بومەلەرزە دادگای فیدراڵیی عێراقی هەژاند؛ سەرۆک و ئەندامانی دادگاکە داوا دەکەن خانەنشین بکرێن

پەرەگراف
لە پێشهاتێکی نوێ و چاوەڕوان نەکراودا، سەرۆک و ئەندامانی دادگای فیدراڵی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە پێکەوە داوا پێشکەش بە ئەنجومەنی دادوەری بکەن بە مەبەستی خانەنشینکردنیان، بەوەش دادگای فیدراڵی هەڵدەوەشێتەوەو پێویستە سەرلەنوێ دادگایەکی دیکە پێکبهێنرێت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە بەغداد کە ئاگاداری وردەکاریی دۆسیەکەیە بە پەرەگرافی وت "دوێنێ دادوەرانی دادگای فیدراڵی بەو شەش دادوەرەشەوە کە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە لەگەڵ دادوەر جاسم عەبود سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبوونەتەوە لەبارەی نیگەرانییەکانیان و پرسی دەستلەکارکێشانەوەیان".
"دادوەرەکان نیگەران بوون لەو بەریەککەوتنانەی لە نێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی دادوەریدا هەیەو گوتویانە ناتوانن بەوشێوەیە بەردەوام بن و نمونەی ئەوەیان هێناوەتەوە کە دادگای فیدراڵی بڕیاری دەرکردووەو ئەنجومەنی دادوەری هەڵیوەشاندووەتەوە، دادوەرەکان سووربوون لەسەر ئەوەی ناگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، سەرۆکی دادگای فیدراڵیش لەوە نیگەران بووەو لە کۆبوونەوەکەدا گەیشتوون بەو ئەنجامەی سەرجەمیان پێکەوە داوا بکەن خانەنشین بکرێن" سەرچاوەکەی پەرەگراف وا وت.
بە وتەی سەرچاوەکە "هەر دوێنێ سەرجەمیان داوایان لە ئەنجومەنی دادوەری کردووە کە خانەنشین بکرێن". شەش دادوەرەکە دەستلەکارکێشانەوەکانیان کشاندووەتەوە، لەبەرئەوەی ئەگەر دەستلەکاربکێشنەوە، خانەنشینی نایانگرێتەوە.
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، سەرچاوەی ئەو بومەلەرزەیەی دادگای فیدراڵی هەژاند ناکۆکییەکانی نێوان فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و جاسم محەمەد عەبودی سەرۆکی دادگای فیدراڵی یە، لایەنە سەرەکییە شیعەکان کە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەرییان کردووە، پێیانوایە ناکۆکییەکانی ناو دەسەڵاتی دادوەریی کاریگەریی نەرێنی هەیەو پێویستە لە نێوان فائیق زێدان و جاسم عەبود یەکێکیان هەڵبژێرن بۆ سفرکردنەوەی ئەو کێشەو بەریەککەوتنانەی لە نێوانیاندا هەیە.
دواجار فایەق زێدان لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوەو جاسم عەبودی بەهۆی ئەو فشارانەی لەسەریەتی لەگەڵ تەواوی ئەندامانی دادگاکەی دەست لە پۆستەکەی هەڵدەگرێت.
دادگای فیدراڵی لە سەرۆک و جێگرو حەوت ئەندامی هەمیشەیی و چوار ئەندامی یەدەگ پێکدێت، بەپێی یاسا سەرۆک و ئەندامانی دادگاکە لەلایەن هەریەکە لە؛ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، سەرۆکی دادگای فیدراڵی، سەرۆکی داواکاری گشتی و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەریی دیاری دەکرێن لەناو ئەو دادوەرانەی کاندید دەکرێن کە پێویستە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانیشیان تێدابێت، پاشان ناوەکان بەرز دەکرێنەوە بۆ سەرۆککۆمار و بە مەرسومی کۆماریی دادەمەزرێندرێن.
بەپێی یاسا یەکێک لە ئەرکەکانی دادگای فیدراڵی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن و ئەندامانی نوێی پەرلەمانە، ئەمساڵیش ساڵی هەڵبژاردنەو بڕیارە ١١-١١ بەڕێوەبچێت، هەربۆیە پێویستە دوای پەسەندکردنی داوای خانەنشینبوونیان، بە خێرایی دادگایەکی نوێی فیدراڵی پێکبهێنرێت.
هەڵوێستی سەرۆک و ئەندامانی دادگای فیدراڵی بە داوای خانەنشینکردن، دوای ئەوەدێت ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە شەش ئەندامی سەرەکی لە کۆی نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی عێراق لەگەڵ سێ ئەندامی یەدەگی دادگاکە لە کۆی چوار ئەندام، دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد.
ئەوکات سەرچاوەیەک لە بەغداد زانیارییەکانی بۆ پەرەگراف پشتڕاست کردەوەو وتی "دادوەرەکان دەستکارکێشانەوەکەیان پێشکەشی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کردووەو پێشکەشی سەرۆکی دادگای فیدراڵییان نەکردووە، ئەوە لەکاتێکدایە ناکۆکی هەیە لە نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی دادگای فیدراڵی".
"هەڵوێست وەرگرتنی دادوەرەکان سیاسییەو فشارخستنەسەر سەرۆکی دادگای فیدراڵییە، ئەوەیان کردووە بە پاساو کە سەرۆکی دادگا پرسی دۆسیەی خور عەبدوڵای خستووەتە بەرنامەی کاری دادگاکە هاوشانی دەرکردنی فەرمانسالاریی بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان" سەرچاوەکەی پەرەگراف وای وت.
دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرانی دادگای فیدراڵی و ئێستاش پێشکەشکردنی داوای خانەنشینبوون لەکاتێکدایە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان بوون دادگاکە فەرمانێکی سالاریی دەربکات بۆ بەردەوامیی ناردنی پارەی مووچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
ململانێکانی نێوان دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق
لە عێراق، گرژییە بەردەوامەکانی نێوان دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری تیشکی خستۆتە سەر قەیرانە قووڵەکانی دامەزراوەیی و دەستوری لەناو دەسەڵاتی دادوەریدا، ناکۆکییەکان بە پلەی یەکەم لەسەر دەسەڵاتی هەر لایەکیانە و لە دەوری دەسەڵاتی دادوەریی و دەسەڵاتی دەستوریی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە نێوان دامودەزگا باڵاکانی عێراقدا دەسوڕێنەوە، بەشێک لە چاودێران پێیانوایە ململانێکان ناکۆکی یاسایی تێپەڕاندووەو پەڕیونەتەوە بۆ ململانێی سیاسیی کە کاریگەرییان لەسەر دەوڵەتی عێراق دەبێت.
دادگای باڵای فیدراڵی ئەرکی لێکدانەوەی دەستوور و بڕیاردان لەسەر دۆسیە دەستوورییەکان، لە کاتێکدا ئەنجومەنی باڵای دادوەری سەرپەرشتی لایەنە کارگێڕییەکانی دەسەڵاتی دادوەری دەکات، بەڵام دادگای فیدراڵی زیاتر جەختی لەسەر دەسەڵاتەکانی خۆی کردووەتەوە کە لە چەند دۆسیەیەکدا بەوە تۆمەتبار کراوە کە ئەرکی دەستووریی خۆی تێپەڕاندووەو لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەریش تووشی بەریەککەوتن بووە.
ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ ڕووداوێکی بێ پێشینە لە مێژووی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقدا ڕوویدا، کاتێک دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی هەڵوەشاندەوە لە کاتێکدا بڕیاری دادگای فیدراڵی یەکلاکەرەوەیەو تانەی لێ نادرێت و لەسەر هەموو لایەک پێویستە جێبەجێی بکات.
ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەک بوو کە دادوەرێک لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری تۆماری کردبوو بەوەی ڕێگریی لە خانەنشین بوونی دەکات، دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی دادوەرەکە بڕیاریدا، بەڵام دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی ئەو بڕیارەی ڕەتکردەوەو وتی: ئەو دادوەرە دەستی لەکار کێشاوەتەوەو مافی خانەنشینبوونی نییە.
بڕیاری دادگای فیدراڵی بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنەوەی دۆسیەی نەوت لە هەرێم و ڕادەستکردنی بە حکومەتی فیدراڵ، یەکێک لەو بڕیارانەی دادگاکەبوو کە مشتومڕی لێکەوتەوەو هەرێمی کوردستان بە تووندی دژی وەستایەوە.
هاوکات بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ میکانیزمی پێکهێنانی حکومەتی عێراق کە هاوسەنگی هێزی لە پەرلەمان گۆڕی لە دوای هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ کە سەدرییەکان براوەی یەکەم بوون و نەیانتوانی حکومەت پێکبهێنن، بووە هۆی تۆمەتبارکردنی دادگاکە بەوە توانیویەتی "حوکمڕانی لەلایەن دۆڕاوەکانەوە" بچەسپێنێت. هەروەها بڕیاری دادگاکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠٢٣دا، نموونەیەکی دیکەی مشتومڕاوییە لەسەر بڕیارەکانی دادگاکە.