جەژنی بێمووچەو بە گیرفانی بەتاڵ؛ خەڵک لە سەرکردە کوردەکان تووڕەن و ئەوانیش لە بەغداد

پەرەگراف
خەڵکی کوردستان لە چاوەڕوانیی مووچەدا بە دڵشکاویی و گیرفانی بەتاڵەوە جەژنی قوربان دەکەن، ئەوان لە سەرکردە کوردەکان تووڕەن بۆ ئەو دۆخە سەخت و قەیرانە داراییەی تووشی هەرێمەکە بووە، سەرکردە کوردەکانیش تووڕەتر لە خەڵک بەرامبەر بەغداد قسەدەکەن و مەسعود بارزانی ڕاگرتنی مووچە یەکسان دەکات بە ئەنفال و جینۆسایدی ڕژێمی پێشووی عێراق بەرامبەر گەلی کورد.
هەفتەیەک لە مانگی شەش تێپەڕبووەو هێشتا مووچەی مانگی ٥ دابەش نەکراوە، بەدەر لەو مانگەش مووچەی هەشت مانگی ئەمساڵ کەوتووەتە گێژاوەوە دوای ئەوەی تەیف سامی لە ٢٨-٥دا حکومەتی هەرێمی ئاگادار کردەوە کە "بەشە بودجەی تەواوی ئەمساڵی بۆ نێردراوەو چیتر ناتوانن پارە بۆ هەرێم بنێرن"، هێشتا ساڵ نەگەیشتووەتە نیوە، بە وتەی وەزیری دارایی عێراق هەرێمی کوردستان مووچەی تەواوی ساڵەکەی وەرگرتووە، ئەمە قسەو حساباتێکە بەتووندی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەت دەکرێتەوەو پێیوایە فشاری سیاسی و سزادانی بەکۆمەڵ و سەپاندنی گەمارۆیە بەسەر خەڵکی هەرێمەکەدا.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کە حیزبەکەی پێشتر ڕایگەیاند ئەگەر بەرلە جەژن بەغداد مووچە نەنێرێت، هەڵوێستی جدیی دەبێت، مووچە نەهات و هەڵوێستەکەش وەرنەگیرا، بارزانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنەوە ڕەخنەی تووند لە بەغداد دەگرێت.
"لەكاتێكدا بەرەو ئەو جەژنە پیرۆزە دەڕۆین كە بە بڕیارێكی ناڕەوا و زاڵمانە قووت و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەستەڵاتدارانی بەغداوە بڕدراوە. بڕینی مووچە و سیاسەتی برسیكردنی بە کۆمەڵی گەلی كوردستان هیچ جیاوازیەكی لەگەڵ ئەنفال و كیمیاباران و ئەو جینۆسایدە نیە كە ڕژێمی پێشوو لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی دا. بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان لە هەموو ستەمكاری و تاوان و ئەنفالێك بەهێزتر و بەرزترە" بارزانی وادەڵێت.
سەرۆکی پارتی دەشڵێت "با ئەوانەی دژایەتیی خەڵک و هەرێمی کوردستان دەکەن ئاوڕێك لە مێژوو بدەنەوە، گەلی كوردستان لە بەرانبەر هەموو گوشار و زەبروزەنگێكدا خۆڕاگر بوو و بە سەر نەیار و تاوانباراندا سەركەوت، و هەر پەشیمانی بۆ زۆرداران مایەوە".
جیاواز لە پەیامەکەی بارزانی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ناوی حکومەتی عێراقیی ناهێنێت لەو نیگەرانییەی لە پرسی مووچەدا هەیەتی، دەڵێت "نیگەرانم لەوەی مووچەخۆران بەبێ وەرگرتنی مووچەکانیان پێدەنێنە ئەم جەژنەوە، ئەوە غەدرێکی گەورەیە کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەو مافە سەرەتاییەیان بێبەش بکرێن".
"دڵنیابن دوای جەژن هەوڵەکانمان چڕتردەکەینەوە تاوەکو تەواوی بەربەستەکان لابدەین و بەهەر رێگەیەک بێت دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە گەورەیە بدۆزینەوە" بافڵ تاڵەبانی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق کە حکومەتی هەرێم تۆمەتبار دەکات بە "ڕادەستنەکردنی نەوت و تەواوی داهات"، چاوەڕێی ڕوونکردنەوەیە لە دادگای فیدراڵییەوەو دەڵێت بەبێ بڕیاری دادگا ناتوانێت پارە بۆ هەرێم بنێرێت، نیوەی ئەندامانی دادگاکەش چەند ڕۆژێک بەرلە جەژن چوونەتە سعودیە بۆ حەج، بۆیە پرسەکە بە هەڵواسراویی ماوەتەوە.
هەر پەیامەکەی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی نییە کە لە هەرێمەوە جیاواز بن، لەگەڵئەوەی بەشێک لە خەڵک و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان زیاتر لە بەغداد ڕووی ڕەخنەیان لە حکومەتی هەرێمە، تەنانەت لەناو ماڵی بارزانییەکانیشدا پەیامەکان جیاوازن و مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بە دوو تۆنی دەنگی دوور لە یەک قسە لەسەر پرسی مووچە دەکەن.
نێچیرڤان بارزانی هیچ ڕەخنەو توندییەک بەرامبەر حکومەتی عێراق پیشان نادات و لە پەیامی جەژنە پیرۆزەیدا تایبەت بە پرسی مووچە دەڵێت "كێشهى مووچهخۆرانی هەرێمی کوردستان، دهبێ به گفتوگۆ و لێكگهيشتن، لهسهر بنهماى دەستوور و یاسا و ڕێكکەوتنەکان چارهسهر بكرێت، كه خزمەت بە بەرژەوەنديی گشتيى وڵات بکات".
سەرۆکی هەرێم دەشڵێت "كوردستانييان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و هەموو ڕێگەچارەیەکی دەستووری دەگرینە بەر".
جیاواز لەو، مەسرور بارزانی هاوشێوەی بارزانی باوک، ڕەخنەی تووند لە بەغداد دەگرێت و دەڵێت "جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە، ئەم جەژنە لە دۆخێکی سەختی داراییدا دەکەینەوە بە هۆی سزادانی بە کۆمەڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە. بەڵام دڵنیایی دەدەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و لابردنی ئەم ستەمە ناڕەوایەی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
هەولێرو بەغداد؛ ململانێ لەسەر هێز و دەسەڵات
کێشە نەوتیی و داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵ نوێ نین، لەو ڕۆژەوە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی بە هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە کرد، ئاڵۆزییەکان سەریان هەڵداو بڕینی بودجەی هەرێمی لەلایەن عێراقەوە لێکەوتەوەو لەو کاتەوە فەرمانبەرانی هەرێم کەوتوونەتە دۆخێکی سەختی هاتونەهاتی مووچەو لێبڕین و پاشەکەوت.
ململانێکان نێوان هەردوولا زیاتر لەسەر پێگەو هێزو دەسەڵاتە، حکومەتی عێراق سوورە لەسەرئەوەی دەسەڵاتی تەواوی نەوت و گاز لە دەستی خۆیدابێت و دەڵێت دەستووری عێراق وای دیاریی کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم بە پێچەوانەوە دەڵێت بەپێی هەمان دەستوور هەرێم ئەو مافەی هەیە.
کۆتای نووسراوی وەزیری دارایی عێراقش کە زەنگی نەمانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی لێداو دەڵێت پارەتان نەماوە بۆتان بنێرین، ١٠ ڕۆژ دوای واژۆکردنی گرێبەستێکی ١١٠ ملیار دۆلاریی بوو لە نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە گرژییەکانی نێوان هەولێرو بەغدادی لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز و بودجە قووڵتر کردەوە، بەشێک لە دەسەڵاتدارانی کورد نووسراوەکەی تەیف سامی وەک کاردانەوە بۆ گرێبەستانەو فشارخستنەسەر هەرێم سەیر دەکەن.
هەمان ڕۆژ کە تەیف سامی نووسراوەکەی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کردو هەواڵی ئەوەی پێدا چیتر چاوەڕێی ناردنی پارەی مووچە نەکات، دوو پەرلەمانتاری عێراق لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان لە دژی گرێبەستە نوێیەکانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان تۆمارکرد.
ڕائید مالیکی و باسم غرێباوی ئەو دوو پەرلەمانتارن کە سکاڵاکەیان تۆمارکردووەو داوادەکەن دادگای فیدراڵی فەرمانێکی سالاریی دەربکات بۆ ڕاگرتنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستەکان، ڕائید مالیکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، داوامان لە دادگاکە کردووە بڕیارێک دەربکات کە گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم بە "نادروست" لە قەڵەم بدات.
گرێبەستەكانی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، لە جۆری "هاوبەشیپێكردن"ـن، كە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو جۆرە گرێبەستانە ڕەت دەكاتەوە و لە ڕابردوودا یەكێك بووە لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد.
دوای واژوو کردنی گرێبەستەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق لە دژیان وەستایەوەو بە "نایاسایی" لە قەڵەمیدان، هاوکات بەپێی سێ سەرچاوە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز عێراق سكاڵای یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار كردووە بەهۆی ئەو گرێبەستانەوە.
سکاڵاکە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە تۆمار كراوە، ڕۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە كە بەڵگەنامەیەكی دەست كەوتووە تۆماركردنی سكاڵاكە پشتڕاست دەكاتەوە، بەڵام ناوی ئەو شوێنەی نەهێناوە كە عێراق سكاڵاكەی لێ تۆمار كردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە فەرمی پاڵپشتیی لە گرێبەستە 100 ملیار دۆلارییەکەی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری نەوت و غازدا كرد. نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس وتی "خۆشحاڵین بە واژۆکردنی گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و فراوانبوونی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان".
ڕۆژی 23-05-2025، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیەندراوی دووەمی دەربارەی گرێبەستەكان بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، ڕێگری و تێبینییان لەسەر کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان نییە، بەڵام مامەڵەی ڕاستەوخۆی ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەبێ حکومەتی فیدراڵی و کەناڵە فەرمییەکان، "پێچەوانەی دەستوور و یاسایە".