كارەبای 24 كاتژمێری؛ هاووڵاتییان هەوڵدەدەن خۆیان لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناكی ڕابهێنن

26-07-2025 12:25

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

ماڵەكەی تانیا مەحمود وەكو جاران روناك و پڕ لە گڵۆپ نییە، ئەوەش بۆتە جێی ناڕەزایی منداڵەكانی، بەڵام خۆی خەریكە پێی ڕادێت و هەوڵدەدات زیاتر بەكارهێنانی كارەبا كەمبكاتەوە وەک خۆڕاهێنان لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناکی کە ساڵێک بەسەر دەستپێکردنی تێپەڕی و گەیشتووەتە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

تانیا لە گەڕەكێكی خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی نیشتەجێیە، تازە پرۆژەی روناكی-ـیان پێگەیشتووە، كە بریتییە لە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، "ئیشپێکردنی ئامێرە کارەباییەکانی ماڵ و گڵۆپەکانم بە تەواویی سنووردار کردووە، هەر شوێنێک کارمان پێی نەبێت گڵۆپەکانی دەکوژێنمەوە، مناڵەکان بەردەوام دەڵێن ماڵەکە تاریکە لەبەرئەوەی هێشتا بە تەواویی رانەهاتوون".

تانیا بۆ پەرەگراف وتی لەو بارودۆخ و شێوازە نوێیەی بەكارهێنانی كارەبا راهاتووە و لای ئاساییە، بڕیاریداوە بەپێی پێویست بەکاریبهێنێت.

نرخ  و چۆنیەتی بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی لە پرۆژەی رووناکی، باسێکی گەرمی دانیشتنە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانە، بە تایبەت لەو ماڵانەی پرۆژەکە تیایاندا کەوتووەتەکار، هاووڵاتی بۆ ئەوەی کەمترین بڕە پارە بدات پێویستە خۆی لەگەڵ پرۆژەکەدا بگونجێنێت بە شێوەیەک بەپێی پێویست کارەبا بەکاربهێنێت و گڵۆپ و ئامێرە کارەباییەکانی ماڵەکەی بکاتە ئەو جۆرەی کە بە کەمترین بڕە کارەبا کار دەکەن.

حکومەتی هەرێمی كوردستان بانگەشەی ئەوەدەكات؛ رووناکی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی حکومییە كە وەزارەتی کارەبا خاوەندارێتی دەکات، تا بتوانن بە كۆتاییهاتنی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێریی بۆ سەرجەم هاووڵاتییان دابین بكەن.

كارەبای 24 كاتژمێری بڕی ئەمپێری دیاریكراو نییە، چەندت دەوێت و چەند ئامێرت هەیە دەتوانیت كاری پێبكەیت، بەڵام تا زیاتر بەكاربهێنێت، پارەی زیاتر دەدەیت.

"باوەڕبکە پێشتر زۆر ناخۆش بوو، بۆ ئەوەی هەندێک ئیش بکەیت دەبوو چاوەڕێی کارەبای نیشتمانی بکەیت، بەڵام ئێستا هەرکاتێک بتەوێت دەتوانیت ئامێرەکانی ماڵەکەت ئیش پێ بکەیت" تانیا مەحمود وای وت.

لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەكەكانی شاردا رۆژانە كارەبا بەپێی ئەمپێر بۆ هاوڵاتیان دابیندەكەن بەهۆی كەمی كارەبای نیشتمانییەوە و لەمەودوا ئەركی ئەوان كۆتاییدێت، دوای ئەوەی پرۆژەی رووناکی بە کرداریی لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەردار خەلیل، کارمەند لە پێشانگایەكی فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکان بۆ پەرەگراف وتی "بەشێکی کەم لە ئامێرە کارەباییەکان ئینڤێتەرن و لەو جۆرەن کە بۆ ئیشکردن بڕە کارەبایەکی کەمیان پێویستە، هەروەها نرخیشیان گرانترە لە ئامێرەکانی دیکە".

کارکردن بە کەمترین بڕە کارەبا بووەتە ریکلامێکی سەرەکی بۆ ئامێرە کارەباییەکان و رۆژانە دەبیسترێن.

پێشتر هاووڵاتییان زیاتر بەپێی ئەو بڕە پارەیەی پێیانبوو ئامێریان دەکڕی، بەبێ گوێدانە ئەوەی چەند کارەبای پێویستە، وەكو سەردار باسی دەكات، بەڵام ئێستا بەشێک لە هاووڵاتییان کاتێک سەردانی پێشانگەكە دەكەن و ئامێرێک دەکڕن، دەپرسن چەند کارەبای پێویستە و لەلایان بووەتە تایبەتمەندی.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی کارەبا، لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووەتە زیاتر لە 2 ملیۆن هاووڵاتی، کە دەکاتە نزیکەی سەدا 30ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.

تەلار و دایکی لە پێشانگەیەكی ئامێرە كارەباییەكان بوون بۆ کڕینی گسکێکی کارەبایی، لەلایان گرنگ بوو لەو جۆرەبێت کە کارەبای کەمی پێویستە، هەرچەندە هێشتا پرۆژەی دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری نەگەیشتووە بە گەڕەكەكەی ئەوان لە خۆرئاوای شاری سلێمانی، "ئەوەندە باس کراوە ئێمەش پێمانباشە ئەو جۆرە گسکە بکڕین کە بە کارەبایەکی کەم کاردەکات".

بە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێر لە هەرێم، زیاتر لە حەوت هەزار مۆلیدە دەكوژێنرێنەوە، كە هۆكارێكی سەرەكی بوون بە پیسبونی ژینگەو نەخۆشیی جۆراوجۆر لەوانەش شێرپەنجە.

دایکی تەلار نیگەرانە لە نرخی كارەبای 24 كاتژمێری، بەڵام ناچارە هەوڵی راهاتن لەگەڵ ئەو نرخەدا بدات، دەستی داوەتە گسكێكی كارەبایی كە نرخەکەی گرانە بەراورد بە گسکەکانی دیکە، بەڵام دەبێت بیکڕن، لەبەرئەوەی پێویستییەکی سەرەکییە و زۆر بەکاردێت، "یەک جار پارەیەکی زۆر بدەیت باشترە لەوەی هەموو مانگێک بڕە پارەیەکی زۆری کارەبات بۆ بێتەوە".

لەناو بازاڕ و پێشانگاکانی فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکاندا، کەمترین ژمارەی ئەو ئامێرە کارەباییانە هەن کە لەکاتی هێنانیاندا رەچاوی بڕی بەکارهێنانی کارەبا کراوە.

کەمال سەعید، ئەندازیاری بواری کارەبا بە پەرەگراف-ـی وت "لەبەرئەوەی ئەو ئامێرە کارەباییانەی دەهێنرێنە هەرێم بە کوالێتی کۆنتڕۆڵێکی باشدا تێناپەڕێنرێن، زۆرینەیان کوالێتییان خراپە و مەرجی کارکردن بە کەمترین بڕە کارەبایان تێدا نییە".

زۆرینەی ماڵان لە هەرێمی كوردستان، پڕن لە ئامێری كارەبایی، كە وزەی زۆری دەوێت، لەوانە سپلیت، بۆیلەر، هیتەر، بەفرگرە و ساردكەرەوە، موبەریدە، جگە لە دەیان گڵۆپ و ئامێری دیكە.

هاووڵاتی بۆ ئەوەی کەمترین پارەی کارەبای بۆ بێتەوە، پێویستە هەموو ئامێرەکانی ماڵەکەی لە یەک کاتدا ئیش پێ نەکات و هەرکات پێویستی پێی نەما یەکسەر بیکوژێنێتەوە، ئەوە یەكێكە لە ئامۆژگارییەكانی كەمال سەعید بۆ هاوڵاتیان، ئەو دەڵێت پێویستە ئامێری بەکوالێتی و ئەو جۆرانە بکڕێت کە ئینڤێتەرن، پاشان زوو زوو فلتەری سپلیتەکانی پاک بکاتەوە، هیتەری بۆیلەرەکەی دەربهێنێت و پاکی بکاتەوە لە کلس، جۆری گڵۆپەکانی ماڵەکەی بگۆڕێت بۆ لید و لە وەرزی زستاندا لە جیاتی هیتەری کارەبایی گەرمکەرەوەی غاز بەکاربهێنێت.

هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق بۆ دابینکردنی چەند دەستپێشخەرییەک بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانەکان، لەوانە پێشکەشکردنی قەرز بۆ دانانی پانێڵی وزەی خۆر، یاخود یارمەتیدانی خەڵک بۆ دانانی بۆیلەری کارەبایی کاراتر، یاخود بۆیلەری غازیی گونجاو، یەکێکە لە بانگەشەکانی حکومەت بۆ پرۆژەی رووناکی.

سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی، ئەو هەماهەنگییەی لە پرۆژەکەدا باسکراوە تائێستا هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی نەنراوە. ئەوەشی رونكردەوە تیمەکانی پرۆژەی رووناکی لە سەرجەم شارەکان رۆژانە لە کارکردن بەردەوامن و بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، هەر گەڕەکێک کارەکانی تەواو بوو دەخرێتە ناو پرۆژەکەوە.

ئەوەی لە سەرەتای راگەیاندنی پرۆژەکەوە زۆرترین قسەی لە بارەوە کرا و چەندین کەسایەتی و لایەن ناڕەزاییان لەسەر دەبڕی نرخی کارەبای پرۆژەی رووناکی بوو، کە هەوڵیان دەدا کەم بکرێتەوە، بەڵام حکومەت گوێی نەگرت و دواجار بڕی هەر کیلۆ واتێك کارەبای بەم شێوەیە بۆ ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان دیاریکرد:

نرخەکانی کارەبای ماڵان لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکیدا:

ئاستی یەکەم: لە 0 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 400 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 72 دینار دەبێت.

ئاستی دووەم: لە 401 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 800 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 108 دینار دەبێت.

ئاستی سێیەم: لە 801 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 1200 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 175 دینار دەبێت.

ئاستی چوارەم: لە 1201 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 1600 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 265 دینار دەبێت.

ئاستی پێنجەم: لە 1600 کیلۆوات کاتژمێر زیاتر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 350 دینار دەبێت.

نرخی کارەبا لە پرۆژەی رووناکی بۆ شوێنە بازرگانییەکان بەم جۆرەیە:

بازرگانی - 185 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.

کشتوکاڵی - 60 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.

پیشەسازی - 160 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.

پیشەسازيی گەورە - 125 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.

میری - 160 دينار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.

پرۆژەی روناكی لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت لە گەڕەکێکی هەولێرەوە راگەیەندرا کە سێ مانگ بوو تیمەکانی کارەبا سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بوون لەو گەڕەکە، ئامانجی پڕۆژەکە دابینكردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە لە سەرتاسەری کوردستان بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.