لە پاشماوەوە بۆ گوڵ؛ چۆن کچە گەنجێکی هەڵەبجەیی دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی پەینی سروشتی

پەرەگراف- بوار قادر
سیما سامان، تەمەن 24 ساڵ لەنێو بڕێک پاشماوەی میوەدا ڕاوەستاوە، جلی پیاوانەی لەبەرکردووە، هەندێک توێکڵی هەنار هەڵدەگرێت و بۆنیان دەکات. ئاماژەش بە ئامێرێکی هەباشەی بچووک دەکات کە لە مەکینەی قیمەدەچێت و دەڵێت "لێرەدا توێکڵەکان و پاشماوەکانی تری میوە دەهاڕین وەک یەکەم هەنگاو بۆ بەرهەمهێنانی پەینی سروشتی".
لە سەرەتای ٢٠٢٤ کە بە ڕێگاوە بوو بەرەو زانکۆ، بیرۆکەکە بە مێشکی سیمادا هات کاتێک کە توێکڵێکی زۆری هەناری بینی کە کەڵەکە بووبوو. ئەم توێکڵانە دوای کردنە ناو هەباشە و هاڕینی میوەکان لەلایەن کارگەکانی شەربەت و ئاومیوەوە فڕێ درابوون.
سیما هەروەها پاشماوەی هاوشێوەی لە فیستیڤاڵی ساڵانەی هەناری هەڵەبجە بەدی کردبوو، کە چەندین تەن پاشماوەی میوە، لەنێویاندا توێکڵی هەنار، شەقامەکانیان داپۆشی بوو. ئەم دیمەنە بەردەوامانە بیرۆکەیەکی لە مێشکیدا دروستکرد کە پاشماوەکان بکات بە شتێکی سوودبەخش.
هەڵەبجە وەکو پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت و خاکێکی بەپیتی هەیە. بەڵام، ژینگەی ناوچەکە ڕووبەڕووی هەڕەشەی گەورە بووەتەوە.
لە ساڵی ١٩٨٨ هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی سەدام حسێنەوە بە چەکی کیمیایی پەلامار درا، هەزاران کەس کوژران و زۆر کەسی تریش بە سەختی بریندار بوون. خاکەکە بەشێکی ژەهراوی بووە و تا ئەمڕۆش زۆرێک لە جوتیاران بەردەوامن لە بەکارهێنانی پەینی کیمیایی بە هیوای زیادکردنی بەرهەمی دانەوێڵە، گوێز و هەنار.
بەپێی ئاماری شارەوانی، زیاتر لە ١٥٠ تەن پاشماوە ڕۆژانە لە پارێزگای هەڵەبجە کۆدەکرێتەوە. زۆربەی ئەم پاشماوە خۆراکییانە لە دەرەوەی ناوەندی پارێزگاکە دەڕژێندرێنە ناو خاک، کە بە ماوەی چەند مانگێک هەڵدەوەشێت و گازی میسان بەرهەم دەهێنێت - کە گازێکی گەرمیدەرە و دەبێتە هۆی گەرمبوونی گۆی زەوی.
سیما دەربارەی مەترسییە ژینگەییەکانی پاشماوەی خۆراک لە خوشکەکەیەوە فێربوو، کە لە بەشی کشتوکاڵ دەخوێنێت لە زانکۆی هەڵەبجە.
ئەو دوو خوشکە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم کردارە سادەیەی فڕێدانی پاشماوەی خۆراک یەکێكە لە هۆکارەکانی ئەوەی کە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە پێنج ناوچە زۆر کاریگەرەکانە بە گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا، وەک لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ڕاپۆڕتی کۆنفڕانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی ژینگە ئاماژەی پێکراوە کە عێراقیش تێیدا بەشداربوو. هەروەها لە بەیاننامەی هاوبەشی FAO و WFP لە ڕۆژی جیهانی خۆراکدا لە ساڵی ٢٠٢٣ باس کراوە.
"من ئامانجم وەستاندنی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان بوو لەسەر خاکەکەمان، چونکە دەمەوێت ژینگە و خاک بپارێزم، هەروەها دەمەوێت یادەوەریی تاڵی هێرشی کیمیایی سەردەمی بەعس بسڕمەوە،" سیما وادەڵێت. دەشڵێت "هەروەها دەمویست سەرچاوەیەکی بژێوی بۆ خۆم بەدی بهێنم."
ئەمە هەر بەتەنها وزەی کچە گەنجێک نەبوو کە پڕۆژەکەی خستەسەرپێ، بەڵکو خێزانەکەشی پشتگیرییان کرد لە دامەزراندنی پڕۆژەکە بەناوی " کارگەی پەیینی سروشتیی گوڵەهێرۆ". هەروەها ئاژانسی ئەڵمانی بۆهاوکاری نێودەوڵەتی (GIZ)هاوکاری دارایی و کۆرسی بەڕێوەبردنی پڕۆژە و بازاڕسازی پێشکەش بە کارگەکە کردووە. بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگای هەڵەبجەش بە شێوەیەکی کاتی پارچە زەوییەکی یەک دۆنمی (٢٥٠٠ مەتر چوارگۆشە) پێ بەخشیوە.
"ئێمە جوتیاران و هاووڵاتیان هان دەدەین کە پەینی سروشتی بەکاربهێنن چونکە ئێمە تووشی زیانی ئابووری گەورە دەبین لە هاوردەکردنی پەینی کیمیایی. هەموو کەرەستە خاوەکان بۆ بەرهەمهێنانیان لە کوردستان بەردەستن،" ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە وادەڵێت.
خوشکی سیماش مامۆستاکانی خۆی ڕازی کردووە کە سەرپەرشتی پڕۆژەکە بکەن بۆ ئەوەی بتوانن کارەکەیان لەسەر بنچینەی توێژینەوەی زانستی بنیات بنێن.
حەوت کیلۆمەتر لە دەرەوەی شارەکە، لەو شوێنەی کە تەنانەت گژوگیا پێش بەهاریش سەوزە، کارگە بچووکەکە دامەزراوە. چادرێک پەیین و بەرهەمەکانی لەگەڵ ئامرازەکانی وەک خاکەناز، سەتڵ و تەرازووی پێوان لەخۆ دەگرێت. توێکڵی میوە و پاشماوەی تری میوە کەڵەکە بووە لە نزیکەوە دانراون. دوای هاڕینی توێکڵ و پاشماوەکان. بە چەند قۆناغێکی دیکەدا تێدەپەڕن لە نێوشیاندا زیادکردنی خاکی خۆماڵی بەپیت، کە بە خاکی شارەزوور ناسراوە.
تا ئێستا، سیما سێ تەن توێکڵی هەناری لە کارگەکان وەرگرتووە، هەروەها پاشماوەی گوشینی زەیتوونیش. "لە کۆتایی هەموو پرۆسەکەدا، ١٠٠٠ کیلۆگرام پەیین لە یەک تەن توێکڵی میوە وەردەگرین،" سیما وادەڵێت.
هەوڵدەدات پەینەکە بفرۆشێت بە نەمامگەکان وەک چۆن بە خەنسا مەجیدی، ٣٤ ساڵی خاوەن نەمامگەی فرۆشتووە.
"من بۆ ماوەیەک پەینەکەی سیمام تاقی کردەوە و بینیم کە باشە. ئێستا هانی کڕیارەکانم دەدەم کە لە باخچەکانیاندا پەیینی سروشتی بەکاربهێنن" خەنسا دەڵێت. نرخی فرۆشتن ٣٠٠٠ دیناری عێراقییە.
هەرچەندە ڕێژەی بەرهەمهێنانی سیما بەراورد بە بەرهەمی فراوانی کشتوکاڵی هەڵەبجە کەمە، بەڵام هەوڵەکانی سیما هەر وەکو دەسپێکێکە.
ئامارە فەرمییەکان پیشانی دەدەن کە پارێزگای هەڵەبجە زێدی ٤٠٠٠٠ داری گوێزە و ساڵانە ٤٠ تەن هەنار بەرهەم دەهێنێت، کە زۆربەیان دەگوشرێن و دەکرێن بە شەربەت و مرەبا.
ناوچەکە هەروەها ٢٥٠ تەن زەیتوون دەگوشێت و دەیکاتە ڕۆن، بەڵام هەموو پاشماوەکان فڕێ دەدرێت. ئەمە تایبەت نییە بە هەڵەبجە؛ لە سەرانسەری جیهاندا، مەزەندە دەکرێت کە ١٧٪ خۆراک، لەوانە میوە و سەوزە، دەبێتە پاشماوە. بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەشە بۆ دروستکردنی پەیین دەکات لە پاشماوەی خۆراک وەک یەکێک لە ڕێگا کاریگەرەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە.
لە هەڵەبجە، زۆرینەی جوتیاران لە نێوشیاندا مەحموود قادری ٥٩ ساڵ، بەردەوامن لە بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی. کاتێک مەحموود شەتڵی تەماتە بۆ بەهار ئامادە دەکات، نایلۆن ڕادەخات بۆ پاراستنیان لە سەرما.
مەحموود لەگەڵ ئاماژەکردن بە تۆپەڵێکی سپی پەیین دەڵێت، "لە تراکتۆرەکەدا زیاتر هەیە، ئامادەیە بۆ ڕژاندنە ناو خاکەوە". مەحموود پەیینی کیمیایی تونسی بە ١٢٥٠ دینار بۆ کیلۆگرامێک کڕیوە. "بەهۆی نرخی بەرزەوە، تەنها دەتوانم ١.٥ تەن بۆ ٢٠ دۆنم توانای کڕینم هەبێت" ئەو وادەڵێت. ئەگەر نرخەکان کەمتر بوونایە، دوو ئەوەندە زیاتری بەکاردەهێنا.
مەحموود ئاگاداری ئەو توێژینەوانە نییە کە باسی سوودەکانی پەینی سرووشتی دەکات. بۆ نموونە، ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) ڕایگەیاندووە کە پاشماوەی ئاژەڵ و پەیینەسروشتییەکانی دیکە خاک بەهێز دەکەن و دەوڵەمەندی دەکەن بە فۆسفۆر و خۆراکە پێویستەکانی دیکە.
یەریڤان محەمەد، پسپۆڕی ژینگە، کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری زانستی خاکدا هەیە، دەڵێت، "ئەگەر جوتیاران بۆ دوو ساڵی یەک لە دوای یەک پەینی سروشتیی بەکاربهێنن، هاوشێوەی پەیینی کیمیایی هەمان بەرهەم بەدەست دەهێنن، بەڵام بەبێ زیان گەیاندن بە خاک و ئاو."
تەنانەت گەرچی زۆر جوتیاری وەک مەحموود، نەخوێندەوار نین و گوێیان لە سوودەکانی پەینی سروشتی بووە، بەڵام خواستیان لەسەر نییە. "ئەوان هەر لە بنچینەدا باوەڕیان پێی نییە" دیدار قەیسەری ٢٨ ساڵ وادەڵێت کەفرۆشیاری تۆو و پەیینە لە هەڵەبجە.
بەهۆی نەگرتنەبەری ڕێکاری پێویست و بەرچاو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەوڵی تاکەکەسی لەئارادایە سەبارەت بە مەترسییەکانی پەیینی کیمیایی، بۆ نموونە دکتۆر موسلیم سلێمان هۆشیاری دەربارەی مەترسییەکانی پەینی کیمیایی بڵاو دەکاتەوە.
ئەو وەکو مامۆستایەکی زانکۆ کە پسپۆڕە لە بواری کاریگەرییەکانی پەین لەسەر ڕووەک و خوێندکاری دکتۆراشە و توێژینەوە لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ڕووەک ئەنجام دەدات، زۆر نیگەرانی ژینگە و تەندروستیی گشتییە. لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان، جوتیاران هۆشیار دەکاتەوە لە مەترسییەکانی پەینی کیمیایی و هانیان دەدات پەیینی سروشتی بەکاربهێنن وەکو جێگرەوەیەک.
"گەورەترین نیگەرانیمان کەمی زانینە" دکتۆر موسلیم وادەڵێت.
دکتۆر موسلیم سیمیناری پەروەردەیی ئەنجام دەدات لەبارەی خراپی بەکارهێنانی پەینی کیمیایی لە مەودای درێژخایەندا کە دەبێتەهۆی ئەوەی بەپیتی خاک کەم بێتەوە و زیان بە تەندروستیی مرۆڤ بگەیەنێت.
سیماش دەناڵێنێت بەدەست بێئاگایی خەڵکەوە. بەڵام لەبری پاشەکشەکردن، ئەو خۆی یەکلایی کردووەتەوە کە پرۆژە بچووکەکەی پتەوتر و فراوانتر بکات. تا ئێستا، دوو کرێکاری پیاوی دامەزراندووە و لە گفتوگۆدایە لەگەڵ دوو ژن کە لەوانەیە ببنە ئەندامی تیمەکەی. هەروەها بیر لە وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا دەکاتەوە.
"بە ئامێرێکی هەباشەی زۆر باش، دەتوانین کارێکی زۆر کاریگەرتر ئەنجام بدەین" سیما وادەڵێت. لەگەڵ ئەوەشدا، تاقیکردنەوە لەسەر تێکەڵەیەک لە پاشەڕۆی ئاژەڵ، ئاو و کەرەستەی سروشتی تر دەکات بۆ دروستکردنی پەینێکی سروشتیی تر کە خۆگرتر بێت و زیاتر بمێنێتەوە.
بەهۆی ئەوەی خاوەنی چەند بیرۆکە و پلانە بۆ زاڵبوون بەسەر گومان و بەربەستەکاندا، سیما بە متمانەوە زەردەخەنە دەکات و دەڵێت، "من هەرگیز وازم نەهێناوە و هەر وازیش ناهێنم." ئیرادە و ویستی سیما زۆر بەهێز و پتەو دیارە.