لە ڕۆژی ڕێککەوتنی بەریتانیا و هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆچی نایاسایی؛ دوو کۆچبەری دیکەی کورد خنکان

28-11-2024 08:08
وێنەى دوو کۆچبەرە خنکاوەکە

پەرەگراف

"خەریکە شێت دەبم، نازانم چى بکەم؟ منداڵە نۆ مانگانەکەم لە پێشچاوم ڕۆحى دەرچوو! نازانم چى بە ماڵى خەزوورم بڵێم؟ چۆن پێیان بڵێم کە کچەکەیان خنکاوە؟!"، ئەمە نوێـرین تراژیدیاى خنکانى دایک و منداڵێکى کۆچبەرى هەرێمى کوردستانە لە زارى هاوسەرى ژنەکەوە، کە لە ڕێگەى کۆچ بۆ ئەورووپا لەناو دەریاى ئیجەدا خنکان.

ئەو خێزانە کوردە کە لەگەڵ دەیان کۆچبەرى دیکە شەوى ڕابردوو لە تورکیاوە بەرەو ئەورووپا بەڕێ کەوتبوون، بەرەبەیانى ئەمڕۆ بەلەمەکەیان لەناو دەریاى ئیجەدا لە نزیک دوورگەیەکى یۆنان ژێرئاو کەوت، نیوەى کۆچبەرەکان ڕزگار کران و نیوەکەى دیکەیان خنکاون یان بێسەروشوێنن.

هاوکات لەگەڵ ئەم تراژیدیا نوێیەى کۆچبەراندا، هەر ئەمڕۆ ٢٨-١١-٢٠٢٤، بەریتانیا ڕێککەوتنێکى ئەمنیى مێژوویى لەگەڵ حکومەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستاندا واژوو کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەى دیاردەى کۆچى نایاسایى. ڕێککەوتنەکە لە چوارچێوەى پلانى کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیادایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى دیاردەى کۆچى نایاسایى لە وڵاتى کۆچەوە کە سەرچاوەى دیاردەکەیە.

شەوى چوارشەممە ٢٧-١١-٢٠٢٤، بەلەمێکى کۆچبەران لە شارى ئیزمیرى تورکیاوە بەڕێکەوت و پاش نزیکبوونەوەى لە دوورگەى سامۆسى یۆنان، لە کاتژمێر ٦:٣٠ خولەکى بەیانیى پێنجشەممەدا بە هۆکاری بەرکەوتنی بەلەمەکە بە بەردەکانی نزیک کەناری دوورگەکە، ژێرئاو کەوت.

دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران دەڵێت "بەلەمەکە زیاتر لە ٣٠ کۆچبەرى تێدا بووە، ١٦ کۆچبەر ڕزگار کراون و دوو کۆچبەریش گیانیان لەدەست داوە . هێشتا دیار نییە کە چەند کۆچبەر بێسەروشوێنن و گەڕانی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان بەردەوامە" .

ژنێکى گەنج بە ناوى نایلە مستەفا سوورچى، خەڵکى ناحیەى سەرووچاوە لە ئیدارەى ڕاپەڕین، لەگەڵ کچە نۆ مانگانەکەى خنکاون. هاوسەرى ئەو ژنە بە ناوى کاوێز سەعدوڵڵا لە ڕووداوەکەدا ڕزگارى بووە و ئێستا لە وڵاتى یۆنان لە بارودۆخێکى دەروونیى سەختدایە.

کاوێز سەعدوڵڵا، هاوسەرى نایلە، چیرۆکى ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت "ئێمە لە کاتژمێر ١١:٠٠٠ـى شەو سەرکەوتین. بڕیاربوو بەلەمەکە ١٥ کەسى تێدا بێت، بەڵام ٣٢ کەسیان تێکردبوو. گەیشتینە نزیکى دوورگەى سامۆس و پۆلیسى یۆنان لایتى لێداین. قاچاخچییەکە بۆ ئەوەى خۆى دەرباز بکات، بە خێرایى بەلەمەکەى لێخوڕى و خۆى کێشا بە جەزیرەکەدا".

کاوێز سەعدوڵڵا بەدەم گریانەوە دەشڵێت "منداڵەکەم لە بەرچاوم ڕۆحى دەرچوو! تەمەنى نۆ مانگ بوو. بارودۆخم زۆر خراپە و خەریکە شێت دەبم. خوایە خۆت سەبووریى دڵم بدەیت".

کەسوکارى ژنەکە ناڕازى بوون کچەکەیان بەو ڕێگا مەترسیدارەدا بچێت بۆ ئەورووپا. کاوێز دەڵێت "ماڵى خەزوورم ڕازى نەبوون هاوسەرەکەم لەگەڵ من بێت، بەو هۆیەوە ٤٠ شەو بوو ماڵى خەزوورم پەیوەندییان لەگەڵ هاوسەرەکەم تێکچووبوو، دەیانوت نابێت بڕۆیت، بەڵام هاوسەرەکەم لەگەڵم هات. ئێستا چۆن پێیان بڵێم کە کچەکەیان خنکاوە؟!".

 

دیاردەى کۆچى نایاسایى و ئەو تراژیدیایانەى لێى دەکەونەوە بەردەوامییان هەیە. بە تایبەت لە عێراق و هەرێمى کوردستانەوە ساڵانە دەیان هەزار کەس ڕێگاى مەترسیدارى ئەورووپا دەگرنە بەر، زۆرینەشیان ڕوو لە وڵاتى بەریتانیا دەکەن.

بۆ کەمکردنەوەى دیاردەى کۆچى نایاسایى، حکومەتی بەریتانیا ڕێککەوتنێکی ئەمنیی مێژوویی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دا. ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی بە مرۆڤ و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان، زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات، بۆ جێبەجێکردنى پلانێک کە هەر لە وڵاتى کۆچەوە ڕێگری لە کۆچبەران دەکات بڕۆن بەرەو بەریتانیا.

بەپێی ڕێککەوتنەکە کە لە سەردانەکەى ٢٦، ٢٧ و ٢٨-١١-٢٠٢٤ـى ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان ئەنجام دراوە و وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردەوە، بەریتانیا ٣٠٠ هەزار پاوەند بۆ ڕاهێنانی ئەمنیی پاراستنی سنوور دەداتە عێراق و ٢٠٠ هەزار پاوەند بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی دەداتە هەرێمی کوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کە کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر بۆ پەرەگرافی ناردووە، ڕێککەوتنە دەستپێکردنی هەڵمەتی پەیوەندی پتەوترە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو زانیاری و ئەفسانە هەڵانەی کە قاچاخچییەکان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوی دەکەنەوە.

"هەڵمەتە پلان بۆ داڕێژراوەکە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست دەدات کە لەلایەن باندە تاوانکارەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە و ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە خەڵک کە ئەو گەشتە مەترسیدارە ئەنجام دەدەن، لەنێویاندا گێڕانەوەی چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەو کەسانەی کە بوونەتە قوربانیی باندەکانی قاچاخچێتی"، کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر وا دەڵێت.

ئەوە یەکەم ڕێککەوتنی ئەمنییە لەسەر ئاستی جیهان بە ئامانجی ڕووبەڕوبوونەوەی کۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو.

ئەو ٣٠٠ هەزار پاوەندەی بەریتانیا دەیدات بە عێراق بۆ ڕاهێنانی پاراستنی سنوورە، کە گرنگی بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی کۆچبەریی ڕێکخراو و ماددەی هۆشبەر دەدەن.

هاوکات ٢٠٠ هەزار پاوەندەکەی کە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت، بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیە کە تواناکان سەبارەت بە ڕێگریی لە کۆچی نایاسایی و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان بەرز دەکەنەوە.

ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ڕێککەوتنەکان و دەڵێت "ئەم پابەندبوونە گرنگانە ئاماژەیەکی ڕوون دەنێرن بۆ باندە قاچاخچییەکان کە ئێمە لەسەر ئاستی جیهان کار دەکەین بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە مەترسیدارەکانیان. تاوانبارانی ڕێکخراو لە سنوورەکانەوە کار دەکەن، بۆیە دەبێت وەڵامدانەوەمان هەمان شت بێت".

کۆچکردن لە هەرێمی کوردستانەوە

ئەوکەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچ بۆ ئەورووپا و پاشان بەریتانیا دەکەن، سەرەتا بە ڤیزە دەچنە تورکیا، پاش چەند شەوێک مانەوە، قاچاخچییەکان دەیانخەنە یەختەوە و بە ئاوی پڕمەترسیی دەریای ئیجە و دەریای ناوەڕاستدا بەرەو ئیتاڵیا ڕەوانەیان دەکەن، زۆرترین قوربانییەکان لەو ئاوەدایە کە هەزاران کۆچبەری تێدا خنکاون و زۆرێکیش تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.

بەپێی پڕۆژەی کۆچبەرانی ونبووی ڕێکخراوی نێودەوڵەت کۆچ، ژمارەی ساڵانەی مردن و بێسەروشوێن بوونی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست لە ٢٠٤٨ کەس لە ساڵی ٢٠٢١ بەزربووەتەوە بۆ ٢٤١١ کەس لە ساڵی ٢٠٢٢دا، لە ساڵی ٢٠٢٣شدا زیاتر بەرزبووەتەوەو تەنها ئەو ساڵە ئامارەکە بووە بە ٣٠٤١ کەس.

بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە 7 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپاو بەتایبەت بەریتانیا کردووە کە 43یان لەو ڕێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.

بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، ڕۆژی ٨-٨-٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، دەڤەری راپەڕین پشکی شێری لە کۆچ کردن و قوربانییان بەرکەوتووە، وتی ''لەو پێنج هەزار کۆچبەرە، لانیکەم هەزار و 200 کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن".

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، هۆکاری زۆریی کۆچکردنی گەنجانی دانیشتووی دەڤەری راپەڕین بۆ نەبوونی دەرفەتی کار گەڕاندەوە، وتیشی ''بەشێکیش بووەتە دیاردە و چاولێکەری، ئەگەرنا هەموویان باش دەزانن وڵاتانی ئەورووپا ئەو بەهەشتە نییە کە بیری لێ دەکەنەوە".

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف و قسەکردن لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی هەرێمی کوردستان، زۆرینەی ئەوانەی دەیانەوێت کۆچ بکەن دوو پاڵنەری سەرەکییان هەیە؛ یەکەم دۆخی ئابوری و پارە پەیداکردن، دووەم هاوڕێیان لە وڵاتانی ئەوروپاو بەریتانیا هەیەو ئەوە وایکردووە حەزێکی زۆریان لادروست ببێت بۆ کۆچکردن.

بەپێی ئاماری ڕێكخراوێكی دیاری پەنابەران، لە ماوەی شەش ساڵدا زیاتر لە نیوملیۆن هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی جیهان داوای مافی پەنابەرێتییان كردووە، هەرلەو ماوەیەدا زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە یاخود بێسەروشوێن بوون.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران كە ڕێكخراوێكی دیاری پەیوەست بە كاری پەنابەرانە لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت "649 هەزار و 273 هاووڵاتیی عێراقی لە ماوەی ساڵانی 2015 تا 2021، داوای مافی پەنابەرێتییان پێشكەشی وڵاتانی جیهان كردووە. لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا 296 كۆچبەری عێراقی گیانیان لەدەست داوە و 216ی دیكە بێسەروشوێن بوون".