەی كریستیان پێكەوە نزیكەی 14 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا لە هەموو ناوچەكانی هەرێم، پێنج كورسییەكەی توركمانیش نزیكەی بە نۆ هەزار دەنگ دەرچوون، تاكە كورسییەكەی كۆتای ئەرمەن تەنیا 615 دەنگی بەدەستهێنا.
"دەنگدەرانی کریستیان بەتایبەت لە هەولێر و دهۆک، زۆر متمانەیان بە هەڵبژاردن نییە و رێژەی ئەوان لەدەنگدان کەمتر دەبێت، چونكە حزبە گەورەکان زۆر تەداخول دەکەن لە کۆتاكاندا، بەتایبەت یەکێتی و پارتی رکابەری لەسەر کورسی کۆتا دەکەن" بەوتەی نەوزاد پوڵس حەکیم، کاندیدی سەربەخۆی كریستیان له هەولێر.
ئەو بە پەرەگراف-ـی وت تەنیا ناوچەیەكی وەکو عەنکاوە لە هەولێر -ناوچەی كریستیان نشین- دەبوایە دوو کورسی هەبوایە نەک بۆ بازنەی هەولێر هەمووی یەک کورسی.
جگە لە كورسییەكەی دهۆك، كریستیان لە هەولێر كورسییەكیان هەیە لەگەڵ حەوت كاندید، لە سلێمانییش كورسییەكیان هەیە و سێ كاندید كێبڕكێی لەسەر دەكەن. بەپێی ئاماری نافەرمی ژمارەی دەنگدەرانی كریستیان لە هەولێر نزیكەی 21 هەزار كەس دەبن بەڵام كەمترینیان كارتی بایۆمەترییان هەیە و لە سلێمانی دەنگدەرانیان ناگەنە هەزار كەس.
سەربەست مستەفا، سەرۆکی پێشوتری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بە پەرەگراف-ـی وت "دانانی ئەو پێنج کورسییە بۆ پێکهاتەکان چارەسەرێکی کاتییە، پێویستە دوای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی کوردستان ئەو پێنج کورسییە لانیكەم زیادبکرێت بۆ هەشت کورسی".
هەروەها پێیوایە کەمکردنەوەی کورسی کۆتا، کاریگەری لەسەر دەنگی پێکهاتەکان دەبێت، نمونەی ئەوەی هێنایەوە ژمارەی کریستیانەکان لە دهۆک زیاترە لە کورسییەک و جگەلەوەش پێشتر لە دهۆک کورسیەکی تایبەت هەبوو بە ئەرمەن، ئێستا نەماوە و پشكیان لە تاكە كورسییەكەی كریستیاندایە، لە هەولێریش بەهەمانشێوە ژمارەی تورکمانەکان زۆرترە لە كورسییەك.
لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان؛ مەسیحی، توركمان، ئێزدی، شەبەك، كاكەیی، مەندائی و چەندین پێكهاتەی ئاینی دەژین، كە بەپێی یاسا مافەكانیان دانی پێدانراوە.
"دەبوایە شێوازی دابەشکردنی کورسییەکان بەپێی جوگرافیای ژمارەی دانیشتوان بێت و بەیەکسانی، پێکهاتەیەکی وەک کلدان، سریان و ئاشوری کە لەساڵی 1991ـەوە پێنج کورسییان هەبوو، ئێستا كەمكراوەتەوە بۆیە بایكۆت دەكەن و كاریگەری لەسەر دەنگەكانیان دەبێت، هەرچەندە ئێستاش بەشداری بكەن زۆر لە بایكۆت باشترە" مستەفا وادەڵێت.
بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف، فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان بەبێ هیچ پڕۆژە و پێشنیازە یاسایەک تەمەنی کۆتا خولی پەرلەمانی کوردستانیان بەڕێكرد.
"پێویستە پێكهاتەكان، لە نێویاندا كریستیانەكان بەشدارییەكی كارا بكەن تا لەڕێی نوێنەرەكانیانەوە مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە، بە تایبەت زیادکردنی کورسی کۆتا" نەوزاد پوڵس حەکیم وای وت.