حکومەت نرخی كارەبای 24 كاتژمێریی ڕاگەیاند؛ 'گرانە و كەمپین و ڕێکارى یاسایى دژی دەگرینە بەر'

14-05-2025 06:08

پەرەگراف

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەشنووسی بڕیارێكی سەبارەت بە پڕۆژەی ڕووناكی (كارەبای ٢٤ كاتژمێری) پەسەند كرد. لە پرۆژەکەدا كەمترین نرخی یەك كیلۆوات كارەبا ٧٢ دینار و زۆرترین نرخ ٣٥٠ دینارە. بڕیارەکە هەرزوو کاردانەوەی بەدوادا هات و بە "گرانكردن" و "بە بازرگانیكردن"ـی كارەبا ناو دەبرێت. سەرۆکى فراکسیۆنێکى پەرلەمانى کوردستان كەمپینێك دژی ڕادەگەیەنێت و فراکسیۆنێکى دیکەش دەڵێت "ڕێکارى یاسایى دەگرینە بەر".

بەپێی بڕیارەكە كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا "بە کۆى دەنگ" پەسەند كراوە، نرخی كارەبای ٢٤ كاژێری بەپێی بەكارهێنانی كیلۆوات بەم شێوەیە دیاری كراوە "لە ١ بۆ ٤٠٠ كیلۆوات= ٧٢ دینار، ٤٠٠ بۆ ٨٠٠ كیلۆوات= ١٠٨ دینار، ٨٠٠ بۆ ١٢٠٠ كیلۆوایت= ١٧٥ دینار، ١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠ كیلۆوات= ٢٦٥ دینار، ١٦٠٠ بۆ سەرەوە= ٣٥٠ دینار".

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، مەسروور بارزانی پرۆژەی ڕووناكیی بە "یەكێك لە دەسكەوتە گرنگەكانی حكومەتی هەرێم" ناوبردووە و وتوویەتی "داوا و خواستی چەندین ساڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بووە و مافێكی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بوو".

مەسروور بارزانی دەشڵێت "خەرجیی كارەبا لە پرۆژەی ڕووناكیدا بۆ زۆرینەی خەڵك، كەمترە لەو پارەیەی كە هاووڵاتییان بە موەلیدە و پارەی كارەبای نیشتمانی پێكەوە، دەیدەن".

هەر لە دواى ڕاگەیاندنى نرخەکانى کارەبا لە پرۆژەى ڕووناکیدا، کاردانەوەى بەدوادا هات و عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت "ئەو نرخەی بۆ كارەبای ٢٤ كاتژمێری دانراوە، زۆرە و ڕەتی دەكەینەوە".

ئەو پەرلەمانتارە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند "لە ئەمشەوەوە كەمپینی فراوان بۆ ڕەتكردنەوەی گرانیی نرخی كارەبا دەست پێ دەكەین". جەختیش دەكاتەوە كە "پێویستە لە دیاریكردنی نرخی كارەبادا، گوزەرانی خەڵك ڕەچاو بكرێت".

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیش لە پەرلەمانی كوردستان، حكومەتی هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "هەر ڕۆژەو قەیران و بارگرانییەك بۆ سەرشانی هاووڵاتیان زیاد دەكات". فراكسیۆنەكە دەڵێت "بەداخەوە ئەمڕۆ حكومەتی كاربەرێكەر، بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی كارەبای وەك موژدە و دەستكەوتی گەورە ڕاگەیاند".

فراكسیۆنی یەكگرتوو كە ڕایگەیاندووە "هەموو ڕێكارێكی گونجاو و یاسایی" دژی بڕیارەكەی حكومەت دەگرنە بەر، دەشڵێت "حكومەت بەبێ گوێدانە یاسا و ڕێنماییەكان" بڕیار دەردەكات.

پێچەوانەی بۆچوونی ڕەخنەگرانی پرۆژەكە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، بە "دەستكەوتێكی گەورەی كابینەی مەسروور بارزانی بۆ خەڵكی هەرێم" وەسفی دەكات و دەڵێت "لە پرۆژەی ڕووناكیدا ڕەچاوی دۆخ و گوزەران و باری دارایی خەڵك كراوە. نزیكەی ٨٠% ـی خەڵك بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە پارەیەكی كەمتر لە جاران بە كارەبا دەدەن".

پلانی حكومەتى هەرێم ئەوەیە تا كۆتایی ئەمساڵ پرۆژەكە لە سەنتەری هەموو پارێزگاكانى هەرێمى کوردستان تەواو بکرێت، هەروەها تا کۆتایى ساڵى ٢٠٢٦ هەموو هاوبەشانى کارەبا لە سەرتاسەرى هەرێم لە چوارچێوەى ئەم پرۆژەیەدا کارەبایان پێ بدرێت.

بەپێی نرخی كارەبای پرۆژەی ڕووناكی، ئەگەر هاوبەشێك لە مانگێكدا ٤٠٠ كیلۆوات كارەبا بەكار بهێنێت، دەبێت ٢٨ هەزار و ٨٠٠ دینار بدات، ئەگەر ٨٠٠ كیلۆوات بەكار بهێنێت، دەبێت ٧٢ هەزارت دینار بدات، هەروەها ١٢٠٠ كیلۆوات ١٤٢ هەزار دینار، ١٦٠٠ كیلۆوات ٢٤٨ هەزار دینار، ٢٠٠٠ هەزار كیلۆواتیش ٣٨٨ هەزار دینار دەكات.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، یەکێکى دیکە لە ڕەخنەگرانى پرۆژەکە و بە پەرەگرافی وت "بە گشتی خێزانێك لە وەرزەكانی زستان و هاویندا بەلای كەمەوە مانگانە پێویستی بە ١٢٠٠ کیلۆوات کارەبا هەیە، کە پێشتر بۆ ئەو بڕە کارەبا ٣١ هەزار دیناری دەدا، بەڵام لەم نرخە بازرگانییەی ئێستادا (مەبەستی پرۆژەی ڕووناکییە) دەبێت ١٤٢ هەزار دینار بدات".

بە بۆچوونی ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمان، ئەم نرخانەی ئەمڕۆ بڕیاریان لەسەر دراوە، "بە بازرگانیكردنی كارەبایە". وەكوو ئەو دەڵێت "چیتر شتێك نامێنێت ناوی كارەبای حكومی و نیشتمانی بێت".

"كارەبا زۆر گران كراوە، بە جۆرێك لە ئاستی یەكەم (١ تا ٤٠٠ كیلۆوات) پێشتر یەك كیلۆواتی بە ١٨ دینار ئەژمار دەكرا، ئێستا كراوە بە ٧٢ دینار، ئاستی دووەم (٤٠٠ تا ٨٠٠ كیلۆوات) لە ٢٤ دینارەوە كراوە بە ١٠٨ دینار، ئاستی سێیەم لە (٨٠٠ تا ١٢٠٠ كیلۆوات) لە ٤٢ دینارەوە كراوە بە ١٧٥ دینار، ئاستی چوارەم لە (١٢٠٠ تا ١٦٠٠ كیلۆوات) لە ٥٠ دینارەوە كراوە بە ٢٦٥ دینار، ئاستی پێنجەم لە (١٦٠٠ كیلۆوات بەرەو سەر) لە ٧٢ دینارەوە كراوە بە ٣٥٠ دینار"، عومەر گوڵپی وا دەڵێت.

بەرپرسانی حكومەتی هەرێم پێیان وایە بەپێی بەراوردی بەكارهێنانی هەردوو كارەبای (نیشتمانی و موەلیدە) لە ڕابردوودا، پرۆژەی ڕووناكی لە بەرژەوەندیی خەڵكدایە و لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا "كەمتر لە جاران" پارە بە كارەبا دەدەن.

پێچەوانەی بۆچوونی حكومەت، عومەر گوڵپی کە ماوەیەکى زۆرە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات، بۆ پەرەگراف دەڵێت "بەپێی بەدواداچوونی وردی ئێمە، لە پرۆژەی ڕووناكیدا زۆرینەی هاوبەشان كە خەڵكی ئاسایین، دەبێت زیاتر لە جاران پارەی كارەبا بدەن، هەندێك دوو هێندە و هەندێكیش تەنانەت سێچوار هێندەی جاران دەبێت پارە بە كارەبا بدەن".

پرۆژەى ڕووناکى بۆ دابینکردنى کارەباى ٢٤ کاتژمێرى لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان، یەکێک لە پرۆژەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە سەرۆکایەتیى مەسروور بارزانى.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە "دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، پڕۆژەیەكی نیشتیمانییە كە خاوەندارێتیی بۆ وەزارەتی كارەبایە و بە هێزی كاری خۆماڵیی كەرتی گشتی جێبەجێ دەكرێت، چەندین قازانج و سوودی گشتیی لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستییەوە هەیە".