
پەرەگراف- غەمگین محەمەد
مین و پاشماوەی جەنگ دووجار جەرگی پەروین حسێن دەسوتێنێت، لە كاتی كاسبی و ژیانی رۆژانەیاندا، بەبێ ئەوەی لەبەرەی شەڕ و ململانێی چەكداریدا بووبن.
مەرگی كوڕەكانی پەروین حەوت ساڵیان نێوان بوو، سالار رەفیق لە ساڵی 2018ـدا مینی پێدا تەقییەوە و سامان رەفیق لەمساڵدا بە هەمان كارەسات ژیانئاوایی كرد، هەردوو روداوەكەش لە قەزای پێنجوێن-ـی سەربە سلێمانی بووە، كاتێك سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئاسن و گیابەهارییەکان بوون.
"مین هەناوی کون کردووم، دوو کوڕم کە هەردووکیان خاوەنی ژن و منداڵ بوون بەمین گیانیان لەدەستدا، بەهاری ئەمساڵ سامان لەگەڵ دوو هاوڕێی بۆ کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان چوون بۆ ناوچەی پێنجوێن، کوڕەکەم وەک ماڵی خۆمان ناوچەکە شارەزابوو، دەمەوئێوارە قاچی کەوتبووە سەر مینێک و پیایدا تەقیبووەوە" پەروین حسێن بۆ پەرەگراف، وای وت.
پێنجوێن دوایین ناوچەی سنوری پارێزگای سلێمانییە لەگەڵ ئێران، ناوچەی گەرمی شەڕی چەندین ساڵەی عێراق و ئێران بوو، بەوهۆیەوە هەزاران مینی تێدا چێنراوە وەك دەیان ناوچەی تری هەرێمی كوردستان، كە هێشتا پاشماوەی جەنگ هەڕەشە و مەترسی جددین بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان.
پەروین دەڵێت، وەک بۆیان باسکردووە، سامانی کوڕی بە مینەکە تەنیا قاچێکی پەڕیوە، چەند مەترێکیش لە شوێنی تەقینەوەی مینەکە دوركەوتۆتەوە، "بەڵام هاوڕێکانی نەیانوێرابوو بچن بە هانایەوە و رزگاری بکەن، شەو درەنگ ئاگاداریان کردینەوە تا لە سلێمانییەوە چووین بە دەمییەوە بەهۆی سەرما و خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستدابوو".
قوربانیانی مین و تەقەمەنی لەمساڵدا زیادی کردووەو تائێستا 22 کەسن، هەشت کەسیان گیانیان لە دەستداوە و 14 کەسیش برینداربوون کە سەرجەمیان هاووڵاتی مەدەنی بوون، 14 قوربانییان لە سلێمانی بوون، لە پارێزگای هەولێر حەوت قوربانی و لە گەرمیان یەک قوربانی هەبووە، ئەوە لە کاتێكدایە ساڵی رابردوو تەنیا هەشت هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین بۆ پەرەگراف رونیكردەوە، هەموو کێڵگە مینڕێژکراوەکان ئاماژەڕێژییان بۆ کراوە و وەک ناوچەی قەدەغەکراو دەستنیشانکراون، هەروەها ساڵانە ئاماژەکان نوێ دەکەنەوە، "بەڵام هاووڵاتیان پابەندنابن و بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و دەبنە قوربانی".
لەلای دەزگای گشتیی مین مانگەکانی شوبات، ئادار و نیسان، وەرزی رووداوەکانە لەبەرئەوەی هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکان و ئاماژەڕێژییەکانی کێڵگەمینەکان نابن، بۆ کۆکردنەوەی پارچە ئاسن و گژوگیای بەهارە دەچنە شوێنە هەرە دوورە دەست و قەدەغەکراوەکان.
پەروین حسێن ئێستا تەنیا یەک کوڕی ماوە لە ژیاندا، "زۆرم پێ دەوتن رۆڵەکانم چوونە ناوچە مینڕێژکراو و قەدەغەکان لەپێناو پەیداکردنی بژێوی ژیان کارێکی هەڵەیە، چەند تکام لێ دەکردن نەچن، دەیانوت دایکە شارەزاین خەمی ئێمەت نەبێت".
لە رابردوودا، لە تەواوی هەرێمی کوردستان 776 کیلۆمەتر زەوی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی هەبوو، 576 کیلۆمەتری پاککراوەتەوە و تەنها 200 کیلۆمەتری ماوە لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێتەوە، رێژەی لە 60٪ی رووبەری پیسبوو بە مین و تەقەمەنی دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە.
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین دەڵێت، هەڵمەتەکانی دەزگاکەیان بۆ پاککردنەوەی زەوییە پیسبووەکان بەردەوامە هەر لە زاخۆوە تا گەرمیان، بەڵام لەبەر کەمیی ئەو توانایەی لە بەردەستیاندایە، لەگەڵ ئەو دۆخە داراییەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ناتوانرێت بە یەکجار لە هەموو کێڵگە مینڕێژکراوەکاندا کار بکرێت، بۆیە سەرەتا تەنیا لەو کێڵگە پیسبووانەدا کاردەکەن کە نزیکن لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان یاخود شوێنە گەشتیارییەکانەوە.
مین و تەقەمەنییەکان هەرگیز بەسەرناچن و چەند کات تێبپەڕێت لە چالاکی ناکەون، باران و لافاویش جاری واهەیە شوێنی ناوچەپیسبووەکان بە مین و تەقەمەنی دەگۆڕن، لەبەرئەوەی هەندێکجار بەهۆی باران و لافاوەوە مین و تەقەمەنییەکان رادەماڵرێن و ناوچەیەکی دیکەش پیس دەکات.
حەوت ساڵ لەمەوبەر، دەمەو ئێوارەبوو کاتێک هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕە گەورەکەی بە پەروین درا، "نەشمزانی بوو کە کوڕەکەم بۆ کۆکردنەوەی پارچە ئاسن و شت چووە بۆ پێنجوێن، هەر لە بەیانییەوە دڵم تەنگ بوو، جۆرێک بووم خۆشم لەخۆم تێنەدەگەشتم، ئێوارەکەی براکەم هات پێی وتم کە سالار مینی پێدا تەقیوەتەوە".
پەروین دەڵێت سەرەتا پێیانوتووە كوڕەكەی لە نەخۆشخانەیە و هەردوو قاچی پەڕیوە، "شکور بووم و چووم بۆ بینینی، بەڵام کاتێك ئۆتۆمبێلەکە بۆ لای پزیشکی دادوەری پێچی کردەوە، هەموو ئومێدێکم لەدەستدا و لەجیاتی بینینی بە برینداری تەرمەکەیم وەرگرتەوە".
لە عێراق هێشتا زیاتر لە دوو هەزار و 100 كیلۆمتری بە مین چێنراو هەیە، كە دەكاتە روبەری نزیكەی 300 هەزار یاریگای تۆپی پێ، بەپێی راپۆرتێكی خاچی سوری نێودەوڵەتی، كە بەوهۆیەوە لە نێوان ساڵانی 2023 و 2024ـدا كوژران و برینداربونی 78 كەس بە مین تۆماركراوە.
ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە گیانلەدەست دەدەن بەپێی یاسا دەبنە شەهیدی هاووڵاتی.
عادل حەمەساڵح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە پەرەگراف-ـی وت "بەپێی یاسا هەر هاووڵاتییەک کە بەهۆی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییەکانەوە یاخود بەهۆی تۆپ و تەیارەی وڵاتانی دراوسێوە گیانلەدەست دەدات، بە شەهیدی هاووڵاتی هەژمار دەکرێت، مووچە و ئیمتیازاتی شەهیدانەی هاووڵاتی دەیگرێتەوە".
خولێکی ڕاهێنانی مین لابردن بۆ ژمارەیەک پێشمەرگە.
لە هەرێمی کوردستان هاووڵاتی کەمئەندام بوو هەیە بەهۆی مین و تەقەمەنییە جەنگییەکانەوە، بەڵام هیچ تایبەتمەندییەکیان پێنەدراوە و وەک هەر هاووڵاتییەکی ئاسایی کە بەهۆی هەر رووداوێکەوە کەمئەندام دەبێت، مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بۆ پەرەگراف رونیكردەوە "ئەو هاووڵاتییەی بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە کەمئەندام دەبێت، بەپێی رێژەی کەمئەندامییەکەی مووچەی بۆ دەبڕدرێتەوە، کە بڕەکەی لە 150 هەزار دینار تێپەڕ ناکات"، ئەو رێكارە بۆ پێشمەرگە جیاوازە، ئەگەر لەکاتی ئەرکەکەیدا مینی پێدا بتەقێتەوە و کەمئەندام ببێت، وەک کەمئەندامی سەنگەر مووچەی بۆ دەبڕدرێتەوە، کە بڕەکەی زیاترە لەوەی بۆ کەسێکی ئاسایی دانراوە.
تەنیا هاووڵاتییان نین كە گرفتیان هەیە، خودی كارمەندانی هەڵگرەوەی مین لە بەردەم مەترسی زۆردان، بەپێی ئامارێكی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا 36 کارمەند شەهید و 78 کارمەندی کەمئەندامیان هەبووە.
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین وتی "پێداویستیی و کەلوپەلی پێویستی خۆپارێزیی بەپێی ستانداردە جیهانییەکان لە بەردەست کارمەندەکانماندایە، لە خودەی سەر و بەروانکەی درع و چەندین کەلوپەلی دیکە، لە کاتی پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکاندا بە کاریدەهێنن، ئەوەش وایکردووە چەند ساڵێکە قوربانی کارمەندمان نەبێت".
پڕۆژەیاسای ماف و ئیمتیازاتی پیشەگەرانی مین لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن دەزگای گشتیی کاروباری مین ئامادەکراوە و نێردراوە بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام تائێستا وەک خۆی ماوە و هیچی لێنەکراوە.
جەبار مستەفا دەڵێت، سەرجەم کارمەندانی دەزگای مین گرێبەستن، ئەوەش وادەکات لە کاتی بوونە قوربانیدا هیچ ئیمتیازێکی ئەوتۆیان پێنەدرێت، ئەو کارمەندانەی لە کاتی کاركردندا گیانلەدەست دەدەن بەپێی یاسا دەکرێنە شەهیدی هاووڵاتی، بەڵام بەرێکەوتن لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان تائێستا کارمەندانی مین بە شەهیدی سەنگەر هەژمار کراون، هەروەها بریندارە کەمئەندام بووەکانیش وەک هەر هاووڵاتییەکی ئاسایی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.
"ئێمە داواکارین پرۆژەیاسای ماف و ئیمتیازاتی پیشەگەرانی مین پەسەند بکرێت و بەپێی یاسا تایبەتمەندی بە کارمەندانی قوربانیی دەزگای مین بدرێت تا بکرێنە شەهیدی سەنگەر و ئەو کارمەندانەشی کەمئەندام دەبن مووچەیەکی شایستەیان بۆ ببڕدرێتەوە" ئەوە داواكاری سەرەكی دەزگای كاروباری مین بوو.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ژینگەی عێراق، لە ساڵی 2003ـەوە روبەری زیاتر لە شەش هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە لە مین پاككراوەتەوە و وڵاتەكە پابەندە بەپێی چەند پلان و رێكارێك تا ساڵی 2028 كۆتایی بە روبەری پیس بوو بە مین و پاشماوەی جەنگی بهێنێت.
لە هەرێمی كوردستان هێڵی گەرمی ژمارە 182 بەردەوام کراوەیە، بۆئەوەی ئەگەر هاووڵاتییان تەنێکی نامۆ ببینن یاخود هاووڵاتییەک لە کێڵگە مینڕێژکراوەکان نزیک بووبێتەوە، تیمەکان ئاگادار بکەنەوە و بچن بە هانایانەوە، جگە لە هەڵمەتی هۆشیاریی لەڕێی تیمەكانەوە بۆ گوند و ئەو ناوچانەی مەترسی مینیان تێدایە.
پەروین حسێن، بە چاوی پڕ گریانەوە دەستی بەسەر کوڕەزا چوار ساڵەکەیدا دەهێنا، كە منداڵی یەكێك لەو كوڕانەیەتی بە مین گیانی لەدەستداوە، "کوڕەکەم زۆرباش بوو بۆم، دوای حەوت ساڵ جارێکی دیکە مین رایچڵەکاندم و جەرگی سووتاندم، سێ منداڵی دیکەی بێ باوکی بۆ بەجێهێشتم" وەكو دایكێكی جەرگ سوتاو، تكایەكی لە گەنجان هەیە؛ نزیک نەبنەوە و نەچنە ناو ئەو کێڵگانەی وەک پیسبوو بە مین و تەقەمەنی دیاریکراون.