سەرەڕای ڕکابەرییەکانیان؛ بەهێزترین سیناریۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت هەر هاوپەیمانیی نێوان پارتی و یەکێتییە
پەرەگرف
هەرێمی کوردستان خۆی ئامادە دەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن جارێکی دیکە هەژموونی پارتی و یەکێتی چەسپاندەوە، سەرباری ئەوەش جارێکی دیکە ڕکابەریی لەمێژینەی ئەو دوو حزبەی دەرخستەوە کە لەگەڵئەوەی حوکمڕانییان گرێدراوی یەکە، بەڵام دەکرێت سەقامگیریی هاوپەیمانییەکەیان بکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
پارتی جارێکی دیکە هەڵوێستی ڕوونی پیشاندایەوە کە سوورەلەسەر ئەوەی مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەم سەرۆکایەتی کابینەی دەیەمیش بکاتەوە و ئەو پۆستە لای خودی مەسروور بارزانی و پارتی بێت. شاندی دانوستانکاری پارتی ئەمڕۆ 27ی نۆڤەمبەر دەستی بە گفتۆگۆکان کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
پارتی و یەکێتی هەریەکەیان هێزی چەکدار و سیستمی دارایی تایبەت بە خۆیان هەیە کە بەهۆیەوە هەریەکەیان ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافییان خستووتەوە ژێر هەژموونی خۆیانەوە، پارتی پارێزگای هەولێر و دهۆکی خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و یەكێتیش پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی کۆنتڕۆڵکردووە، ئەم دابەشبوونە ناوچەییەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان وای کردووە پێکهێنانی حکومەت بەبێ بەشداری هەردوو حزبەکە ئەستەم بێت جا کورسی پەرلەمانی زۆریان هەبێت یاخود کەم.
وێنایەکی ئەنجامی هەڵبژاردن
پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی گەورەترین براوەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانە کە لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024دا ئەنجامدرا. یەکێتی لە دوای ئەو بە بەدەستهێنانی 23 کورسی پلەی دووەمی گرتووە. پارتەکانی دیکە وەکو نەوەی نوێ کە خاوەنی 15 کورسییە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش کە 7 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ کۆمەڵێک پارتی دیکە بە هەموویان 38 کورسییان بەدەستهێناوە. 5 کورسییەکەی کەمینەکان کە بۆ پێکهاتەی مەسیحی و تورکمان تەرخان کراوە دابەشبوون بەسەر پارتی و یەکێتیدا، سێ کورسی لەپاڵ پارتیدان و دوو کورسییەکەی تریش پاڵیان داوە بە یەکێتییەوە.
بۆ پێکهێنانی حکومەت زۆرینەیەکی سادەی 51 کورسیی پێوێستە، بەڵام ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی زۆر پارچەپارچە و دابەشبووەو کۆکردنەوەی ئەو زۆرینەیە ئاسان نییە، ئەمەش وای لە پارتی کردووە کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە بەپێی ژمارەی کورسی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە لە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی.
سەرباری ئەوەش بەرلە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، حەوت حزبی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان جگەلە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بەدڵ نییە، ئەنجامەکان ڕەت دەکەنەوەو تۆمەتی ساختەکاری و تەزویر دەدەنە پاڵ هەڵبژاردنەکە و بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" ناوی دەبەن. تەنانەت کۆمەڵی دادگەری بڕیاری بایکۆتی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی داوە. بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.
ناوهێنانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" کاری پارتی قورس کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە جگە لە کۆمەڵ کە هەر بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش هەر لەڕوویان نایەت بەشداری حکومەت بکەن ئەگەر دڵیشیان لێبدات بۆ بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هاوپەیمانی
سەرەڕای ڕکابەرییەکانیان، سیناریۆی هەرە دیار بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەکێتییە کە پێکەوە 67 کورسییان بەدەستهێناوە بە کورسی پێکهاتەکانیشەوە، پارتی 39 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ سێ کورسی پێکهاتەکان کە لایەنگری پارتی دەکەن، ژمارەی کورسییەکانی پارتی دەبێتە 42، هەروەها یەکێتی خاوەنی 23 کورسییە لەگەڵ دوو کورسی پێکهاتەکان کە پشتگیری ڕەهای یەكێتی دەکەن کورسییەکانی یەکێتی دەبێتە 25 کورسی. هیچ کام لە یەکێتی و پارتی لە ئەرزی واقیعدا ناتوانن بە تەنها و بە پشتگوێخستنی یەکتری حکومەت پێکبهێنن چونکە لایەنەکانی دیکە ئۆپۆزسیۆنبوون یاخود بایکۆتیان هەڵبژاردووە جگەلە نەوەی نوێ کە مەرجی قورسی هەیە بۆ بەشداری لە حکومەت.
سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سیناریۆی یەکەم: هاوپەیمانیی نێوان پارتی و یەکێتی
پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ دروستکردنی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم زۆرترین سەقامگیری پێشکەش دەکات، درێژەپێدەری ڕێککەوتنی دەیان ساڵەی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان ئەو دوو حزبەدا دەبێت، بەڵام ئەم سیناریۆیەش ئاستەنگی لەبەردەمدایە:
• ململانێی هێز و دەسەڵات: پێدەچێت یەکێتی داوای پشکی زیاتر لە وەزارەتە سەرەکییەکان بکات- وەک ناوخۆ، پێشمەرگە و دارایی- کە ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ پێگەی پارتی بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن.
• پوکانەوەی متمانە: ساڵانێکی زۆرە بێمتمانەیی لەنێوان یەکێتی و پارتی سەری هەڵداوە و بەردەوام لە پەرەسەندندا بووە بە جۆرێک دەستکارییکردنی کورسییەکانی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە لێکەوتەی ئەو بێمتمانەییەی پارتی و یەکێتی بوو بە یەکتری، لە ڕابردووداشدا پارتی هەژموونی خۆی سەپاندووە کە ئەمەش ڕەنگە دانوستانەکان ئاڵۆز بکات و هەماهەنگی سەخت بکات.
• یەکڕیزی هەرێمایەتی: شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت بە وریاییەوە هەنگاو بنێت بۆ پاراستنی یەکێتی وەکو هاوپەیمان، چونکە پشتیوانییەکانیان هەم بۆ ماتماتیکی پەرلەمان و هەم بۆ یەکگرتوویی ناوچەیی گرنگە.
سیناریۆی دووەم: هاوپەیمانیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبە بچوکەکان
لە ڕووی تیۆریەوە پارتی دەتوانێت بەدوای هاوپەیمانی بگەڕێت لەگەڵ پارتە بچووکەکاندا، بەڵام ئەم بژاردەیە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری بەرچاو دەبێتەوەو نزیکە لە مەحاڵ لەوانە:
• داواکارییەکانی نەوەی نوێ: جوڵانەوەی نەوەی نوێ داواکاری زۆر و قورسی هەیە، وەک پۆستی سەرۆکوەزیران یان وەرگرتنی کۆی وەزارەتەکان، ئەمەش وایکردووە هەماهەنگی و هاوپەیمانیی نێوان نەوەی نوێ و پارتی ڕێی تێنەچێت.
• هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن: لایەنە بچوکەکانی تر، لەوانە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی گۆڕان، نیازی ئەوەیان هەیە کە ئۆپۆزسیۆن بن یاخود بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانیان ڕاگەیاندووە.
• کورسی پێکهاتەکان: لە کاتێکدا پارتی سێ کورسی پێکهاتەکانی بەدەستەوەیە، بەڵام ئەم پشتیوانییە بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی.
بەبێ یەکێتی، هاوپەیمانییەک کە پارتی سەرکردایەتی بکات لەق و ناسەقامگیر و لاسەنگە، بەوجۆرە پارتی ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی دەبێتەوە لە حوکمڕانیدا، ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم پارتیدان بەهەمانشێوە لە بەردەم یەکێتیشدان ئەگەر بیەوێت بەبێ پارتی هەوڵی پێکهێنانی حکومەت بدات.
باردۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە ناجێگیری ماوەتەوە، هاوپەیمانیی نێوان پارتی و یەکێتی تاکە ڕێگای واقیعییە بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕکابەرێتی ئەم دواییەی ئەو دوو حزبە بەهۆی هەڵبژاردنەوە و ئاڵۆزی پەیوەندییەکانیان هەڕەشەیە بۆ دواخستنی دانوستانەکان، ئەگەریش هەیە ئەو دواخستنە سەربکێشێت بۆ چەقبەستوویی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان تەنانەت بگاتە بنبەست.
کۆتایی نەهێنان بەو جیاوازییانە و چارەسەرنەکردنیان ڕەنگە ببێتە هۆی قوڵتربوونەوەی دووبەرەکیی یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان، هەرێمێک کە هەرخۆی دەناڵێنێت بەدەست ناسەقامگیری ئابووری و کێشەکانی حوکمڕانی و فشارە دەرەکییەکان. لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکان، چاوەکان لەسەر سەکردایەتی هەدوو حزبە بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی و ڕاستکردنەوەی باری لاری هەرێمی کوردستان.
سەقامگیری هەرێمی کوردستان و توانای هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە دیارەکان پەیوەستە بە دەرئەنجامی ئەو وتووێژ و دانوستانەی کە لەنێوان پارتی و یەکێتی بەشێوەیەکی سەرەکی و لایەنەکانی دیکە بەڕێوەدەچێت. لە ئێستادا ئایندەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە نادیاری ماوەتەوە، هەموو چاویان لەسەر پارتی و یەکێتییە بۆ دیاریکردنی قۆناغی داهاتووی هەرێم.