بایکۆتى پێشوەختەى هەڵبژاردن؛ زیاتر لە ١٨%ـى دەنگدەرانى هەرێم تۆماریان نوێ نەکردووەتەوە

21-06-2025 01:20

پەرەگراف - سەنگەر سالار

پاش سێ جار درێژکردنەوە و نزیکەى سێ مانگ بەردەوامبوونى، پرۆسەى نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق کۆتایى هات. زياتر لە ١٨%ـى دەنگدەرانى هەرێم بەشداریى پرۆسەکەیان نەکردووە و پێشوەختە بایکۆتى هەڵبژاردنیان ڕاگەیاندووە.

بەپێى تۆمارى نوێ، دەنگدەرانى هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان نزیکەى سێ ملیۆن و ١٠٠ هەزارە، ڕێژەى زیاتر لە ١٤%ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق پێک دەهێنن. ژمارەى ئەو کورسییانەش کە بۆ سێ پارێزگاکەى هەرێم دابین کراوە، ٤٤ لە کۆى ٣٢٩ کورسییە، کە دەکاتە ١٣.٣٧%ـى کۆى کورسییەکان.

سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان هەیە، بەڵام ٧٠٠ هەزاریان کە دەکاتە ڕێژەى 18.42.%ـى کۆى دەنگدەران، بەشداریى پرۆسەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگرانیان نەکردووە. بەوپێیەش لە هەر پێنج دەنگدەرێک، نزکەی دەنگدەرێکیان هەر لە ئێستاوە بایکۆتى پێشوەختەى کۆى پرۆسەى هەڵبژاردن و دەنگدانیان کردووە، ئەوەش لە دەرئەنجامى بێمتمانەیان بە گۆڕانکارى لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە.

له هەڵبژاردنەکانى پێشوودا، تەنانەت ڕێژەیەکى بەرچاو لەو دەنگدەرانەش کە مافى دەنگدانیان هەیە، دەنگیان نەداوە و هەڵبژاردن لە دواى هەڵبژاردن ڕێژەکە لە بەرزبوونەوەدایە، ئەوەش لە بەرانبەر ئەو ناڕەزایەتییەى لە پرۆسەى سیاسى و دەسەڵاتداران هەیانە.

پرۆسەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە ٢٥ـى ئایار دەستى پێ کرد و لە ٢٠ـى حوزەیران کۆتایى هات. بەپێى نوێترین داتاى کۆمیسیۆن، لە ماوەى ڕابردوودا دوو ملیۆن و ١٥٥ هەزار و ٩٧ دەنگدەر لە سەرتاسەرى عێراق تۆمارەکانیان نوێ کردووەتەوە، لەو ژمارەیە ٣٤٤ هەزار و ٢٦٧ دەنگدەریان لە هەرێمى کوردستان بووە.

زۆرێک لەو دەنگدەرانەی كە كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و كارتی دەنگدانیان هەبوو، ‏یان كارتەكانیان نوێ‌ نەکردبووەوە، لەگەڵ ئەو كەسانەی كە لەدایكبووی ساڵی ‏‏٢٠٠٧ـن و یەكەم جارە مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ماوەیەدا سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن کرد بۆ چارەسەركردنی ‏كێشەكانیان و دەرهێنانی كارتی نوێی دەنگدان.‏

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە لە ١١-١١-٢٠٢٥ بەڕێوە بچێت. كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ئامادەكارییەكانی بەردەوامە و سەرجەم لایەنە عێراقییەکان جەخت لە بەڕێوەچوونى لە وادەى دیاریکراودا دەکەنەوە، بەڵام پێشهاتە ئەمنییەکانى ناوچەکە و مەترسیی تەشەنەسەندنى شەڕى ئیسرائیل - ئێران بۆ ناوچەکە، ئەگەرى دواخستنى هەڵبژاردنەکەى هێناوەتە ئارا.

پەرەگراف بە داتا و شیکارى، بەراوردکارى لەنێوان ژمارەى دەنگدەرانى عێراق و هەرێمى کوردستان و وردەکاریى ڕێژەى دەنگدەرانى پارێزگاکانى هەرێم دەخاتە ڕوو. 

ژمارە و ڕێژەى دەنگدەرانى هەرێم چەندە؟

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، کۆتا ژمارەى ئەو دەنگدەرانەى بڵاو کردەوە کە تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە و تەنیا ئەوانەش مافى دەنگدانیان هەیە.

بەپێى تۆمارە نوێیەکە، ژمارەى کۆى دەنگدەرانى عێراق ٢١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار و ٨٩ دەنگدەرە. لەو ژمارەیە سێ‌ ملیۆن و ٩٢ هەزار و ٢٧٥ دەنگدەریان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانن. بەپێى شیکاریى پەرەگراف، دەنگدەرانى هەرێم ڕێژەى ١٤.٤٤% (لەسەدا ١٤ و پۆینت ٤٤)ـی كۆی ئەو دەنگدەرانەی عێراق پێک دەهێنن. لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق ١٨ ملیۆن و ٣٠٧ هەزار و ٨١٤ دەنگدەر تۆماریان نوێ کردووەتەوە، کە دەکاتە ٨٥.٥٦% (لەسەدا ٨٥ و پۆینت ٥٦)ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق.

دەنگدەرانى پارێزگاى سلێمانى

لە پارێزگای سلێمانی یەك ملیۆن و ٢٠٩ هەزار و ٣٨٠ دەنگدەر تۆماریان نوێ‌ كردووەتەوە و مافى دەنگدان و بەشدارى لە هەڵبژاردنیان هەیە.

دەنگدەرانى پارێزگاى سلێمانى ٣٩.١٠% (لەسەدا ٣٩ و پۆینت ١٠)ـی كۆی دەنگدەرانی هەرێمى کوردستان پێک دەهێنن. هەروەها دەکاتە ٥.٦٥% (لەسەدا پێنج و پۆینت ٦٥)ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق.

دەنگدەرانى پارێزگاى هەولێر

لە پارێزگاى هەولێر یەك ملیۆن و ٩٨ هەزار و ٨٣ دەنگدەر تۆماریان نوێ‌ كردووەتەوە و مافى دەنگدان و بەشدارى لە هەڵبژاردنیان هەیە.

دەنگدەرانى پارێزگاى هەولێر ٣٥.٥١% (لەسەدا ٣٥ و پۆینت ٥١)ـی كۆی دەنگدەرانی هەرێمى کوردستان پێک دەهێنن، بەوپێیەش جیاوازیى ژمارەى دەنگدەرانى کەمێک نزیک بووەتەوە لە پارێزگاى سلێمانى. ئێستا پارێزگاى سلێمانى ١١١ هەزار و ٢٩٧ دەنگدەرى لە پارێزگاى هەولێر زیاترە، کە جیاوازییەکە لەسەر ئاستى پارێزگاکانى هەرێم دەکاتە کەمتر لە ٤%.

هەروەها ژمارەى دەنگدەرانى پارێزگاى هەولێر، دەکاتە ٥.١٣% (لەسەدا پێنج و پۆینت ١٣)ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق.

دەنگدەرانى پارێزگاى دهۆک

لە پارێزگای دهۆك ٧٨٤ هەزار و ٨١٢ دەنگدەر تۆماریان نوێ‌ كردووەتەوە و مافى دەنگدانیان هەیە.

دەنگدەرانى پارێزگاى دهۆک ٢٥.٣٧% (لەسەدا ٢٥ و پۆینت ٣٧)ـی كۆی دەنگدەرانی هەرێمى کوردستان پێک دەهێنن. هەروەها دەکاتە ٣.٦٦% (لەسەدا سێ و پۆینت ٦٦)ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق.

بەشێک لە دەنگدەران مافى دەنگدانیان لەدەست دا

هەرچەندە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان سێ جار ماوەى نوێکردنەوەى تۆمارى بایۆمەتریى دەنگدەرانى درێژ کردەوە و داواى لەو دەنگدەرانە کرد کە تۆماریان نوێ نەکردووەتەوە، سەردانى بنکەکانى کۆمیسیۆن بکەن بۆ دەرهێنانى کارتى نوێى دەنگدان، بەڵام بەشێک لە دەنگدەران لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستانیش بەشداریى پرۆسەکەیان نەکرد.

پەرەگراف هەوڵى دا لە سەرچاوەى جیاوازى کۆمیسیۆنەوە داتاى وردی کۆى ژمارەى دەنگدەران بەدەست بهێنێت، بەوانەشەوە کە تۆماریان نوێ نەکردووەتەوە، بۆ ئەوەى ژمارە و ڕێژە ئەو دەنگدەرانە بخاتە ڕوو کە تۆماریان نوێ نەکردووەتەوە. هەرچەندە داتاى ورد و پێویستی هەر پارێزگایەک بە جیا بەردەست نەبوو، بەڵام ژمارەی کۆی دەنگدەرانی دەست کەوت.

سەرچاوەیەکى پەیوەندیدار لە ئۆفیسى هەرێمى کوردستانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "ژمارەى کۆى ئەو کەسانەى لە سێ پارێزگاکەى هەرێم مافى دەنگدانیان هەیە، نزیکەى سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگدەرە".

ئەو سەرچاوە وتیشى "نزیکەى سێ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دەنگدەریان تۆماریان نوێ کردووەتەوە، نزیکەى ٧٠٠ هەزار دەنگدەریش تۆماریان نوێ نەکردووەتەوە و بۆ ئەم هەڵبژاردنە مافى دەنگدانیان نییە".

بەپێى شیکاریى پەرەگراف بۆ ئەو زانیاری و ژمارانە، ئەگەر ٧٠٠ هەزار دەنگدەر لە هەرێمى کوردستان تۆماریان نوێ نەکردبێتەوە، ئەوا بە ڕێژە ٢٢.٦٣%ـى کۆى دەنگدەرانى هەرێم دەکات.

دابەشکاریى کورسییەکانى پەرلەمان

ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق ٣٢٩ کورسییە، کە نۆ کورسییان بۆ کەمایەتییە ئایینییەکان دابین کراوە. لەو ژمارەیە، ٤٤ کورسى بۆ هەرێمى کوردستان دانراوە کە بە ڕێژە دەکاتە ١٣.٣٧%ـى کۆى کورسییەکان.

ژمارەى کورسییەکان بەپێى ژمارەى دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراون، پارێزگاى سلێمانى کە زۆرترین دانیشتووانى لە هەرێمى کوردستاندا هەیە، ١٨ کورسیى بەرکەوتووە، پاش ئەوە پارێزگاى هەولێر ١٥ کورسى و پارێزگاى دهۆکیش ١١ کورسى.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە، پارێزگاى هەڵەبجە بە سەربەخۆ دیارى نەکراوە و لە چوارچێوەى پارێزگاى سلێمانیدایە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو وەکوو پارێزگایەکى سەبەخۆ کورسیى بۆ دابین دەکرێت.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە، سیستەمی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق لە ‏لیستی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی/زۆرترین ماوە (باقی الاقوی) بۆ لیستی نوێنەرایەتیی ‏ڕێژەیی/سانتلیگۆی هەمواركراو بە پلەی (1.7) گۆڕاوە. شارەزایانى هەڵبژاردن دەڵێن "دابەشكردنی كورسییەكان ‏بە سیستەمە تازەكە لە بەرژەوەندیی هێزە گەورەكاندایە و هێزە بچووك ‏و كاندیدە سەربەخۆكان زەرەرمەند دەبن".‏