هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چی گۆڕی، براوەو دۆڕاو کێن؟

21-10-2024 11:31

شیکاریی پەرەگراف

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەرچەندە گۆڕانکاریی لە ڕیزبەندی حیزبی یەکەم و دووەم نەهێنایە ئاراوە، پارتی و یەکێتی وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار شەرعیەتی دەنگی خەڵکیان بۆ نوێ کرایەوە، بەڵام هەندێک گۆڕانکاریی و لێکەوتەی دیکەی هەن، نەوەی نوێ گەورەترین براوەو گۆڕان گەورەترین دۆڕاوە، حیزبە نوێیەکانیش بە دڵشکاوی لێی هاتنەدەرەوە.

پەرەگراف شیکاریی بۆ وێنە گەورەکەو دۆخی هەر حیزبێک دەکات بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە بەشێک لەو لایەنانەی دەنگ و کورسی کەمیان هێناوە ڕەتی دەکەنەوەو دەڵێن "ساختەکاری تێدا کراوە".

پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەنجامی هەڵبژاردن، پارتی وەک حیزبی یەکەمی کوردستان هێشتەوە، دەنگەکانی زیاد کردووەو کورسی کەم کردووە، بەڵام لە وێنە گەورەکەدا پارتی لە بەرەی دۆڕاوی هەڵبژاردنەکەوە نزیکە، خاڵێکی گرنگ و جێی سەرنج ئەوەیە کە پارتی نیوە+١ی کورسییەکانی پەرلەمانی نامێنێت کە لە خولی پێشوودا هەیبوو، ئەوەش پەیوەندیی نییە بە ڕێژەی دەنگ و ژمارەی کورسییەکانی ئەو حیزبە خۆیەوە، بەڵکو ئەو گۆڕانکارییە هێنایە ئاراوە کە لە یاسای هەڵبژاردن و کورسی پێکهاتەکاندا کرا.

پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی ٤٥ کورسی بوو بە بەدەستهێنانی ٦٨٦,٠٧٠ دەنگ، لەم هەڵبژاردنەدا بەپێی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکان هەرچەندە دەنگەکانی زیادکردووە بۆ ٨٠٩,١٩٩ دەنگ بەڵام ٣٩ کورسی پەرلەمان دەباتەوە، لە خولی پێشوودا پەرلەمان ١١١ کورسی بوو، ١١یان بۆ پێکهاتەکان بوو کە سەرجەمیان دەنگیان لەگەڵ پارتیدابوو، بەوەش پارتی خاوەنی ٥٦ کورسی پەرلەمان بوو.

بەو گۆڕانکارییەی لە یاسای هەڵبژاردندا کرا، کورسییەکانی پەرلەمان کەمکراوە بۆ ١٠٠ کورسی کە تەنها ٥ یان بۆ پێکهاتەکانە، ئەو ٥ کورسییەش دابەشکران بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا، ٢ کورسی بەر سلێمانی کەوتن و یەکێتی بە پەیڕەوکردنی هەمان سیاسەتی پارتی بە دەنگدانی تایبەت کە دەنگی هێزە چەکدارەکانە ئەو کەسانەی دەرچاند کە نزیکن لە ئاڕاستەکەی خۆیەوە، تەنها سێ کورسییەکەی هەولێرو دهۆک لە بەرەی پارتیدا مانەوە، بەوجۆرە پارتی بەو سێ کورسییەشەوە ٤٢ کورسی دەبێت لە خولی نوێی پەرلەمان و ٩ کورسی دیکەی پێویستە بۆ نیوە+١ی پەرلەمان کە ئەو ڕێژەیە پێویستە بۆ پێکهێنانی حکومەت.

یەکێتی نیشتیمانی

یەکێتی نوێ، بەشێک بوو لە دروشمی ئەو حیزبەو مەبەستیان یەکێتی بوو لە سەردەمی بافڵ تاڵەبانی و دوای لاهور شێخ جەنگی، بۆ حیزبی دەسەڵاتدار پارێزگاریکردن لە ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی بردنەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی دەنگ و کورسییەکانیشی زیادکردووە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، دەنگەکانی لە ٢٠١٨دا ٣١٩,٩١٢ دەنگ ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ ٤٠٨,١٤١ دەنگ و کورسییەکانی لە ٢١وە بووەتە ٢٣ ئەمەش سەرکەوتنەکەی تەواو بۆ نەخشاندووە.

بردنەوەیەکی دیکەی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ و کورسی نەهێنانە بە ڕێژەی پێویست و چاوەڕوانکراو لەلایەن بەرەی گەل بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی، ئەمەش ئەو گوتە کۆنەی یەکێتی سەلماندەوە کە بەردەوام دەڵێن "بەرپرسان تا ئەوکاتە جەماوەرین و پێگەیان هەیە کە لەناو یەکێتیدان و بەبێ حیزب هیچ نین".

نەوەی نوێ  

بەدوای ئە و دوو حیزبە دەسەڵاتدارەدا، نەوەی نوێ ئەستێرەی بە گەشیی مایەوەو براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەیە، سەلماندیەوە کە دەنگی یەکەمی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە، ئەو جوڵانەوەیە لە هێزی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانەوە بووەتە هێزی سێیەم و تاکە هێزە ژمارەی دەنگەکانی زیاتر لە دوو ئەوەندەی هەڵبژاردنی پێشوو بەرزبووەتەوە.

ئەو جوڵانەوەیە لە ٢٠١٨دا ١٢٧,١١٥دەنگی بەدەستهێناو ٨ کورسی بردەوەو بووە هێزی چوارەمی پەرلەمان، بەڵام ئەمجارە دەوروبەری ٢٩٠,٩٩١ دەنگی بەدەستهێناوەو ١٥ کورسی پەرلەمانی دەبێت و هاتووەتە ڕیزبەندی سێیەم هێزی پەرلەمان.

یەکگرتووی ئیسلامی

دووەم براوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان یەکگرتووی ئیسلامییە، کە بووەتە هێزی چوارەمی پەرلەمان لە کاتێکدا لە خولی پێشوودا لە ڕیزبەندی شەشەمدا بوو.

یەکگرتوو ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی پێکەوە بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد و هاوپەیمان بوون، بە هەردووکیان ٧٩,٤٣٤ دەنگیان بەدەستهێنا کە ٥ کورسی پەرلەمانی کرد، بەڵام ئەمجارە یەکگرتوو بەتەنها خۆی ١١٦,٩٤١ دەنگی هێناوەو ٧ کورسی لە پەرلەمان بردووەتەوە.

هەڵوێست و بەرەی گەل؛ دوو دڵشکاوی هەڵبژاردن

ڕەوتی هەڵوێست بە سەرۆکایەتی عەلی حەمەساڵح و بەرەی گەل بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی دوو حیزبی نوێ و دیاری هەڵبژاردنەکە بوون، ئەوان بە گوڕوتینەوە ئەسپی خۆیان تاوداو چاویان لەسەر کۆکردنەوەی دەنگی ناڕازی و بایکۆت بوو لە دەوری خۆیان بە دەنگی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی وەک نەوەی نوێ-شەوە.

هەرچەندە لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەی بەشداریی بەرزبوو کە گەیشتە لەسەدا ٧٢، بەوەش زۆربەی دەنگدەران کە پێشتر لە بەرەی بایکۆت بوون چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام پێشبینی و چاوەڕوانییەکانی هەڵوێست و بەرەی گەل نەیپێکاو ئەو دوو لایەنە بە هەردووکیان نەگەیشتنە نیوەی نەوەی نوێ.

هەڵوێست بە ٥٥,٧٧٥ دەنگ ٤ کورسی و بەرەی گەل بە ٣٣,٣٦٥ دەنگ ٢ کورسی لە خولی نوێی پەرلەمانی کوردستاندا دەبێت.

گۆڕان و کۆمەڵ؛ دوو گەورەترین دۆڕاو

بزووتنەوەی گۆڕان گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەکەیەو بەدوای ئەودا کۆمەڵی دادگەری دووەم گەورەترین دۆڕاوی پڕۆسەکەیە.

گۆڕان لە چوار ساڵی ڕابردووداو دوورتر لەوەش لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە لە ٢٠١٧، بە چەندین هەوراز و نشێودا تێپەڕی و دەیان کەسایەتی و گروپی لێ جیابووەوە و تەنانەت چەند ڕۆژێک بەر لەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدا لایەنەکان سەرقاڵی بانگەشەبوون، دواین تەقینەوەی ناوخۆیی لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا ڕوویداو ئاڕاستەی عومەر سەید عەلی بە سەرۆکایەتی دانا ئەحمەد مەجید گردی زەرگەتەیان بە یەکجاریی بۆ کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بەجێهێشت.

ئەو دۆخە ناوخۆییە کاریگەریی و ڕەنگدانەوەی تەواوی لەسەر دەنگ و کورسییەکانی بزووتنەوەکە هەبووە، گۆڕان کە خولی پێشووی پەرلەمان هێزی سێیەم بوو بە بەدەستهێنانی ١٨٦,٩٠٣دەنگ و بردنەوەی ١٢ کورسی، لەم هەڵبژاردنەدا کەمتر لە ١٢ هەزار دەنگی هێناوە کە کەمترین دەنگە لە مێژووی بزووتنەوەکەداو تەنها یەک کورسی لە پەرلەمان دەبێت.

گۆڕان حیزبی دەنگدەرەو تا نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بوو، دەنگدەران لە هەڵبژادنەكانی عێراق‌و كوردستاندا(لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣) هەموو جارێك نزیكەی نیو ملیۆن كارتی دەنگدانیان بە دڵی ئەو دەخستە سندوقی دەنگدانەوە، بە ئومێدی گۆڕانكاری ڕیشەیی لەو حوكمڕانییەی پارتی‌و یەكێتی دەیانكرد، ئەوەش بزووتنەوەکەی کرد بە بەهێزترین هێزی ئۆپۆزسیۆن و لە یەکەم هەڵبژاردن لە ٢٠٠٩ پارتی و یەکێتی تووشی شۆک کردو ٢٥ کورسی لە پەرلەمانی کوردستان بە دەست هێنا.

بەڵام تەنها چوار ساڵ وەک ئۆپۆزسیۆن بڕی کرد و دوای هەڵبژاردنی ٢٠١٣ی پەرلەمانی كوردستان كە ٢٤ كورسی بەدەستهێنا بەشداریی لە حكومەتدا كرد، لەوکاتەوە سەرەتای لاوازبوونی گۆڕان دەستی پێکرد و لە یەكەم هەڵبژاردنی دوای نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ٢٠١٨ نیوەی دەنگەكانی لەدەستداو لە ٢٠٢١ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سەرتاسەری هەرێم نزیکەی ٢٠ هەزار دەنگی هێناو هیچ کورسییەکی نەبردەوە، تا ئەمڕۆ بەرەو لێژیی دەڕوات.

کۆمەڵی دادگەری کە پێشتر کۆمەڵی ئیسلامی بوو، لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی لە حیزبەکە فریای نەکەوت و زیاتر لە نیوەی کورسییەکانی لە پەرلەمان لەدەستداوە.

ئەو حیزبە کە ڕەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت "حیزبی چەند خێزان و کۆمەڵێک خزمە"و بەردەوام کەسە نزیکەکانی عەلی باپیر سەرۆکی حیزبەکە کاندیدن بۆ پەرلەمان و وەرگرتنی پۆستی باڵای حکومی، لە ساڵی ٢٠١٨ بە بەدەستهێنانی ١٠٩,٤٩٤ دەنگ ٧ کورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام ئەمجارە دەنگەکانی داکشان بۆ ٦٤,٧١٠ دەنگ و کورسییەکانی کەمبوونەوە بۆ ٣ کورسی.