کەلەپچەکردنی جەلادەکەی نوگرە سەلمان؛ بۆ ڕزگاربووانی ئەنفال ڕۆژی حساب و کتابە

02-08-2025 02:42

پەرەگراف

عەلی ئەبووبەکر هەمیشە لە دڵ و دەروونیدابوو کە ڕۆژێک دێت ئەو پیاوەی بە جەلاد و قەسابەکەی نوگرە سەلمان ناودەبرا دەدۆزرێتەوەو دەستگیر دەکرێت، ساڵانێکە دەنگۆی جیاواز دەبیستێت؛ خۆی شاردووەتەوە، چووەتە سعودیە، سوریا، مردووە بە شێرپەنجە یاخود جەڵتەی دڵ، بەڵام ئێوارەی ٣١ی تەموز ئەو هەواڵەی بیست کە لەمێژە خەونی پێوە دەبینێت، عەجاج دەستگیر کرا.

عەلی، ڕزگاربووی ئەنفالەو بە بیستنی هەواڵەکە یادەوەرییە تاڵەکانی زیندانە بەدناوەکەی نوگرە سەلمانی بەبیرهاتەوە، ئاهێکی هەڵکێشاو هەستێکی خۆش سەرپای جەستەی تەنیی، "هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو بە دۆزینەوەی عەجاج، ئەو دەستگیرکردنە خۆشترین شت بوو لە ژیانمدا".

عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی، یەكێك بووە لە جەلادەكانی زیندانی قەڵای نوگرە سەلمان لە كاتی شاڵاوەكانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨، بە ئەشكەنجە توند و نامرۆڤانەكانی ناوی دەركردبوو، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەبەرچاو ونبوو و ساڵانێكی زۆر خۆی حەشار دا، ئەو جەلادە پاش ٣٧ ساڵ لە تاوانەکانى و گۆڕینی شێوەی خۆی بە جوانكاری بۆ خۆدەربازكردن، دواجار ناسرایەوە.

ئێوارەی پێنجشەممە ٣١-٠٧-٢٠٢٥، دەستگیركردنی عەجاج لەلایەن نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عێراقەوە ڕاگەیەندرا. ڕۆژی دواتر دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق یەکەم وێنەی دوای دەستگیرکردنی عەجاجی بڵاوکردەوەو وتی: دەستگیرکردنى عەجاج زیاتر لە شەش مانگی خایاندووە، لە پارێزگای موسەنا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سەڵاحەدین توانراوە دەستگیرى بکەن.

"زۆر حەزدەكەم بیبینم و لێی بپرسم: ئەم هەموو نامەردییەت بۆ كرد؟ لەپێناو چی؟ چیت دەستكەوت؟ نەتدەزانی ڕۆژگار ڕۆژی لەدوایە و بێرە دەگەیت؟ لەدوای ڕووخانی بەعسەوە هەر دڵم لای ئەوە بوو ئەم كابرایە ئەم هەموو زووڵمەی لەم خەڵكە كرد، چی لێ‌ هات؟ كەسێكی زۆر بێویژدان بوو. هەر عەوداڵی ئەوە بووم بیدۆزمەوە" عەلی کە دوو برا و چوار ئامۆزا و پورزایەكی ئەنفالکروان بۆ پەرەگراف وای وت.

لەسەر سکاڵای عەلی و دوو کەسی دیکە عەجاج دەستگیر کرا، عەلی تەمەنی ١٢ ساڵ بووە کە لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەیدا لە شاڵاوی ئەنفالدا براونەتە زیندانی نوگرە سەلمان، بەچاوی خۆی دڕندەیی و ئەشکەنجەکانی عەجاج و دارودەستەکەیی بینیوە.

"ئەم تاوانبارە ئەشكەنجەی خۆم و كەسوكارم و ئەو خەڵكەی دەدا كە لەوێ‌ بوون. بیرمە ڕۆژێكیان ژمارەیەك ژنی لەبەر خۆری چلەی هاویندا تا ئێوارە بە عاموودەوە بەستەوە. ئەشكەنجەی خۆم و باوكمی داوە. ڕۆژێكیان زۆر ئەشكەنجەی باوكمیان دا، وامزانی مردووە، چووم بۆلای، باوكم بە سووكی و بە نهێنی پێی وتم نەمردووم و خۆم كردووە بە مردوو، ئەگەر وا نەكەم لەژێر ئەشكەنجەدا ئەمكوژن. بڕۆ لێرە" عەلی وای وت.

پەری نووری، ڕاوێژكاری سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق و نوێنەری خانمی یەكەمی عێراق بۆ كاروباری گۆڕە بەكۆمەڵەكان، دەڵێت "خانمی یەكەمی عێراق و نووسینگەی سەرۆككۆمار، لە ئەنجامی هەشت مانگ هەوڵ و كاركردن، لە ڕێگەی سەرچاوەكانەوە توانیویانە بگەن بە تاوانبار عەجاج ئەحمەد حەردان".

ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ كوردسات نیوز وتیشی "عەجاج جوانكاری كردووە بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە. هەروەها نكووڵیی لەو تاوانانە دەكات كە ئەنجامی داوە".

عەلی دەروێش، یەكێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "پاش دڵنیابوون لە ناسنامە و شوێنی نیشتەجێبوونی عەجاج، بە هەماهەنگی و هاوكاریی نووسینگەی خانمی یەكەمی عێراق، تێمێكی پێنج كەسی لە كەسوكاری ئەنفالكراوان و ڕزگاربووانی زیندانی نوگرەسەلمان لە هەردوو قەزای كەلار و چەمچماڵ، چوونە سەماوە بۆ تۆمارکردنى سکاڵا، لە پاش تۆماركردنی سكاڵا، بە كەمتر لە ٤٨ كاتژمێر، عەجاج دەستگیر كرا".

سکاڵاکان لە ڕۆژانی ۲۸ و ۲۹ـی ئەم مانگە لە دادگای بەرایی سەماوە تۆمار کراون. سکاڵاکان پێکهاتوون لە سێ‌ ڕزگاربووی زیندانى قەڵای نوگرە سەلمان (فەزیلە محەمەد - دانیشتووی قەزای كەلار، ڕزگار شەمزین و عەلی ئەبووبكر - دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ)، دوو کەسى تیمەکە کە لەبەر ئەوەى زیندانیکراوى قەڵامى نوگرە سەلمان نەبوون، سکاڵاکانیان وەرنەگیراوە.

لە شاڵاوەكانی ئەنفال، رژێمی بەعس هەزاران كورد-لە نێویاندا ژن و منداڵ-ی لە ناوچەكانی كوردستانەوە بردە بیابان و ناوچە دورەدەستەكانی باشوری عێراق، لەوێ كوژران و زیندەبەچاڵكران لە دەیان گۆڕی بە كۆمەڵدا، كە هێشتا گەڕان و دۆزینەوەیان بەردەوامە.

بۆ ڕزگاربووان و کەسوکاری ئەنفالکراوان دەستگیرکردنی عەجاج تەنها دەستگیرکردنی تاکەپیاوێک نییە، ڕاگرتنی ئەنجامدەری تاوانە بەرامبەر گەلێک لەبەردەم چەکوشی دادگا.

د. هونەر ئەمین، دکتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی و شارەزای پرسی جینۆساید، بۆ پەرەگراف باسی لەوە کرد بە دەستگیرکردنی عەجاج، کوردستان و نەتەوەکەی کە ئەو تاوانە ترسناکەیان بەرانبەر ئەنجامدراوە جارێکیتر دەخرێنەوە بەردەم پرسێکی گرنگ کە جگە لە بیرهێنانەوەی تراژیدیایەکی پڕ لە ئازار، یەکێک لە ترسناکترین دڕندەکانی دژ بە کورد لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستگیر دەکرێت کە ئەوەندەی دەستگیرکردنی گرنگە لەوەش گرنگتر چۆنیەتی هەڵسوکەوتی کوردە لەگەڵ ئەو کەسەو بارودۆخەکە دا.

"لە ساتی دەستگیرکردنیەوە بەرپرسیارین لە چۆنیەتی پیشاندانی بە شەقامی عێراقی و کوردستانی و بە جیهانی دەرەوە، چونکە سەرجەم ئەو ڕێکارانەی کە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بگیرێتەبەر دەکرێت لە ڕێگەی ئەم دەستگیرکراوەوە بە دەرفەت بزاندرێت و سەرجەمیان کاریان لەسەر بکرێتەوە کە دیارترینیان دادپەروەرییەو بڕواهێنان بە نەتەوەی کورد و کەسوکاریان کە تاوانبارانی ئەنفال هەرچەندەکاتیش تێپەڕێت لە سزا دەربازیان نابێت" د.هونەر وای وت.

ئەو پسپۆڕە پێیوایە، دەستگیرکردنی عەجاج دەرفەتێکیشە مافی قوربانییان بە دەست بێت، "دەرفەتێکی کراوەیە بۆ دادگاییکردنی هەموو تاوانبارانی ئەنفال و باشترین دەرفەتە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بەرپرسانی تر لەم تاوانەدا و پرسەکانی پێوەندیدار بە گرتوخانەی نوگرە سەلمان لەهەموو ڕوویەکەوە، ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە بەڵگەنامەکردنی ئەم تاوانە پێویستی بەمجۆرە بەڵگەنامە مرۆڤییانە هەیە، دەروازەیەکی باشە بۆ ڕاکێشانی دەزگا نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی خاوەن بڕیار لەسەر ئەم پرسە".

شاڵاوەكانی ئەنفال، لە ساڵی 1988 بۆ ماوەی حەوت مانگ بەردەوام بوو (شوبات بۆ ئەیلول)، لەو ماوەیەدا بە هەشت قۆناغ و لە هەشت ناوچەی جیاوازی كوردستان ڕژێمی بەعس زیاتر لە 182 هەزار كەسی بێسەروشوێن كرد و دواتر كۆمەڵكوژكران، جگە لە وێرانكردنی هەزاران گوند.

دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتن لەسەر كەیسی ئەنفال، ساڵی 2007 پاڵپشت بە بەڵگە و وتەی شایەدحاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان، پڕۆسەكانی شاڵاوی (ئەنفال)ـی بە جینۆساید ناساند.