پۆلیسی هەولێر بە هەڵە ڤیدیۆیەک دەداتەپاڵ عەلی حەمەساڵح؛ ڤیدیۆکەی سابرین نیوز هی کەی ئێن ئێنە

11-02-2025 02:59
وێنەیەک لە گرتە ڤیدیۆییەکە کە لە پەیجی کەی ئێن ئێن بڵاوکراوەتەوە

پەرەگراف

پۆلیسی هەولێر ڤیدیۆی پاسەوانێكی پێشوو و هاوڕێی ئێستای عەلی حەمەساڵح لەژێر ناوی "دانپێدانان"و گرتەیەکی ڤیدیۆیی هەولێر بڵاو دەكاتەوە كە تۆماركردنی دەداتە پاڵ عەلی حەمەساڵح کاتێک ئەو هاوڕێیەی شۆفێریی بۆ کردووە، پۆلیس دەڵێت ئەو ڤیدیۆیە "لە میدیای دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم بڵاوکراوەتەوە"، کە مەبەستی تەلەگرامی سابرین نیوزە کە نزیکە لە شیعەکانی عێراق و پشتیوانی سیاسەتەکانی ئێران دەکات لە عێراق.

بەپێی بەدواداچوونێکی وردی پەرەگراف، ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە سابرین نیوز بڵاوکراوەتەوەو پۆلیس دەڵێت هی عەلی حەمەساڵحە، هی ئەو نییە، هی کەناڵی کەی ئێن ئێنەو سابرین نیوز لەوانی وەرگرتووەو ٢٤ خولەک دوای بڵاوبوونەوەی لە پەیجی کەی ئێن ئێن لە فەیسبووک، سابرین نیوز لە تەلەگرامی خۆی بڵاویکردووەتەوەو لۆگۆی خۆی خستووەتەسەر، تەنانەت میوزیکی ڤیدیۆکەشی نەگۆڕیوە کە هی کەی ئێن ئێنە، بەمەش دەردەکەوێت پۆلیس کەوتووەتە هەڵەوە.

پەرەگراف لە سەرچاوەیەکی کەناڵی کەی ئێن ئێنەوە پشتڕاستی کردەوە کە ئەو ڤیدیۆیە تایبەتە بەو کەناڵەو هی خۆیانە، ڕۆژی ٩-٢-٢٠٢٥ کاتژمێر ١٠:٥٨ خولەک کەی ئێن ئێن بڵاویکردووەتەوەو پاشان کاتژمێر ١١:٢٢ خولەک سابرین نیوز هەمان ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوەو لۆگۆی کەی ئێن ئینی لەسەر لابردووە.

سکرین شۆتی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە لە تەلەگرامی سابرین نیوز

ڤیدیۆکە ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەیە کاتێک هێزێکی زۆر لەناو شاری هەولێر بڵاوەی پێکرا بۆ ڕیگریی لە خۆپیشاندانی مامۆستاو فەرمانبەران دژی قەیرانی مووچە، لە کاتێکدابوو کە سەدان مامۆستا لە سلێمانییەوە بەڕێکەوتن بۆ هەولێر بە مەبەستی خۆپیشاندان، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێکرا بچنە هەولێرو گازی فرمێسکڕێژ لە دژیان بەکارهێنرا.

دەستگیرکردنی ئەو کەسە، پۆلیسی هەولێری ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند کردووەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەخنەگران پرسیاری ئەوە دەکەن بۆچی وێنەو ڤیدیۆگرتنی بڵاوەپێکردنی هێز نایاسییەو بەپێی چ یاسایەک؟ بۆ دەبێت شۆفێری کەسێک دەستگیربکرێت کە ڤیدیۆ دەگرێت؟ لە کاتێکدا پۆلیس خۆی ئاماژەی بە هیچ ماددەیەکی یاسایی نەکردووە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، تۆمەتی قورسی "تێکدانی ئاسایشی هەرێم" باس دەکات.

قسەی پۆلیس و وەڵامی عەلی حەمەساڵح

پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لێدوانێکی هاوڕێکەی عەلی حەمەساڵح و ڤیدیۆکەی سابرین نیوزی پێکەوە بڵاوکردووەتەوەو وەک دانپێدانانی تۆمەتبارێک دەیخاتەڕوو.

پۆلیس دەڵێت "دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە هەندێک لە پلاتفۆرمە نەیار و دژبەرەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چەواشەکاری و هاندانی خەڵک و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆ و زانیاریی نادروست بڵاو کرانەوە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دوای بەدواداچوونی ورد و لێکۆڵینەوە، گەیشتنە دەرەنجام و هەندێک لەو کەسانەی کە هانی ئەو هەڵمەتە ناڕەوا و نابەجێیانەیان دەدا، دەستنیشان کران".

"لە سەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، یەکێکیان دەستگیر کراوە کە ناوی ئادەم عوسمان سلێمانە و ڕۆژی یەکشەممە 9ی ئەم مانگە شۆفێریی بۆ عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری کوردستان کردووە لەو کاتەی پەرلەمانتارەکە سەرقاڵی وێنە و ڤیدیۆگرتنی چەند شوێنێک بوو کە لەو پلاتفۆرمە ئاماژەپێکراوانە بڵاوکراونەتەوە. بە مەبەستی چەواشەکاری و هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان" پۆلیس وادەڵێت.

لەو گرتە ڤیدیۆییەی پۆلیس وەک دانپێدانان بڵاویکردووەتەوە، ئادەم عوسمان هاوڕێکەی عەلی حەمەساڵح دەڵێت "کاک عەلی پەیوەندی پێوەکردم، من شۆفێریم دەکردو چوینە بەردەم نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەو ڤیدیۆی گرت، دواتر چووینە بەردەم پەرلەمان و ڤیدیۆی گرت، دواتر نازانم بۆ کوێی ناردو بۆ چی بوو، پاشان چوینە بازگەی دێگەڵەو دواتر سەیرمان کرد لە سابرین نیوز ڤیدیۆکان بڵاوبوبونەوە".

هاوکات پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح بە پەرەگرافی وت "ڤیدیۆی بەردەم پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانم گرتووە کە هێزی لێیەو ڕێگەنادات خەڵک بوەستێت، من پەرلەمانتارم و لە هیچ شوێنێک نە نوسراوە ڤیدیۆگرتن قەدەغەیە".

"ئەو ڤیدیۆیەی پۆلیس بڵاویکردووەتەوە پەیوەندیی بە منەوە نییە، من تەنیا ڤیدیۆیەکم بڵاوکردووەتەوە کە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران هێزێکی ئەمنی و مەدەنی لێیە. ئەو ڤیدیۆیە بابەتێکی دروستکراوی خۆیانە(مەبەستی پۆلیسە)" عەلی حەمەساڵح وادەڵێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ئەو ڤیدیۆی گرتووەو لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە، "چ قەدەغەیە ڤیدیۆی سەر شەقامەکان بگریت؟ کاک ئادەم هاوکاری من بووە، دەستگیرکردنی ئەو هاوڕێیەم یاساشکێنییەو لێدانە لە من، پەیوەندیی بە ئازادییەوە هەیە".

تۆمەتەکەی وەزارەتی ناوخۆ بەرلە پۆلیس

بەرلەو دۆسیەیەی پۆلیسی هەولێر، ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە کاتێک خۆپیشاندەران لە سلێمانییەوە گەیشتنە بازگەی دێگەڵەو هێزە ئەمنییەکان بە ڕێگریی و توندوتیژی ڕوبەڕویان بوونەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم پەنجەی تۆمەتی بۆ لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی و پەکەکە درێژ کرد بۆ "تێکدانی ئاسایشی هەرێم بە سوودوەرگرتن لە ناڕەزایی فەرمانبەران".

وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی "ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە، کۆمەڵێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن و بەمەش داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن".

تۆمەتەکانی دەستی دەرەکی و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم، نوێ نین و خەڵکی کوردستان لەمێژە پێیان ئاشنان، ئەوە هەمان ئەو تۆمەتانەن کە ساڵی ٢٠٢٠ ئاڕاستەی دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی کران لە بادینان و بەهۆیەوە دۆسیەیان بۆ کرایەوەو دەنگدانەوەی ناوخۆیی و دەرەکیی لێکەوتەوەو تائێستاش بەشێکیان دۆسیەکانیان ماوەو لە زیندانەکاندان.

١٥ ڕۆژە مامۆستاو فەرمانبەران بەردەوامن لە مانگرتن

ئەمڕۆ ١٥ ڕۆژە ١٣ مامۆستا و فەرمانبەر لە شارى سلێمانى لەبەردەم نووسینگەى نەتەوە یەکگرتووەکان مانیان لە خواردن گرتووە. ئەوان داواى تەوتین و دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوە و مووچەکانیان دەکەن، وەکوو پێشمەرجیش تەنیا داواى دابەشکردنى مووچەى نەدراوى مانگى ١٢ـى ساڵى ڕابردوو دەکەن، بەڵام حکومەتى هەرێم وەڵامى داواکارییەکانیان ناداتەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە دوکان و بازاڕەکانی ناوەندی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ماوەیەک لەلایەن کاسبکارانەوە داخران وەکو پشتیوانییەک بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو و داواکانیان.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تەندروسیتی سلێمانی بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "هەرسێ مانگرتوو (زانا شێخ محەمەد، دڵشاد میرانی و دڵشاد بابان) بەهۆی کاریگەریی مانگرتن لە خواردن تووشی خوێنبەربوون بوون و پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەیە".

ئەو سەرچاوەیە جەختیشی كردەوە كە "پاش 15 ڕۆژ، بەردەوامی لە مانگرتن كاریگەریی مەترسیداری لەسەر تەندروستیی مانگرتووان دەبێت و ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانی مانگرتووان زیاتر دەكەوێتە مەترسییەوە".