هێرشە درۆنییەکان بۆسەر کوردستان پەرەدەسەنێت؛ شکستی بەغدایە یان خۆدزینەوەو چاوداخستن؟

15-07-2025 03:16
چەند دیمەنێكی هێرشەكەی سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، ١٥-٧-٢٠٢٥

پەرەگراف

هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕوبەڕوی هێرشێکی فراوانی درۆنی بۆمبڕێژکراو بووەوە کە ژێرخانی نەوت و دامەزراوەی ئەمنیی و ناوچە مەدەنییەکانی کردە ئامانج، ئەوەش نیگەرانییەکی فراوانی لێکەوتەوەو پرسیاری ئەوەی ھێناوەتە ئاراوە، حکومەتەکەی سوودانی شکستی هێناوە لە دابینکردنی ئاسایش یاخود چاوی داخستووەو خۆی لەو هێرشانە دەدزێتەوە.

لە ٣٠ی حوزەیرانەوە لانیکەم ١٠ هێرشی درۆنیی کراوەتەسەر هەرێمی کوردستان، لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و زاخۆ. ئامانجەکان بریتی بوون لە کێڵگەکانی نەوت و گاز، دامەزراوە سەربازییەکان و تەنانەت کەمپی پەنابەرانی مەدەنی لە زاخۆ، کە مەترسی لەسەر ئابووری و ژیانی هاووڵاتیانیش دروستکردووە.

دیارترین هێرشەکان لە ماوەی 48 کاتژمێردا لە ڕۆژانی 14 و 15ی تەمموز ڕوویاندا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 14ی تەمموز، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کێڵگەی نەوتی خورمەڵەیان لە هەولێر کردە ئامانج و زیانیان بە بۆرییەکانی ئاوی کێڵگەکە گەیاند.

تەنها چەند کاتژمێرێک دواتر و کاتژمێر ٧:٠٠ی سەرلەبەیانی ١٥ی تەمموز، درۆنێکی دیکەی بۆمڕێژکراو کێڵگەی نەوتی سەرسەنگی لە دهۆک کردە ئامانج، بەوهۆیەوە تەقینەوە ڕوویداو ئاگرێکی گەورە کەوتەوەو بووەهۆی وەستانی بەرهەمهێنان.

كۆمپانیاHKN ‎ـی ئەمریكی كە وەبەرهێنان لە كێڵگەی نەوتی سەرسەنگدا دەكات، لە ‏بەیاننامەیەكدا ڕوودانی تەقینەوە و ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی لە كێڵگە نەوتییەكە پشتڕاست ‏كردەوەو ڕایگەیاند "ئەندامانی ستافی كێڵگەكە سەلامەتن".‏

دواتر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند كە هێرشەكە بە "درۆنی بۆمبڕێژكراو" ئەنجام ‏دراوە و بە "تیرۆرستی"یش ناوی برد، هەروەها جەخت دەكاتەوە كە "هیچ زیانێكی ‏گیانیی نەبووە".‏

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەشڵێت "ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی ‏كوردستان بەتووندی ئیدانە و شەرمەزار دەكەین".

هاوکات کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سەرکۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەکات لە سەرانسەری عێراقدا، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی ١٤ و ١٥ مانگی تەموزیشەوە بۆ سەر ژێرخانی گرنگی کێڵگە نەوتیەکانی خورمەڵە و سەرسەنگ لە ھەرێمی کوردستانی عێراق.

"پێویستە حکومەتی عێراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بکات بۆ ڕێگریکردن لە لایەنە چەکدارەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناو خۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە کە کۆمپانیا عێراقی و نێودەوڵەتیەکان وەبەرھێنانیان لە داھاتوی عێراقدا کردووە. ئەو ھێرشانە قبوڵکراونین و ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری عێراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەکانی عێراق بۆ سەرنج ڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی. ھانی حکومەتی عێراق دەدەین لێکۆڵینەوە بکات تا بزانێت کێ لە پەنای ھێرشەکانەوەیە و ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بکاتەوە" کونسوڵخانەی ئەمەریکا وادەڵێت.

لە دوو هەفتەدا چی ڕوویدا؟

  • 15ی تەمموز: فڕۆکەیەکی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە دهۆک کەوتە خوارەوە و تەقینەوەیەکی بەرچاوی لێکەوتەوە و بە ناچاری بەرهەمهێنانی نەوت ڕاگیرا.
  • 14ی تەمموز: دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کێڵگەی نەوتی خورمەڵەیان لە هەولێر کردە ئامانج.
  • 14ی تەمموز: درۆنێک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کەوتەخوارەوە.
  • 11ی تەمموز: درۆنێک لە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە میحوەری پردێی کەرکوک خرایە خوارەوە.
  • 10ی تەمموز: درۆنێک لە نزیک بارەگای یەکەی 70ی پێشمەرگە لە سلێمانی خرایەخوارەوە.
  • ٣ی تەمموز: درۆنێک لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمەریکا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کەوتە خوارەوە.
  • 1ی تەمووز: درۆنێک لە کەمپی دەرکارێ لە زاخۆ کەوتەخوارەوە، کە کەمپێکە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێن.
  • ٣٠ی حوزەیران: لە تاسڵوجەی سلێمانی دوو درۆن کەوتنە خوارەوە، یەکێکیان لە نزیک گەڕەکێکی نیشتەجێبوون و ئەوی دیکەیان لە نزیک بارەگای یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە.

ئەنجامدەران کێن؟

دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و عێراق ئەنجامدەرانی هێرشە درۆنییەکانیان ئاشکرا نەکردووە، بۆ یەکەم جار وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ٥-٧-٢٠٢٥دا، "هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی" بە ئەنجامدانی هێرشەکان "بەمەبەستی ئاژاوە نانەوە" تۆمەتبار کرد.

هەروەها داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی کرد "سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر تاوانباران بگرنەبەر".

وتەبێژی محەمەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە کە وەزارەتی ناوخۆ ئاڕاستەی گروپەکانی سەربە حەشدی شەعبیی کرد، وتی: تۆمەتێکی ڕەتکراوەو قبوڵ نەکراوەو داوای خستنەڕووی هەربەڵگەیەک دەکەین بۆ بەردەم لایەنە فەرمییەکان.

سەباح نعمان لە بەیاننامەیەکدا پابەندبوونی حکوومەتی فیدراڵ و دامەزراوە ئەمنییەکانی دووپات کردەوە بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش بدات لە سەرتاسەری وڵات.

نعمان ئەوەشی خستەڕوو، ئاڵنگارییەکان پێویستیان بە هاوکاری و هەماهەنگی هەیە لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەک پەنابردن بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەرکردنی بەیاننامەو پێیوایە ئەوکارە "پاساو بۆ لایەنە دوژمنکارەکان دەڕەخسێنێت بۆ تێکدانی سەقامگیری عێراق".

هەمان ڕۆژ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وەڵامی وتەبێژەکەی سوودانی دایەوەو وتی: ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر.

"بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن" وەزارەتی ناوخۆ وای وت.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وتیشی، لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا كران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر.

هێرشە درۆنییەکان لەکاتێکدایە کێشە درێژخایەنەکانی نەوت و بودجە لە نێوان هەولێرو بەغداد بەردەوامە کە خەڵکی کوردستانی خستووەتە دۆخێکی زۆر خراپ بەهۆی نەناردنی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش لەلایەن بەغداوە لەکاتێکدا لە ناوەڕاستی مانگی حەوتداین.

کێشە نەوتیی و داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵ نوێ نین، لەو ڕۆژەوە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 دەستی بە هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە کرد، ئاڵۆزییەکان سەریان هەڵداو بڕینی بودجەی هەرێمی لەلایەن عێراقەوە لێکەوتەوەو لەو کاتەوە فەرمانبەرانی هەرێم کەوتوونەتە دۆخێکی سەختی هاتونەهاتی مووچەو لێبڕین و پاشەکەوت.

لە 25ی ئازاری 2023وە هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان و کەرکوکەوە بۆ تورکیا ڕاگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی پاریس کە لە بەرژەوەندیی بەغداد بڕیاریداو تورکیای ناچارکرد بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێم دابخات و بەبێ ڕەزامەندیی حکومەتی فیدراڵ نەوت هەناردە نەکرێت.

لەگەڵئەوەی هەناردەی نەوت بە فەرمی ڕاگیراوە، بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت و ناردنە دەرەوەی بە تانکەر بەردەوامەو داهاتەکەشی ناچێتەوە وەزارەتی دارایی هەرێم، لایەنەئۆپۆزسیۆنەکان تۆمەتی بە قاچاخ فرۆشتنی نەوت ئاڕاستەی پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دەکەن لەکاتێکدا بێزاریی گشتیی لە کۆمەڵگەدا ڕوو لە هەڵکشانە بەهۆی قەیرانەکانەوە.

سەرەڕای چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکیی لە ساڵی ٢٠٢١وە، هیچ ستراتیژییەکی فیدراڵی یەکگرتوو بۆ دەستنیشانکردن، ڕێگریکردن، یان سزادانی بەرپرسیارەکان دانەنراوەو هەڕەشەکان بەردەوامن.

بێدەنگیی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی لە ڕووداوەکانی ئەم دوو هەفتەیەی دوایی، وەک خۆدزینەوە، یاخود نیشانەی بێدەسەڵاتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکان لێکدەدرێتەوە، ئەم نەبوونی هەڵوێستەو ڕێگریی نەکردن لە هێرشەکان - جا بە هۆی ترسەوە بێت، یان هاوبەشیی یاخود نەبوونی توانای ڕوبەڕوبوونەوە- ڕێگەی داوە ئەم پێشێلکارییانە بەردەوام بن، ئەمەش متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکان لاواز دەکات.