یاسای کار لەسەر کاغەز؛ دۆخی نالەباری کرێکارانی کەرتی تایبەت لە کوردستان

01-05-2025 02:32

پەرەگراف

کەیوان کامیل، گەنجێکی دەرچووی زانكۆیەو دوو ساڵە لە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت لە سلێمانی کار دەکات بەبێ ئەوەی گرێبەستی کارکردنی هەبێت، وەکخۆی دەڵێت ساڵێک دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ بەدوای کاردا گەڕاوەو کاتێک کاری دەستکەوتووە ئەوەندە دڵخۆش بووە ئەوەی بیری لێنەکردووەتەوە گرێبەستی کار بووە.

"من هیچ مەرجێکم نەبوو، ئەو مەرجانەشی لە کاتی چاوپێکەوتن لەلایەن بەڕێوەبەری کارەکەمەوە پێم گوترا وەک؛ کاتی کارکردن، مووچە و جۆری ئیشەکەم، بەبێ گفتوگۆ هەموویم قبوڵ بوو" کەیوان وا دەڵێت، ئەو وەک سەدان کەسی دیکە تەنها لە پێناوی دەستکەوتنی کار ئامادەن لە بەشێک لەو مافانە خۆش ببن کە پێویستە لەکاتی کاردا پێیان بدرێت بەپێی گرێبەست.

گرێبه‌ست (عقد)ـی كار، بریتییه‌ له‌ په‌ڕاوێك كه‌ له‌نێوان خاوه‌نكار و كرێكاردا ئیمزا ده‌كرێت، تایبەت بە کارکردن کە تێیدا ئەرک و ماف و پابەندبوونی هەردوولا بە خاڵەکانی گرێبەستەکەوە بە ڕوونی دیاریکراوە بە ڕێککەوتنی هەردوولایەن و ڕەچاوکردنی یاسای کار.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، تەنها لە سەدا 10ی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان گرێبەستی کارکردنیان هەیە.

کرێکاران بەگشتی و بەتایبەت دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکان یاخود ئەو کەسانەی یەکەم دەرفەتی کاریان دەستدەکەوێت و ئەزموونی کارکردنی پێشتریان نییە، یاخود بە کرێی ڕۆژانە کاردەکەن، کەمتر لە کاتی دەستکەوتنی کاردا بیر لە گرێبەستی کارکردن دەکەنەوە و باسی پاراستنی مافەکانیان دەکەن.

پارێزەر سۆران سەعید بۆ پەرەگراف باسلەوە دەکات، خاوه‌نكاره‌كان ده‌ستپێشخه‌رن بۆ نەکردنی گرێبه‌ستی کار، هەروەها بەشێک لەو گرێبەستانەی بۆ کرێکاران دەکرێن "یاسای کاریان تێدا جێبەجێ ناکرێت و کرێکار ماف خوراوە، ئەمەش بە زیانی کرێکار دەشکێتەوە".

گرێبەست تاکە چەکە بەدەست کرێکارەوە بۆ پاراستنی مافەکانی لەکاتی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ خاوەنکارەکەی، بەڵام کەیوان کامیل نمونەی بەو کۆمپانیایە هێنایەوە کە کاری تێدەکات و وتی "هیچکام لەو کرێکارانەی لەم کۆمپانیایەدا کار دەکەن، گرێبەستی فەرمیی کارکردنیان نییە، ئەوەی هەیە تەنها شتێکی زارەکییە، ئەوەش بە گشتی دەبینرێت، گرێبەستی کار ئەگەر هەشبێت لە قازانجی خاوەن کارە زیاتر نەک کرێکار".

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، دوو هۆکاری سەرەکی وای له‌ کرێکاران كردووه‌ له‌كاتی دەستکەوتنی کاردا گرێبه‌ست نه‌كه‌ن، یه‌كه‌میان: نەبوونی هۆشیارییە لەوبارەیەوە، هۆکاری دووه‌میش: کەسەکان ئەوەندە بێکاربوون، بیر لە بوون و نەبوونی گرێبەست ناکەنەوە، تەنها دەیانەوێت کارێکیان دەستکەوێت.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ پەرەگراف وتی، نەبوونی گرێبەستی کار یەکێکە لە گرفتە گەورەکانی وەزارەت، "لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر کێشەیەکی کرێکار لەگەڵ خاوەنکاردا لەبەرئەوەی گرێبەست یاخود دەقێکی نووسراو نییە لە نێوانیاندا، ئێمە ناتوانین وەک پێویست بەرگرییان لێ بکەین".

بەپێی بەدواداچوونی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، دامەزراندنی خزم و کەسی ناسراو لە کۆمپانیا و شوێنی کارکردن لەلایەن خاوەن کارەکانەوە، هۆکارێکی دیکەی نەکردنی گرێبەستی کارە لە نێوان خاوەنکار و کرێکاردا.

"زۆریی رێژەی کرێکاری بیانی لە هەرێمیش وایکردووە خاوەنکار بۆ دەستکەوتنی کرێکار زۆر بەدوایدا نەگەڕێت و بژاردەکان زۆربن، بۆیە وەک پێویست پابەند نابێت بە گرێبەستی کارەوە، هەر کرێکارێکیش مەرجی هەبێت خاوەنکار دەتوانێت بە ئاسانیی دەستبەرداری ببێت و کەسێكی دیکە لە شوێنی وەربگرێت" وتەبێژەکەی وەزارەت وای وت.

بەپێی مادەی 32 لە یاسای کار لە هەرێمی کوردستان، پێویستە گرێبەستی کاری نووسراو ئەم زانیارییانەی تێدابێت، ناوی خاوەنکار و جۆری پڕۆژەکە و ناونیشان، ناوی کرێکار، رۆژی لە دایکبوون، لێهاتوویی، پیشە، شوێنی نیشەتەجێبوون و رەگەزنامە، سروشت و جۆری کار، ماوە و رۆژی دەستپێکردنی کار، کرێ، یان هەرجۆرە شایستەیەکی دیکەی دارایی و کاتژمێری کارکردن.

هەروەها بە وردیی، سەرجەم بەند و خاڵەکانی گرێبەستەکە بخوێندرێتەوە و لێی تێبگەن، پاشان هەردوولا ئیمزای لەسەر بکەن ز وێنەیەکی بۆ کارمەند و وێنەیەکیش لە گرێبەستەکە لەلای خاوەنکار دەبێت.

دیانا لاوەند، ساڵێکە لە یەکێک لە مارکێتە گەورەکانی سلێمانی کاردەکات، دەڵێت، دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان ئەوەندە پەلەیانە بۆ کارکردن کاتێك دەستیان دەکەوێت بیریان لەلای گرێبەست نییە، "خاوەن کاریش خۆی مەبەستیەتی گرێبەست نەکرێت بۆئەوەی پابەند نەبێت بەو یاسایانەی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران دانراون".

"زۆرجار خاوەنکار پێداویستی سەلامەتی لە شوێنی کار بۆ کرێکاران دابین ناکەن و پابەندنابن بە مووچە و کاتی کارکردن، هەروەها دەرکردنی کرێکار لەسەر کار بە ئارەزووی خاوەنی کارەکەیە، بەمجۆرەش کرێکاران پێشێلی مافەکانیان دەکرێت" دیانا وای وت.

بەپێی هەردوو یاسای کار و یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نابێت هیچ کەسێک کە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکات، گرێبەستی نەبێت یاخود سوودمەند نەبێت لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەم بڕگەیەی هەردوو یاساکە لە هەرێمی کوردستان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت.

پارێزەر سۆران سەعید دەڵێت "زۆربەی جار خاوەنکارەکان گرێبەست بۆ کرێکارەکانیان ناکەن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا ماف نەداتە کرێکارەکە و لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆماریان ناکەن".

ئەو پارێزەرە پێیوایە، گرێبەستی کار "زۆر گرنگە"، لەبەرئەوەی تەنها بەڵگەی سەلماندنە لەکاتی دروستبوونی گرفتێک، بۆ ئەوەی مافی کرێکارەکە بدرێت، "بەڵام بە مەرجی جێبەجێکردنی یاساکانی کار لە گرێبەستەکەدا، لەبەرئەوەی ئەگەر یاساکانی کاری تێدا نەبێت مافەکانی کرێکارەکە نادرێت".