كریستیانەكانی دهۆك نیگەرانن؛ ترس و دڵەڕاوكێ و پرسیاریان هەیە

23-04-2025 02:17
بەشداریی کریستیانەکان لە ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ لە دهۆک، ١-٤-٢٠٢٥. وێنە؛ عەممار عەزیز

پەرەگراف- عەممار عەزیز

"هەموو كریستیانەكان هەست بە ئازار و غەم دەكەن، جگە لە هێرش و پەلاماردان، خەریكە هزری رەتكردنەوەی یەكتری و دەنگێك دژی رێوڕەسمەكانمان بەرز دەبێتەوە" سەنوەر دانیال، وەك هاوڵاتییەكی كریستیان لە دهۆك، باسی دوودڵی و مەترسییەكانیان دەكات.

ئەو مەترسییانە لە دوای رێوڕەسمەكانی ئەمساڵی جەژنی كیتۆ، سەری ساڵی كلدان و سریان و ئاشوری سەریهەڵدا، كاتێك لە 1ـی  نیسان تۆمەتبارێك بە داس هێرشیكردە سەر ئاهەنگگێڕانەکیان لە دهۆک و دوو هاوڵاتی برینداركرد، كە یەكێكیان ژنێكی 70 ساڵانە و هێشتا چارەسەری پزیشكی لە نەخۆشخانە وەردەگرێت.

دانیال، كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزاڤی دیموكراتی ئاشورییە، بۆ پەرەگراف وتی "روداوەكە لە رۆژێكی تایبەت و دەربڕینی خۆشیدا بوو، لە ناوجەرگەی دهۆك رویدا و لەوەش ناخۆشتر، لێكەوتەكانیەتی، لە زۆر پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، نوسینەكان هێرش بووە بۆ سەر كریستیانەكان".

جەژنی ئەكیتۆ، نزیكەی 30 ساڵە بە رێوڕەسمی گەورە و چالاكی جۆراجۆر لە شاری دهۆك ساڵانە دەکرێتەوە و یەكەمجارە روبەڕوی هێرشی لەوجۆرە ببێتەوە. بەپێی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، هێرشبەرەكە "سەر بە داعشە"، دوای دەستگیركردن و دانپێدانانیشی؛ دەركەوتووە لەسەر داواكاری رێكخراوەكەی ئەو کارەی كردووە، ئاوارەی سوریایە و لە كەمپێكی پارێزگاكە نیشتەجێیە.

لە مەراسیمەكانی ئەمساڵی ئەو جەژنەدا، بەپێی ئەو ئامارە نارەسمییانەی دەست پەرەگراف كەوتوون، زیاتر لە 35 هەزار كریستیان بەشداربوون، كە بەشێكیان لە ناوچە جیاوازەكانی عێراقەوە رویانكردۆتەوە دهۆك یان لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە.

كلارا عودیشۆ یەعقوب، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان لە پێكهاتەی كریستیان، پێیوایە روداوەكە پێویستی بە توێژینەوە و بەدواداچوون هەیە، نەك تەنیا دەستگیركردنی هێرشبەرەكە، چونكە "جۆرێك لە ترس لە نێو كریستیانەكاندا دروستبووە"، مەترسییە لەسەر دروستبوونی كاریگەریی بۆ سەر پێكەوەژیانی ئاینیی لە هەرێمی كوردستان و دوبارەبونەوەی روداوی هاوشێوەیە.

"كەسانێكیش هەن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، رەخنە لە مەراسیمەكانمان دەگرن و دەپرسن بۆچی لە دهۆك كراوە، لە كاتێكدا ئێمە رێز لە مەراسیمەكانی ئەوان دەگرین و دەبێت بە هەموومان تۆوی پێكەوەژیان بچێنین نەك دووبەرەکی" كلارا بۆ پەرەگراف وای وت.

هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك ئازادیی پیاده‌كردنی بیروباوه‌ڕی ئاینیی هەیە، جیاكاری دژیان قه‌ده‌غه‌یە، مافی گوزارشتكردنیشیان هه‌یه‌ له‌ رۆشنبیری و نه‌ریته‌كانی خۆیان، حكومه‌ت پابه‌ند دەبێت بە پاراستنی مافەكانیان، ئەمە بەپێی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، ژمارە 5ـی ساڵی 2015.

ئاینی مه‌سیحی، دووه‌م گه‌وره‌ترین ئاینه‌ له‌ عێراق دوای ئیسلام، به‌پێی ده‌ستوری عێراق دانیپێدانراوه‌ و مافی بەکارهێنانی زمان، ئاین و  پارێزگاریکردن لە کەلتوری خۆیان هەیە و مافەكانیان پارێزراون.

كلارا عودیشۆ دەڵێت "ئێمە مللەتێكی ئاشتیخوازین، حەزمان لە ئاشتی و پێكەوەژیانە،... دەبێت هەموولایەك هاوكاربێت ئەم پێكەوەژیانە بەردەوام بێت و رێگە نەدەین هیچ كەس و لایەك تێكیبدات"، پێشنیازی ئەوەشیكرد لە پرۆگرامەكانی خوێندن بۆ خوێندنكاران رونبكرێتەوە كە هەر پێكهاتەیەك چەند جەژن و بۆنەی ئاینی و نەتەوەیی هەیە و چۆن پێویستە رێز لە یەكتر بگیرێت.

لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان؛ مەسیحی، توركمان، ئێزدی، شەبەك، كاكەیی، مەندائی و چەندین پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی دەژین، كە بەپێی یاسا مافەكانیان دانی پێدانراوە، تەنیا كریستیان زیاتر لە 200 هەزار كەس دەبن و لەو ژمارەیە نزیكەی 60 هەزار كریستیان لە دهۆك هەن.

شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری ئیداری بە پەرەگراف-ـی وت "هەر روداوێك كە ببێتە شوێنی عاجزبوون و نیگەرانیی لێ‌بكەوێتەوە، ئەوا كاریگەری لەسەر پێكەوەژیانی ئاینیی دادەنێت"، دەشڵێت، یەكەمجارە روداوی لەوشێوەیە دژی ئاهەنگگێڕانی ئەكیتۆ روبدات و روداوێكی "تیرۆریستییە".

كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێداگری دەكات لە پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان و هەر جیاكارییەك رەتدەكاتەوە.

"هەر كاتێك كەسێك هێرشبكاتە سەر كەسێك، بەبێ‌ ئەوەی بزانێت كێ‌یە یان هیچ زانیاری لەسەر نەبێت تەنیا ئەوە دەزانێت كە كریستیانە یان موسڵمانە، واتە لەسەر بنەمای رەگەزی هێرشیكردووە و دەچێتە قاڵبی تیرۆرەوە" شلیمون وادەڵێت.

داعش لە ساڵی 2014ـدا سێ بژاردەی خستە بەردەم كریستیانی ئەو ناوچانەی دەستیانبەسەردا گرت بە تایبەت لە دەشتی نەینەوا، بەوەی كۆچ بكەن، یان باج بدەن یاخود ببن بە ئیسلام، بۆیە زۆرینەیان ئەوەیان ڕەتکردەوەو ئاوارەبوون.

سەنوەر دانیال رونیكردەوە كە خەڵك پرسیاری لەبارەی زانیاری و هۆكارەكانی پشت رووداوەكەی دهۆك هەیە، تا بزانن بۆچی و كێی لە پشتە، چونكە دژایەتییەكە "فراوان بووە و گەیشتۆتە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش، كۆمێنتی نەشیاو و خراپ لەسەر كریستیانەكان و رێوڕەسمەكانمان دەنوسرێت".

ژمارەی هەموو كریستیانەكان لە عێراق، ناگاتە 300 هەزار هاوڵاتی، لە كاتێكدا تا پێش روداوەكانی ساڵی 2003و کەوتنی ڕژێمی بەعس، ژمارەی كریستیان ملیۆنێك و 500 هەزاری كەسی تێدەپەڕاند.