هەڵبژاردنی نوێ و دەمووچاوی کۆن؛ کاندیدکردنەوەی دەمووچاوە کۆنەکان بێزاریی گشتی زیاد دەکات

پەرەگراف
سەرۆک لیست و کاندیدە دیارەکانی حیزبە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەمووچاوی دووبارەن و ئەندامی پەرلەمان یاخود پۆستی باڵایان لە حکومەتدا هەبووە، ئەمەش بێزاریی لای بەشێک لە دەنگدەران دروست کردووە کە بێهیوان لەوەی هەڵبژاردن ژیانیان بگۆڕێت.
کاندیدکردنەوەی دەمووچاوە دووبارەکان لە سەرجەم حیزبەکاندا بەدی دەکرێت، تەنانەت بەشێک لەوانەی بۆ ئەم هەڵبژاردنە کاندیدن پێشتریش چانسی خۆیان تاقی کردووەتەوەو بە سەربەخۆ یاخود لە چوارچێوەی حیزبدا خۆیان کاندید کردووەو متمانەی خەڵکیان بەدەست نەهێناوەو دەرنەچوون، ئێستاش خۆیان دەخەنەوە بەردەم متمانەی خەڵک.
خالید عەلی گەنجێکی دانیشتووی سلێمانییەوە ڕەخنەی تووندی لە حیزبەکان هەیەو دەڵێت "نازانم پێوەریان چییە بۆ دووبارە کاندیدکردنەوەی دەمووچاوە کۆنەکان؟ هەیانە پێشتریش خۆی تاقی کردووەتەوەو دەرنەچووە، بەڵام کۆڵ نایات و هەردەیەوێت بگاتە پەرلەمانی عێراق".
بە بڕوای ئەو گەنجە کە ٥ ساڵە زانکۆی تەواو کردووەو بێکارە، ئامانجی زۆرێک لە کاندیدەکان "پڕکردنی گیرفانی خۆیانە"، ئەو دەڵێت "پارووەکەی بەغداد چەورە، مانگانە سەرووی ٢٥ ملیۆن دینار وەردەگرن ئیتر چۆن هەموو هەڵبژاردنێک خۆیان کاندید ناکەن! پەرلەمان بووەتە شوێنی کۆکردنەوەی سەروەت و سامان، ئەوان پێشتر خۆیان دەوڵەمەند کردووە، هیچ نەبێ با دەرفەت بە کەسانی دیکەش بدەن".
کاتێک خالید قسەی بۆ پەیامنێری پەرەگراف دەکرد، ئەحمەد قادری هاوڕێی لەگەڵدا بوو، ئەویش وتی "منیش هەمان ڕام هەیەو دەبوایە دەمووچاوی نوێ بهێننە پێشەوە تا خەڵک گەرموگوڕبێت بۆ هەڵبژاردنەکەو باشتر بەشداریی بکات، نەک ئەم کۆنانە کە خێرمان لێ نەبینیون".
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف سەرۆک لیستەکانی پارتی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکوک سەرجەمیان پەرلەمانتاری ئێستا یاخود پێشتری عێراقن، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش هاوشێوەی پارتی، سەرۆک لیستەکانی لە هەولێرو دهۆک پەرلەمانتاری عێراقن و لە کەرکوک پارێزگاری ئێستای شارەکەیە کە پێشتر پەرلەمانتاری عێراق بووەو سەرۆک لیستەکەی لە سلێمانیش وەزیری پێشووی تەندروستی بووە لە حکومەتی هەرێم.
تەنیا پارتی و یەکێتی وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار کاندیدی دووبارەیان نییە، حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش هەمان ڕێچکەیان گرتووەتەبەر، سەرۆک لیستی نەوەی نوێ لە سلێمانی و کەرکوک پەرلەمانتاری ئێستای عێراقەو لە هەولێر پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان بووە.
یەکگرتووی ئیسلامی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆک سەرۆک لیستەکانی پەرلەمانتاری ئێستا یاخود پێشووی عێراقە، ڕەوتی هەڵوێستیش بەهەمانشێوە سەرۆک لیستەکەی لە هەولێرو دهۆک پەرلەمانتاری ئێستای کوردستان و لە سلێمانی پەرلەمانتاری پێشووی عێراقەو سەرۆکی لیستی بەرەی گەلیش لە سلێمانی پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان بووە.
لەلای بەشێک لە خەڵکی کوردستان، بوون بە پەرلەمانتار لە پێناو گۆڕینی ژیانی خودی پەرلەمانتارەکەیە نەک خەڵک، ئەمە بۆچوونێکی باوی ناو کۆمەڵگەیە، هەر ئەم بۆچوونە وای لە لانە بەختیار کردووە بایکۆتی پڕۆسەی هەڵبژاردن بکات.
لانە کە شەش ساڵە زانکۆی تەواو کردووەو دوو ساڵە لە مارکێتێکدا کاردەکات، بۆ پەرەگراف وتی " پەرلەمان و پەرلەمانتاران چییان لە ژیانی خەڵک گۆڕیوە؟ ڕۆژبەڕۆژ دۆخی خەڵک بەتایبەت لە ڕووی داراییەوە خراپتر دەبێت کوا ڕۆڵی پەرلەمانتار؟ تەنها ژیانی خۆیان دەگۆڕن و دەوڵەمەند دەبن، زۆریشیان دەمووچاوی دووبارەن ئەڵێی ئەم کۆمەڵگەیە کەسی تێدانییە ئەمانە نەبێت، پێشتر چ کارێکی باشیان کردووە تا لەمەودوا بتوانن بیکەن؟! ".
ئەو کچە گەنجە نمونەی بە پەرلەمانی کوردستان هێنایەوەو وتی "ئەوەتا دوو ساڵە پەرلەمانی کوردستان نییەو هیچ کارێکی نەکردووە، دۆخی خەڵکیش وەکخۆیەتی و ئیش دەڕوات، ئەمە سەلماندی بوون و نەبوونی پەرلەمان وەک یەک وایەو هێندە لاوازو بێڕۆڵ و کاری گەرییە بووە بە بار بەسەر خەڵک و بودجەی گشتییەوە".
لانە لە ئێستاوە لە بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراقەو تەنانەت کارتی دەنگدانی نوێ نەکردووەتەوە تا ڕۆژی دەنگدان بتوانێت دەنگ بدات، وتی "بۆ دەنگ بدەم کە هیچ ناگۆڕێت تەنها دۆخی ژیانی ئەو کەسانە نەبێت کە دەبنە پەرلەمانتار لەگەڵ دەوروبەرەکانیان".
بەپێی بەدواداچوونێکی پەرەگراف بۆ پڕۆسەى نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران کە نزیکەی سێ مانگ بەردەوام بوو، زياتر لە ١٨%ـى دەنگدەرانى هەرێمی کوردستان بەشداریى پڕۆسەکەیان نەکردووە و تۆمارەکانیان نوێ نەکردووەتەوە، بەوەش ڕۆژی دەنگدان ناتوانن دەنگ بدەن و پێشوەختە بایکۆتى هەڵبژاردنیان کردووە.
سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان هەیە کە ڕێژەى زیاتر لە ١٤%ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق پێک دەهێنن، بەڵام ٧٠٠ هەزاریان کە دەکاتە ڕێژەى 18.42.%، بەشداریى پڕۆسەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانیان نەکردووە.
شارەزایەکی هەڵبژاردن ڕەخنەی لە تێڕوانینی باوی کۆمەڵگە هەیە کە بەچاوێکی کەم سەیری دامەزراوەی پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەکەن، پێشیوایە کاندیدکردنەوەی دەمووچاوی دووبارە لە هەڵبژاردن "پێویستەو خاڵێکی خراپ نییە".
ئارام جەمال، شارەزای هەڵبژاردن لە پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن بە پەرەگرافی وت "ناکرێت هەمووی نوێ بێت، ئەزموون پێویستە بۆ فێرکردنی پەرلەمانتارە نوێیەکان، بەتایبەت پەرلەمانتاریی فێربوونەو دووبارە کاندیدکردنەوە یەکێکە لە پێویستییەکانی پەرلەمان".
ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن پێیوایە حیزبەکان "بەمەبەست کاریان لەسەر ناشرینکردن و بێبەهاکردنی پەرلەمان کردووە" ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی دەزگایەکی لاوازبێت لە بەرامبەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە حکومەتەو توانای چاودێریی و لێپرسینەوەی نەبێت.
ئارام جەمال ڕەخنەی لە حیزبەکان و سیستمی هەڵبژاردنەکەش هەیەو دەڵێت "حیزبەکان لەوە کەوتوون بتوانن سەرکردە دروست بکەن، هەربۆیە لەگەڵ ئەم سیستمەی ئێستای هەڵبژاردنن کە نوێنەرایەتی ڕێژەییەو جیاوازە لە سیستمەکەی هەڵبژاردنی ٢٠٢١ کە سیستمی یەک دەنگی نەگوێزراوە بوو".
"بەم سیستمی هەڵبژاردنەی ئێستا کوالێتی پەرلەمان دادەبەزێت، دەتوانرێت دوو هێندەی ژمارەی کورسییەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن کاندید دابنرێت و کاندید بە دەنگێکی کەم دەتوانێت ببێتە پەرلەمانتار، لەکاتێکدا سیستمی پێشوو کە ٢٠٢١ کاری پێکرا کاندید پێویستی بە بەدەستهێنانی دەنگێکی زۆر بوو تا بتوانێت بچێتە پەرلەمان، هەربۆیە حیزبەکان بەدوای کەسی بەهێز و دڵخوازی خەڵکدا دەگەڕان تا کاندیدی بکەن، بەڵام لەگەڵ کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان، حیزبەکان یەکەم کار کە کردیان سیستمی هەڵبژاردنەکەیان گۆڕی" ئارام جەمال وای وت.
ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق ٣٢٩ کورسییەو لەسەدا ٢٥یان کە ٨٣ کورسییە بۆ ژنانە، هەروەها نۆ کورسییان بۆ پێکهاتە ئایینیی و نەتەوەییەکان دابین کراوە. لەو ژمارەیە، ٤٤ کورسى بۆ هەرێمى کوردستان دانراوە کە بە ڕێژە دەکاتە ١٣.٣٧%ـى کۆى کورسییەکان.
ژمارەى کورسییەکان بەپێى ژمارەى دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراون، پارێزگاى سلێمانى کە زۆرترین دانیشتووانى لە هەرێمى کوردستاندا هەیە، ١٨ کورسیى بەرکەوتووە، پاش ئەوە پارێزگاى هەولێر ١٥ کورسى و پارێزگاى دهۆکیش ١١ کورسى. بۆ ئەم هەڵبژاردنە، پارێزگاى هەڵەبجە بە سەربەخۆ دیارى نەکراوە و لە چوارچێوەى پارێزگاى سلێمانیدایە.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە، سیستەمی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق لە لیستی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی/زۆرترین ماوە (باقی الاقوی) بۆ لیستی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی/سانتلیگۆی هەمواركراو بە پلەی (1.7) گۆڕاوە. شارەزایانى هەڵبژاردن دەڵێن "دابەشكردنی كورسییەكان بە سیستەمە تازەكە لە بەرژەوەندیی هێزە گەورەكاندایە و هێزە بچووك و كاندیدە سەربەخۆكان زەرەرمەند دەبن".