بۆردومانەکانی تورکیا بەردەوامەو نێچیرڤان بارزانی و یاشار گولهر جەخت لە 'سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی' دەکەن

پەرەگراف
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگری تورکیا کۆبوونەوەو جەخت لە سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکەن و بە "گرنگ و مێژوویی" لە قەڵەمی دەدەن، ئەوە لەکاتێکدایە تورکیا بەردەوامە لە هێرش و بۆردومانەکانی لە هەرێمی کوردستان بە پاساوی لێدان لە گەریلاکانی پەکەکە.
نێچیرڤان بارزانی، سهرۆکی ههرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کۆڕبهندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، لهگهڵ یاشار گولهر، وهزیری بهرگریی تورکیا، کۆبووهوه، بەپێی سەرۆکایەتی هەرێم، له کۆبوونهوهکهدا پەیوەندییەکانی توركيا لهگهڵ عێراق و ههرێمی کوردستان و هاريكاريى هاوبهش بۆ پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى له ناوچهکه، تاوتوێ کران.
"ههردوولا پڕۆسهى ئاشتييان له توركيا به گرنگ و مێژوويى له قهڵهم دا و جهختيان له گرنگيى كاركردن بۆ سهرخستنى پرۆسهكه كردهوه، ههروهها هاوڕا بوون لهسهر گرنگيى برهودان به كارى پێكهوهيى و ههماههنگيى نێوان وڵاتانى ناوچهكه، بۆ پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى و دوورخستنهوەى ناوچهكه له كێشهكان و ئاڵۆزيى زياتر" سەرۆکایەتی هەرێم وادەڵێت.
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، ، سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنە لەلایەن پەکەکەو دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا بۆ چارسەری پرسی کورد، بەڵام هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
بەپێی ڕێكخراوی CPT کە چاودێری دۆخی ناوچەکانی شەڕ دەکات، لەگەڵ تۆپباران و بۆردومانكردنی چیای كوڕەژارۆ و گارا لە دهۆک لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە، شەوی ٩ی ئەم مانگە سەربازانی توركیا تەقەیان بە ڕووی گوندەكانی شیلادزێدا كردووە.
كامەران عوسمان لە ڕێکخراوی سی پی تی، دەڵێت "سەربازانی توركیا لە بارەگا سەربازییەكانیانەوە تەقەیان بە ڕووی گوندی بیریا شیخۆ لە دامێنی چیای كوڕەژارۆدا كرد، بەهۆی تەقەكانی سەربازانی توركیاوە فیشەكێك بەر ماڵی هاووڵاتییەكی مەدەنی بە ناوی (بەختیار محەمەد ڕەسووڵ) كەوت، ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە و سەرجەمیان لە خەودا بوون كاتێك فیشەك لە شووشەی پەنجەرەكەیانەوە چووە ژوورەوە".
لەو بۆردومانەدا هیچ هاووڵاتییەكی مەدەنی نەبووەتە قوربانی، بەڵام ترس و دڵەڕاوكێی بۆ دانیشتووانی ناوچەكە دروست كردووە.
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف بۆردومانی ئاسمانی و هێرشی چەكداریی سوپای توركیا، لە چەندین ناوچەی سنوری، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆك بە پاساوی راوەدونانی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) رانەوەستاوە. لەكاتێكدا كۆتایی شوباتی 2025 عەبدوڵا ئۆجەلان، دەستپێشخەری ئاشتی راگەیاند و لایەنەكانی دەسەڵاتیش لە توركیا پێشوازییان لە پەیامەكەی كرد.
سەركردایەتی پەكەكە، كە لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییەكەی ئۆجەلاندا ئاگربەستی تاكلایەنەی راگەیاندووە، بەڵام مافی وەڵامدانەوە بە گەریلاكانی دەدات، لە بەرانبەر بەردەوامی هێرش و شەڕی سوپای توركیا.
هەر لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە لە کۆشکی کۆماریی تورکیا، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبوونەوەو بڕیارە سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانیش بکەنەوە لە ئیمراڵی و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی پێبگەیەنن.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەردۆغان بە "قۆناغێکی نوێ" لە پڕۆسەی چارەسەری ناودەبات و وتی "گفتوگۆمان لەبارەی هەنگاوەکان بۆ پڕۆسەی چارەسەری کرد، لە گۆڕانکاریکردن لە دۆخی بەڕێز ئۆجەلان و دەستپێکردنی پڕۆسەیەک لەبارەی زیندانییان، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشن یان ئەوانەی لێبووردن نایانگرێتەوە، بەڕێز ئەردۆغان هیچ کاردانەوەیەکی نەرێنی نەبوو".
بوڵدان ئەوەشی خستەڕوو، پێیانوایە کە پەرلەمانی تورکیا شوێنی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتییەو بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە، پێویستی بە هەنگاوی یاساییە، لەوانەش مافی هیوا کە ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجەلان دەگرێتەوە، بۆئەو مەبەستەش بڕیارە شاندی دەم پارتی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆببنەوەو تاوتوێی ڕێکارە یاساییەکان دەکەن.
عەبدوڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەمساڵ داوای لە گەریلاکانی پەکەکە کرد کە چەکەکانیان دابنێن و پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵبوەشێننەوە، لە بەرانبەردا پەكەكە جگە لە راگەیاندنی ئاگربەست، جەختیانكردەوە بە بەشداری و سەرۆکایەتی ئۆجەلان لە کۆنگرەی حزبەکەیاندا ئامادەن کە بڕیاری چەكدانان بدەن و پەکەکە هەڵبوەشێننەوە.
ئۆجەلان كە 26 ساڵە لە توركیا زیندانییە، پیشتریش دەستپێشخەری هەبووە بۆ ئاشتی و لە ساڵی 2013ـدا جارێكیتر پڕۆسەی بێدەنگكردنی چەك چووە بواری جێبەجێكردنەوە، تا هاوینی 2015 درێژەی كێشا و دواتر شەڕ جێگەی ئاشتی گرتەوە.
گوندنشینانی پارێزگای دهۆک چاویان لە سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و بێدەنگکردنی چەکەکانە لە نێوان سوپای تورکیاو چەکدارانی پەکەکە تاوەکو ئارامیی بۆ ناوچەکانیان بگەڕێتەوەو ژیانی گوند دەستپێبکەنەوە، بەڵام هێشتا پڕۆسەی ئاشتی نەگەیشتووە بە سنورەکانی هەرێمی کوردستان.
شەڕی چەندین ساڵەی توركیا و پەكەكە، كە زیاتر لە ساڵێكە زۆر بە چڕی سنوری دهۆكی گرتۆتەوە، بۆتەهۆی چۆڵبوون یان ئاوارەبوونی خەڵكی هەزار و 190 گوند لە هەرێمی كوردستان و هەروەها بەهۆیەوە 721 هاوڵاتی مەدەنی هەر ێم شەهید بوون، بەپێی ئامارێكی تیمی کوردستانی عێراقی رێكخراوی (CPT).
عێراق 362 كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ توركیا هەیە، كە 300 كیلۆمەتریان وشكانییە و ئەویتریش ئاوە، ئەو سنورەش ناوچەی سەخت و زنجیرە شاخی بەرزن، بە تایبەت لە سێكوچكەی نێوان عێراق و ئێران و توركیا، بەوهۆیەوە عێراقیش ناتوانێت كۆنتڕۆڵی بكات و بە درێژایی مێژوو لەو سنورەدا خاڵی سەربازی نەبووە.
توركیا زیاتر لە سەدا 86ـی سنوری خۆی لەگەڵ عێراق داگیركاریی کردووە، بە قوڵایی پێنج تا 40 كیلۆمەتر، 74 بنكە و بارەگای سەربازی لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا جێگیر كردووە.