پەرەگراف- غەمگین محەمەد
ژنان لە هەرێمی كوردستان، ناتوانن دەستبەداری كۆتا ببن و هێشتا گرەنتی نییە بەبێ ئەو كارئاسانییە بگەنە پەرلەمان.
368 ژن كاندیدن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و چاویان لەوەیە زیاتر لە سەدا 30ـی كورسییەكان بەدەستبهێنن وەك لە چوارچێوەی سیستمی كۆتا تەرخانكراوە.
"بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان هێشتا پەیڕەوکردنی سیستمی کۆتای ژنان زۆر زەرورە لەبەرئەوەی هێشتا هۆشیاری بەرامبەر تواناو لێهاتوویی ژنان لە ئاستی پێویستدا نییە" هێڤار ئیبراهیم، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ پەرەگراف وای وت.
ئەو دەڵێت، نەوەک پیاوان بەڵکو بەشێک لە ژنانیش دەنگ بە کاندیدانی ژن نادەن بۆ ئەوەی بە دەنگی رەوای خۆیان ببنە ئەندامی پەرلەمان.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رێنمایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، لە كۆی 100 كورسی پەرلەمان پێویستە 30 کورسی پەرلەمان بۆ ژنان بێت، بۆ ئەوانەی کە دەنگی پێویست دەهێنن یان دەنگەکانیان ناگاتە ئاستی بەدەستهێنانی کورسییەکی پەرلەمان.
د.پاڤێ جەمیل، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "لە کاتێکدا پێمانخۆشە ژنان بە دەنگی رەوای خۆیان ببنە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام دۆخەکە وادەخوازێت کارکردن بە سیستمی کۆتا پێویستە بەردەوام بێت" بەڵام گەشبینە ژنان زۆر هۆشیار بونەتەوە و دەیانەوێت بەشداری كارایان لە هەڵبژاردندا هەبێت بەراورد بە رابردوو.
ژنان لە ژمارەی كاندیدەكانیشدا كۆتایان هەیە، هەر لیستێك کاتێک ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بە کۆمسیۆن دەکات، دەبێت لە نێوان سێ کاندیدی پیاو یەکێکیان ژن بێت.
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پەرەگراف-ـی وت، بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆی 1191 کەس 368 ژن لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان خۆیان کاندید کردووە، لەو ژمارەیەش هەولێر 118 کاندیدی تێدایە، سلێمانی 162 کاندید، دهۆک 66 کاندید و لە هەڵەبجەش 22 کاندیدی ژن هەن.
هەژماركردنی دەنگ و دیاریكردنی كورسی بەپێی سیستمی كۆتا بە جۆرێكە؛ دوای دەنگدان بۆ نمونە ئەگەر دەركەوت لیستێک نۆ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە ئەوا دەبێت سێ کورسییان بۆ ژنان بێت، ئەگەر هیچ ژنێکی لیستەکە دەرنەچووبێت، ئەوا بەپێی سیستمی باشترین نەبراوە، سێ ژن دەچێتە جێگەی سێ براوەی پیاو کە کەمترین دەنگیان هێناوە.
بەوتەی پاڤێ جەمیل، كە هاوكات ئەندامی دامەزرێنەرە لە پڕۆژەی "هێزی تۆ"، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بینیویانە رێژەیەکی زۆری ژنان دەنگ بە کاندیدە ژنەکان نادەن، بۆیە لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەیاندا کاریان لەسەر ئەوە کردووە ژنان هۆشیار بکەنەوەو هانیان بدەن بە دەنگەكانیان پشتیوانی کاندیدە ژنەکان بن.
"هێزی تۆ"؛ پرۆژەی چەند ژنێکە لە ماوەی رابردوودا هەریەکەیان بە شێوازی جۆراوجۆر کاریان لەسەر پرسەکانی تایبەت بە ژنان کردووە، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە رەسمی راگەیەندراو بە چڕی کاردەکەن لەسەر هاندانی ژنان بۆ چوونیان بۆ دەنگدان، هەروەها دەنگ دانیان بە کاندیدانی ژن.
"ئەگەر سەیر بکەیت رێژەیەکی باش لە دەنگدەری ژنمان هەیە و لیستی لایەنەکانیش ژمارەیەک کاندیدی ژنی بەهێزی تێدایە کە شایانی ئەوەن ببنە ئەندام پەرلەمان، بۆ ئەوەش رەنگە تەنها دەنگی ژنانیان بەس بێت، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ژنان دەنگیان پێ نادەن" پاڤێ وادەڵێت.
بەپێی یاسا ئەگەر لە بازنەیەکی هەڵبژاردندا ژنێک بە دەنگی خۆی دەرچوو، ئەوا دەچێتە چوارچێوەی ئەو 30 کورسییەی بۆ ژنان دانراوە.
30 كورسییەكەی ژنان لە خولی شەشەمی پەرلەمان؛ 11 كورسی لە سلێمانی، 10 كورسی لە هەولێر، هەشت كورسی لە دهۆك و یەك كورسی لە هەڵەبجەیە.
هێڤار ئیبراهیم وتی "ژن و پیاو جیاوازییان نییە و بگرە ژنان لە هەندێک پرسدا وردترو پشوو درێژترن بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژە یاساکان، بۆیە دەکرێت لە داهاتوودا هەموان کارێکی جددی بکەین لەسەر ئەوەی ئەم قۆناغە تێپەڕێنرێت و ژنانیش وەک پیاوان بە دەنگی خۆیان و بەبێ کۆتا بچنە پەرلەمان".
لە پێنج خولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان، ژمارەی پەرلەمانتارانی پیاو نزیكەی سێ هێندەی ژنان بوون، كەمترین ژمارەی پەرلەمانتاری ژن لە یەكەم خولدا بووە كە تەنیا شەش كورسییان هەبوو لە كۆی 105 كورسی بەرێژەی كەمتر لە سەدا 6، بەپێی راپۆرتێكی ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، كە بە هاوكاری سندوقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED) ئهمریكی ئامادە و بڵاویكردەوە.
لە خولی دوەمی پەرلەمان ژمارەی كورسی ژنان گەیشتە 29 كورسی بە رێژەی زیاتر لە سەدا 26، لە خولی سێیەم زۆرترین كورسی ژنان هەبوو كە گەیشتە 40 كورسی بە رێژەی زیاتر لە سەدا 36، خولی چوارەم كەمبۆتەوە بۆ رێژەی خوار سەدا 30 و 33 ژن چوونە پەرلەمان لە كۆی 111 كورسی، دوایین خولی پەرلەمانیش ژمارەی ژنان بە رێژەی سەدا 30 زیاتر و گەیشتە 34 كورسی.
ئەندامەكەی خولی چوارەمی پەرلەمان دەڵێت، کاتی خۆی کە بەربژێر بووە، بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەچووە شوێنە جیاوازەکان و "بەشێک لە کەسەکان لەبەرئەوەی ژن بووم رەتیان دەکردەوە دەنگم پێ بدەن، لەبەرئەوەی پێیان وابوو توانای پیاوان لە ژنان زیاترە".
کورسی کۆتای ژنان؛ پاڵپشت بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری ژمارە 15 لە ساڵی 1990 و کۆنگرەی ژنانی جیهانی پەکین لە ساڵی 1995 داوای کردووە رێژەی ژنان لە پەرلەمانەکان 30% کەمتر نەبێت.
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی ژمارە 59ی پەرلەمانەکانی پابەند بە کۆنگرەی پەکین دێت کە رێژەی سەدا 30 بە یاسا بۆ کۆتای ژنان دیاریکردووە، لە عێراقیش بەپێی دەستوور و یاسای هەڵبژاردن، رێژەی سەدا 25 دانراوە بۆ کۆتای ژنان لە کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.
لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن و 899 هەزار دەنگدەر لە 20ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دەنگدەدەن، كە نزیك بە نیوەیان لە دەنگدەرانی ژن پێكهاتوون.